ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
پرۆژەی ئۆراسیایی و هێرش بۆ سەر کەرکوک و عەفرین
محەممەدی خوشچێهرە
29 / 1 / 2018
دوای ئەوەی کە سەدام حسێن، کوەیتی داگیر کرد، و سۆڤییەتیش هەرەسی هێنا، هەلێکی گونجاو بۆ ئامریکا درووست بوو کە داگیربوونی کوەیت بکاتە بیانو و بە شێوەی ڕاستەوخۆی سەربازی، بێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە ژێر کاریگەری و هەژموونیی ئامریکا و ئەو وڵاتە توانی تا قووڵایی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستیش پەل بکێشێت. هەڵکشانی ئامریکا بۆ پانتایی ژئۆپۆلێتیکیی ڕووسیا، بووە هۆی بە خۆدا چوونەوە ڕووسیا لە سەر سیاسەتە ژئۆپۆلێتیکییەکانی و بەرەنگار بوونەوەی فراوانخوازیی ئامریکا، بۆ ئەو مەبەستە پرۆژەی ئۆراسیای گەورە کە هەر شەری جیهانی یەکەمەوە باسی لە ڕووسیادا هەبوو، کرا بە بنەمای سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە قەیرانی کۆسۆڤۆ لە ساڵی ١٩٩٩ بە دواوە وەگەڕانی سیاسەتی دەرەوەیی و هەڵسووکەوتە ناوچەیی و جیهانییەکانی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی ڤێلادمیر پۆتن ڕوویدا و لە قەیرانی ئۆکرانیا لە ٢٠١٤ و دابڕاندنی کریمە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ناتۆ و تایبەت ئامریکا بووەوە و دواجار لە سووریا، ڕووسیا هێڵی بەربەستی بۆ ئامریکا دیاری کرد، دیاری کردنی سنوور بۆ ئامریکا لە سووریا و هاوکات لە دەست دەرچوونی بەغداد لە ژێر هەژموونیی ئامریکا، سەرکەوتنی پرۆژەی ئۆراسیای گەورەی ڕووسیای دەرخست.
چوار مانگ پێش ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، تیۆریسیەن و فەیلەسووفی ڕووسی و گەورە ڕاوێژکاری ڕووسی لە پرۆژەی ئۆراسیای گەورە ئەلکساندر دووگین، لە شاری هەولێر، لە سیمینارێکدا کە بۆ حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕێکخرابوو( لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو) بە ئاشکرا باسی لە سیاسەتی ڕووسیا بەرامبەر بە کورد کرد، لەوێ وتی کورد نابێت خۆی وەک نەتەوە بۆ بە دەست هێنانی دەوڵەت نەتەوە پێناسە بکات، دەبێ کورد خۆی وەک خەڵک( گەل people) بناسێنێت و هەوڵبدات کە وەک خەڵکێکی بەهێز لە چوارچێوەی هەر کام لەو وڵاتانەی کە تێیدایە بەشداریی سیاسەت بکات و ئێمە وەک ڕووسیا پشتیبانیتان لێدەکەین، ئەوەی کە کورد باسی دەوڵەتی کوردی و دەوڵەتی نەتەوەیی دەکات پرۆژەیەکی ئامریکاییە و ئێمە وەک ڕووسیا بە پرۆژەی ئۆراسیاییەوە گەڕاوینێتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بەشێک بووە لە پانتایی ژئۆپۆلێتیکی ڕووسیا، ئێمە گەڕاوینێتەوە بۆ ناوچەکە، ئێرانمان لە گەڵدایە و تورکیاشمان تا ڕادەیەک ڕازی کردووە کە لە گەڵمان بێت، ئامریکا هێزی دەریاییە( سی پاوێر sea power) ئێمە هێزی وشکانین( لاند پاوێر land power)، کوردستان لە سەر وشکانییە و لە پانتایی ژئۆپۆلێتیکی ڕووسیا دایە، ئامریکا ناتوانێت هیچ یارمەتییەکی ئێوە بدات، ئێمە وەکوو ڕووسیا بە هۆی ڕووخانی سۆڤییەتەوە درەنگ هاتووینەتەوە ناوچەکە و دەبوایە زووتر بهاتایەین بە دەم کوردەوە، ئێستاش درەنگ نییە و دەتوانن لە گەڵ پرۆژەی ئۆراسیاییدا بن و ببن بە خەڵکێکی بەهێز، گەر بتانەوێت دەوڵەتی نەتەوەیی ڕابگەیەنن ئەگەری ئەوە هەیە کە وەک نەتەوە هەرگیز نەمێنێن و دەبێتە هەڕەشە بۆتان.
سیاسییەکانی کورد لە و سیمینارەدا، قسەکانی ئەلکساندر دووگینیان بە هەند وەرنەگرت. ئەو باسی هێڵە گشتی و سەرەکییەکانی سیاسەتەکانی ڕووسیای لە ناوچەکە کرد کە ئەم ناوچەیە لە ستراتیژی کاری سیاسیی ڕووسیا پێگەیەکی ژئۆپۆلێتیکیی گرینگی هەیە و پانتایی نەریتیی ژئۆپۆلێتیکیی ڕووسیایە، ئەوان ڕێگە نادەن ئامریکا و ڕۆژاوا بە مەیلی خۆیان لەم ناوچەدا بن و کار بۆ دەر کردنی ئامریکا لە ناوچەکە دەکەن. ئەو کۆدانەی کە لە نێو وتارەکەیدا بوون، پڕ بوو لە هەڕەشە و ئاگادار کردنەوە و هەروەها پشتیبانیان لە شێوەی ئەو سیاسەتانەی کە لە ناوچەکە دەبێ بگیردرێە پێش کە ژئۆپۆلێتیکی ناوچەکەی پێ تێک نەچێت، چوون ئەوان وەک ڕووسیا ناهێڵن ئەوە ڕو بدات.
دەبینین کە بە بیانووی ڕیفراندۆم کە باشترین بیانوو بۆ هێڵی پەیرەو کردنی سیاسەتی ئۆراسیایی، لە پێش چاوی ئامریکا و وڵاتە ڕۆژاواییەکان، هێزی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی، هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستانی باشوور و شاری کەرکووک و چەندین شاری تری وەک شەنگال داگیر دەکەن، لە کاتێکدا کورد لە بەرەی دژە تیرۆر و هاوپەیمانێتیی دژە داعشدا بوون و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی کاریگەری ئەو شەڕە بوو، بە ئاسانی و بە بەرچاوی جیهانەوە هێرشی کرایە سەر و نیوەی خاکەکەیشی داگیر کرایەوە. 
 ئەوی ئێستا لە عەفرین ڕوودەدات، سوپای تورکیا و هێزە ئیسلامییە تۆندڕەوەکانی بە ناو سوپای ئازاد، هێرشی بەرفراوان و نابەرابەریان کردووەتە سەری و ڕووسیا خۆی لەوێ کشاندووەتەوە و سووریا و ئێرانیش بێدەنگن، لە چوارچێوەی هەمان پرۆژەی ئۆراسیایی ڕووسیادایە کە ئامانج دەرپەڕاندنی ئامریکایە لە ناوجەکە کە بە یەکجاری لە حەوزی ژئۆپۆلێتیکی ئۆراسیایی ڕووسیا دەر بکرێت



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 61
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
هەرێمی کوردستانی باشوور لە نێوان یاری سیاسەت و یاسادا
ژن لە بینەرەوە تا بێژەر
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی