ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
پەیامی نەورۆزیی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
18 / 3 / 2017
ئاوەزینگی زستانە و دەمی هەڵسانەوەی چرۆ. بە دەم بای دائاوسەوە، سروەی بەیانیانی بەهاران بەڕیوەیە و دەنگی هۆرەچڕی کوێستانان و سیاچەمانەبێژی سەر سەکۆی کانیاو و حەیرانبێژی پێدەشتەکان، دەلوولێنێتە نێودڵی سرووشت و دەیکاتە دەنگی شمشاڵ و دەیهێنێتە گوێی کوردەماڵان و تین و گڕی کوانووی کۆنەهەواران دەبووژێنێەوە و دەیکاتە کڵپەی ئاگری شۆڕەسوارانی مافخوازی کوردایەتی و مزگێنی سەرکەوتن دەدات کە سەرهەڵدانی نێو تاریکیی خاک، خاکیش دەکاتە لێوە و چەکەرەی هیوا، نەخشی ڕەش و سپی ژیانی دەورانی سارد و سڕی سەهۆڵبەندان دەگۆڕێت و ڕەنگی گوڵە هەڵاڵان و بۆنی چنوور و وەنەوشە دەکاتە دیاری بۆ ژیانی فرەڕەنگیمان کە نەورۆز سەرەتای دەسپێکی ئەو گۆڕانەیە.
نەورۆز وەک بۆنەیەک بۆ دەسپێکی ساڵێکی نوێ، بیانوویەکە بۆ بووژانەوە و دووبارە هەستانەوە، بۆ ئەوەی کە دووبارە گڕی هیوا لە سووتماکی بەستەڵەک بەستووی ژیان هەستێتەوە و ژیان پڕ لە تێکۆشان و خەباتی بەردەوام بکاتەوە، کورد و نەورۆز دوو دوانەی لە یەک دانەبڕاوی دووبارە هەستانەوە و سەرکەوتن بە سەر سڕیی و ستەم و جەوری سرووشت و دەسەڵاتن و وەک هێمای خۆڕاگری بۆ نەتەوەی کورد هەمیشە پیرۆز بووە و بە پیرۆزی ڕاگیراوە و بە حەماسە و هەستی پڕ لە سەرهەڵدان بەڕێکراوە.
وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستانی ئێران نەورۆز لە گەلی کورد کە لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدان  پیرۆز دەکەین و هیوادارین ساڵی نوێی کوردی ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی نەتەوەکەمان و گەلەکەمان بگات بە مافە ڕەواکانی. داواکارین کە کوردانی جیهان جەژنی نەورۆز بە گڕ و تینێکی فراوانتر و بە یەکگرتووانەتر بگرن و ڕۆحی یەکبوونی نەتەوەیی کورد پتەوتر و زیندووتر بکەنەوە.
ساڵێ نوێی کوردیی و نەورۆزتان پیرۆز بێت
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان – ئێران
١٨/٣/٢٠١٧



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 57
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
دەسپێکێکی نوێ
ڕیفراندۆم لە باشوور و وانەیەک بۆ خۆرهەڵات/ کورتەیەک سەبارەت بە یەکگرتوویی دژمنان و پەرتەوازەیی ئێمە!؟
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی