ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
کۆڵبەری وەک تاکتیکی ئابووری یان ستراتیژیی سیاسیی ئامانجدار
محەممەدی خۆشچێهرە
7 / 9 / 2017
دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان لەو وڵاتانەی کە داگیریان کردووە گەر بەزر یان بازاڕ یان بنەمای پرۆژەیەکی ئابوورییان چاند بێت بە دڵنیاییەوە بۆ چنینەوەی بەرژەوەندیی ستراتیژی و سیاسی و ئابووری ئامانجدار کردوویانە و زیاتر مەرامی سیاسی و ئەمنی لە پشتە و بۆ دزین و بەتاڵانبردنی سامانی کۆلۆنی و ئەو خاک و وڵاتەی کە داگیریان کردووە یان بۆ بێبەشکردن لە داهات و سامانی گشتیی وڵات، بووە. کوردستان وەک خاک و نیشتمان و کورد وەک نەتەوە، وڵات و نەتەوەیەکی داگیرکراوە. نێزیک بە سەدەیەک خەباتی هەیە لە مێژووی سەردەمی نوێدا بۆ ئازادبوون لە داگیرکراوی، تا ڕۆژی ئەمڕۆیش٫ بە هەموو جۆرێک لە هەوڵدایە بۆ دەرچوون لە بندەستیی. لە ڕووی شێوازی خەبات و خستنەڕووی داخوازییەکانی، دیموکراسیخوازی تایبەتمەندیی بەرچاوی بزووتنەوەکانی بووە و هەر ئەو تایبەتمەندییەش بەردی بن ددانی دەوڵەتانی داگیرکەری بووە.
دیموکراسیخوازی و بانگەوازی بۆ دادپەروەری و بەشداری و شراکەتی سیاسی و ئابووری، ئەو تایبەتمەندییانەی بزووتنەوەی کوردە کە داگیرکەرانی دەستبەستراو کردووە کە نەتوانن کورد پاکتاو بکەن و بیسڕنەوە. لە ئێستادا پرسی کورد، دیموکراسی و دادپەروەری سیاسی و ئابووری و یەکسانیی کلتووری و ڕەوایەتی پێگەی مێژوویی دەسەڵاتداریی لە ناوچەکەدا پێکەوە گرێداوە، هەر بۆیە دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان بۆ هەڵگەڕاندنەوەی پرسی کورد بە دیوێکی تردا و داپۆشینی بە پەردەی تر، کراوەتە ستراتیژی کاری سیاسییان و بۆ سەرکەوتن بە سەر کورددا توانیویانە ئەزموونی باش دەستخەن و تا هەنووکەش ئەوان لە کورد سەرکەوتووتر بوون( ئەوە بەو واتایە نایەت کە کورد نەیتوانیوە سەرکەوتن دەست بخات، بە پێچەوانەوە سەرکەوتنەکانی کورد ئەوانی دەستەپاچە کردووە و لە هەوڵی بەدناوکردنی ڕوومەتی حەقخواز و ڕەوای گەلی کورد دان) و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تایبەتیتر کوردیان کردووەتە ئامانج (لە مێژەوە وتراوە کە عەرەب و تورک شمشێرەکانیان بە ئاشکرا بە ڕووی کورددا هەڵکێشاوە بەڵام فارسەکان بە لۆکە سەریان دەبڕن).
پرسی کورد لە ئێران پرسێکی سیاسی ڕووتە ( لە هەر چوارپارچەی کوردستان وایە) کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ داماڵینی سیاسیبوونی پرسی کورد، پرسی ئابووریی، گەورە کردووتەوە و لە هەوڵی بە ئابووریکردنی پرسە سیاسییەکەی کوردە و خەریکە سەردەکەوێت (تا ئێستا سەرکەوتوو بووە). سیاسەتی بە ئەنقەست هەژارکردنی خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی کێشەی ئابووری لە ناوچە کوردییەکان و سەرمایەگوزاری نەکردن و تەرخان نەکردنی پرۆژە ستراتیژیکییە بەرهەمهێنەرە سەرمایەزاکان لە کوردستاندا، هەمیشە پەیرەو کراوە و لە هەمانکاتیشدا کانزا و بەرهەمی کەرتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان براوە بۆ ناوەندی ئێران بۆ بە کەرەستەکردن و بەرهەم تا ڕەوانەی بازاڕ بکرێت و هەناردەکردن و بازرگانی پێ کردنەکەشی لە خزمەتی گەشەی ئابووریی ناوەندی ئێران بە کاریان هێناوە.
لە پاڵی سیاسەتی بە ئەنقەست هەژار کردن، سیاسەتێکی ستراتیژیکیی ئامانجداری وەک خەڵاتی بژێوی بە ناوی کۆڵبەری پێشکەش بە ناوچە سنوورییەکان لە کوردستان کردووە، کۆڵبەریی لە ڕەواڵەتدا، ڕێگایەکە بۆ پەیداکردنی بژێوی، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ کەم دەرامەتانی ناوچە سنوورییەکان و بوژانەوەی ژیانیانە، ڕێگایەکی  باش دێتە بەرچاو بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و کەم دەرامەتی و هەژاری لەو ناوچانە بەڵام ئامانجێکی سیاسی مەترسیدار و سیماشێوێنەری کوردی لە پشتەوەیە کە بریتیە لە:
1- داپۆشین و کەمڕەنگ کردنی داخوازییە سیاسییەکانی کورد لە ئازادی سیاسی و سەربەستی و دیموکراسی و بەرابەری و دادپەروەری و شراکەتی ڕاستەقینەی سیاسی و بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات بۆ ئازادی کار و کەسابەتی کۆڵبەریی و باربەری و داخوازییە کەم بەهاکانی بژێوی، بە واتایەکی تر هەڵگەڕاندنەوەی پرسی سیاسی کوردە بۆ پرسی ئابووریی کەم بەها و بژێوی.
2- داپۆشین و دەسترێژکردن لە تاکی کورد بە پەڵەدارکردن و ڕەشکردنی تاکی کورد لە ئازادیخوازی و بوێریەوە بۆ قاچاخچییەتی و خراپکاری، بە واتایەکی تر هەڵگەڕاندنەوەی کەسایەتی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کورد بۆ کەسایەتییەکی شەڕئەنگێز و خەسارگەیەنەر بە ئابووری وڵات.
3- لە پاکێجی کۆڵبەریدا شکاندنی بەرزەخۆیی و دەروون بەزیوی و هەمیشە هەڵاتوویی لە هێزە ئەمنییەکان و ترسەنۆکی و دواجار کۆیلایەتی و سیخوڕی و بە جاسووس بوون هەیە، بە واتایەکی تر کەسایەتی تاکی کورد لە بەرزە خۆیی و ملنەدان و بوێری و نەترسی و خۆبەخاوەن بوون دەبێت بەو کەسایەتییەی کە لە پاکێجەکەدا هەیە و ئیرادەی تاکی کورد بە دەستی داگیرکەرانەوە دەبێت، ئەوەش ئەو مەبەستەیە کە دەیانەوێت پێی بگەن.
4- دنیا گۆڕاوە دەبێ ڕێکارە سیاسییەکانیش بگۆڕدرێن، مێژووی خەباتی کورد مێژوویەکە لە هەوڵدان بۆ سەروەربوونی دیموکراسی و ئازادی و پاراستنی کەرامەتی ئینسان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دوژمنانیشی ناتوانن چیدی لە دنیای نوێدا هەمان سیاسەتی سەرکوتی پێشوو بەکار ببەن کە مەحکوومە لە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا، پەکێجی کۆڵبەریی٫ سیاسەتەکان دەگۆڕێت و ڕێگەچارەی نوێ دەخاتە بەردەم دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو تایبەتمەندییانەی بزووتنەوەی کوردیی، سەرکوتکردن و بە پادگان کردنی کوردستان بە بیانووی پاراستنی ئابووریی وڵات و بەگژداچوونەوەی قاچاخچیەتی
5-   کۆڵبەریی دەتوانێت ڕق و کینەی گەلانی ئێرانی و ناوەندنشینەکان، بەرانبەر بە کورد هەڵبگیرسێنێت کە کۆڵبەرەکان و کوردەکان شیرازەی ئابووریی وڵاتیان تێکداوە، لە پەکێجی کۆڵبەریدا، پەیوەندییەکانی نەتەوەکانی ئێرانی و تایبەت ناوەند لە گەڵ کورددا تێکدەدات و ڕێگری لە درووستبوونی هەستی هاودەردی لەگەڵ نەتەوەی کورد درووست دەکات. هێرش بۆ سەر کورد و سەرکوتکردنی کورد و بە پادگان و سەربازیکردنی کوردستان لە ڕوانگەی زۆرینەی ئێرانییەکانەوە، ڕەوا دەکرێت. 
دیارە لێرەدا تەنیا چەند خاڵی بەرچاو باس کراوە بەڵام لە ڕاستید زۆر لێکدانەوەی تر هەڵدەگرێت و پێویستی بە خوێندنەوەی ورد هەیە کە ڕێگەدان بە کۆڵبەریی و دواجار بە کۆڵبەرکردنی کورد چ ئامانج و ستراتیژییەکی لە پشتە بۆ شکاندنی کەرامەت و بەرزەخۆیی و کەسایەتیی کورد و هەروەها بەلاڕێدابردنی دۆزە ڕەواکەی و هەڵگەڕاندنەوەی بە دیوی ناشیریندا و بە تاکتیکی ئابووری.



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 57
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
دەسپێکێکی نوێ
ڕیفراندۆم لە باشوور و وانەیەک بۆ خۆرهەڵات/ کورتەیەک سەبارەت بە یەکگرتوویی دژمنان و پەرتەوازەیی ئێمە!؟
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی