له كاژێری ژووره‌كان تا هوندووڕی كۆمه‌ڵگا
بــێ بــه‌ش
5 / 10 / 2006
(نیگایه‌كی واقعیه له سه‌ر بیر و بۆچوونی فانتزیای شاعیرانی كورد(
له وه‌تی مێژووی دوور و درێژی ئێمه له بیریه‌تی زوڵم و سته‌م هه‌میشه وه‌ك چه‌كوچی سه‌ر سندانی ئاسنگه‌ر له سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م خاكه بووه و كورد و ئازار جووته‌ی سه‌ران بوون هه‌تا بوون. خه‌ڵكی ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه له هه‌ر خولێك دا ، ده‌رد و داخی به مۆخی ئێسكی خۆی چێشتووه و له هه‌ر چه‌رخێك دا، زوڵم، وه‌ك قامچی بروسكه به جه‌سته‌ی زه‌مین چی ده‌كا، وه‌ها له سه‌ر شاعیرانیش كه هه‌موو كه‌س دان به هه‌ستی ناسكیان ده‌نێت و به ڕاستی یه‌كه‌مین پێناسی هه‌ر شاعیرێكیش ئه‌وه‌یه، له‌م داخداریه بێبه‌ش نه‌بوون. هۆنه‌ری كورد ئه‌وه‌ی دیویه و ئه‌وی بیستوویه له جه‌ور و له سته‌می ناڕه‌وا كه به گه‌له‌كه‌ی ده‌كرێ له چوارچێوی كێشه و به‌زمانێكی ئاسمانی گوتوویه و ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هاتووه بۆ دنه‌دانی خه‌ڵك بۆ شۆڕش درێخی نه‌كردووه و خۆشی له‌و بواره دا نه‌بووه به‌و شوانه‌ی ڕه‌وه ده‌كا به ڕه‌وه‌ك و گورگی هاری تێ ده‌ئاڵێنێ!
زۆربه‌ی شاعیرانی كورد ئه‌و هه‌سته ناسك و جوانه‌ی خۆیان كه ئه‌بێ له ڕێگای جوانی و سروشت و ته‌بیعه‌ت دا به‌رج بكرێ، كردوویانه به كه‌رسته‌ی جبه‌خانه‌ی دڕی به‌ره‌نگار بوون له ئاستی زۆڵم دا. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش من پێم وایه هونه‌ری سه‌ره‌كی هۆنه‌رانی كورد ئه‌مه‌یه كه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سروشتیان به زێڕینترین جوانیه‌كانی ته‌بیعه‌ت ڕازاندوه ، ئه‌و ڕۆڵی گرژ و دڕی زوڵمهشیان به جوانترین شێوه تێكه‌ڵاوی شیعری خۆیان كردووه و ئه‌و دژانه‌یان ته‌با كردووه .
به تایبه‌ت شاعیرانی كورد ڕۆڵی ژنیان له سه‌ر شانۆی ته‌بیعه‌ت دا واپیشان داوه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێ ڕۆڵی پیاو كه‌مڕه‌نگ ده‌بێ و بێ ژن پیاو نیوه‌یه‌كی ناته‌واوه، یان په‌شێو گوته‌نی ژن نه‌ك نیوه هه‌موو دنیایه. ڕوونترین وێنه بۆ نه‌قشی ژن له خه‌بات و تێكۆشان دا شیعره‌كانی مامۆستا هێمن ه. ئه‌م شاعیره شۆڕشگێڕه كه به شاعیری گه‌ل ناسراوه و به ڕاستیش هه‌ر وایه، له زۆر جێگه دا ژنی به سه‌رچاوه‌ی شۆڕش داناوه و ئه‌ساره‌تی ئه‌وی لێَڵاوی چاوی خۆی زانیوه:
هه‌تا چوار شێو له سه‌ر ڕووی تۆ ده‌بینم نازه‌نینی كورد
به سه‌ر بیبیلهكهی چاوی منا ده‌كشێ ته‌مێكی تر
به‌ڵام هه‌رگیز ژنی خۆشتر له ئازادی گه‌له‌كه‌ی نه‌ویستووه. له "ئامێزی ژن" دا ده‌ڵێ:
به‌ڵێ سه‌خته یه‌كجار سه‌خته
دووری له ژن نامرادی
به‌ڵام له ژن خۆشه‌ویست تر
لای من ئه‌تۆی ئه‌ی ئازادی
عه‌بدوڵڵا په‌شێو یش هه‌ر ئه‌و نرخه‌ی بۆ ژن داناوه و ئه‌ویش كوردستانی لانه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وینی زانیوه و ئازادی و نیشتمانی لا خۆشه‌ویست تر بوون له ژن:
....
سوێندیش ئه‌خۆم گه‌ر ماندوو بی
یا كۆڵ بده‌ی له ڕێی هه‌وراز سه‌ركه‌وتنا
جێت ئه‌هێڵم، ده‌ست هه‌ڵئه‌گرم له گه‌ردنت
من چۆن كاروان به جێ دێڵم له ڕێی ژنا
شێركۆ بێكه‌س یش له "ڕه‌نگدان" ی خۆیدا ژنی به سترانێك داناوه و به ڕه‌نگێكی خۆشه‌ویستی و هه‌ر وه‌ها به ڕه‌نگێكی دیلی ڕه‌نگی سمێڵدار! و به ڕهنگیك كه له‌و وڵاتی هه‌موو شت یه‌كڕه‌نگی ئه‌و دا، هه‌ر به ته‌نها ئامێره‌كانی كوشتنی ئه‌و ڕهنگاورَنگه.
شاعیرانی كورد ئه‌م مه‌سئه‌له ده‌زانن كه ژن گوڵێكه و له سه‌ر ئه‌م خاكه ڕواوه و به‌هره و سه‌مه‌ره‌ی ئه‌م خاكه‌یه ، هر بۆ ئه‌وه‌ش نیشتمانیان خۆشتر له ژن ویستووه. ژوانی لاوهتیشمان له‌م دۆخی ئێستای ئێمه دا كه په‌تی دیلی له پێماندایه و جهلدهمان خه‌ڵاته، به‌و هه‌موو خۆشی خۆیه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌نگه‌رمان چۆڵ بێ و وڵاتمان داگیر گه‌ر ته‌نیبێتی، نه تریفه‌ی مانگ ساخورێكی بۆ چێ ده‌كا و نه شنهیهكیش دێ مزگێنی به‌هارێكی كه‌سكی پێ‌بدا.
|