ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
هەنگاوی بەرەو دوا
ئیدریس مۆرادی
6 / 2 / 2018
فرێدریش ڤۆن هایک لە سەرەتای کتێبێکی بە ناوی "ڕێگای کۆیلایەتی" لە بەشی "ڕێگای وازلێهێنراو"دا دەنووسێت" هەرکاتێک لە ڕێڕەوی شارستانیەتێکدا، لە پڕ گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو لە ئاراستەی ڕێگاکەدا خۆی نیشاندا- کاتێک لە جیاتی پێشکەوتنی بەردەوام کە چاوەڕوانی بووین، خۆمان لە بەردەم ئەو هەڕەشە شەڕئەنگێزییانەدا دەبینینەوە کە لە ڕابردووی بەڕبەڕییەت لە گەڵماندا بووە بە شێوەیەکی سرووشتی هەموو شتێک بە تاوانبار دەزانین و سەرزەنشتی دەکەین بێجگە لە خۆمان نەبێت".
لە ڕاستیدا بەو شێوە تاوانبار کردنەی جیهانی دەرەوی خۆمان لە هەمبەر گۆڕانکارییە نەرێنییەکان کە زەرەری ڕەوتی دڵخوازی ئێمەی لێدەکەوێتەوە، سرووشتی مرۆڤە و بێگومان سرووشتیشە کە پەرچەکردار و هەڵەشەییش بە دوای خۆیدا بێنێت بەڵام ئەوەی ناسرووشتییە کە هەرگیز بیر لە هۆی ناوخۆیی و کەمایەسی خودی خۆمان ناکەینەوە و هەمیشە تاوانەکە دەخەینە سەر هۆکاری دەرەکی بۆ گۆڕینی ئاراستەکان کە بە زەرەرمان شکاوەتەوە، هەرگیز خۆمان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە ناکەینەوە کە دەبێ بۆ وڵامەکەی لە ناوەوەی خۆمان و بە دوور لە پاساوهێنانەوە بە دوایدا بگەڕێین.
لێردەدا مەبەستمە بارودۆخی ئەم دواییەی باشووری کوردستان و دوای هاتنی حەشدی شەعبی و سوپا و پۆلیسی فێدراڵی عێراق بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بخەمە بەر باس و بە لە بەرچاو گرتنی زیاتر لە سێچارەکە سەدە، خەبات لە پێناو ڕزگاری و ئازادی و شکۆمەندی نەتەوە و مرۆڤی کورد، دواجار خۆمان بخەینە بەردەم ڕەخنەی بریندارکەر و دەست بۆ نەخۆشینە کۆن و سەرپۆشکراو و نکۆڵی لێکراوەکان ببەین و وەک چۆن لایەنگرانی مەزهەبی شیعە دوای هەزار و چوارسەد ساڵ خۆیان بۆ خوێنی ڕژاوی ئیمامەکانیان بریندار دەکەن و لاشی خوێنین و سەری بە قوڕگیراویان هاندەری سووربوونیانە بۆ گەیشتن بە سەربەستی و جیهانگیرکردنی مەزهەبەکەیان، بە هەمان شێوە ئێمەی کوردیش چەقۆی تیژ پرسیار و خوێی سوێ هێنەری شەنوکەوی وڵامە ڕاست و درووست و واقیعییەکان لە سەر شێرپەنجەی دۆڕاندنەکانی مێژوومان دابنێن.
کوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە و لە ڕووی جیئۆپۆلێتیکەوە ناوچەیەکی تایبەتە کە نەخوێندنەوەی هێزە کاریگەر و یاریکەرەکانی دەوروبەری ئەم جوگرافیایە و هەروەها کایە سیاسییەکان و ململانێ ناوچەییەکانی ئەم دەڤەرە، چەندین جار لە هەموو بەشەکانی کوردستان زەرەری لە بزووتنەوی کورد داوە و هەمووشیان بۆ گەلی کورد جەرگبڕ و دڵتەزێن بوون. جیاواز لە هەڵە خوێندنەوەی هاوسەنگی هێزەکان و جۆری یاریە سیاسیەکان و نەناسینی کارەکتەرەکانی نێو گۆڕەپانەکە ڕەخنەیەکی تر ئەوەیە کە هەر هەموو هێزە سیاسییەکانی بزووتنەوەی کوردی باس لە یەکگرتوویی و هاودەنگی دەکەن بەڵام لە کردەوەدا شتی تر دەبینین کە قورخکاری و هەوڵی دەستەمۆ کردنی ئەوانی تر یان لاوازکردنی هیز و لایەنە سیاسیەکانی تر دەدرێت بە بێ ئەوەی بیر لە ئەوە بکرێتەوە کە ئێمە لە قۆناخی ڕزگاری نەتەوەیی داین و پێویستی بە هاوکاری و هاودەنگی هەموو گەلەکەمان هەیە، بەڵام بە داخەوە دەبینین کە چ کارەساتێک بە سەر گەلەکەمان دا هاتووە کە لە ئەنجامی خۆ بە ڕاست و درووست زانین و ئەوانی تر بە خاین و ناپاک و بەکرێگیراو زانیندا ڕووی داوە، هەموو ئەو جۆرە لە بیر کردنەوە لە سەر هێزە سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی بەرانبەرمان کە لە کوردستان بوونی هەیە بووەتە هۆی شکستی زۆر گەورە بۆ نەتەوەی کورد کە زاڵ بوونی زیاتری دۆژمنانی کوردی لێکەوتووەتەوە.
یەکێکی تر لەو دەردە کۆشندانەی کە هەنگاوی ڕزاگاری نەتەوەییمان بەرەو دواوە دەباتەوە ئەوەیە کە گەل و خاک بە مڵک و ماڵی خۆت بە تەنیا بزانیت و بە هێز و لایەنەکانی تر ڕەوا نەبینیت کە بوونیان هەبێت و هەوڵی تواندنەوە و پووکاندنەوەی ئەوانی تر بدەیت، لێرەدا تەنیا پووکانەوە و تواندنەوەی ڕکابەر و هێزی بەرانبەرت نییە بەڵکوو پووکانەوە و چەماندنەوەی نەتەوەیەکە بەرانبەر بە دوژمن کە دوژمنی هەموو هێزە سیاسییەکانە بە بێ جیاوازی، لەم گۆشەوە دەبێ هەوڵی پووکاندنەوەی هێزە سیاسیەکانی تر ببینرێت کە چ هەڵەیەکی سیاسی کوشندیە و چ ئاسەوارێک لە سەر ڕۆح و دەروونی نەتەوە دادەنێت و هەموو هیواکان دەکوژێت و ئەو سەرکەوتنانەی کە شانازیشیان پێوە دەکرێت دەکەونە بەر مەترسی هەرەسی ئیرادەوە کە تەنیا پێناسەی بەرەو دوا ڕۆیشتنەوەیە.



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
هەنگاوی بەرەو دوا
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی