ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
محەمەد خوشچێهرە
15 / 5 / 2018
بابەتێک لە سەر دەوڵەت نەتەوەسازیی ئێرانی و خولقاندنی قەیرانی شوناس بۆ نەتەوە بندەستەکان

ئاماژەیەکی سەرەتایی
لە هەموو وڵاتێکدا، زمانێکی فەرمی یان دوو و زیاتر بوونی هەیە، بوونی زمانێکی فەرمی بۆ پەیوەندیی دانیشتووانی نێو وڵاتێک کە هەموو کەس و هەموو ئەتنیکێک بتوانێت لە ئاخاوتنی ڕۆژانە و فەرمییاندا بە کاری بێنن بۆ لێکتێگەیشتن، شتێکی باش و جێگای قەبووڵە و بە بێ زمانێکی هاوبەش لە نێوان مرۆڤەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کەلتوورییەکان ڕێکناخرێت و کۆمەڵگە بۆ خۆی تووشی گرفت دەبێت، کێشە لەوەدا نییە کە زمانێکی فەرمی هەبێت و هەموو ئەتنیک و نەتەوەیەک لێی تێبگەن یان بە سیستەمی پەروەردەیی فەرمی، دانیشتووانی جۆگرافیایەکی هاوبەش و وڵاتێک، لە سەری پەروەردە بکرێن بۆ لێکتێگەیشتنی گشتی لە وڵاتدا لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ لە نێو سیستەمی دەوڵەت و وڵاتدا، کێشەکە لەوەدایە کە تەنیا کار بۆ سەپاندن و پەروەردەی زۆرەملیی یەک زمان لە نێو وڵاتێکی چەندین نەتەوە و چەندین زماندا بکرێت و هێژموونی زمانی نەتەوەی باڵادەست بە سیستەماتیک بکرێت و لە بەرامبەریشدا زمانی نەتەوەکانی تر، بە شێوەی سیستەماتیک هەوڵی کەمڕەنگ کردن و سڕینەوەیان بدرێت. کێشەی گەورەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و هەروەها زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە و تایبەت ئێران ئەوەیە کە مێتۆدی دەسەڵاتدارییان بە پێی سەپاندنی زمانێکی تایبەت و پشتگوێ خستنی زمانی نەتەوەکانی ترە و هەر ئەوەش نە تەنیا ستەمێکی گەورەیە لە هاونێشتمانیبوون بەڵکوو لێسەندنەوەی مافی هاووڵاتیبوونی نەتەوەکانی تری نێو وڵاتە گەر زمانەکەیان پشتگوێ بخرێت یان نکۆڵی لە بوونیان بکرێت و هەوڵی سڕینەوەیان بدرێت، زمانێک بە شێوەی سیستەماتیک و بە پشتبەستن بە هێزی دەوڵەتی بسەپێنرێت بە سەر نەتەوە زمان جیاوازەکان و زمانی باڵادەست هێژموونی خۆی بچەسپێنێت بۆ لاواز کردن و کوشتنی زمانەکانی تر بۆ درووست کردنی شوناسێک کە ئامانجی دەسەڵاتە.  لێرە دەتوانین ئاماژە بە هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵی سڕینەوە و شوناسی زمانەکانی تری نێو وڵاتی ئێران بدەین.
پێشەکی
پێش درووست بوونی دەوڵەتی مۆدێڕن زمانی نەتەوەکان لە بن کاریگەریی سیستەمی پەروەردەی فەرمی و زۆرەملیدا نەبووە و کار بۆ مراندنی زمان وکوشتنی زمانێک نەکراوە کە هەوڵی شوناسسازیی نوێ بدرێت بۆ هۆمۆجین و یەکسان و هاوئاهەنگ کردن و بە دنیا هێنان و خولقاندنی شوناس و نەتەوەیەکی نوێ و یەکدەست کردنی زار و شێوەزاری وڵات، پرۆسەی هۆمۆجین کردن و یەکسان سازی و شوناسسازی، لە پرۆژەی دەوڵەتی مۆدێڕن و دەوڵەت نەتەوەدا بووە و لە وڵاتێکی ناهۆمۆجینی وەک ئێران بە دەستپێکردنی مەشرووتە، نوێگەرایی بوو بە بنەمای تێکدانی چوراچێوەی کلتووری و شوناسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، بە بەدەسەڵات گەیشتنی  ڕەزاشای پەهلەوی پرۆژەی مراندنی زمانەکانی تری ئێران و سڕکردنی شوناسی نەتەوە و گرووپە ئەتنیکییەکان خرایە بوورای جێبەجێکردن، زمانی فارسی وەک پێوەر بۆ شوناسی ئێرانی و نەتەوەی ئێران دیاری کراو و بە شێوەی فەرمی و زۆرەملی، خوێندن بە زمانی فارسی وەک تاکە زمانی ئێرانییەکان سەپێنراو و ڕێگری لە خوێندن بە زمانەکانی تر کرا، شوناسسازیی نەتەوەیی بۆ ئێران بە پرۆژەی دەوڵەت نەتەوەسازی و گرێدانی بە شانازییە ئارکائیستی و کەوناراییەکانی ئێرانی کۆن و پێش ئیسلام بووە هەوڵێک بۆ هۆمۆجین و یەکسانسازیی زمانی و کلتووری و تا هەنووکەش ئەو سیاسەتە پەیرەو دەکرێت. لە پرۆژەی دەوڵەت نەتەوەسازیی ئێراندا دەیان کەسایەتی ئاکادمیک و ڕووناکبیری نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە ژیر کاریگەریی هزری ئارکائیستی و بە هاوکاری و ئیمتیازاتی دەوڵەتی لە پشتی دەوڵەت نەتەوەی ئێران بوون و دەیان ناوەندی فەرهەنگی و ئەدەبی بۆ پەرەپێدانی زمانی فارسی درووست کران و دەیان ناوەندی تر بۆ مۆهەندسیی کلتووری و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیش لە پاڵی پرۆژەی دەوڵەت نەتوەسازیدا دامەزران بۆ سەپاندن و بە واقیعگەیاندن و سەلماندنی یەک دەوڵەت یەک نەتەوە لە ئێراندا کە گەر چاو لە زمان و زاراوەی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ئێران بکەین کاریگەریی سیاسەتە سەپێنراو و پەیرەوکراوەکانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هێژموونیی زمانی فارسی زاڵ بووە و زمانەکانی تری نێو ئێران، تایبەت زمانی کوردی خەریکە دەبێتە بنزاراوەی زمانی فارسی و بەروە مردنی زمانی کوردی لە ئێران دەچین. لێرە هەوڵم داوە کە ڕەوتی مێژوویی سەپاندنی زمان و کلتوورێکی تایبەت لە نێو نەتەوەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوە کە سیستەمێکی یەکسانساز و جیاوازکوژە بە شێوەی گشتی باس بکەم، مەبەستی من تەنیا ئاگادار کردنەوەیە کە زمانی نەتەوەکان لە ئێران لە ژیر دەیان جۆر سیاسەتی ستراتیژیکی سڕکردن و مراندن و سڕینەوە دایە و پێویست دەکات کە کار و لێکۆڵینەوەی زیاتری لە سەر بکرێت و پێش بە سڕینەوەی نەتەوەکانی ئێرانی و گۆڕینی شوناسی نەتەوەیی و کلتوورییان بگیردرێت و ڕەهەندەکانی سیاسەتە دەوڵەت نەتەوەسازەکانی ئێران دەستنیشان  بکرێت و بە وردی خوێندنەوەیان بۆ بکرێت

زمانی گەلان پێش درووست بوونی دەوڵەتی مۆدێڕن و دەوڵەت- نەتەوە
لە سەردەمی یۆناییەکان بەدواوە، چەندین جۆری دامەزراوەی سیاسی بە ناوی دەوڵەت، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و شار و ناوچە جۆگرافیاییەکانیان بە زەبری هێز لە ئەستۆ بووە کە بەکارهێنانی هێز بۆ سەپاندنی دەسەڵات سەرەکیترین کەرەستەی حۆکمڕانی بووە، بەکاربردنی هێز، تایبەتمەندیی هەموو جۆرە دەسەڵاتدارییەکە کە مرۆڤ دایهێناوە، کەڵک وەرگرتن لە هێز، سەرکەوتنی چین و توێژێکی بە دواوە بووە کە حەزی بە دەستەوە گرتنی پانتایی فراوانتری جوگرافیایی و حەوزی گەورەتری  باج ماشینەوە و ماڵیات کۆکردنەوە، بووەتە هۆی دامەزراندنی پێکهاتەگەلێک کە لە هەندێ زەمەندا تەنیا پاشایەتی بووە و تاکە کەسێک حوکمی جوگرافیایەکی فراوانی کردووە و لە جوگرافیایەکی چەندین نەتەوە و چەندین ئاو و هەواییدا ئیمپراتوورییەت هەبووە کە دیسان تاکە کەسێک حوکمی بەشێک لە جیهانی کردووە یان وەک دەوڵەتێکی فئۆداڵی، فئۆداڵ و ئاغا و بەگە گەورەکان، دەسەڵات بەدەست بوون و خەڵکیان کۆیلەی خۆیان کردووە.  هەمووی ئەم چەمکانەی کە بۆ جۆری دەسەڵاتی سیاسی وتراوە، لە جۆری سەپاندنی دەسەڵاتیاندا و جۆری حوکمڕانیان تا ڕادەیەکی فراوان نێزیک لە یەک و دوور لە دەوڵەتی مۆدێڕنی ئەوڕۆیی بوون، لە هەموو ئەو مۆدێلە حۆکمڕانییە کۆنانە کە دەوڵەتە پێش مۆدێڕنەکانیان پێ دەڵێن، هەوڵێکی سیاسی و زۆرەملیی تێدا نییە کە سیستەمی پاشایەتی، ئیمپراتووریەتی یان فئۆداڵی، هەوڵی سڕینەوەی زمانێک یان سەپاندنی زمانێک بە سەر نەتەوەیەک یان گرووپی ئەتنیکییەکی تریاندا دابێت، هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەکان دراوە، کۆمەڵکوژی ئەنجام دراوە، بەڵام لە مێژوودا باسێک لە سەپاندنی زۆرەملیی زمانی دەسەڵات بە سەر نەتەوە جیاوازەکان نەکراوە، چوونکوو فێرکردنی زمان پێویستی بە سیستەمی پەروەردەی گشتیی و زۆرەملی هەیە کە ئەویش دیاردەیەکی دەوڵەتی مۆدێرنە نەک دەوڵەتە کلاسیکی و پێش مۆدێڕنەکان. لە نەبوونی سیستەمی پەروەردەی زۆرەملی، زمانی نەتەوەکانی تر لە بن هەڕەشەی هێژموونیی زمانی دەسەڵاتدا نەبوون، تەنیا ئەو زمانانەی نەبێت کە نەتەوەکە بۆ خۆی لە نێو نەتەوەی باڵادەست و لە سیستەمی دەسەڵاتی نەتەوەی باڵادەست توا بێتەوە  و زمان و کلتووری نەتەوەی باڵا دەستی قەبووڵ کردبێت کە چەند ئەگەری تر هەیە کە کاریگەرییان لە دیاردەیەکی وەها دا هەبووە وەک ئەوەی کە هەم لە ڕووی جەماوەر و هاووڵاتیانیەوە لە کەمینەیەکی بندەست و تێکەڵدا بووبێتن یان لە ترسی دەسەڵاتداران خۆیانیان ڕاهێنابێت لە گەڵ زمانی دەسەڵاتداران و نەتەوەی باڵادەست، یان بێژەری زمانەکە ئەوەندە کەم بوو بێت کە بە تێپەڕ بوونی کات چووبێتە سەر زمانی دراوسێکەی یان ئەو نەتەوانەی کە وەک کۆچەر بە جەماوەرێکی فراوانەوە هاتوون بەرەو ڕوویان و لە خاک و نیشتمان و زێدی ئەواندا نیشتەجێ بووبن و دانیشتووە ڕەسەنەکان یان کۆنەکەن لە نێو ئەواندا بووبێتن بە کەمینە و دواجار لەواندا تواوبێتنەوە یان ئەوەی کە کەمە نەتەوەیەک و ئەتنیکێک ناچار بە کۆچ بووبن و لە ناوی نەتەوەیەکی تردا توابێتن و تووشی گۆڕانی زمانی و وێژەیی بووبێتن،کە گەلێک نەتەوە و ئەتنیک لە مێژوودا باسیان هەیە و ناویان ماوەتەوە بەڵام وەک زمان هیچ ئاسەوارێکیان لەم سەردەمەدا نیە.   
لە ڕاستیدا تا پێش درووست بوونی دەوڵەتی مۆدێڕن و هەروەها دەوڵەت-نەتەوە کە بەرهەمی مۆدێڕنیتە بوو، سەپاندنی زمانێک وەک شوناسی یەک وڵات و یەک نەتەوە، لە مێژوودا باسی لێوە نەکراوە،  گەلان و نەتەوەکان، کەمە نەتەوە و ئەتنیک و گرووپە ئەتنیکییەکان، هەرکامیان بە ئارەزوو و دڵخوازیی خۆیان بە زمانی تایبەتی خۆیان دواون و ئەو نەتەوەگەلەیش کە توانیوویانە دەسەڵاتی سیاسی بسەپێنن، زمانی خۆیانیان کردووەتە زمانی دیوانی و بووروکراتیەت، هەر نەتەوەیەکی تریش کە لە سەر میراتی ئەوان بووبێتە دەسەڵات ناچار بووە کە هەمان زمانی پێشوو بکاتە بنەمای نووسینی دەفتەر و دیوانی دەسەڵات. بۆ نموونە دەبینین کە لە وڵاتی ئێراندا بۆ نێزیک بە هەزار ساڵ کۆچەرە تورکەکان چەندین دەسەڵاتی سیاسی و پاشایەتیان درووست کردووە بەڵام چوونکو زمانی فارسی، زمانی ئیداری و مەزرینگە و دیوەخانی دەسەڵات و وێژەیی بووە، ئەوانیش ناچار بوون کە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە ئێران، نووسراوەکانیان بە زمانی فارسی بێت و تەنانەت شاعیرانی دەربار و کۆشکی پاشایەتیش هەر بە زمانی فارسی شیعر بهۆننەوە. بە چاو لێکردن لە مێژووی وێژەیی ئێران دەبینین کە بە هەبوونی دەسەڵاتدارانی تورک، فارسی، زمانی فەرمی دەربار و کۆشک و دامودەزگای دەسەڵاتە و هیچ فشارێک بۆ جێخستنی زمانی تورکی و سەپاندنی زمانی تورکی بە سەر نەتەوەکانی ئێراندا نەدراوە. هەوڵ بۆ سڕینەوەی ئایین و دین و مەزهەبێکی تایبەت و گۆڕینی بە ئایین و دین و مەزهەبێکی تر دراوە و تەنانەت کۆمەڵکوژی گەورەش ئەنجام دراوە بۆ جێخستنی ئایین و مەزهەبی نوێ، بەڵام هەوڵێکی لەو جۆرە بۆ سڕینەوەی زمان و شێوەزار نابینین. گەر تەنیا خاڵێکی باش لە دەسەڵاتەکانی پێش دەوڵەتی مۆدێڕن و دەوڵەت -نەتەوە هەبێت و بکرێت ئاماژەی پێ بکرێت هەر ئەوەیە کە هەوڵی سڕینەوەی زمانێکی تایبەت نەدراوە. هەر زمانێک کە توانیبێتی پێداویستییەکانی دەسەڵات بۆ بووروکراتییەت و سەپاندن و سەلماندنی  دەسەڵات و فەرمانەکان دابین بکات بووەتە زمانی فەرمی و لە بەرامبەریشدا فشارێک بۆ گۆڕینی زمانی نەتەوە و ئەتنیکەکان لە ئارادا نەبووە، گەرچی پێدەچێت هەوڵی یەکدەست کردنی کلتوور و داب و نەریت و باوەڕی کۆمەڵگە بە زمانیشەوە، هەوڵێک بێت کە ڕەگ و ڕێشەی لە مێژووی شارستانییەتی  مرۆڤدا هەبێت بەڵام تا پێش درووستبوونی دەوڵەتی مۆدێڕن، بە شێوەی سیستەماتیک و ئامانجدار ئەو هەوڵانە لە سەر زمان نەدراوە. ئەو نەتەوانەی کە توانیوویانە بەرگەی هێرشی دراوسێکانیان یان هێزە ئەمپێریالیستیە هێرشبەرە داگیرکەرەکەرەکان بگرن، زمانی خۆیانیان وەک شوناسی ئەتنیکی و نەتەوەیی هێشتووەتەوە و گوشارێکیش لە سەریان نەبووە کە دەبێ زمانی خۆیان لە بیر بکەن و زمانی داگیرکەر یان نەتەوەی فەرمانڕەوا و باڵادەست فێر ببن، فێرکردنی فەرمی و  سیستەماتیک، دیاردەیەکی مۆدێڕنە.

زمان و درووست بوونی دەوڵەتی مۆدێڕن و دەوڵەت- نەتەوە  
 سەپاندن و گشتگیرکردنی زمانێک بە سەر ئەو نەتەوە و کەمە نەتەوە و ئەتنیک و گرووپە ئەتنیکییانەی کە زمانی جیاوازیان هەیە، لە پرۆسەی پەروەردەی فەرمی و زۆرەملیدا گشتگیر دەبێت و دەسەپێنرێت کە پەروەردەی فەرمی و سیستەماتیک و زۆرە ملی، دیاردەیەکی مۆدێڕنی دوای درووستبوونی دەوڵەتی مۆدێڕنە کە لە سەدەی هەژدەی زایینییەوە ( پێشبەستێنەکانی لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە درووست بووە)  دەست پێدەکات. دەوڵەتی مۆدێڕن بۆ داڕشتنی ستاتۆسی یەکپاڕچە کە بتوانێت لە ناوەندەوە بڕیاردەر بێت و لە چڵوپۆی بووروکراسییەتی دەوڵەتی مۆدێڕنەوە دەسەڵاتەکانی بسەپێنێت  پێویستی بە زمانێکی هاوبەش هەیە و زمانی ستاندارد و هۆمۆجین، یەکێک لە کۆڵەکە بەهێز و سەرەکییەکانی دەوڵەتی مۆدێڕنە کە دەوڵەتی مۆدێڕن پێی دەتوانێت فەرمانەکانی خۆی شۆر بکاتەوە بۆ نێو وڵات و لە چوارگۆشەی وڵات، فەرمان و یاساکانی دەوڵەت بچەسپێنێت.
کار بۆ فێرکردنی زمانێکی تایبەت و هۆمۆجینکردنی زار و گوتاری خەڵک، بە شێوەی سیستەماتیک و بە پشتوانەی هێز دەکرێت کە بارگاوی کراوە بە هزری یەک نەتەوە و یەک دەوڵەتەوە، ئەنجامی هزری یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت، سیستەمی دەوڵەت – نەتەوەیە کە هەموو دامودەزگاکانی خراونەتە خزمەتی یەکسانکردن، یەکدەستکردن و هۆمۆجینکردنی گەل و نەتەوە، لەو چوارچێوەشدا هەمووجۆرە سیاسەتێک دەگیردرێتە پێش بۆ ئاسیمیلە کردنی کلتوور و زار و وێژەکانی تر کە لە وڵاتدا بوونیان هەیە. 
دەوڵەت-نەتەوە گەورەترین خەساری لە سامانی مێژوویی مرۆڤ و کلتووری نەتەوەکانی جیهان داوە، چوونکو ئەو جۆرە لە ستاتۆسی دەسەڵاتی سیاسی، بۆ ڕەواییدان بە بوونی خۆی و بۆ تەکووزیی نەتەوەیی، درووشمی یەک نەتەوە،  یەک کلتوور،  یەک زمان ،  یەک وڵات و یەک ئاڵای کردووەتە بنەما.  بە بنەما گرتنی هەر کام لە چەمکەکانی وەک یەک زمان و یەک نەتەوە، سیاسەتی نکۆڵی لێکردن لە زمان و نەتەوەکانی تری لێکەوتووتەوە، لێکەوتەی ئەو جۆرە لە سیاسەتی نکۆڵی لێکردن، سڕینەوەی زمان و داماڵینی شوناسی تایبەت بە نەتەوەکانی بن دەسەڵاتی نەتەوەی باڵادەستی بە دواوە بووە کە دوو جۆر لە کوشتنی هێناوەتە نێو فەرهەنگی سیاسییەوە، زمان کوژی کە بە سەپاندنی زمانی باڵادەست و یەکدەست درووست دەبێت و زمانەکانی تری نێو ولات بەرەو پووکانەوە و سڕینەوە پاڵ پێوە دەنرێت و سیاسەتی قەدەغەی قسەکردن بە زمانی نەتەوە بندەستەکان دەبێتە سیاسەتی سەرکوتکاریی دەوڵەت و بە فەرمی و بە ئاشکەرا ڕێگری لە ئاخاوتن بە زمانە نافەرمییەکانی نێو ستاتۆی دەوڵەت- نەتەوە دەکرێت. نموونەی ئەو جۆرە لە سیاسەتی ڕێگیریکردنی فەرمی و زۆرەملی لە ئاخاوتن بە زمانی دایکی، وڵاتی تۆرکیای نوێ بوو کە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە سەر دەستی کەمال ئاتاتورک، زمانی کوردی لەو وڵاتە قەدەغە کرا و بۆ کەس نەبوو کە لە شار و گوندە کوردیەکان بە زمانی کوردی قسە بکات. بە هەمان شێوە لە کاتی دەسەڵاتی ڕەزاشای پەهلەوی لە ئێرانیش هەوڵی پیادە کردن و پەیرەو کردنی ئەو سیاسەتە درا بەڵام بە هۆی فراوانیی پێکهاتەی نەتوەیی و ناهۆمۆجین بوونی نەتەوەیی لە ئێران ئەو سیاسەتە سەری نەگرت گەرچی بۆ ماوەیەک ئەو هەوڵە بە گوشاری فراوانی دەوڵەتییەوە درا و لە هەندێک جێگا سەرکەوتنی بە دەست هێنا بەڵام لە ئاستی گشتیی ئێران تووشی شکست بوو.
جۆری دووهەمی کوشتن لە ئەنجامی سەپاندنی دەوڵەت-نەتەوە لە وڵاتە فرە نەتەوەکاندا، ژینۆساید و کۆمەڵکوژی نەتەوە بندەستەکانە کە هەم لە مێژووی سەپاندنی دەوڵەت نەتەوە لە ئەرووپا ،  ئاسیا و لە ئافریقایش چەندین نموونەی ڕوون هەیە کە ژینۆسایدی نەتەوەکانی تر ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی کە شوناسێکی یەک نەتەوە و یەک زمانی لە وڵاتدا درووست بکرێت، کورد وەک نەتەوەی بندەست لە وڵاتی عێراق و ئەرمەنییەکان لە تورکیا ئەو چارەنووسەیان بەر کەوت. 
هەردوو لێنگوێساید و ژینۆساید، بەرهەمی سەپاندنی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیە کە لەو سیستەمەدا پێویست دەکات بۆ پێناسەی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە، سیاسەتی ئاسیمیلە کردن و هۆمۆجین کردنی کۆی گەلان و نەتەوەکانی نێو وڵات پەیرەو و جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی کە دەوڵەت-نەتەوە بچواتە قاڵبی پێوانەیی و پێناسەیی خۆیەوە، سیستەم، کاتێک ئەتوانێت ئەو پێناسەیە وەر بگرێت کە هزر و شوناسی یەک نەتەوەیی لە چوارگۆشەی وڵاتدا لە دایک ببێت، ئەو لە دایکبوونە هزرە هاوبەش و شوناسە تاک ڕەهەندییە، بە پێوەرێکی هەرە تەیبەت و نوانەیەکی گرینگی شوناسی نەتەوەیی دەکرێت کە ئەویش زمانە، یەک زمانی و زمانی هاوبەش لە چوارگۆشەی وڵاتدا دەتوانێت چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە بتەو بکات و تەکووزیی نەتەوەیی بخولقێنێت. خولقاندنی تەکووزیی نەتەوەیی و ستاتۆسی دەوڵەت-نەتەوە بە بێ هەڵوێست وەرگرتن و ملنەدانی نەتەوەکانی تر ڕووی نەداوە، کاردانەوەی هەڵگرانی بیری دەوڵەت-نەتەوە بۆ قەبووڵنەکردنی سیاسەتی یەکسانسازیی زمانیی و نەتەوەیی لە لایەن نەتەوەکانی ترەوە، ژینۆساید و کۆمەڵکوژیی ڕاستەوخۆی لە دەکەوێتەوە یان لە ئەگەری کۆڵدان و دەستەمۆبوونی نەتەوە بندەستەکان، لێنگوێساید و زمانکوژیی لێدەکەوێتەوە، چوونکو زمانی نەتەوەی باڵادەست دەبێتە زمانی فەرمی و زمانی خوێندن و زمانی ئاخاوتن و هەڤپەیڤینی نێو کۆمەڵگە و خانەوادە و لە نێو ماڵدا بە زمانی باڵادەست قسەی پێکرا، جیل و نەوەیەک بەرهەم دێت کە زمانی دایکیی و نەتەوەیی خۆیان نازانن و زمانەکەیان سڕاوەتەوە و زمانێکی تر جێگەی پێ گرتووە کە زمانە سەپێنراوە فەرمییەکەیە.
دەوڵەت-نەتەوە یەکێک لە جۆری دەوڵەتە مۆدێڕنەکانە کە کاریگەریی فراوانی لە گۆڕینی کلتووری و هۆمۆجینکردنی کۆمەڵگە ڕەنگاڵەییەکانی مرۆڤدا هەبووە، دەوڵەتی مۆدێڕن تەنیا بە نوانەی دەوڵەتی نەتەوەییەوە بچووک ناکرێتەوە، خودی دەوڵەتی مۆدێڕن دەتوانێت پێناسەی دەوڵەت- نەتەوەی  نەبێت بەڵام ستاتۆسێکی هاوشێوە بخولقێنێت کە خولقاندنی دۆخێکی هاوشێوەی یەکدەستکردنی کۆمەڵگە و وڵاتی لێبکەوێتەوە، پێشتر ئاماژەمان پێدا کە دەوڵەتی مۆدێڕن، خاوەن سیستەمی پەروەردەی فەرمیە و بە فەرمی هاووڵاتیان و دانیشتووانی وڵات بە زمانیکی تایبەت و باڵادەست، ناچار بە خوێندن و پەروەردەبوون دەکات، گەرچی لە هەندێک وڵاتدا دوو بۆ سێ زمانیش کراوەتە فەرمی بۆ فێربوون لە سیستەمی پەروەردە و خوێندن و کار پێکردنی لە بووروکراسییەتی دەوڵەتدا و لە هەڵسووڕانی کاری دەوڵتیشدا سەرکەوتنی گەورەیان بە دەست هێناوە و لە وڵاتە پێشڕەو و پێشکەوتووکانی جیهانیشن بۆ نموونە وڵاتی سویسرا یان سوید یان کەنەدا نموونەی ئەو وڵاتانەن کە توانیوویانە بە فەرمیکردنی دوو یا چەند زمان ببنە خاوەن دەوڵەتێکی دیموکرات و سیما جوان و مرۆڤپەسەند، تایبەتمەنیی تریشیان ئەوەیە کە بەم شێوە لە کار کردنیان بە سیستەمی چەن زمانی، ڕاکێشەری کلتوورە جیاوازەکانی جیهانیش بوون و لە ئێستادا خاوەن کلتوورێکی بەرز و نموونەیین، بەڵام لە هەمانحاڵدا و  لە زۆرینەی دەوڵەتە مۆدێرنەکان کە لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوو بووەتە باو، تەنیا یەک زمان بە بنەمای فێربوونی پەروەردەی فەرمی دەگرێت و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات کە زمانێکی تایبەت بە پەروەردەی فەرمی، گشتگیر و جێگیر بکات. زۆرینەی وڵاتانی جیهان لە ئێستادا بەم شیوەیەن تایبەت وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە بە تەواوەتی لە هەوڵی پێشخستنی یەک زمان و سڕێنەوەی زمانەکانی تری نێو وڵاتەکەیانن، تایبەت ئەو وڵاتانەی کە کورد تێیدا خاوەن ماڵە و لە سیستەم داماڵراوە و  لە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتانە دوور خراوەتەوە، بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی گۆڕینی کلتوور و زمان و شوناسەکەیەوەن، لە وڵاتی سوریا تا پێش ٢٠١١ و شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و دەرکەوتنی خەلافەتی ئیسلامی داعش، لە بوونی نەتەوەی کورد لەو وڵاتە بە فەرمی نکۆڵی دەکرا یان لە تورکیا کە بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی گۆڕینی ڕەگەز و شوناسی نەتەوەی کورد دا بووە، زمانی کوردیی قەدەغە کردووە و نکۆڵیشی لە بوونی کورد و هەبوونی نەتەوەیەکی جیاواز لە تورکیا بێجگە لە تورک کردووە و باس و دووان لە نەتەوەی تر یان قسە و پەیڤین و دووان بە زمانی جیاواز لە تورکی با ئاشکەرا یاساغ کردووە و سزای یاسایشی بۆ داناوە، لە عێراق کورد تووشی ژینۆساید و کۆمەڵکوژی و کیمیاباران و تەعریب کرا، لە ئێران گەرچی بە فەرمی زمانی کوردی قەدەغە نەکراوە و وەک ئەتنیک و وردەکلتوور لە ئێراندا ئاماژەی پێکراوە بەڵام سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ تەنگهەڵچنین بە زمانی کوردی و گۆڕینی شوناسی کوردی، سیاسەتی هێژموونگرایی و سەپاندنی زمانی فارسیی کردووەتە بنەما بۆ هۆمۆجینکردنی نەتەوەیی لە زەمەنێکی درێژمەودادا.
زمانی هاوبەش و فەرمی بۆ دەوڵەتی مۆدێڕن، وەک سیەکان لە کۆ ئەندامی هەناسەدا پێویست و هەستیارە، بەهۆی ستراکچێری تایبەتیی دەوڵەتی مۆدێڕن و دەوڵەت- نەتەوە، کە گرێدراوی تەکووزی لە ڕاپەڕاندنی فەرمانەکانی دەسەڵات و جێبەجێکردنی هەرمانەکانی دەوڵەتداری لە کاتی خۆی و لە جێی خۆیدایە،بۆ ئەوی کە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەکانی بنفەرمانی دەسەڵات و دەوڵەت، بە تەکووزی و ڕێکوپێکی، هاوئاهەنگیی خۆیان لە گەڵ خواست و فەرمانەکانیدا بپارێزن و بشێوی لە شۆڕبوونەوەی بڕیار و فەرمانەکان درووست نەبێت، دەبێت لێحاڵیبوون و تێگەیشتن لە زمانی ئەمر و فەرمان و بڕیارەکانی دەوڵەت درووست ببێت و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت زمانێکی هاوبەش بە فەرمی بخوێندرێت کە کۆی کۆمەڵگە و چوارگۆشەی وڵات لێی تێبگەن و بتوانن بیخوێنن و پێی بنووسن تا مەکینەی دەوڵەت بە باشترین شیوە ئەرکە دەسەڵاتدارییەکانی خۆی ڕاپەڕێنێت کە هێز و بەرژەوەندییەکانی لێوەردەگرێت. 
بۆمان ڕوون بووەتەوە و مێژووش سەلماندوویەتی کە دەوڵەت -نەتەوە، کوشتنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی و سڕینەوەی زمان و زاراوەکانیان بە سیستەماتیک ئەنجام دەدات و دەوڵەتی مۆدێڕنیش بە هەمان شێوە بە فەرمی کردنی زمانێک و پشتگوێخستنی زمانەکانی تر، ستەمێکی گەورەی سیستەماتیک ئەنجام دەدات کە بە پەروەردەی فەرمی زمانێک دەخوێندرێت و هاووڵاتیان لە هەموو نەتەوە و ئەتنیکەکانی تر ناچار دەبن هەمان زمان بخوێنن و زمانی دایکییان نەخوێنن. لێرەوەیە کە کاریگەریی لە سەر شوناسی تاکە کەسی و کۆی کۆمەڵگە درووست دەکات و دەبێتە هۆی گۆڕینی کلتووری و شوناسی نەتەوەیی، لە هەمانکاتدا دەبێتە مەترسی گەورە لە سەر کلتووری جیهانی و ستەم لە میراتی مرۆڤایەتیش کە زمان و کلتوور و شوناسی نەتەوەکان نوانەی میراتە جیهانییەکەی مێژووی مرۆڤن لە سەر گۆی زەوی. لەم ڕوانگەوە هەردوو جۆری دەوڵەت-نەتەوە و دەوڵەتی مۆدێڕن کاریگەریی قووڵیان لە سەر هزر، شوناس، ڕوانگەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە بە نیسبەت یەکەوە ( هەستی هاوبەشی هاونیشتمانیبوون و مافی بەرابەر )، ڕوانگەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە تاکەکان ( هاووڵاتی بە بێ پلەبەندی و هەستی هاووڵاتی بوون ) و هەروەها چۆنیەتی ژیانی گەلان و نەتەوەکانی ناوخۆی وڵات بە تاک و کۆمەڵەوە، هەیە.

دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران و خولقاندنی قەیرانی شوناس
شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی، چەمکێکی نوێی سەردەمی مۆدێڕنیتەیە کە لە سەدەی هەژدیەمی زایینییەوە سەری هەڵداوە کە لە گەڵ دەوڵەتی مۆدێڕن و دەوڵەت-نەتەوە هاوکات دێنە نێو فەرهەنگی سیاسی. گەر مێژووی ئێران لە سەد و بیست ساڵی ڕابردوو بخوێنینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دیاردەی مۆدێرنیزم کاریگەریی گەورەی لە سەر چەمکی شوناسی نەتەوەیی هەبووە و بە چاولێکەری لە ڕەوتی درووستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ئەرووپا، جووڵەیەکی سیاسی، ڕۆشنبیری و نوێخوازی لە ئێران و زۆرتر لەل لایەن ئەو کەسانەی کە لە وڵاتانی ئەرووپایی خوێندبوویان و گەڕابوونەوە، درووست دەبێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر سیستەمی پاشایەتیی قاجارەکان لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا دەبێت و  شۆڕشی مەشرووتەیشی لێکەوتەوە، شۆڕشی مەشرووتە دەستپێکی خولقاندنی قەیرانێکی گەورەی شوناسیی لە وڵاتی ئێرانە کە دەتوانین بە سەردەمی ستەمکاریی نوێخوازی و مۆدێڕنیتەی ئێرانی ناوی لێبنێن، چوونکو  بزووتنەوەی مەشرووتە، کە هەڵقوڵاوی هزر و مەیلی نوێخوازانی ئارکائیستیی ئێرانی بوو و خوازیاری لاسایی کردنەوەی ئەرووپیەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن و دەوڵەت-نەتەوە و کۆکردنەوەی لە گەڵ شانازییەکانی دەورانی پێش ئیسلام و دەسەڵاتەکانی دەوڵەتە پاشایەتییەکانی ئێرانی پیش ئیسلام بوونی ئەو وڵاتە بوون، کە لە بن کاریگەریی لە دەستچوونی چەندین ئیالەتی ئێران و دۆڕاندنیان بە ڕووسەکان و بریتانیاییەکان،  ئەو هزرە دەوڵەت-نەتەوەسازییەیان ڕوو کردبوو  و گەیشتبوون بەو ئەنجامەی گەر دەستپێشخەری لە نوێکردنەوەی ئێران و جێخستنی چەمکی یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت نەکرێت ئەوا شتێک بە ناوی وڵاتی ئێرانەوە نامێنێت چوونکو درەنگ یان زوو نەتەوەکانی تری ئێرانی شەپۆلی مۆدێڕنیتەی ئەرووپایی دەیانگرێتەوە و  هزرە ڕۆشنگەرییەکانی ئەو شەپۆلە دەبێتە هۆی شوناسخوازی و مافخوازی ئەو نەتەوانە و هەوڵی جیابوونەوە و دەوڵەتسازی و سەربەخۆیی دەدەن کە ئەنجامەکەی ون بوونی وڵاتی ئێران و مەحف بوونەەی لە سەر نەخشەی جوگرافیایە و ئەو دەستپێشخەرییەی ئەوان  بە بێ لە بەرچاوگرتنی ناهۆمۆجین بوونی وڵاتی ئێران، لە هەوڵی یەک نەتەوە کردنی نەتەوەکانی ئێرانی بوو کە خولقاندنی قەیرانی گەورەتری شوناسیی  لە ئێران لێکەوتەوە.
مەشرووتە شکستی هێنا بەڵام وەک هزری نوێخوازی و نەتەوەسازی و یەک نەتەوەسازیی ئێرانی ڕەگی خۆی لە مێشکی دەوڵەتسازان و دەسەڵاتدارانی دواتر داکوتا، نە تەنیا سیاسەتمەداران و پیاوانی سیاسی بەڵکوو زۆرینەی ڕووناکبیر و ئاکادیمیسیەنەکانی ناوەندگرای خستە بن کاریگەری خۆی و شوناسخوازیی ئارکائیستی و پەلەکوتەی نوێخوازی، بوو بە هەوێنی هزری یەک نەتەوەیی ئێران و پێناسەی نەتەوە لە رەگەزی ئینسانەوە گۆڕدرا بۆ نەخشەی جوگرافیا. چەمکی نەتەوە لە زانستی سیاسی و کۆمەڵناسیدا لە سەر هەندێک پێوانەی وەک زمان و نەژاد و کلتوور و مێژووی هاوبەش پێناسەی بۆ کراوە بەڵام لە لایەن نووسەر و ئاکادیمیسیەن و ڕووناکبیر و سیاسیە ئارکێئست و مێژووگرا ئێرانییەکان، پێناسەی نەتەوە لە ڕووەوە بە جوگرافیای بن دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی گرێدراوە و خاک و نەخشەی وڵات و ناوی وڵات بە پێناسەی چەمکی نەتەوە دەزانن و لە ناخەوە پێناسە سەرەکی و ڕاستەقینەکەی نەتەوە کە گرێدراوی زمانە بە ڕاست دەزانن و لە هەوڵی فارسیزە کردنی زمانی نەتەوەکانی ترن و  لە ڕاستیدا هەموو هەوڵێک دەدەن کە بە سەپاندنی زمانی فارسی، فاکتەری سەرەکیی شوناسی نەتەوە لە جوگرافیایەکی فراونتر و لە سەر حسابی مراندنی درێژماوەیی نەتەوەکانی تر، دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی کە نەتەوەی باڵا دەست لە درێژماوەدا زیاترین بێژەری زمانی فارسی لە وڵاتدا بەرهەم بێنێت و لە قەیرانی شوناس خۆی ڕزگار بکات.
بۆ دەستەبەر کردنی ئەو مەرام و نییەتە و خەیاڵە یەکنەتەوەیسازە، دەبینین کە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ڕەزاخان و دامەزراندنی سیستەمی پاشایەتی پەهلەوی لە سەر فاوندەیشنی هزری ئارکائیستی و زمانی فارسی، دەست بە دەوڵەت نەتەوەسازی دەکرێت و مۆدێڕن کردنی وڵات و دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن دەبێتە بناغەی قەیرانسازی شوناسیی نەتەوەکانی تر و خولقاندنی کەشێکی سیاسی پڕ لە ستەمکاری کە زۆرینەی نەتەوەکانی ئێران لەو پرۆسەیەدا بە زەبری هێز، سەرکوت کران و هەندێک ناوچە لە ژێر هەڕەشەدا فارسیزە کران. 
سەردەمی ڕەزاشا لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە دەکرێت لێیبڕوانرێت و لە گۆشەی نیگای جیاوازەوە خوێندنەوە بۆ هەڵسووکەوتی دەسەڵاتی پەهلەوی بکرێت، لە ڕوانگەی سیاسیی پەتی و بێموراڵەوە،بۆ سەپاندنی دەسەڵات و سەلماندنی هێز، یەکپارچە کردنی وڵات و دیاری کردنی نەخشەی جوگرافیایەکی جێکەوتوو، تەکووزیی ئیداری و بووروکراتیکی و بنیاتنانی سیستەم، پێویستیی بە داڕشتنی ستراتیژێکی کاریگەر هەیە کە بتوانێت هەموو ئامانجەکانی خۆی بپێکێت و ئەو ستراتیژییەش، شوێن هەڵگرتنی هزری ناسیۆنالیستیە کە پیتێنرا بێت بە شانازیی ئارکائیستی بە پشتوانەی هزر و هێزی ئاکادیمیکی و ڕووناکبیری و ئامادەیی و حازربوونی کۆمەڵگە و جەماوەرێکی فراوانی ناوەندگرا کە هەموو شانازییەکانی هی سەردەمی کەونارا بێت و غرووری ئەفسانە و دیرۆک و حیکایەتە ئارکائیستیەکانی زوو بێتە جۆش و هەستی نەژادپەرەستیی تێدا بکات بە هەستێکی سەرخۆشکەر و ئامادەی ئەوە بێت کە خاک بکرێتە ئایدئۆلۆژی بۆی و ئەویش قەبووڵی بکات و گوێڕایەڵی ئایدئۆلۆژیای خاکی پیرۆز بێت  و لە پێناویدا هەموو دەستدرێژییەکی دەسەڵاتی سیاسی و پێشەوا و ڕێبەرەکەی، بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی کەونارا، لە سەر نەتەوە جیاوازەکان و گرووپە ئەتنیکییەکان، بە ڕەوا بزانێت. لە ڕوانگەی سیاسەتی پەتی و بێڕەوشتییەوە، سیاسەتێکی ڕەوایە. بەڵام لە ڕوانگەی راستەقینەی کۆمەڵگە و وڵات و ناهۆمۆجینیی خەڵک و موزائیکی وڵات، سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی، سەردەمی سیاسەتێکی لە پڕ گڕگرتوویی ناسیۆنالیزمی زڕەنەتەوەی ئێرانی بوو کە هەموو چەمکە سیاسیی و یاسایی و مافەکانی بە دیوی گۆڕین و  هۆمۆجینکردندا خست و تا ڕۆژی ئەمڕۆیش، بووتە بناغەی تێنەگەیشتن لە نەتەوەی ئێران و هۆکاری درێژە پێدانی سیاسەتی سەرکوتکاری و دیکتاتورییە لە هەموو ئێراندا،چوون قەیرانی شوناس، ئاڵۆزیی لێدەکەوێتەوە و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر ئاڵۆزییەکی هەڵقوڵاو لە قەرانی شوناس و بە ئاگاهاتنەوە، پێویستیی بە هێزی ئەمنی و سەرکوتکار هەیە کە هەبوونی ئەو ئامادەییە سەرکوتکاریە و هێزە ئەمنیەکان، هۆکارێکە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتوری و خولقاندنی کەشێکی ئەمنی کە هەموو جووڵەیەک لە وڵات بە پرسی تێکدانی ئاسایش و یەکپارچەیی وڵات گرێ بدرێت، دەبینین کە لەو کاتەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ ئەو کەشە لە ئێران خولقاوە و ستاتۆسێکی هەمیشە دیکتاتۆریی لە ئێراندا خولقاندووە. بنەمای ئەو ستاتۆسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوناسسازییەی کە لە سەردەمی دوای مەشرووتە و بە دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن دەست پێدەکات.
سەرەڕای ئەمانە، ئەو شوناسسازیەی کە بە دەرخستنی بیرۆکەی زڕەنەتەوەی ئێرانی لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوییەوە دەستی پێکرد، هەوڵێک بوو بۆ دەوڵەت نەتەوەسازیی مۆدێڕن لە ئێران، کە چارەسەری قەیرانی شوناس لە وڵاتی ناهۆمۆجین و موزایکی ئێران بکات، بەڵام نە تەنیا نەیتوانی قەیرانی شوناس لە ئێراندا چارەسەر بکات بوو بە هۆی شیبوونەوەی هەست و سۆزی هاونیشتمانیانی ئێران و قەێرانی ناتەبایی نیوان نەتەوەکانی ئێرانی خولقاند، نەتەوەی باڵادەست بە تەوس و توانجەوە، ناوی نەتەوەکانی تری ئێرانی دەهێنا و تەنانەت بۆ نەتەوەی ئازەری و لۆڕ و گیلەک، بە هەزاران جوک درووستکراو و گاڵتە بە نەتەوەکانی تر دەکرا، ئەوە هێمای ناهۆمۆجینبوونی وڵات بوو کە نەتەوەی باڵادەست لە قەیرانی شوناسدا هەوڵی خولقاندنی قەیرانی شوناسی ئەوانی تری دەدا کە بەم ڕێگەیە نکۆڵی لە ناسنامەی نەتەوەکانی تر بکرێت لە لایەن خودی تاکەکانی نەتەوەکانی تر، لە بەر ئەوەی کە خۆیان بە دوور بگرن لە جوکی نەتەوەی باڵادەست و نەبنە جێگەی گەمە و گاڵتە،  تەوس و توانجیان لێنەدرێت ناچار خەڵکێکی زۆر لە نەتەوەکان، زمانی خۆیان بۆ زمانی نەتەوەی باڵادەست گۆڕی، ئەوە جیاواز لەو هەوڵ و تەقەلایانەی دەسەڵاتی پەهلەوی بوو کە بە زەبری هێز و بە هەڕەشە هەندێک ناوچەی ناوەندیی ئێرانی فارسیزە کرد و ناچاریانی کرد کە زمانیان بگۆڕن بۆ فارسی.
دەبینین کە دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانی، کاریگەریی لە سەر هزری تاک و کۆمەڵگەی ئێرانی داناوە و هەستی نەتەوەکانی تری بریندار کردووە بۆ ئەوەی کە شوناسی خۆی لە قەیران دەر بهێنێت. نەتەوەی باڵادەست و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی مۆدێڕن و لەشکەرە پشتوانە ئاکادیمیک و ڕووناکبیر و نووسەرەکانی ئەو دەوڵەت نەتەوەسازیە، بۆ خۆ ڕزگار کردن لە قەیرانی شوناس، قەیرانی شوناسیان لە نێو نەتەوەکانی تری ئێراندا خولقاند کە بوو بە هۆی بەخۆداهاتنەوە و خەبەر بوونەوەی نەتەوەکانی تری ئێرانی کە وڵات خەریکە دەبێت بە هی نەتەوەی باڵ دەست ئەوان بێ ماف دەکرێن و شوناسیان دەکەوێتە مەترسییەوە بۆیە دەبینین کە شوناسخوازی لە نێوان ئازەرییەکان و کوردەکان و لۆڕەکان سەرهەڵدەدات و تایبەت کوردەکان و گیلەکەکان هەر لە سەرتای دەرکەوتنی پرشنگەکانی هزری پان ئیرانیستی و نەتەوەسازیی ئێرانی، دەنگی ناهۆمۆجین بوونی ئێرانیان بەرز کردەوە، سمکۆ و میرزا کووچکخان و دواتر کۆماری ئازەربایجان و  کوردستان و سەرکوت و لەشکەرکێشی بۆ سەر لۆڕستان و کوشتاری فراوان لە نێو لۆڕەکان، هەموویان بەرهەمی هۆمۆجینکردن و دەوڵەت نەتەوەسازیی ئێرانی بوو و تا ڕۆژی ئەمڕۆێش بەرگی هاونیشتمانیی یەکسانی لە نێوان نەتەوەکان شیتاڵ شیتاڵ کردووتەوە و بێمتمانەیی خولقاندووە کە نە نەتەوەی باڵادەست متمانەی بە نەتەوەکانی تر هەیە و نە نەتەوە بندەستەکانیش متمانەیان بە دەسەڵاتی ئێران هەیە، نموونەی ڕوونی بێ متمانەیی نێوان دەسەڵات و کورد و کورد و دەسەڵاتە کە گەورەترین کێشەی ئەمنی و ئاسایشی و مەترسیی یەکپارچەیی وڵاتی ئێرانە،هۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ  سیاسەتی بێڕەوشتانە و نەژادپەرەستانەی دەوڵەت نەتەوەسازیی ئێرانی و سەپاندنی زمانی فارسی بە بێ فێر کردنی فەرمیی زمانەکانی تر لە نێو نەتەوەکان بۆ خۆیان و نەهێشتنی خوێندن بە زمانی دایکی.
دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران، هەوڵی نەتەوە سازیی مۆدێڕنی بە سەپاندنی زمان و کلتووری تەنیا یەک نەتەوە بە سەر نەتەوەکانی تر دەستپێکرد بوو ، پرۆژەی نەتەوەسازی پێویستی بە  نەهێشتن و بەربەستی یاسایی درووستکردن لە بەردەم فێربوونی زمانەکانی تر بوو، هەوڵ بۆ مراندن و سڕینەوەی زمانەکانی تر و تواندنەوەیان لە نێو زمانی فارسی و بە فارس کردن و سیاسەتی بە بنزاراوەیی کردنی زمانی نەتەوەکانی تر بە بنزاراوەی فارسی وەک فارسی کرماشانی و فارسی ورمابادی ، قەیرانی گەورەی شوناسیی لە ئێراندا خولقاندووە لە پێناو خولقاندنی شوناسێکی نەتەویی ئێرانی لە ڕوواڵەتدا، کە لە ڕاستیدا نەتەوەسازی و پان و بەرین کردنی داوێنەی نەتەوەی فارسە بە بەربڵاوکردن و گەشەی زمانی فارسی و نەهێشتنی خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی تر تا بە تێپەڕبوونی کات نەتەوەکان ئاسیمیلە دەبن و زمانەکەیان دەمرێت.
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن و نەتەوەسازی، هەوڵ بۆ نوێسازیی کۆمەڵگەیش درا و لەو ڕێگەوە دەیانەویست هاو تەریب لە گەڵ دەوڵەتسازیی مۆدێڕن و نەتەوەسازیی مۆدێڕن، کۆمەڵگەسازیی مۆدێڕنیش پێشبخەن، کۆمەڵگە سازیی نوێ ، دەبێ لە سەر زمانێکی لێکتێگەیشتوو و بە پەروەردی فەرمی درووست بکرێت و ئەو پرۆژەیە بە بێ زمانێکی هاوبەش و یەکزمانی و هۆمۆجینکردن، سەرناگرێت، خودی پرۆژەکە، پرۆژەیەکی پێویست بوو بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو کە پێشخستنی کۆمەڵگە و گەشەی کۆمەڵایەتی لە پرۆژە نوێسازییەکەدا بە ئامانجی یەک نەتەوەسازیی ئێرانی بە زمانی فارسییەوە بوو و دەیانەویست بە پێشخستنی کۆمەڵگە لە ڕێگە جۆراوجۆرەکانە، یەکسانسازییەکی کۆمەڵایەتی و زمانی درووست بکەن کە شوناسێکی نوێ وەربگرێت و ببێت بە شوناسی نەتەوی ئێرانی، هەر بۆیە دەبینین کە لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەکانەوە، باسی نەتەوەسازی و شوناسسازیی نوێ لە ژێر ناوی شوناسی نەتەوەیی ئێرانی دەکرا کە سەرئەنجامی ئەو پرۆژەیە لە چاوی داڕێژەرە ستراتیژیستەکانیەوە، نەتەوەیەکی یەکسان و هۆمۆجین و بەهێزی ئێرانی بوو کە زمانی فارسی، دەبێتە سەرەکیترین و تەنیا زمانی لە درێژماوەدا و زمانی نەتەوەکانی تر دەمرێت و لە بن هێژموونیی زمانی فارسیدا دەپوکێنەوە و خەڵکیش خۆی لە قەرەی زمانی دایکییان نادەن و هەوڵدەدەن کە زمانی فارسی بکەن بە زمانی خۆیان و مناڵەکانیان بە زمانی فارسی لە دایک بن. تەنانەت بۆ ئەو مەبەستەش لە نێو نەتەوەکانی ئێرانی کەسانێکیان دەستەبژێر کردبوو کە وەک ئاکادیمیسییەن کار لە سەر گۆڕینی نەتەوەکانی خۆیان بۆ سەر نەتەوەی ئێرانی بکەن، لە نێو کورد و ئازەرییەکان زیاترین کەسیان تێدا بوو و زۆرینەی پان ئیرانیستەکانیش هەر لە نەتەوە جیاوازەکان بوون تایبەت ئازەرییەکان گەرمتر لە خودی دەستەبژێر و ئاکادیمیسیەن و نووسەر و ڕووناکبیران و سیاسەتمەدارانی نەتەوەی باڵادەست بەردی نەتەوەی ئێرانی و یەک نەتەوە بوونی ئێران و هزری پان ئیرانیستیان لە  سینگ دەکوتا.    
داوی ڕەزاشا، حەمەڕەزاشای کوڕی، شوێن پێهەڵگری سیاسەتەکانی باوکی بوو لە بوواری  نەتەوەسازی و بە دیهێنانی شوناسی نوێ بە ناوی نەتەوەی ئێرانی، چەند هەنگاو زیاتر لە سەردەمی باوکیشی چووە پێشەوە و ناوەندی تایبەتی بە زمانی فارسی و پێشخستنی دامەزراند و ناسیونالیزمی فارسی و ئێرانیی بە لینکی کەونارای ئێرانەوە گراێداو و تەنانەت ڕۆژژمێرەکانیشی بە مێژووی هەخامەنێشیەکانەوە دەستی پێدەکرد. دەیان کتێبی مێژوویی و ئەدەبی و سیاسی بۆ کلتوورسازیی نوێ بە نواندنە کەوناراییەکانی ئێرانەوە نووسراو بڵاو کرایەوە و کلتوور و سیاسەت و مێژووی ئێران گرێدراوی زمانی فارسی کراو و هەر ڕۆژ هەوڵی فراوانتری ئیفلیجکردنی زمانەکانی تری نەتەوەکانی ئێرانی دەدرا، بە وتەی دەستەبژێر و ڕووناکبیرانی سەردەمی پاشایەتیی پەهلەوی، شوناسی ئێرانی بە هۆی هێرشی عەرەب و تورکەکان و ئایینی ئیسلامەوە، تووشی قەیرانی شوناسی بووە و بۆ زیندوو کردنەوەی شوناسی نەتەوەیی ئێران و هێنانەوەی کلتووری ئارکائیستیی ئێرانی، مراندنی زمان و کلتوور و شوناسی  نەتەوەکانی تری ئێرانیان کردە بەرنامەی ستراتیژیی کاری زمانەوانی، ئەدەبی و کلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێرانی نوێ لە دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانیدا.
بە باوەڕی ستراتیژیستانی مۆهەندسیی شوناس و کلتووری ئێرانی، شوناس ئاڵووگۆڕی بە سەردا دێت و لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا دەبینرێت کە لە کۆمەڵگەدا، خەڵک بە شێوەی جیاواز لە پێشووتر خۆی ناساندووە وخۆی نواندووە و شوناس هەر بە پێی ئەو گۆڕانییەی کە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا هەیبووە، توانایی گۆڕان و فۆرمگرتنی هەیە و گەر بە پلانی ستراتیژی و بە ڕێگایەکی دیاریکراو و سیاسەت بۆ داڕێژراودا پاڵی پێوە بنرێت دەتوانرێت شوناسسازی بکرێت و شوناسی نوێی لە دەر بخەی. ( بۆ زانینی بۆچوون و کارەکانی ئەم ستراتیژیستانە و بۆ تێگەیشتن لە کاری مۆهەندسیی کلتوور و شوناس لە ئێران دەتوانرێت ناوەندە لێکۆڵینەوە ستراتیژیکیەکان و ناوەندە کلتووری  و زمانەوانیەکان و بڵاوکراوە و سمینار و کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانیان چاو لێ بکات و بە دواداچوونیان بۆ بکات ئەو کاات دەزانێت کە ئەو ناوەنداە چۆن خەریکی مۆهەندسی کردنی کلتوور و شوناسن لە ئێراندا.)
شوناسسازی کراوەتە ئەرکی دەوڵەت و هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتی پەهلەوی تا هەنووکە کە کۆماری ئیسلامی لە سەر دەسەڵاتە، کار لە پێناو نەتەوەسازی و شوناسسازی و کلتوورسازی کراوەتە ئەرکی سەرەکی دەوڵەتی مۆدێرن و ناچار کراوە وەک دەزگای جێگرتوی سیاسی لە وڵاتدا، بۆ با ئامانج گەیاندنی ئەو ئەرکانە هەموو هەوڵ و پەلەقاژەیەکی یاسایی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووریی بۆ بکات. لەو پێناوشدا، دەوڵەت لە ئێراندا هەمیشە لە هەوڵی مۆهەندسی کردنی کلتوور بووە کە قەیرانی شوناسی ناهۆمۆجینی وڵات چارەسەر بکات و شوناسێکی یەکسان بە پێناسەی نەتەوەی ئێرانی و لە ژێر هێژموونیی زمانی فارسیدا بخولقێنێت. پێناسە و پێوانەی وڵات بۆ چەمکی شوناسی نەتەوەیی کڵاوێکە کە دەکرێتە سەری نەتەوەکانی ئێران، نەتەوەی ئێران و زمانی فارسی وەک پێناسە و وەک رەوایەتیی ناسنامە و شوناس، هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی زمانەکانی  نەتەوەکانی تر تایبەت کورد، بەهەمان شێوە کە پێشتریش ئاماژەمان پێدا، زمان داڕێژەری پێناسەی نەتەوەیە و نەتەوەش بە زمانەوە دەناسرێتەوە، زمانی جیاواز واتە نەتەوەی جیاواز، بەڵام زمانی یەکگرتوو و یەکزمانی، دەچێتە خانەی کوشتنی زمانەکانی تر و نەتەوەسازیی دەوڵەتی بۆ دەوڵەت نەتەوەسازی کە نێزیک بە نۆ دەیەیە لە ئێراندا کاری بۆ دەکرێت.

چارەنووسی زمانی کوردی لە بن کاریگەریی زمانی فارسی
گەر ناوچە کوردییە جیاوازەکانی کوردستانی ئێران لە گەشتێکدا بگەڕێین بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هێژموونیی زمانی فارسی تا چەندە کاری لە سەر زمانی کوردی و بنزاراوەکانی کردووە و خەریکە داوێنەی وشەی کوردی لە نێو زمانی کوردیدا کەمتر دەکاتەوە. وشە فارسییەکان خۆیان خزاندووتە نێو زاری خەڵکی کورد و هەر ڕۆژ زیاتر وشەی فارسی خۆی تێکەڵ بە زار و زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. بەردەوام بوونی ئەو ڕەوتە لە خۆ خزاندنەی زمانی فارسی بۆ نێو کەوڵی زمانی کوردی، کەوڵ کەندنی زمانی کوردیی لێدەکەوێتەوە و دواجار هێژموونیی زمانی فارسی لە بن زار و تێکەڵ وشەییەوە دەبێتە زمان، گۆڕینی زمانیش گۆڕینی شوناسی نەتەوەیی لێدەکەوێتەوە.
گەرچی لە مێژە زمانی فارسی بە هۆی دەسەڵاتەوە، وشەکانی تێکەڵ بە زمانی کوردی بووە بەڵام دوای درووست بوونی دەوڵەتی مۆدێرن و دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران و هەروەها سیاسەتی فەرمیی ئاسیمیلەی کلتووریی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، ڕەوتی کاریگەریی زمانی فارسی لە سەر زمانی کوردی فراوانتر بووە و داوێنەی زمانی فارسی لە ئێران بەربڵاوتر بووەتەوە و جوگرافیای نەتەوەکانی تری بەرەو هەڵلووشین بردووە، ئەوەی کە ڕوو دەدەت لە چوارچێوەی ستراتیژی درێژماوەی داڕێژەرانی سیستەمی دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانیە کە ترسی هەڵوەرینی نەتەوەکانی ئێران لە یەکتر و دابەشبوونی وڵات، پەنایان بۆ سیاسەتی نەتەوەسازیی نوێ و شوناسسازیی نوێ بردووە.
بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکانی ستراتیژی دەوڵەت نەتەوەسازیی مۆدێڕنی ئێرانی، تێکهەڵکێشانی زمانی فارسی لە گەڵ زمانی نەتەوەکان، مەرجێکی پێویست و سەرەکیە، چوونکو ئەو تێکهەڵکێشانە دەبێتە هۆی ئەوەیکە بێژەری زمانەکان، وەک بانتلێرک لە شاڕێگەیەکی سەرەولێژێدا، ڕێگای لێژی بگرێت و خۆی بۆ ناگیرێتەوە و تا ئەو جێگایەی لێژایی بەردەوام بێت کەسیش ناتوانێت پێشی پێبگرێت، زەمەنێک دێت دەبینی کە زمانی خەڵک گۆڕاوە و چووەتە سەر زمانی نەتەوەی باڵادەست و کەمترین وشەی زمانە سەرەکییەکە لە زاری خەڵکدا دێتە دەرەوە. لە بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردی ڕێگای لێژیی گرتووەتە بەر و کوردی قسەکردنیش بووتە زمانی دێهاتی و گوندی کە لە بن هێژموونی زمانی فارسی کەس ناوێرێ خۆی بە دێهاتی و گوندی بزانێت و کلاس و پلەی بەرزی شاریبوون لە فارسی قسەکردن دایە .
لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، خۆتێهەڵکێشانی زمانی فارسی لە کەوڵی زمانی کوردی بە ڕوونی دیار و ئاشکرایە و زمانی کوردی ئاوس بە زمانی فارسی بووە، گەر ناوەند یان باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەیر بکەین و گوێ لە زار و زمانی ئاخاوتنی خەڵک بگرین، زمانە تیکهەڵکێشراوە ئاوس بە زمانە فارسیەکەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕۆژانە خەڵک لە کووچە و کۆڵان و خیابانەکانی شار و دێهات و لادێ و گوندەکان پێی دەدوێن و قسەی پێدەکەن. هێژموونی و کاریگەری زمانی فارسی لە سەر نەتەوەبندەستەکان لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و هەروەها کەرەستە ڕاگەیاندنییەکان، فراوانتر و خێراتر بووە و پرۆسەی گۆڕانی زمانی نەتەەیی بە خێرایی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووە .
سیستەمی دەوڵەت نەتەوەسازی ئێران باش دەزانێت کە ئەرکی نەتەوەسازی و شوناسسازیی نەتەوەی ئێرانی زۆر قورس و گرانە و لە لایەن نەتەوە بندەستەکانی ئێرانەوە توشی بەرهەڵستی دەبێتەوە و تا هەنووکەش ئەو بەرهەڵستیە بەردەوامە، تایبەت کورد لە ئێران، مێژوویەکی جیاوزتری هەیە و کۆڵی نەداوە کە بە تەواوەتی گۆڕانی شوناسی ببێتە سەلمێنراو. بەڵام سیستەم و داڕێژەرانی سیاسەتی گشتیی ئێران، بۆ سەرکەوتن بە سەر ئیرادەی نەتەوەکانی تر و هەروەها پێشخستن و گەشەی شوناسسازیی نەتەوەی ئێرانی، چەندین ستراتیژی جۆراوجۆریان گرتووەتە پێش و بە کردەوەیی توانیویانە تا ئێستا سەرکەوتنی باشی تێدا تۆمار بکەن، بە باوەڕی داڕێژەرانی سیاسەتی گشتیی ئێران، ڕەوتی گۆڕانی شوناس و هۆمۆجینکردن، بە تێپەڕینی چەند جیل لە نەتەوەکان، نەوەکانیان شوناسی مۆهەندسیکراویان وەردەگرن و دەچنە قاڵبی نەتەەوەی باڵادەست، ئەو قاڵب گرتن و خولقاندنە شوناسیە، من چەمکی زڕەنەتەوەم بۆ داناوە و  لە بەشەکانی پێشووتری ئەم بابەتەدا باسم  کرد.
دەکرێت هێڵە سەرەکیەکانی سیاستی ستراتیژیی مۆهەندسی کردنی شوناسسازی و نەتەوەسازی بە شێوەی خوارەوە خاڵبەندی بکەین:
1- سیستەمی پەروەردەی فەرمی و یەک زمانی
2- سیستەمی سەربازیی زۆرەملی و ئیجباری
3- بووروکراتیەتی قورس و تێکەڵ لە بن بەرپرسیارێتی کەسانێک کە خەڵکی ناوچەکە نین
4- دانەڕێشتنی پلانی گەشەی ئابووری ناوچە سنووریەکان و سەرمایەگۆزاری نەکردن لە شارە سنوورییەکان
5- گەشەی ئابووری ناوچە ناوەندییەکان بۆ ڕاکێشانی کرێکار لە ناوچە سنووریەکان
6- بەکارهێنانی مەزهەب و کلتووری دینی بۆ شوناسسازیی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی
7- بچووک کردنەوەی حەوزی زمانەکان و لێسەندنی بنزاراوەکان و بە سەربەخۆ ناساندنی بنزاراوەکان
8- گاڵتە پێکردن بە لەهجەی فارسی قسە کردنی نەتەوە بندەستەکان بە مەبەستی شەرمی نەتەوەیی و هاندانیان  بۆ پاک و ڕەوان کردنی زمانی فارسییان
9- تەوس تێگرتن و بە جوک کردنی نەتەوە بندەستەکان بە مەبەستی کارتێکردنی دەروونی بۆ شەرمی فارس نەبوون و هەوڵدان بۆ گۆڕینی زمان و نەتەوە
10- تێکهەڵکێشکردنی شوناسی نوێی ئێرانی لە گەڵ شانازییە کەوناراییەکان و دەسکەوتە ئارکائیستیەکان بە مەبەستی یاکپارچەسازیی نیشتمانی و بە ئایدئۆلۆژی کردنی خاک
11- تێهەڵکێشانی زمانی فارسی لە زمانی نەتەوەکان و ئاوس کردنیان بە زمانی فارسی بۆ بە دنیا هێنانی بنزاراوەیەکی فارسی
12- دیاری کردنی خاڵێک لە یاسای بنەڕەتی بۆ مافی خوێندن بە زمانی ناوچەیی نەتەوەکان بە مەبەستی هێور ڕاگرتنی نەتەوەکان تا بە دنیا هاتنی زمانی نوێی فارسی ناوچەیی لە نێو نەتەوەکان
گەرچی ئەو خاڵانەی من باسم کردووە تەنیا نموونەی کەمی سیاستە مۆهەندسییەکانی کلتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی سیستەمی ئێرانن کە بۆ ئامانجی گەورەتر و ستراتێژیکیتری دەوڵەت نەتەوەسازیی هۆمۆجین و یەکدەست بۆ شوناسسازیی نەتەوەی ئێران داڕێژراون و کاریان لە سەر دەکرێت و کاریان پێکراوە و کاریان بۆ دەکرێت، دەکرێت زۆر ڕەهەند و هێڵی شاراوەی تری سیاسەتە مۆهەندسییە کۆمەڵایەتی و کلتووری و سیاسی و ئابوورییەکانی دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێران دەستنیشان بکرێن و بخرێنە ڕوو  و ئەمانەی سەرەوش هەر کامیان سەردێڕی بابەتێکی پڕ ناوەڕۆکە کە پێویست بە شی کردنەوە هەیە کە لێرەدا دەرفەتی تێدا نیە بۆ شیکردنەی  هەرکام لەم خاڵانە.
هەمووی ئەو خاڵانەی سەرەوە لە ڕێگای سیستەمی لۆڤیاتانی دەوڵەت و  دەزگا گەورە و داپۆشێنەرەکانی ڕاگەیاندنی گشتیی دەوڵەتی و یەک زمانی و زمانی فەرمی جێبەجێ دەکرێت کە سەرئەنجامی هێژموون سەپاندنی زمانی فارسی و سڕکردن و مراندنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە بۆ سەلماندنی هۆمۆجینیی نەتەوەی ئێران.
زمانی کوردی یەکێک لە قوربانییەکانی سیاسەتی مۆهەندسیی کلتوور و زمان و شوناسسازیە و لەم بیست ساڵەی دواییدا سیاسەتەکانی دەوڵەت نەتەوەسازی بۆ جێخستن و گشتگیرکردن و گشتفام کردنی زمانی فارسی سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە کە تەکنۆلۆژیای ڕاگەیاندنی و سیستەمی تەکزمانیی پەرەوەردی فەرمیش بە یەکەوە توانیوویانە نەوەی نوێ و جیلی داهاتووی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بخەنە ژێر کاریگەریی هێژموونی زانی فارسی و فارسیزەیان بکەن. پێویست ناکت ڕەشبینیش بین و هەموو شت لە دەستچوو بزانین بەڵام دەبێ ڕاستیی گۆڕاندنی کلتوور و زمان، تایبەت زمانی کوردی قەبووڵ بکەین کە زمانی کوردی لە بن هێژموونی زمانی فارسی شر کراوە و بەروە مردن دەچوات.

 دەرئەنجام  
لە دوا هەناسەکانی دەوڵەتی پاشایەتیی قاجاریەکان، کۆمەڵێک ڕووناکبیر و نووسەر و سیاسەتمەدار کە لە ئەرووپا گەڕابوونەوە لە ژێر کاریگەریی نوێگەرایی ئەورووپایی کە لە سەر فاوندەیشنی پیشەسازیی و دەورەی ڕەوشەنگەری، بیر و هزری دەوڵەت نەتەوە و هۆمۆجینکردنی نەتەوەییان لە گەڵ خۆیان هێنابووە بۆ ئێران، بزووتنەوەی مەشرووتە و دواجار دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانی لە سەر بنیاتەکانی سوناسەکانی نەتەوەی ئێرانی لێکەوتەوە، دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانی بە پاشایەتی ڕەزاشای پەهلەوی، پرۆژەی دەوڵەت نەتەوە سازیی ئێرانی دەست پێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەتی هۆمۆجین کردنی نەتەوەیی و یەکسانیی زمانی بە فەرمی خرایە بواری جێبەجێکردن بۆ مراندنی زمان وەک نوێنگەی شوناسی نەتەوە بندەستەکان و تەنانەت کوشتنی بەپەلەی زمان ، بەڵام کوشتنی  بە پەلە سەری نەگرت چوون لۆڕەکان و کوردەکان و دواتر ئازەریەکان هاتنە دەنگ و ناڕەزایەتییەکانیان بە کوشتار و جەنگ دامرکایەوە بەڵام بۆ هەمیشە نەکوژایەوە.  دوای نێزیک بە سەدەیەک لە مۆدێڕن کردنی دەوڵەتسازی و شوناسسازی کردن، سیاسەتی گشتیی دەوڵەت لە سەر هەمان گێجەنگەی ئاسیمیلە و گۆڕاندن و مراندنی زمان و شوناس و کلتووری نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی دەچەرخێت. بە بنزاراوە کردنی زمانی نەتەوەکان بە ئاوسکردنیان بە زمانی فارسی یەکێک لە سیاسەتە سەرەکیەکانی دەوڵەت بووە کە لە پاڵ چەندین ستراتیژی دەوڵەت نەتەوەسازی لە وڵاتێکی ناهۆمۆجیندا لە هەوڵی هۆمۆجینکردن و یەکسانسازیی شوناسی ئێرانیدا بوون و بە سەپاندنی هێژموونیی زمانی فارسی لە دەرئەنجامدا ئامانجی یەک نەتەوە یەک دەوڵەت دەپێکرێت. زمانی کوردی وەک یەکێک لە زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە دۆخێکی  نالەباری مراندنی درێژماوە دایە کە گەر بەو ڕیتم و ئاهەنگە بچێتە پێشەوە لە نەوەکانی داهاتوودا شوناسێکی گۆڕاو و زڕەنەتەوەیەکی ئێرانی بە بنزاراەویەکی فارسیەوە دەبینین.





بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
بەیاننامەی سیانزەهەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی