ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
دەسپێکێکی نوێ
محەممەدی خۆشچێهرە
8 / 12 / 2017
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی گرینگ و چارەنووسساز و مەژگەدار لە باشووری و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان دا کە ئەو ڕووداوانە سەرەتای دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە بۆ گەلی کورد بە گشتی و تایبەت ئەم دوو بەشەی کوردستان زیاتر لە ژیر کاریگەری و دەرئەنجامەکانی دەبن. 
یەکەم ڕووداو ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بوو کە لە ٢٥ی مانگی سپتەمبر٢٠١٧ کە نێزیک بە لە سەدا ٩٣ی دەنگدەران دەنگی بەڵێیان پێدا و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەو بۆنەوە و هەمان ئێوارەی ڕیفراندۆم، خەڵک لە زۆرینە شار و شارۆچکەکان ڕژانە سەر جادە و گۆڤەند و شاییان گێڕا و کەڕنەڤاڵێکی گەورەی سەربەخۆخوازییان نیشاندا، لە هەمانکاتیشدا دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نێزیک بە حەوتسەد کەسیان لە خەڵکی مەدەنی گرت کە بەشدار و هاندەری خرۆشانی شادییەکە بوون.
دووەم ڕووداو، کارەساتی لە دەستدانی نیوەی خاکی باشووری کوردستان لە شانزدەی مانگی ئۆکتۆبر بوو کە هەموو گەلی کوردی تەوساند و بوو بە تراژدیایەکی گەورە لە سەر نەتەوەی کورد، کە جێگای هەڵوێست و خوێندنەوەی وردە کە ئەزموونی لێ وەربگیردرێت.
ڕووداوی سێیەم، کارەساتی زلزلەی ١٢ی نۆڤامبر لە پارێزگاکانی کوردستان تایبەت کرماشان و سلێمانی بوو، لە ناوچەی سەلاسی باوجانی تا شاری سەرپێڵ کارەساتی مرۆیی لێکەوتەوە و بەشێکی زۆری ڕۆژئاوای پاریزگای کرماشان کەلاوەی فراوانی لێکەوتەوە کە خەساری گیانی و ماددی زۆری بە دوای خۆییدا هێنا و بوو بە تراژدیایەکی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی خەمساردی کۆماری ئیسلامی و بە حوکمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تایبەت تلێگرام، هەستی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵات هەر زوو هاتە جۆش و حماسەی هاوکارییە هەمەجۆرەکانیان خولقاند کە فرمێسکی تراژدیاکەی کردە کڕنووشی سوپاس، ئەبووبەکری مەعرووفی لە شاری بۆکان لە ڕێگای یارمەتی گەیاندن بۆ لێقەوماوانی زەویلەرزەکە، تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو، بە سوپاسی ئەمەگزانی و بە ڕێز لە خەباتی نیشتمانی ناوی شەهیدی نیشتمانی لێنرا و وەک قارەمانێکی نەتەوەیی، وەک هێمایەک بۆ یەکێتیی نەتەوەیی، لاشەکەی بەرە زێدی خۆی بەڕێکرا کە لە سەر ڕێگا هەموو شار و گوندێک لە سەر پێ ڕاوەستا و سەری ڕیزیان بۆ دانەواند.
سەرەڕای ئەوەیش کە هەر لەو ماوەیەدا دوای ڕیفراندۆم مام جەلال تاڵەبانی گیانی سپارد و بە ڕیزێکی فراوانەوە ئەسپەردە کرا کە ئەویش ڕووداوێک بوو کە تا ڕادەیەک لە باشووری کوردستان بە تابووتی ئاڵای کوردستان پۆشراوی، دوا هەنگاوی خەباتی لە پێناو گەلی کورد هەڵگرد و گەیشت بە دوا مەنزڵی هەتایی.
ئەو ڕووداوانەی سەرەوە هەرکامیان هەڵگری چەندین پەیامی گرینگی سیاسین بۆ گەلی کورد بە گشتی و بۆ هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە تایبەتی. پێویستە بە ووردی و بە قووڵی ئەو ڕووداوانە و دەرئەنجام و لێکەوتەکانی شەنوکەو بکرێت.
دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین، یەکێک لە سەرەتایترین مافەکانی مرۆڤە و مافی بێ ئەملاو ئەولای هەر نەتەوەیەکە، ئەو ڕیفراندۆمەی کە لە باشوور کرا مافێکی ڕەوا بوو بەڵام کات و میکانیزمی ئەنجامدانەکەی ڕەخنەهەڵگرە کە دەبوایە سەرکردایەتی باشووری کوردستان وردتر و وریاتر ئەو پرۆسیەی ئەنجام بدایەت، دەبوایە یەکێتیی ناوخۆیی و هاودەنگی نێوماڵی کوردی لە باشوور درووست بکریایە کە هەموو لایەک بەرپرسیاریەتی ئەنجامدانەکەی لە ئەستۆ بگرن، بەداخەوە بینیمان کە نێوماڵی کورد لە باشوور بۆ ئەم مافە نەتەوەییە یەک و ڕێکنەخرابوو. هیزە سیاسییەکانی کورد پێویست دەکات کە لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان ئەزموون بگرن.
خرۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەرنەڤاڵی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، پەیامی گەورەی تێدا بوو کە بەر گوێی دوژمنانی کورد کەوت و دەبێ هێزە سیاسییەکانی کوردیش لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەر گوێیان بکەوێت و ئەو پەیامە بگرن کە گەلی کورد، بەرگی نەتەوەیی پۆشیوە و یەکدەنگ هاواری یەکێتیی نەتەوەیی و هاوهەڵوێستی و هاوخەباتی دەکات و چاوەڕوانی لە هێزە سیاسییە کاریگەرەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان هەیە. بەشێکی تری پەیامەکە بۆ هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە گەرچی دۆخی هەنووکە پێبەستی کردوون و جووڵەی بەرهەستیان لە ئاراستەی سیاسی کۆمەڵگەی کوردی ڕۆژهەڵات نییە بەڵام سەرمایەیەکی مرۆیی لەو پارچەی کوردستان هەیە کە خاوەن هیز و توانا و وزەی فراوانە و نیشانیانداوە کە پێشڕەوی هێزە سیاسییەکانن و ئەوان یەکگرتووتر و هاودەنگتر و هاوسۆزترن تا هێزە سیاسییەکان، پێویستە چاو لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بکرێت.
شکستی ١٦ی ئۆکتۆبر لە باشووری کوردستان و پاشەکشێ لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان سەرەڕای خوڵقاندنی تراژدیایەکی نەتەوەیی، دەبێ هێزە سیاسییەکان پێداچوونەوە لە جۆری سیاسەت کردنیان بکەن، ئەوەی کە ڕوویدا شکستێکی سەربازی بوو کە دەرئەنجامی شکستی سیاسی بوو کە دەمێک بوو تووشی باشووری کوردستان ببوو، ئەو کارەساتە بوو بە مێژوو بەڵام دەبێ ئێمەی کورد وانەی لێوەرگرین، کورد تاکوو یەکگرتوو و هاوهەڵوێست و خاکەسار نەبێت لە نێو خۆیدا، ئەمە چارەنووسمان دەبێت، پێویست بە ناپاک زانینی یەکتر و بە خائین ناوبردنی یەکتر ناکات، دەبێ هەوڵبدرێت ئەم شکستە لە باشووری کوردستان قەرەبوو بکرێتەوە کە لە دەروازەی یەکێتیی و دڵفروانی سیاسی و دیموکراتبوونەوە دەتوانرێت جارێکیتر بچینە نێو قەڵای سەرکەوتنەوە.
دوایین پەیام، سەبارەت بە حماسەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ بە دەمەوە چوونی لێقەوماوانی زەویلەرزەکە و بەڕێکردنی شکۆمەندانەی شەهیدی نیشتمانە کە هیزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ پەیامی خەڵکی ڕۆژهەڵاتیان وەرگرتبێت کە خۆڕێکخستنی خەڵک و هاوهەڵوێستیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، زۆر ئازایانەتر و بەرپرسانەترە و دەبێ چاو لە یەکهەڵوێستی خەڵک بکەن و  خۆیان لەم دۆخە ڕچیوەی ئێستایان دەر بهێنن.  



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
هەنگاوی بەرەو دوا
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی