ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بۆ چی دژی هەڵگرتنی بڕیاری سێدارەیە؟
خەلیل محەمەدی
30 / 9 / 2016
لە ماوە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە لایەن هەندێک لە پارلەمانتارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، پرۆژە یاسایەک ئامادە کرا کە تێیدا پێشنیاری ئەوە کراوە کە بڕیاری لە سێدارە دانی قاچاخچیەکانی مادە هۆشبەرەکان بۆ حوکمی هەتاهەتایی کەم بکرێتەوە، بەڵام ئەو قاچاخچیانە ناگرێتەوە کە بە چەک بەرەنگاری هێزە ئەمنی و پۆلیسیەکانی ئێران دەبنەوە.
سەبارەت بەم پرسە، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران، سادێق لاریجانی، بەرپەرچی ئەو داواکاریە دایەوە و دژایەتی خۆی بۆ ئەو پێشنیارە ڕاگەیاند و وتی: هەندێک باوەڕیان وایە کە لە سێدارەدان هیچ قازانجێکی نەبووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو بۆچوونە هەڵەیە چونکوو ئیعدامەکان و سەختگیریەکانی دەزگای داد نەبوایە ئەمڕۆ مادە هۆشبەرەکان لە دووکانی عەتارەکانیش دەفرۆشرا."
دیارە کە ساڵانە بە سەدان کەس لە بن دەسەڵات و بە بڕیاری یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران حوکمی ئیعدامیان بە سەردا دەسەپێت کە لە ناویاندا تاوانبارانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان لە پلەی یەکەمدا دێن و نێزیک بە دوو لە سێی ئیعدامیەکان تاوانبارانی ئەو جۆرە بازرگانیەن، بەڵام لە پاڵی ئەوانیشدا چالاکانی سیاسی و مەدەنی و مافخواز و بیرجیاواز لە سێدارە دەدرێن کە زۆر جار لە گەڵ تاوانبارانی مادە هۆشبەرەکان پێکەوە لە سێدارە دراون.
ئاماری سەدان کەسی لە ئیعدامەکان فشارێکی فراوانی خستووەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییە مافی مەرۆڤیەکان و هەروەها لە ناوخۆشدا ناڕەزایەتی لە سەر ئەو هەموو ئیعدامە هەیە، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە بێ گوێدان بە گوشارە نێو نەتەوەییەکان هەر ساڵە زیاتر لە ساڵانی پێشووتر سزای لەسێدارەدان دەردەکات و جێبەجێیشی دەکات.
دیارە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران باش دەزانن کە جێبەجێکردنی ئەو هەموو سزای ئیعدامە، تەنیا گوشارە نێونەتەوەییەکان و ڕای جیهانیان سەبارەت بە تاوانباری کۆماری ئیسلامی زیاد دەکات بەڵام لە هەمانکاتدا سوورن لە سەر جێبەجێکردنی سزاکان کە ئەویش چەند هۆیەکی زۆر سادە و ڕوونی هەیە:
یەکەم ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕای دەرەوە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە مەترسی لە سەر خۆی نازانێت و چوار دەیەیە کە کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی ئیمتحانی خۆیانیان داوتەوە لەو بارەیەوە.
دووهەم ئەوەی کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتێکی فەرمی و شاراوەی هەیە بۆ گیرۆدەکردنی خەڵک بە مادەی هۆشبەر و خەساندنی ئەو کۆمەڵگەیە کە بەرامبەر بە ستەم و نابەرابەری و گەندەڵی دەسەڵات دەنگێکی ناڕەزایەتی مەترسیدار بوونی نەبێت و بۆ دەمکوت کردنی ئەو کەسانەی کە باس لەو سیاسەتە نگریسەی کۆماری ئیسلامی دەکەن ئیعدام کردنی کەسانێک کە دەرەوەی دەستنیشانکراوەکانیان مامەڵە وبازرگانی بە مادە هۆشبەرەوە دەکات وەک سیاسەتی توند و تۆڵ بەرامبەر بە مادە هۆشبەرەکان بە کاری دێنن و خۆیان لە گیرۆدە کردنی خەڵک بە مادەی هۆشبەرەوە بێبەری نیشان دەدەن.
سێهەم ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئیعدام کردن بۆ چاو ترساندنی خەڵک و نمایشی سیاسەتە ترسێنەر و بێ بەزەییانەی خۆی بەرامبەر بە نەیاران و کۆمەڵگەی ئێران بە کار دێنێت. زاتی خەڵک ناهێلێت و کۆمەڵگەیەکی خەسێنراو بەرهەم دێنێت.
چوارەم ئەوەی کە کاربەدەستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باش دەزانن گەر بێتوو سزای لە سێدارەدانی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان هەڵوەشێننەوە ئەم جارەیان تەواوی چاوی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ناوخۆیی دەچێتە سەر گیراوانی سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤ و ماف خواز و بیر جیاواز و دژبەرانی ئەو سیستەمە و ئەوەش بۆ کۆماری ئیسلامی مەترسیەکی گەورە دەبێت و ڕای خەڵک بۆ لای گیراوانی سیاسی ڕادەکێشێت و مەترسی ناڕەزایەتی گشتی لێ دەکەوێتەوە و تەمەنی ئەو ڕژێمە کورتتر دەکاتەوە.
دەکرێت ئامانجی جۆراوجۆر هەبن بۆ ئەوەی کە سرۆکی دەزگای دادی ئێران دژی لابردنی سزای ئیعدام  بێت بۆ بازرگانان و قاچاخچیەکانی مادە هۆشبەرەکان بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان بۆ خۆیان هەم زیانەکانی دەزانن و هەمیش سوودەکانی بەڵام لە سێدارەدان تەنیا تەمەنی ئەو ڕژیمە درێژتر دەکات و دژە ئینسانی بوونی هەرگیز ناشاردرێتەوە، دەمکوت کردن و ترساندنی خەڵک و کوشتاری نەیارانیان دەبێ بە پەردەیەک بپۆشرێت کە هەموو جیهان بە مەترسی دەزانن و لە لایەن زۆرینەی خەڵکیشەوە بە تاونبار دەزانرێن و حوکمی سێدارە بۆ ئەوان بە ڕەوا دەزانرێت، ئەوانیش قاچاخچیەکانی مادە هۆشبەرەکانن. 



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
هەنگاوی بەرەو دوا
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی