ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
سیاسەت و چەمكی ناپاكی/ لە نێوان بكەر و بەكار هێنەرانی لە جیهانی سیاسەتدا
ئارەشی كەریمی
22 / 9 / 2015
بەشی یەكەم

كێ ناپاكە و ناپاكی ستەم لێكراو كێیە؟
ووشە ناپاكی و خیانەت، یەكێك لەو ووشانەیە كە بە زۆرینەمان بیستوومانە و زۆرجار لە كۆمەڵگە و لە پەیڤی ڕۆژانەماندا دەیبیسین و لەوەیشە كە بە كاری بێنین، ئەم ووشەیە لە زۆر جێگا و بۆ زۆر مەبەست بە كار دێت و بكەر و بەكار هێنەری هەم وەك كردەوە و هەمیش وەك ناو و ناونیتكە و هەمیش وەك تاوانبار كردن و تاوانبار ناساندن, بۆ زۆرێ لە پەیوەندیە كۆمەڵایەتی، ئابووری، كلتووری، سیاسی و ئایینی و مەرامی و باوەڕمەندیەكان بە كار دەڕوات و لە لایەن گشتیەوە وەك كردەوەیەكی خراپ و ئەوپەڕی خراپی دەستنیشان كراوە و كەسی تاوانبار بە ناپاكی هەمیشە ڕووبەڕووی سزای مەرگ و كارەساتی كوشتن و زیندانی و بەند بوون بووەتەوە . زۆرمان بیستووە كە ناپاكی تەنانەت لە پەیوەندی هاوسەرێتی و بنەماڵەییدا مەرگ و كوشتن و شەڕ و ئاژاوەی گەورە بە دوای خۆیدا هێناوە و زۆرینەی كێشە كۆمەڵایەتیەكان دەگەڕێتەوە بۆ ناپاكی لە سۆز و هەست و ئەوینو سڕ و ڕازی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە كە گەرچی زۆرینەی كێشەكان ناگاتە ئاستی مەترسیداری وەك كوشتن بەڵام ئاژاوەی گەورە و تۆران و لێك جیابوونەوە و بوون بە دوژمنی كاتی یان هەتاهەتایی لێ دەكەوێتەوە. ئەو شێوە لە دەر ئەنجامی ناپاكی لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان چوونكوو گرێدراوی هەست و سۆزە و كەمتر پەیوەندی بە فیكر و هزری سیاسیەوە هەیە دەرەوەی شیكردنەوەی ئێمەیە و شی كردنەوەی كایە كۆمەڵایەتیەكان و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان جێ دەهێڵین بۆ پسپۆڕانی ئەو بووارە، بەڵام ئەمەوێت چەمكی ناپاكی لە سیاسەتدا بهێنمە بەر باس و لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە باسی ناپاكی لە سیاسەتدا بكەم.
جیهانی سیاسەت, جیهانێكی ئاڵۆز و بەرفراوانە كە پانتاییەكەی بە بڕوای هەندێك لە زانایان , هەموو كایەكانی ژیان دەگرێتەوە و چارەنووسی مرۆڤ گرێدراوی سیاسەتە و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا هەڵسووكەوت و كرداری ڕۆژانەی و پەیوەندیە كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیەكانی بە بەردەوام تەمرین كردنی سیاسەتە و سیاسەت بەكار دەبات لە هەموو پەیوەندی و كردار و ووتاری ژیانی تاكە كەسی خۆیدا. هەر بۆیە سیاسەت و بەرژەوەندی تاكە كەسی تا ڕادەیەكی فراوان تێكەڵ بە یەكترن بەڵام ئەوە بەو واتایە نایەت كە هەر كەسێك سیاسەتی كرد كەسێتیەكی خراپی هەیە و لە مرۆڤ بوون دەرچووە چوونكوو هەموو مرۆڤێك بە دوای بەرژەوەندی خۆیەوەتی و تە نانەت لە بەرژەوەندی گشتیكانیشدا هەرگیز حەزی بە پشت گوێ خستنی بەرژەوەندیەكانی خۆی نیە و بگرە زۆر كەس بەرژەوەندی خۆیان لە بەرژەوەندی گشتیدا دەبیننەوە وەك ئەوەی كە لە جیهانی ململانێ سیاسیەكاندا ڕوو دەدات و سەركەوتنی گرووپ و نەتەوە و چینێك لە بەرژەوەندی ئەو كەسانە دایە كە چالاكن لەو بوارەدا و بە ناوی ئەو چین و گرووپ و نەتەوانەوە یان بە ناوی چەمكێكی بەرفراوانتری جیهانگیریەوە چالاكی سیاسی دەنوێنن و ململانێی گرتنە دەستی دەسەڵات دەكەن یان لە دەسەڵات دان و بەرگری لە پێگە و دەسەڵاتی خۆیان دەكەن. 
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێك بكەم كە شایەت لە لایەن خوێنەرەوە وا هەست بكرێت كە لەم نووسراوەدا هەوڵی ئەوە ئەدەم كە كەسە بەرژەوەندیخوازە تاكە كسییەكان پاك بكەمەوە لە تاوانبار بوون بە گەندەڵی و تاك ڕەوی و ستەمكاری و قورخكاری و پاشقۆلگیری ، نە بە دڵنیاییەوە ئەوەنیە و بە هیچ شێوەیەك ڕەوایی بە كەم تەرخەمی و كۆیلە بوون و كەڕ و كوێر بوون نییە بەرانبەر بەو كەسانەی كە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا و لە پێگەی دەسەڵاتدا تووشی گەندەڵی و ستەمكاری و قۆرخكاری و بەرژەوەندیخوازی تاكە كەسی و گرووپی دەبن و بەرانبەر بە متمانەی خەڵك و گەل كە ئەوانیان هەڵبژاردووە بۆ ڕێبەرایەتی كردن و ڕاپەڕاندن و بەڕێكردنی كاروباری وڵات و خەڵك، تووشی لارە ڕێیی و هەڵە بوون دەبن و متمانەی خەڵك بۆ بەرژەوەندی تاك و تاقم بەكار دێنن كە بە هیچ شێوەیەك پەسەند نییە و دەبێ لێپێچینەوەیان لێ بكرێت. دیارە ئەو جۆەر كەسانە و ئەو جۆرە دەسەڵاتدارانە كە بەرامبەر بە متمانەی خەڵك ، بە ناڕەوا ئەو پێگەیەیان بەكار هێناوە دژی بەرژەوەندی گشتی ئەوا ئەتوانین بڵێین كە ئەو جۆرە كەسانە ناپاكن. 
هەر وەها دەبێ بوترێت ئەوانەی كە بەرانبەر نیشتمان و نەتەوەكەیان و بەرانبەر بە بەرژەوەندی گشتی تووشی لارەڕێیی دەبن و دەبنە هاوكاری دوژمنانی گەلەكەیان و نیشتمانەكەی خۆیان ئەدەن بە دەستی دۆژمنەكەیانەوە و خەڵكەكەی خۆی دەكاتە كۆیلە و دیلی دەستی ستەمكاران و دۆژمنانی دەرەكی و داگیركەرانی وڵاتەكەی ئەوە بە دڵنیاییەوە لە قامووسی سیاسیشدا پێناسەی ناپاكی هەڵدەگرێت و بە هیچ پاساوێك ناتوانرێت ئەوانەی كە هاوكاری دوژمنانی گەلەكەی خۆیانیان كردووە و لە بەرژەوەندی دۆژمنانی نیشتمانی دا چووبێتە بەرەی دۆژمنەوە پشتی لە نیشتمان و خەڵكەكەی كردبێت یان بووبێت بە سیخۆڕی دۆژمن و هاوكاری زانیاری دۆژمنی دەرەكی كردبێت پاكانەیان بۆ بكرێت یان پشتگیری ئایدیایی و فیكری و سیاسیان بۆ كۆ بكرێتە ، یان ئەوەی كە هەوڵ بدرێت لە سۆزی گشتی یان چینێك لە كۆمەڵگە كەڵك وەر بگیردرێت بۆ پشتیوانی دەربڕین لە كەس یان كەسانێك یان ڕەوت و تاقم و گرووپ و حیزبێك یان تەنانەت دەسەڵاتیكی سیاسیش كە دەستی تێكەڵ كردووە لە گەڵ دۆژمنانی دەرەكی گەل و نیشتمان بۆ بە دەستهێنانی بەرژەوەندی تایبەت یان بۆ بەدەسەڵات گەیشتن یان لە سەر كوورسی دەسەڵات مانەوە كە بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو دەست تێكەڵ كردنە لە گەڵ دۆژمنانی نیشتمان و گەل كرابێت و دژی بەرەژەوەندی گشتی وڵات و نیشتمان و خەڵك هاوكاری دۆژمنی دەرەكی كرابێت، ناپاكیە .
بەڵام هەن كەسان و گرووپ و حیزبێك كە لە مململانێ ناوخۆییەكاندا تاوانبار كراون بە ناپاكی كە بە مەرامی سیاسی بووە بۆ وەلا نانیان و ستەمیان لێ كراوە , دەمەوێت تیشك بخەمە سەر تاوانبار كردنی كەس و لایەن و گرووپێك لە نێو كایەیەكی سیاسی ناوخۆیی و دەسەڵات و ململانێیی فیكری نێو خۆیی هێزە سیاسیەكانی وڵات و نەتەوەیەك و لە ململانێ ناوخۆییەكاندا ووشە ناپاكی لە نێوان بكەر و بەكار هێنەرانی دا تاوتوێ دەكەین .
لە نێو كایە سیاسیەكاندا ئەبێ ئەوە لە بەرچاو بگیردرێت كە كە سەدان جۆر فیكر و ئایدیا بۆ گەشتن بە بەختەوەری مرۆڤ بوونی هەیە و وەك چۆن ئایینەكان بانگەشە بۆ خۆیان دەكەن كە جیهانبینیەكانیان بۆ بەختەوەری مرۆڤە ، هەموو ئایدیا و فیكرە سیاسیەكان لە جیهانبینی خویاندا باس لە بەختەوەری مرۆڤ و بە ئامانج كردنی درووشمی دابین كردنی ژیانێكی باشتر و شایستە تر بۆ مرۆڤ لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و نوێ بوونەوە و گۆڕانكاری و هەڵبژاردنی ڕێگای تر لە مەودای بە دنیا هاتنی ئەو جیهان بینیانەیە تا سەردەمی ئەوڕۆكانە.
ئەوانەی كە بەدواداچوون بۆ دەسەڵاتە سیاسی و هەروەها مێژووی فیكر و ئایدیا سیاسیەكان دەكەنەوە لە گەڵ ڕاستییەك ڕووبەڕوو ئەبنەوە كە ئەو فیكرانە لە قۆناغێكدا گالتە ئامێز یان شۆرشگێڕانە یان ناپاكانە یان كفرئامێز بوون، زۆرینەی ئەو فیكر و هزر و فەلسەفە و ئایین و تەنانەت زانستیش لە قۆناغی دەست بە كار بوون و گەشە سەندنیاندا لە لایەن فیكر و هزر و ئایدیا و ئایینە دەسەڵاتدار و باوەكانی پێشووتر و سەردەمیەوە تاوانبار كراون بە لە ڕێدەرچوو و وێڵبووی ڕێگای ناڕاست و لە هەمووی گرینگتر خاوەن فیكر و هزری نوێ و لایەنگرانی تاوانبار كراون بە ناپاكی و سزای قورس دراوون و مێژووی شارستانیەتی مرۆڤ پڕە لە ڕاستیەكانی ئەم بۆچوونە. ئەوەی كە زیاتر خەڵكی پێ تاوانبار كراوە جیاوازی بیر و باوەڕ و دژەباو بیر كردنەوە و هێنانە كایە فیكر و جیهانبینی و زانستی نۆی بووە و ئەو شێوە لە تاوانبار كردنە بە ناپاكی نە تەنیا لە لایەن ئایین و هێزە دەسەڵاتدارەكانەوە پەیرەو كراوە بەڵكوو جیاوازی جیهانبینی سیاسی و فیكری  و شێوەی ڕێكخستنی حیزبی و شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك و ڕێبەر و هەوەها شێوەی دەسەڵاتدارێتی لە وڵات و بەڕێ كردنی كار و باری حكومەت و سیاسەتی گشتی وڵات ، بووەتە هۆی سەپاندنی حوكمی ناپاكی بە سەر كەس و گرووپ و لایەنێك كە ویستوویەتی جیاواز بیر بكاتەوە و ڕەخنەی لە قۆناخی هەنووكەیی هەبووە و ویستوویەتی گۆڕانكارییەكی جیدی درووست كات یان خراپەیی و ناڕێكوپێكی هێڵی سیاسەتی گشتی خستوەتە بەردەم ڕای گشتی یان ڕوونكەرەوەی هەڵە ستراتیژیكیەكانی داموودەزگای حاكم بوە كە حاكمیەتەكە و دەسەڵاتدارێتیەكە لە نێو حیزب یان لە نێو رێكخراوێكی نادیموكراتیك یان وڵاتێكی ژێرستەمی ستەمكاری و توتالیتەر و ئەو نمونانەی تر لە دیكتاتۆری ئایینی و یان هەر ئیزمێكی تر بووە یان هەیە كە لە هەنووكەشدا بوونیان هەیە.
کۆتایی بەشی یەکەم



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 58
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
لە موکریانەوە بۆ زەهاو , نەتەوەیەکی زیندوو
زەویلەرزەیەک بۆ ڕووت دەرکەوتن
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی