ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
وتاری کاک عوسمان جەعفەری بۆ سمیناری سێهەم لەژێر ناوی "رۆژهەڵاتی کوردستان ،نەخشەڕێگا"
عوسمان جەعفەری
8 / 2 / 2017
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەخشە ڕێگا
گەر بە دیدێکی ڕەخنەگرانەی واقیعبینانەوە چاو لە ڕەوش و  باردۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین و هەڵسەنگاندنێک بۆ ٣٨ساڵ خەباتی سیاسی و جەماوەری و ڕووناکبیری ئەم بەشە لە کوردستان بکەین بە بێ ڕوودەربایستی و دەمارگرژی و خۆ گێل کردن لە ئاستی واقعیەتەکان بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کارنامەی خەبات و چالاکیەکان، کارنامەیەکی سەرکەوتوو نەبووە و سەرکەوتنیش بە دەست نەهاتووە و ئەوەی کە لە ئێستادا بەر چاوە و بە ڕوونی دەبینرێت پاشەکشێی بەردەوام بووە کە لە هەنووکەدا بووەتە هەڕەشەیش بۆ سەر خەبات بە گشتی لەم پارچەیەی کوردستاندا و دەرخەری ئەو ڕاستیە تاڵەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بە هەموو حیزبەکانەوە، وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ناسەرکەوتوو بووە و نەیتوانیووە ئامانجەکانی بپێکێت یان لە کرۆک و ناوکی ڕووداو و هاوکێشەکاندا بێت.
خاڵی لاوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە بووە کە ئۆپۆزسیۆنێکی خولقێنەری دۆخی شۆڕش و سەرهەڵدان و ڕێکخستنی جەماوەری بەرانبەر بە دەسەڵاتی ڕژێم نەبووە بەڵکوو یان سواری شەپۆلی شۆڕشی ناوەند بووە یان دواکەوتەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بووە کە لەوەشدا نەیتوانیوە پێشەنگایەتی و بەڕێوەبەرایەتی ناڕەزایەتیەکانیش بگرێت بە دەستەوە، هەر بۆیە دەبینین لە ماوەی ئەم چواردەیەی ڕابردوودا ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە بووە یان لە پەراوێزی ڕووداوەکانی ئێران و ناوچەکەدا جێگای گرتووە، لە ژێر کاریگەری وەها ڕۆڵ و پێگەیەکدا بووە کە بەڕێوەبردن و ئاراستە کردنی کەوتووەتە دەست لایەن و جێگا و پارچەکانی ترەوە، کە دەر ئەنجامی ئەم خۆبەدەستەوە دان و گوێڕایەڵیە زیندەبەچاڵ کردنی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە ناوی ژیانەوەی خەبات، یان تووشی وەستان کراوین یان کاناڵیزەی جێگەکانی تر و پارچەکانی تر کراوین، هەر ئەو خۆ بە دەستەوەدانە بووەتە هۆی بەرەو هەڵدێر ڕۆیشتن و زیندەبەچاڵ بوون تا ئەوەی کە ژیانەوەیەک بێت بۆ دووبارە هەستانەوەی جەستەی نیوەگیانی خەباتەکەمان. 
گەرچی نابێت و ناکرێت هەوڵ و ماندوو بوونی تاکە کەسی و گرووپ و ڕێکخراو و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرچاو نەگیردرێن و زەربی سیفر بکرێن، تایبەت ئەوەی کە دەیان جۆر کێشە و گرفتی فیکری و کلتووری لە نێوخۆی ئەو حیزب و لایەن و گرووپ و کەسانەدا بووە و دەیان کێشە و گرفتی دارایی و ئابووری و سیاسی هاتووەتە ڕێگایان و تەنگ و چەڵەمەی جوراوجۆری ئابووری و سیاسی بە هۆی دوور کەوتنەوە و ئاوارەییەوە بە سەریاندا سەپێنراوە.
بەڵام دەبێ دان بەو ڕاستیە تاڵانەش دا بنێین کە ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵک دا نەبووە، ئەم ئۆپۆزسیۆنە تەنیا پەناگای بێ هیواییەکانی نەتەوەی کورد بووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە داخەوە نەیتوانییوە بەرەیەکی بەهێز و پشتیوان و کاریگەر و کارتێکەر بێت بۆ دەستەبەر کردنی ئاوات و ئامانجەکانی خەڵک، مێژووی خەباتی چوار دەیەی ڕابردوو و دۆخی هەنووکەیی بە باشی سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن، ئەوەی شارەزای مێژووی ئەم چوار دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکە بێت بۆی ڕوون و ئاشکرایە کە چ دەرفەتگەلێکی مێژووی هەبوو کە لە کیس چووە و نەمانتوانیووە کەڵکی لێ وەرگرین و ئەو دەرفەتانە بە داخەوە بوون بە هەڕەشە و دواجار ناچار بووین بە پاشەکشە.
سەرە ڕای ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی سنوورەکان و لە ئاوارەیی دا بووە و دۆخێکی دژواری بە سەردا سەپێنراوە بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧ بەم لاوە بە هۆی ئەو باردۆخەی کە هاتە ئاراوە و ناوچەکە و تایبەت باشووری کوردستانی گرتەوە، توانرا هەم لە ڕووی سەربازیەوە و هەمیش لە ڕووی ڕاگەیاندنییەوە کەرەستەی پێویست دەست بخات ، بەتایبەت لە بەشی ڕاگەیاندنی دا کە توانی لە ئاستێکی فراواندا هەم لە کاناڵەکانی مانگەدەستکردەکانەوە و هەم لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی لە گەڵ زۆرینەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێت و خەباتی مەدەنی ناوخۆیی ڕووماڵ بکات کە بە دوای ئەو بەرەو پێشچوونە توانرا شرۆڤەکان و لێکدانەوەکان، هەواڵسازی و دەرخستنی ڕاستیەکان، ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتیە فراوانەکان، هەڵوێست گرتن و گازندەکان، کە بەشە سەرەکیەکانی خەباتی مەدەنی بوون و بە هۆی ئەوەی کە فەزایەکی خنکێنەر و ترس و تۆقاندن لە نێوخۆی وڵات و لە لایەن ڕژێمەوە خولقێنراوە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە هەلی دەرکەوتن و ڕاگەیاندنی بوونیان بۆ ڕەخسا.
لە لایەن ڕژیمیشەوە لە هەمان کاتدا گوشارەکان بۆ سەر خەڵک فراوانتر ببووە و نیشانە سامناکەکانی سیاسەتە سەرکوتگەریەکانی وەک ئیعدامەکان، هەڵاوسان و گرانی،تەنگەتاو کردن و قەدەغەییەکان، سیاسەتی برەودان بە پوکانەوەی کۆمەڵگە و کرمۆڵ کردنی کۆمەڵگە و هەروەها پەروەردەی خراپ و گشتگیر کردنی هەژاریی کلتووری و دوور خستنەوە لە واقعیەتەکانی دەسەڵاتی سیاسی و پەردەپۆش کردنی گەندەڵی ئابووری و هەروەها هەڵکشانی ئاماری دزی و تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان و بەندکراوان و نەهێشتنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، هەر ڕۆژ زیاتر خۆی دەنواند و زیاتر خەڵکی گەمارۆ دەدا و وەیشووومەی خەمۆکی کردووەتە نەخۆشینێکی گشتگیر لە هەموو ئێراندا و تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەر جێگایەک بەرکەوتەی ئەو سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی بووە.
سەرەڕای سیاسەتی گشتی ڕژێم، سیاسەتی تایبەتیشی لە سەر چینی خوێندکار و ژنان و کرێکاران و ڕووناکبیران و نووسەران و بیرجیاوازان پەیرەو کردووە کە پێویست بە ڕوونکردنەوە و ئامار هێنانەوە ناکات و هەر ئەوەندەی کە هەموومان دەزانین کە یان چالاکانی ئەو چین و توێژانەی ناچار بە هەڵهاتن کردووە یان ڕەوانەی زیندان و لێپرسینەوەی کردوون یان ناچاری کردوون کە بێدەنگی هەڵبژێرن و ملکەچ بن یان لە سووچ و کونجێکدا تەریک کەوتە و پەراوێز خراو و ئیزۆلەکراو بن.
ئەوە دۆخی نێوخۆی وڵات بوو لە بەرانبەریشدا دۆخی نێو خۆیی حیزبەکان و نێوخۆی تاکە کەسەکان، نێوخۆی ئۆپۆزسیۆنیش تەواو تووشی لێکترازان و ناکۆکی و ئینشعاب و خۆ دەرگیر کردن بە باسە تیۆریکیەکان و شەڕی دەسەڵات و هەروەها پەیرەو کردنی سیاسەتی ئینکاری لایەن و تاک و کەسایەتی و ڕێکخراو و حیزبەکانی تر بووە و وەیشوومەیەکی وەک بە خائین و ناپاک خوێندنی یەکتر، پەرتەوازەیی و بێهێزی و نەهێشتنی دەرفەتی هەستانەوە و ڕاسانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتووەتەوە و هەنووکە لە ژێر گوشاری ئەو دۆخە داین، گەرچی هەموو ڕێکخراو و حیزب و کەسایەتیەکانی دژبەری ڕژێم ئامانجی هاوبەشیان هەبووە و کەرەستەی پێویستیشیان هەبووە، دۆخی دوای ساڵی ٢٠٠٣ی ناوچەکەش دۆخێکی گونجاو بوو بەڵام مخابن نەتوانرا بەرەیەکی یەکگرتوو و بەهێز درووست بکرێت بۆ ئەوەی کە لە ئەو باردۆخەی کە ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێکەوتووە، بێینە دەرەوە، چواردە ساڵی ڕابردوو باشترین دەرفەت لە ئارادا بوو کە لە ماوی ئەم چوار دەیەی ڕابردوو وێنەی نەبوو، هەم لە باری کەرەستە و ئیمکانیات، هەم لە باری هێزی ئینسانی هیواداری ناوخۆ و خەڵکی چاوەڕوان و ئازادیخوازی ناوخۆ، هەم لە ڕووی ڕاگەیاندنی و پەیوەندیەکان بە خەڵکەوە و هەم ئەوەی کە ناوچەکە و تایبەت دۆخی ئێران و کورد بە تەواوەتی لە ژێر چاوی جیهانیان دابوو، ئەو دۆخەی هەبوو نەتەنیا نەکرا بە هەل و دەرفەت و بقۆزرێتەوە بەڵکوو لە هاوکێشەکانی ئێستای ناوچەکە هەڕەشەی جیدی هەیە کە قوربانی بوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێ بکەوێتوە.
لە ئێستادا خەڵک بە بێ هیواییەوە لە بابەتی خەباتی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڕوانێت و ناچاریش بووە کە ملکەچ بکات بۆ ئەو دۆخە بێ هیوایەی کە تێیدایە، کێ تاوانبارە؟ هەر هەموو ئۆپۆزسیۆن بە حیزب و گرووپ و ڕێکخراو و کەسایەتیە سیاسی و ڕووناکبیرو چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان لە ئاستی ئەم دۆخە تاوانبارن، هەموو وەک یەک، بەش و بڕی دەکەوێت بە کەم و زیادەوە، کەس بێبەش نییە.
بەڵام لێرەوە پرسیارێکی جەوهەری هەیە کە پێویستی بە جواب دانەوە هەیە ئەویش ئەوەیە کە ڕێگە چارەی دەرچوون لەم دۆخە نەخوازراوە چییە؟
تا وەکوو ئەم دۆخە نەخوازراوە بەردەوام بێت و هەموو کەس و هەموو لایەن و حیزبێک پێداگری لە سەر بەردەوام بوونی بکات و هەموو کەس و لایەنەکان، یەکتر تاوانبار بکەن بە بەردەوام بوونی ئەو دۆخە، دەبێ بڵێن هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بوونی نییە، بەڵام گەر بکرێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بگیردرێتە بەر و وەک نەخشە ڕێگایەک بخرێتە پراتیکەوە دەتوانین لەم دۆخە وەیشوومەیە تا ڕادەیەکی باش ڕزگارمان ببێت:
یەکەم ئەوەی کە میحوەری خەبات و ڕاگەیاندن و ڕۆشنگەری و چالاکی جۆراوجۆری سیاسی، ماف و مافی مرۆڤ، کلتووری و هونەری، ئایدیا و هزری، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت و بەس، ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئێمە پشت دەکەینە خەباتی گەلەکەمان لە پارچەکانی تری کوردستان بەڵکوو بە میحوەری کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر کەم بوونەوەی فشار لە سەر پارچەکانی تری کوردستان و لە هەمانکاتیشدا ڕۆژهەڵات لە بەلاڕێدا بردنی هێز و هزر و توانا جۆراوجۆرەکانی دەپارێزێت، لە کاناڵیزە بوونی هێزی مرۆیی و هزری، کە سەرمایەی ئەو پارچەیەی کوردستان بۆ خۆیەتی، پێشگیری دەکات، لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە داخەوە میحوەری خەبات و تێکۆشانی زۆرێک لە چالاکان و نووسەران و ڕووناکبیران و لایەنە سیاسیەکانی نییە.
دووهەم: بەفیڕۆ نەدانی هێزی کوردانی ڕۆژهەڵاتە کە دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە چەندە پارچەکانی تری کوردستان پێش بکەون بە چاوی کەملێڕوانین و سووک سەیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکەکەی دەکرێت، لە ئەگەری بەردەوام بوونی ڕەوشی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا چەندە پارچەکانی  تر پێش بکەون ئەوەندەش خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە زیاتریش تووشی پاشەکشە و نەمانی دەرفەتی گونجاو دەبێتەوە، ڕاستییەک کە ناتوانین خۆمانی لێ گێل کەین. 
سێهەم:بە داخەوە نەریتێکی زۆر نەشیاو لە نێو حیزب و چالاکانی بوارە  جیاوازەکان و کەسایەتی و تاکە کەسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هەیە کە زیاتر بووەتە هۆی پەرتەوازەیی هێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لاواز بوونی پێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەویش یەکتر قەبووڵ نەکردن ، خۆ بە زل زانین، ڕەسەن و ناڕەسەن بوونە لە نێو ئۆپۆزسیۆندا یان  بە خائین و ناپاک زانین و با خائین ناپاک  ناساندن هێز و کەسایەتی و لایەنە ئینشعابی و جیا بووەکانە کە بە داخەوە بە ماشینی گەورەی ڕاگەیاندنی و بە پەروەردەی ئایدۆلۆژیکی حیزبی و لە ڕوانگەی بەر تەسکی تاکە کەسی و حیزبی و لە کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر بەردەوام لە هەوڵدایە کە دەرفەتی لێک نێزیک بوونەوە و یەکگرتوویی و یەکبوونەوە و خەباتی هاوبەش و گەڕاندنەوەی شکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بار بەرێت، پێویستە هەموو ئەو نەریتە نەشیاوانە فڕێ بدرێن و ئاشتی نێوماڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت بە بنەما و هەوڵ بدرێت تەبایی و ئاشتەوایی بکرێتە سەردێڕی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.   
چوارەم: گەڕاندنەوەی شکۆیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە فیلتەری یەکێتی و یەکگرتووی و خەباتی هاوبەش گوزەر دەکات، رەمز و رازی گەڕاندنەوەی شکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز و یەکگرتوو و تۆکمەیە کە هەموو هێز و گرووپ و لایەن و ڕێکخراو و حیزب و کەسایەتی لە خۆ بگرێت بە بێ مەرج و پلەبەندی و ڕەسەن و ناڕەسەنی و ناوچەگەری، بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە و بە بێ دەست تێوەردانی لایەن و هێز و حیزب و کەسایەتی پارچەکانی تری کوردستان لە درووست بوونی بەرەیەکی لەو شێوەیە و تەنیا ڕۆژهەڵاتیەکان بۆخۆیان شانازی گەڕاندنەوەی ئەو شکۆیەیان بەرکەوێت کە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەگەڕێننەوە.
پێنجەم: زۆر جار لە خەباتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئامانجە ستراتیژیکیەکان لێڵ کراون و نەتوانراوە ببینرێت، بەهەڵە دوژمن خوێندنەوە، دەبێتە هۆی داڕمانی ستراکچری خەبات، ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نە تەنیا نەیتوانیوە سیاسەتە دووژمنکارانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ کاتەوە بەڵکوو لە بە ئامانج گرتنی پێگە لەرزۆکەکانی ڕژێمیش ناتەوان بووە، ستراتیژی کاری ئۆپۆزسیۆن و ورد بوونەوەی بیرمەند و شرۆڤەکارانی ئۆپۆزسیۆن، ئەوەندەی خۆی گرێداوە بە هێزی دەرەکی کە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی بێتەوە یان ڕووبەڕووی سیاسەتە ستراتژیکەکانی کۆماری ئیسلامی ببێتەوە لە دەرەوەی وڵات ئەوەندە خۆی گرێ نەداوە بە سیاسەتە ناوخۆییەکانی ڕژێمەوە کە پێگە لەرزۆکەکانی ئەو ڕژێمە بدۆزێتوە و سیاسەتی گونجاو بۆ ئیفلیج کردنی ئەو ڕژێمە بکات، دەبێ ستراتیژی کاری سیاسی و خەباتی ئۆپۆزسیۆن بە ئامانج گرتنی پێگە لەرزۆکەکانی ڕژێم و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتە ناوخۆییەکانی بێت، ئەو ڕژێمە لە ناوخۆوە دەبێ بپووکێتەوە، تەنها ئەوە ڕێگەی سەرەکیە بۆ تێکشکاندنی دوژمن و ڕزگاری گەلەکەمان. 
عوسمان جەعفەری. سکرتێری یەکێتیی دیموکراتی کوردستان/ یدک/ 



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 58
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
ژن لە نێوان ماف و حەزدا
لە موکریانەوە بۆ زەهاو , نەتەوەیەکی زیندوو
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی