ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
هەر خوێنەوارێک ڕووناکبیر نییە! جێگۆڕکێی گیرفانبیر و ڕووناکبیر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا
مۆحسێن باوەجانی(ئاسۆ)
21 / 1 / 2018
ڕووناکبیر یا ڕۆشنبیر کێیە و چی ئەکات و بە وتەیەکی تر ئەرکی چییە؟ ئایا ئەم تایبەتمەندییە لە مرۆڤەکاندا پەیوەندیی بە خوێنەواریی یا ئاستی خوێنەوارییانەوە هەیە؟ و بەدەیان پرسیار و ئایا و خاڵی جێی سەرنجی دیکە کە پێویستی بە بەدواداچوون و ڕوونبوونەوە هەیە ...؟؟
لەم وتارەدا و بەپێی مەجال و دەرفەت تا شوێنێک کە پەیوەندیی بە کۆمەڵگەی ئێمەوە هەبێ کورت و پوخت لێرەدا شرۆڤەی ئەکەین و پێناسە و وێنەیەکی ڕوون لە ڕووناکبیر بەگشتی و مرۆڤێکی ڕووناکبیر بەتایبەتی دەخەینەڕوو.
ڕووناکبیر و ڕووناکبیریی خۆی لە خۆیدا بابەتێکی زۆر گرنگە لە کۆمەڵگەی مڕۆڤایەتیدا و دەوری ئەم دیاردە لە پێشکەوتن و پاشکەوتنی کۆمەڵگەدا حەیاتییە(چون سەرچاوەی گۆڕانکارییەکانە) هەروەها لە هەندێ لە کۆمەڵگەکاندا پێناسەکراوە و لە هەندێکتر پێناسەنەکراوە و تەنانەت پێناسەکەی بە لاڕێدا براوە، هەر بۆ نموونە: لە هەندێ کۆمەڵگەدا پیاوانی ئایینی بە ڕووناکبیر و ڕۆشنبیر هەژمار دەکرێن و کراون و لە شوێنی تر کەسانی خوێنەواری زانکۆ ڕۆیشتوو و خاوەن بڕوانامەی بەرز، لە جێی دیکەدا ڕەخنەگران لە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لە شوێنی تردا تەنیا ئازادیخوازیی کافییە تا کەسێک ناوی ڕووناکبیر و ئەرکی ڕووناکبیریی بەکۆڵ بکێشێت و ...تاد، بەڵام ئایا ئەوانە پێناسەیەکی درووستن بۆ توێژی ڕووناکبیر و ئایا ئەرکی ڕووناکبیر تەنیا ئەوەیە؟ ئایا تەواوکردنی زانکۆ، خاوەن بروانامەبوون و خاوەن هیچکام لەوانە نەبوون و تەنیا ڕۆشتن بۆ سەر مینبەر و قسەکردن و ... مانای ڕووناکبیربوونی کەسەکانمان بۆ دەردەخات؟
پێش ئەوە بچینە ناو باسەکەمانەوە پێویستە ئەمەش زیاد بکەم کە ڕووناکبیریی ئەکرێ وەک تایبەتمەندیی و گەوهەری مرۆڤەکان چاو لێبکرێت! واتە ڕەنگە لە کەسێکدا هەبێ و لە کەسێکی دیکەدا نەبێت، یاخود کەسێک ئەو تایبەتمەندییە لە خۆێدا بخولقێنێ و کەسێکی تر نەتوانێت، بۆیە لە ناو هەموو مرۆڤەکاندا ئەو تایبەتمەندییە بوونی نییە و ئەگەریش لە هەندێ کەسدا بوونی هەبێت، بێگومان وەک یەک و لە یەک ئاستدا نییە. بەستراو بە کۆمەڵگەکانیش ئەرکی ڕووناکبیر وەک چۆنایەتی جیوازە٫ وەلێ ئەرکی هەموویان لەوەدا هاوبەشە کە خوازیاری ئافراندنی گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگە و دانانی گاریگەریی لەسەر تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیەن
بەڵام سەبارەت بەوەی ڕووناکبیر کێیە؟ ئەبێ بڵێین: لە ڕاستیدا ئەگەر کەسێک توانایی هەبێ و پاشان بە کردە بتوانێ ڕەوت و ئاراستەی چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێ واتە؛ کۆیلە نەبێ و لەو بازنە خۆی قووتار بکات و خۆی٫ چارەنووسی خۆی دیاریی بکات و بشتوانێ دیدێکی واقعبینانەی لەسەر جەهانی دەوروبەری ــ لانیکەم بەنیسبەت ئاراستەی چارەنووسەکەی خۆی ــ هەبێت و بەدوایدا یاخی ببێت لە یاساوڕێسای داپڵۆسێنەری مافەکان و لەوانە و گرنگترینیان مافی ئازادیی، هاوکات بتوانێ کاریگەریی ئەرێنی و پۆزێتیڤ لەسەر ژیان و بیروڕای کەسانی دیکەی کۆمەڵگەش دانێت٫ ئەوا ئەو کەسە ڕووناکبیرە و هاتۆتە ناو ڕیز و جەغزی ڕۆشنبیریی و ڕووناکبیرانەوە. هەر بۆیە لەم پێناسەیەدا خاڵەکانی سەرەوە هەموو جێ دێڵین و لە دەرکەی حەقیقەتەوە دەچینە ناو باسەکەوە.
کاتێک مرۆڤ چارەنووس و چۆن سووڕان و گەڕانی ئەم چارەنووسەی بەدەستەوە گرت واتە مرۆڤێکی ئازادە و دوور لە هەر یاسایەکی باو و چوارچێوەی دەسەڵات و بڕوا و نەریتە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان، ئازادانە ئەجووڵێت و بیر ئەکاتەوە و بۆ گۆڕینیان بە یاسای نوێ و شیاو و مرۆڤتەوەر هەوڵ ئەدات، لەڕاستیدا ئەوان (یاسای باو) بەنیازی قۆرخکردنین و لە خۆیدا لەمپەر و کۆسپن و ئەشکرێ بڵێین دژ و دژبەرن.

پێویستە ئەوەش بزانین ڕۆشنبیریی و ڕووناکبیریی تەنیا بە ئەوەوە ناوەستێ، واتە هەندێ پێشمەرج هەیە کە دەبێ کەسی ڕووناکبیر هەی بێت تا بتوانن هاوکار و ڕێگەخۆشکەر بن و لە ناو بازنەی ڕووناکبیر و ڕووناکبیرییدا جێی بۆ بکەنەوە، بەمجورە ئەو لە حزببیر و گیرفانبیر جیا بکاتەوە. 
بۆ نموونە؛ ئەبێ هێندە بە دڵ و جەرگ و نترس بێ کە ڕەخنە و ئاراستەی چارەنووسی خۆی و زۆرینەی کۆمەڵگە ــ با دژ بە بەرژەوەندییەکانی چین یا کۆمەڵێک کەس و حزب یا .... بێ ــ بە ئاشکرا باس بکات و لەوبارەوە سەربەخۆ و بوێر بێت. واتە ئەگەر کەسێک ئاگای لە هەلومەرج هەیە و حەقیقەت لە درۆ لێک ئەداتەوە و بەجوانی دنیای دەوروبەری خۆی ئەناسێت و لێی تێدەگات بەڵام، بەزمان ڕەخنەکان باس ناکات و کاریگەریی ئۆبژەکتیڤی لە ژیانی خۆی و کەسانی دیکەدا نییە و ناتوانێ ئەرکی ڕووناکبیریی خۆی جێبەجێ بکات بەهەمان ڕادەش لە بازنەی ئەرکی مرۆڤی ڕووناکبیر دوور ئەکەوێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەشێک لەوان ڕەنگە خۆیان بە ڕووناکبیر بزانن و لەڕاستیشدا خاوەن بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی ڕووناکبیر بن بەڵام ئەوان ڕووناکبیری مردوو لەقەڵەم دەدرێن.
ڕووناکبیر ئەتوانێت خوێنەوار بێت و ئەکرێت نەخوێندەواریش بێت؛ لە ڕاستیدا، ڕووناکبیریی پەیوەندیی نییە بە ئاستی خوێنەوارییەوە، واتە هەر کێ خوێنەوار بوو یا ئاستی خوێنەواریی لە سەرێ بوو و خاوەن بڕوانامەی بەرز بوو٫ ڕووناکبیر نییە، هەروەها هەر کەسێکیش نەخوێنەوار یا ئاستی خوێنەواریی لە خوارێ بوو یا خاوەن بڕوانامە نەبوو٫ ناکرێ بڵێین ناڕۆشنبیرە، لەبەر ئەوەی٫ من دەیان کەس ئەناسم کە خاوەن بڕوانامەی بەرزن و بە پیشە دوکتۆر و ...ـن بەڵام ڕووناکبیرییان لە ئاست باخچەی ساوایان و خوارترە. واتە ڕووناکبیریی لەواندا پەروەردە نەکراوە و بە وتەیەکی تر گەوهەری ڕووناکبیریی لەواندا نییە ئەگەرچی پیشە و ئاستیخوێنەوارییان بەڕوواڵەت شتێکی دیکە دەڵێت .
هاوکات کەسی دیکەش ئەناسم قەت نەچووەتە خوێندنگە و بە پیشە کرێکار یا جووتیار و ...هتدە بەڵام ڕووناکبیرە. واتە ڕووناکبیریی لە خۆیدا پەروەردە کردووە یا بە وتەیەکی تر گەوهەریی ڕووناکبیریی لەودا هەیە، وەک چۆن لە مێژوو دوور و نزیک هەمانبووە کرێکار و جووتیار و تەنانەت کۆیلە٫ ڕاپەڕیوە و ئەم ڕاپەڕینەشی لە ڕووی ڕووناکبیریی و دیدی ڕووناکبیرانەی بەنیسبەت دەسەڵات و کۆمەڵگە و تاج و تەختی پاشاکان و زاڵمان بووە.
کەواتە خوێنەوایی یا نەخوێنەواریی دەورێکی ئەوتۆی لە ڕووناکبیریی و ناڕووناکبیریی مرۆڤەکاندا نییە و خۆی لە خۆیدا شتێکە سەرەتا پەیوەندیی بە زات و گەوهەریی مرۆڤەوە هەیە و پاشان بە چۆن پەروەردەبوون.
ڕووناکبیریی مرۆڤەکان، لە چۆن دیتن و تێگەیشتن و لێکدانەوەیان بەرامبەر بە ڕووداو و دیاردە جواروجۆرەکانی دنیای دەوروبەریانەوە دەردەکەوێت و وەک ئاماژەم پێدا خوێنەواریی لەودا ڕۆڵێکی کەم ئەبینێت.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەبەر ئەوەی ڕووناکبیر دەگمەنە و ئاستی ڕووناکبیرییش نزم، هەر بۆیە بە کەسانێک کە زۆربێژن و داکۆکی لە حزب و ڕەوتێکی سیاسی ئەکەن٫ زۆرجار وشەی ڕووناکبیر بەکار دەبرێت و دەڵێن: فڵان کەس بەڕاستی ڕووناکبیرە! (هەڵبەت لەلایەن توێژەکەی خۆیەوە) بەڵام لە ئەساسدا ئەوان لە ڕووی تەعەسوب و دەمارگرژیی حزبیی و ئیدئۆلۆژیکییەوە، داکۆکیی کوێرانە لە لایەنی خۆیان ئەکەن و هێرشیش ئەکەنە سەر لایەنەکانی بەرامبەریان، ئەوان ئەتوانن لەم داکۆکیی و هێرشە کوێرانەدا بنووسن و قسەش بکەن بەڵام ئەوان لە بازنەی ڕووناکبیردا نین و شوێنێکیان نییە، چون ڕۆشنبیر ئەبێ دوور لە تەعەسوبی حزبی، ئایینی و ... ڕەخنە لە بەرامبەر یا داکۆکی لە خۆی بکات، لە ئەساسدا ڕووناکبیر بەشێک نەبووە و نییە لە دەسەڵات و لە بەرەی بەرامبەریدا ئەوەستێت، هەر بۆیە ئەوان (فرەبێژانی دەمارگرژی حزبی و دەسەڵات ...) کۆیلەی بیروبڕوا یا حزب و بڕوای تایبەتیی خۆیان زیاتر٫ هیچی تر نین و وشەی شایەن و شیاو بۆ ئەوان: قەڵەمکۆیلە، حزببیر و گیرفانبیرە.
کەواتە هەر خوێنەوارێک ڕووناکبیر نییە! هەر وەک چۆن هەر ڕەش پێستێک ئافریقایی نییە!



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 61
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
هەرێمی کوردستانی باشوور لە نێوان یاری سیاسەت و یاسادا
ژن لە بینەرەوە تا بێژەر
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی