ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
مرۆڤ لە نێوان دین و ئیماندا
ئارەش کەریمی
23 / 10 / 2016
مرۆڤ هیچ سەردەمێکی لە بیر نایەت کە ژیانی پەتی بووبێت لە خورافات ، ئەفسانە، ئایین و دین، ئەوە تایبەتمەندی مرۆڤە کە بە بێ هێزێکی مەعنەوی توانای ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ مەترسیەکانی ژیانی ڕاستەقینە و زیندووی خۆی و هەروەها ژیانی پاش مردنی نەبووە و بۆ خۆ ئارام کردن و دڵنیایی دانەوەی دەورووبەر و کۆمەڵگەکەی بەرامبەر بە ترسەکانی و پرسیاری ڕووداوە سروشتیەکان، ناچار بووە کە وەڵامێکی هەبێت تا بتوانێت وزەی ژیانی تێدا بێت و لە ترس و نەزانیندا نەتۆقێت.
بۆ سەرکەوتن بە سەر ترس و بۆ ئارام کردنەوە، مرۆڤ دیرۆک و ئەفسانە و ئایینە جۆراوجۆرەکانی خولقاند کە هەم بۆ دڵنەوایی خۆیی و کۆمەڵگە مرۆییەکان و هەمیش بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی مرۆیی بەکاری بهێنێت، پێویست بوو کە داهێنەری مەرامێکی ئایینی بێت کە بتوانێت ژیانی خۆی پێ ڕێک بخات و بۆ بەرگری کردن لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی کۆمەڵگەکەی لە کۆمەڵگەی دوژمن، بیانوویەکی هەبێت کە سەرەوەی هێزی بینینی گشتی بێت کە نەتوانرێت بە ئاسانی بکەوێتە بەر گومان و ڕەخنە و خۆ دزینەوە لە یاساکانی، تا هەم کاریگەری هەبێت بۆ بەهێز بوون بەرامبەر بە ترس و هەمیش ترسێنەر بێت بەرامبەر بە سەرکێشی لە یاسا و دەستدرێژی بۆ سەر مافی گشتی و بزوێنەرێک بێت بۆ بەرگری کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگە و خێڵ و نیشتمان یان هاندەرێک بێت بۆ دەستخستنی سوودی فراوانتر بە داگیر کردنی خاک و ئاوی کۆمەڵگەکانی تر لە ژێر باوەڕ و دیرۆک و ئەفسانە و ئایینی جیاواز و بە بیانووی دۆژمنایەتی خوداکان یان ئایین و دینەکان. مێژووی مرۆڤ لێوانلێوە لە ئەو جۆرە لە هەڵوێستی ئایین و دینەکان بە ئەم سەردەمەیشەوە. 
گەرچی درێژە دان بەم بابەتە پێویستی بە کردنەوەی فراوانتر هەیە بەڵام لێرە مەبەستمان کردنەوەی ئەو دەلاقەیە کە مرۆڤ لە دین و ئیماندا چۆن هەڵوێستی هەیە؟ دین یان ئیمان کامیان بەرهەمهێنی ئاسایش و هێمنی و پێکەوە ژیان و خۆشەویستین؟
لە ڕاستیدا هەموو ئەفسانە خۆرافیەکان و ئایین و دینەکان باس لە بەخشینی هێمنایەتی و تەناهی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکەن و بانگەشەی بەرهەمهێنانی خۆشەویستی لە نێوان مرۆڤەکان بە هەموو ڕەنگ و فیکرە جیاوازەکانەوە دەکەن بەڵام لە واقیع و کردەوەشدا دەبینین کە هەر لە سەرەتای مێژووەوە و بە شەڕی خوداکانی ئەفسانەکان تا شەڕی سەردەمدارانی دینە ئاسمانیەکان ژیانی مرۆڤ پڕ بووە لە داستانی شەڕ و سەرکەوتن و کوشتن و خوێنڕێژی و بە ژیانی ئەم سەردەمەشەوە دەبینین کە هەمان داستان دووبارە بووەتەوە. هەمان کوشتن و هەمان داگیر کردن و ڕاوڕووت کردنی لایەنگرانی ئایین و مەزهەبەکانی تر بووەتە بەرهەمی سەپاندنی دید و بۆچوونە دینداریەکان. دین گەرچی بەرنامەیەکە بۆ ئیماندار کردنی ئینسان بەلام لە هەمان کاتدا بووەتە کەرەستەیەک بۆ داگیر کردن و سوتاندن و کاولکاری و کوشتن و بندەست کردن و ملکەج کردن. هەموو ئەمانە دژی ئەو پەیامانەی دینەکان و مەزهەبەکانە، کە مۆژدە و بەڵێنی ژیانێکی پڕ لە تەناهی و هێمنی و خۆشەویستی بۆ مرۆڤەکان دەدات.
دین ڕوویەکی ئاشکرای هەیە کە دەتوانێت ڕاست بێت یان هیچ ڕاستیەکی تێدا نەبێت، دەتوانێت کەسی دیندار ڕاستگۆ بێت یان هیچ باوەڕی بە دین و بەرنامە دینیەکان نەبێت و تەنیا لە بەر قازانج و بۆ گەیشتن بە مەرامی دڵخوازی تاکە کەس و گرووپ دین وەک کەرەستەیەک بەکاربێنێت و بە ئاشکرایش ئەرکە دینیەکان جێبەجێ بکات، لێرە تەنها بەرهەمی تاکی دیندار و کردار و کردوەی و ئامانج و دەستکەوتەکانی دەرخەری ئەو ڕاستیە دەبێت کە پەیامی ئایین و دینەکەی چۆناوچۆن دەگوازێتەوە بۆ هێمنایەتی و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکەن بە هەموو ڕەنگ و دەنگ و فیکرە جیاوازەکانیەوە.
زۆر جار کە باس لە دین دەکرێت باسی ئیمانیش دەکرێت، دین ڕووی ئاشکرای هەیە کە ئەرکەکانی دەبێ بە ئاشکرا کردەوەیی بکرێت و کرداری بەرهەستی هەیە و ڕۆژانە دەبینرێت کە کەسەکان ڕایی دەکەن، بەڵام ئیمان لە ڕاستیدا بابەتێکی تەواو جیاوازە لە کردەوەی ئاشکرا و بەرهەستی بوون، ئیمان لە دڵدایە و دیار نییە بەڵام بە هەمان شێوە کە دینەکان بەرهەمی بەرهەستیان هەیە لە کۆمەڵگەدا بە هەمان شێوە ئیمان بەرهەمی هەیە کە تاکەکان بەرجستەی دەکەنەوە ئەویش هێمنایەتی کەسی ئیماندار و بوونی خۆشەویستی بۆ هەموو گیاندار و خولقێنراوێکە کە لە کردەوە و کردارە بەرهەستەکانی کەسی ئیماندار دەر دەکەوێت و خاوەن ڕەوشتێکی دەکات کە خۆشەویستی و بەزەیی و ڕێز دەبێتە سەرەکیترین و دواهەمین هەڵوێستی لە هەڵسووکەوتی لە گەڵ هەموو مرۆڤ و گیانلەبەر و ژینگەیدا. لێرەدا مرۆڤ نرخی خۆی دەبێ بزانێت لە نێوان دین و ئیماندا، دین وەک کەرەستە و ئیمان وەک ئامانج، کامیان دەتوانێت خولقێنەری خۆشەویستی و هێمنی و تەناهی بێت؟ 



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
هەنگاوی بەرەو دوا
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی