ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
سەرچاوەی گۆڕانكاریی جیددی لە كێشەكانی ناوبەر سوپای پاسداران و دەوڵەتی ڕوحانیدا نابینرێتەوە
ن: مۆحسێن باوەجانی( ئاسۆ)
29 / 3 / 2017
ڕەنگە لە مێژووی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھیچكات ئەوەندەی ئەم چەند ساڵەی دواییە سوپای پاسداران و بەشداریی و خۆتێھەڵقورتانی ئەم ھێزە لە كاروباری دەوڵەت و ھەروەھا دەستنێشانكردنی سەرۆككۆمار لە ئێراندا زەق و بەرچاو نەكراوەتەوە و نەبووە، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەم ھێزە چەكدارە ڕووبەڕووی دەوڵەتی ھەنووكەیی بۆتەوە، ئەمە جیاواز لەو پرۆژە سەربازی و پلانە بەربڵاوانەیە كە ئەم ھێزە لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران ئەنجامی دەدات و دەوڵەت دەسەڵات و توانایی كۆنترۆڵ و چاودێریی بەسەریدا نییە ئەویش لە كاتێكدا ئەگەر ویستی ئەم چاودێریەشیان ھەبیت.
دەوڵەتی ڕوحانی پاش ھەشت ساڵ سەرۆككۆماریی بنەماخوازەكان و پاش ئەو سەردەمە ھاتە ئاراوە كە سوپای پاسداران دەستێكی باڵای ھەبووە لە ھەموو گۆڕەپانەكانی ناوخۆیی و دەرەكیی ئێراندا، بۆیە بەھاتنی ئەم دەوڵەتی نوێیە سوپای پاسداران كە لە لایەكەوە خوازیاری بەردەوامیی كێشەیە لەگەڵ دنیای دەرەوە و پاشان حوكمی ڕەھای لە ناو ئێراندا، پێگە و پۆزیسۆنی خۆی ل مەترسیی بن كەوتندا دەبینێتەوە.
ئەم ھێزە سەربازییە كە شوێنكەوتووی یاسایەكی داڕێژراو و دیاریكراو نییە لە ھەمان سەرەتای شۆرشی ناسراو بە شۆڕشی گەلانی ئێران، بە فەرمانی خومەینی دامەزرا و دەستی بەكار كرد، دەسپێكی كاری ئەم ھێزە وەك ھەموو ھێزە سەربازییەكانی تری پاش شۆڕش لە ناوچەكە و جیھان ھەر سەركوتگەرانە بووە و دەستی داوەتە گرتن و كوشتنی نەیارانی خۆی لە ناو ئێران و پاشان تیرۆری ناڕازیان و ئەندامانی ئۆپۆیسیۆنی حوكومەت لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران. من پێموایە سوپای پاسداران تێكەڵەیەكە لە دوو سیستمی ئەرتەشی پاكستان و توركیە، بەگشتی، ئەم ھێزە ئەركی پاراستن حوكومەتی ئیسلامیی ئێرانە و ھەر بۆیە ھەر بزاڤ و جووڵانەوەیەك كە ھەڵوێستەكانی بە تاكتیك و ستراتژی دژایەیی و دژبەریی ھەمبەر حوكومەتی ئیسلامیی ئێران ھەبێ بەھەموو ھێز و لە ھەموو ڕێگەیەكەوە بۆ لە ناوبردان یا پاسیڤكردان و گۆشەگیركردنی كاری كردوو و ئەكات.
گرنگە بزانین سوپا دوای بەدەستەوەگرتنی پۆستی فەرماندەیی ئەو ھێزە لە لایەن حەمەعەلی جەعفەرییەوە قۆناغێكی تازەی دەسپێكرد (قۆناخێكی جیاواز لە فەرماندە پێشووەكانی ئەم ھێزە) و وەك چۆن لە یەكێك لە وتارەكانیدا لە سەرەتاكانی دەسبەكاربوونیەوە ھەیبوو باسی لە شۆڕش لە ناو شۆڕشدا لە لایەن سوپاوە  كرد كرد، بەو واتایە كە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، سوپا شۆڕشێكی دیكەی كردووە و دەسەڵاتی لە زۆربەی پۆستەكانی حكومەتدا قۆرخ كردووە، بیگومان ئەوەش بە پشتیوانیی بەشی ئابووری خۆیەوە بوو.(بەشێكی نائاسایی ئابووری كە جیاوازە لە بودجەی ساڵانەی دەوڵەت و ھێزە سەربازییەكان و ...). بەڵام گرنگترینی گۆڕانكارییەكان لە ئاست ئێراندا لە سەردەمی حەمەعەلی جەعفەری بریتنن لە: 
ــ پێكھێنانی و دامەزراندنی ڕێكخراوی "بەسیجی موستەزعەفین.
ــ ڕێكخراوی حەفازەتی ئیتلاعات سوپای پاسداران.
ــ پێكھێنانی سی و یەك سوپای پارێزگاكان.
بەمجۆر سوپای پاسداران زیاتر لە پێش خۆی ڕێكخست تا شانس و بەختی خۆی بۆ دەستگرتن بەسەر پۆستە گرنگەكان و لەوانەپۆستی سەرۆككۆماریی ئێران تاقی بكاتەوە.
شەڕی ڕیفۆرمخوازەكان و باڵێكی ئوسوڵگەرای ئێران كە سوپای لە پشت و شەریكە، لەوێدا بەرچاوتر دەبێ كە ھەر ئەمساڵ لە تریبۆنی فەرمییەوە و لە ڕۆژی ئەرتەشدا ڕوحانی بۆ چەندەمین جار داوای كرد تا ڕێكخراوە سەربازییەكان خۆیان لە دەستێوەردان و خۆ تێھەڵقورتان لە ھەڵبژرادنەكاندا بكێشنەوە و چیدی خۆیان لە قەرەی كاروباری سیاسی نەدەن، لە بیرمان نەچێ باڵی ئوسوڵگەرا كە سوپای وەك ھاوكار و یار ھەڵبژاردووە ھەموو كات نیگەرانە دەسەڵاتی لە ناو دەوڵەتی نوێ و نوێ تر كەم ببێ یا نەمێنێ و بەم جۆرە ژیانی سیاسییان بكەوێتە مەترسیی خانەنشینییەوە.
كێشە و خاڵە ناكۆكەكانی ئەم دوو باڵەش زۆرە بەلام سوپا زیاتر یاریی بە خاڵێكی وەك بەرنامەی ناوەكیی و ڕێككەوتنی دەوڵەتی نوێ و شەش ھێزی جیھانی دەكا و بە سەرشۆری و شكست لێیدەڕوانن.لە ڕوویەكی دیكەشەوە ڕەخنەی توند و قورسیان ھەیە بەرامبەر دەوڵەتی نوێ لە ڕووی سیاسەتی فەرھەنگی و ئابوورییەوە.
زیاتری ئەم كێشەوبەرە لە نێوان ئەم دوو باڵە لەوێدا دەركەوت كە سوپا ئاگادار بۆوە كە دەوڵەتی ڕوحانی نایەوێ لە پرۆژە گەورە ئابوورییەكاندا سوپا بەشدار بێ و پشكی بەركەوێت یا وەك جاران پرۆژە مەزنەكان پێشكەش بە سوپا بكرێت، بۆ نموونە ھەر دوای سەركەوتنی ڕوحانی لە ھەڵبژرانی سەرۆككۆماریدا داوای لە سوپا كرد تا كاروبارە ئابورییەكانی بۆ تەنیا چەند پرۆژەیەك سنوردار بكات و لە ڕاستیدا ئەو و دەوڵەتەكەی لەو بڕوایەدان كە دەبێ سوپا تەنیا دەوری لۆجێستیكی بگێرێ لە كەرتی  ئابووریدا و نە زیاتر، ئەمەش واتە كەرتی ئابووریی سوپا كە دەورێكی ئێجگاری لە ڕێكخستنەكانی سوپادا ھەبووە و ھەیە ئیفلیج ئەبێ و و بەشوێنیدا دەسەڵات و كاریگەریی ئەم ھێزە سەربازییەش ھەرەس دێنێت.
من پێموایە ئەم چیرۆكە لێرەدا كۆتایی پێ نایەت و چۆن ھەڵسوكەوتكردنی دوڵەت و ڕوحانی لەگەڵ سوپادا كۆتایی ئەم چیرۆكە دەنووسێت. ئەبێ بزانین ڕوحانی جیاوازییەكی ھەیە لەگەڵ سەرۆككۆمارەكانی پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەو نە لە چینی سەربازیی و سوپایی ھاتووە و نەك مافناسیشە، بەڵكوو ئەو دیپلۆمات بووە و كەسێكی تێكنۆكرات لەقەڵەم دەدرێت، واتە شارەزای كاروباری دیپلۆماتیك و نەریتی دەسەڵاتە لە سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ھەر بۆیە نەك سوپا بە تەواوەتی لە خۆی دوور ئەكاتەوە و نە ھێزەسەربازییەكانی دیكەش، وەك دیارە ئەو ھەڵسوكەوتی بەسوود لەگەڵ ئەم ھێزانەی گرتۆتە بەر، بۆیە لەگەڵ ھەموو دامەزراوەكانی دەسەڵات لە ئێراندا پەیوەندی و ھاوكاری ھەیە، لە مەراجعی تەقلید ھەتا سوپا و بەسیج و تەنانەت ڕۆشنبیران و ڕەخنەگرانی دیار لە ئێراندا، لە واقیعدا ھەموو ئەوانە دامەزراوە دەسەڵاتی حوكومی و ناحوكومین و كاریگەرییان ھەیە لە جێگۆرگێی دەسەڵات و مانەوەیدا.
ئەكرێ لە بەكورتی بڵێین كە كێشەی سەرەكیی ئەم دوو باڵە ئیدۆلۆژیكی و لەسەر كۆی گشتی یاسا و ڕێسای بنەڕەتی و ناوخۆییەكانی ئێران نییە، بەڵكوو بریتییە لە: شەڕی دەستپێڕاگەیشتن بە سەروەت وەك پشتیوانێك بۆ قۆرخكردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران و ھەروەھا ئیختلافاتی ئەم دوو ھێزەیە لە سیاسەتی دەرەكیی كۆماریی ئیسلامیی ئێراندا كە من پێموایە ناكرێ پشتی پێی ببەسترێت بۆ بەدیھاتنی گۆڕانكارییەكی دیار و بنەڕەتی لە ئێراندا.



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 57
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
دەسپێکێکی نوێ
ڕیفراندۆم لە باشوور و وانەیەک بۆ خۆرهەڵات/ کورتەیەک سەبارەت بە یەکگرتوویی دژمنان و پەرتەوازەیی ئێمە!؟
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی