ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
هەرێمی کوردستانی باشوور لە نێوان یاری سیاسەت و یاسادا
هاوار مۆدەبێر
11 / 4 / 2018
دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس، هەرێمی کوردستانی باشوور، خاوەن پێگەی بەهێز و ئاسایشێکی متمانە پێکراو بوو و هەر ئەوەش بووە هۆی گەشەسەندنی ئەم هەرێمە کە بەشێک بوو لە عێراقی فیدراڵ، عێراقێک کە تەواو لە قەیران و شەڕ و ململانێی سیاسیدا ڕۆچوو بوو، لەو ڕۆچوونە قووڵاییەی قەیران، کێشە یاساییەکانی هەرێم و بەغدا گرینگییەکی ئەوتۆیان پێنەدرا و مادەیەکی یاسایی وەک مادەی ١٤٠ بە بیانووی جۆراوجۆر پشتگوێ خرا.
حکوومەتی فێدراڵی عێراق لە لاواز بوونەوە خۆی هەڵکشاند بۆ سەرکەوتنی سەربازی بە سەر داعشدا و سەرمەست لە سەرکەوتن ئەمجارەیان بە ستراتیژێکی نوێ و بە هێزێکی سەربازی تۆکمەوە، فشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاد کرد کە دوای پاشەکشەی هێزەکانی هەرێم و گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی ٢٠٠٣، ئەم جارەیان جیاواز لە کاتەکانی پێشووتر حکوومەتی ناوەندی کارتی بەهێزی یاسا و دەستووری عێراقی وەک ستراتیژی سیاسی بەکار هێنا کە بۆ هەمیشە هەرێمی کوردستان لە ڕووی هێز و توانایی جووڵەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە لە بن دەسەڵات و چاودێرییدا بێت. 
لە نێو یارییە سیاسییەکاندا، ئەو لایەنەی کە بتوانێت ستراتیژی سیاسی رێک و ورد دابڕێژێت و لایەنی بەرامبەری بخاتە نێو تەڵەی یارییەکەیەوە، دەتوانێت سەرکەوتنی گەورە بە دەست بخات، نموونەی ئەم جۆرە لە ستراتیژی سیاسییەش، بە کارهێنانی دەستوور و یاسا بوو بەرامبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا، هەرێمی کوردستان ناچارە بە تەسلیم بوون بە دەوڵەتی ناوەندی بە پێی هەمان دەستوور کە دانیشتوانی هەرێم دەنگی بەڵییان لە سەر داوە و کراوەتە بنەمای داڕشتنەوەی ستراکچێری دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هۆی نەبوونی ستراتیژی ڕوونی سیاسی، لە یاریی نێوان سەربەخۆیی و پاشەکشێ، پاشەکشێی بەر کەوت. بەڵام لێرە دەبێ ئەوش ڕوون بێت کە ئەو پاشەکشەیەی کە هەرێمی کوردستان کردوویەتی بە واتای دۆڕاندن نایەت، لە کایە سیاسییەکاندا و تایبەت ئەو دۆخەی کە کورد بە گشتی تێیدایە، چەندین جۆری ستراتیژی یاریکردن هەیە کە بتوانرێت کەڵکی لێوەر بگیردرێت و مەرامە سیاسییەکانی پێ بپێکێ، دەبێ هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ئەم پارچەیەی کوردستان بتوانن، گەمە سیاسییەکان لە بەغداد دەستپێبکەن، هەرێمی کوردستان، لە نێو هاوکێشە سیاسییەکانی نێو دەسەڵاتی وڵاتی عێراق دەتوانێت خاوەن پێگەیەکی بەهێز ببێت، بەمەرجێک کە حکوومەتی هەرێم یاریکەرێکی سیاسی بێت و بتوانێت ستراتیژی نوێی سیاسی دابڕێژێتەوە بۆ هەڵسانەوە و بەهێز بوون، تا ئەو کاتە ئەوە حکوومەتی فیدراڵییە کە بە کارتی دەستوور و یاسا هەوڵی لاوازکردنی دەسەڵاتی هەرێم دەدات و دەیەوێت وەک هەرێم پێناسەی نەمێنێت، یارییەکە یارییەکی قورسە و کەسی سیاسەتزان و ستراتیژیستی دەوێت کە بتوانێت ئاراستەی یارییەکە بگۆڕێت و هەڵسووڕێنەری کایەکان بێت لە نێوان یاسا و سیاسەتدا. بۆ یاری یاسا و سیاسەت، هەرێم دەبێ بەغداد بکاتە گۆڕەپان و هەر لەوێشەوە دەتوانێت گەمەکە بباتەوە.



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
هەنگاوی بەرەو دوا
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی