ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
هەڵهاتن لە مردن بەرەو مردن
*********************
3 / 9 / 2015
وینەی خنكاوی ئایلان ، منداڵە كوردەكەی خۆرئاوای كوردستان لە كەنارە ئاویەكەی دەریای ئیژە، نەتەنیا كورد بەڵكوو هەستی هەموو مرۆڤێكی بەویژدانی جووڵاند، ئەو منداڵەی كە قوربانی جەنگێك بوو كە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە سووریا هاتە دونیا و هەر نەیشیزانی بۆ دەبێ ببێتە قوربانی و بوو بە جەستەیەكی بێتاوانی خنكێنراوی یاری گەورە سیاسیەكان و گەورە پیاوانی ئایینی خۆرهەڵاتی ناوینی لانكەی ئایینە بەبەزەییەكانی مرۆڤایەتی.
وێنەی ئەو منداڵە بە خنكاوی لە نێو ئاو، وێنەیەكی بچووكی ئەو جیهانە پڕلە تاوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە كە جیهانێك لە جینایەت و ستەم و كوشتن و دەستدرێژی تێیدا خولقێنراوە، ئەو دیمەنانەی كە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ڕووی هەموو دنیادا بڵاو دەكرێنەوە خولقێنراوی یاریە سیاسیەكان  و بەرژەوەندیخوازیەكانی زلهێزانی جیهان و ناوچەكە و خۆسەپێنی و دیكتاتۆریەت و خۆێنمژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، دیمەنی جەسەتەی مردوو و بێگیان و خنكاوی ئایلان و هەزارانی تری خنكاوی نێو ئاوی دەریاكان و جەستەی بریندار و هەلار هەلار بوو و پارچە پارچە بووی هەزارانی تری نێو وشكانی و شار و گووند و بیابان و كێو و دۆڵ و نشێوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پەڵەیەكی ڕەشی مێژووییە بە نێو چاوانی دەسەڵاتدارانی ڕژێمە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە و پشتیوانەكانیان و هەروەها بێ كارامەیی كۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی بۆ یەك لا كردنەوەی كێشە و گرفتە سیاسیەكان نیشان دەدات.
ئەوڕۆكانە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، خنكێنراوی قین و نەفرەتی دەسەڵاتی سیاسی و شەڕی توندڕەوە ئایینیەكانە، گەرچی سەرەتای سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی وڵاتانی عەرەبی و بەهاری عەرەبی وا هەست ئەكرا كە شەپۆلێكی نوێ لە گۆڕانكاری هیوابەخش ڕووی لە ناوچەكە كردووە و ئەكرێت وەك سەرەتایەك بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی لە سیستەمە عەرەبیە دیكتاتۆریەكانەوە بۆ دەسەڵاتێكی دیموكراتیك لە سەر ڕاپەڕینی خەڵك پێك بێت بەڵام هەر زوو نیشانەی ماڵوێرانیەكی تر و كاولكاریەكی بەرفراوان لە ناوچەكە دەركەوت كە ئەویش مل نەدانی دیكتاتۆرە خۆسەپێن و خۆێنڕێژەكان و سەرهەڵدان و بووار بۆ ڕەخسینی توندڕەوە ئایینیەكان و خولقاندنی ئەو گۆمە خۆێنەیە كە ئەوڕۆكانە دەبینین هەموو گەلانی ناوچەكە تێی كەوتوون و پەلەقاژەكان بۆ دەرچوون لەو گۆمە خوێنە وێنەی ئایلانی و ئەوانەی تری خنكاوی نێو دەریای ئاوەكانمان پێ نیشان ئەدات.
وێنەكەی ئایلانی كووبانی تابڵۆی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە سیاسیەكانی ناوچەكەیە، ئەو دەسەڵاتانەی كە هەموو تاوانێك دەكەن و هەموو تاوانێك بە ڕەوا دەبینن بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات، هەموو تاوانێك بە ڕەوا دەزان بۆ مانەوەی هاوپەیمانە سەركوتكارەكانیان، تابلۆیەكی ڕاستەقینەی ئینسان دۆستی ئەو توندڕەوە ئایینیەیە كە تەنها ژیان بە مافی خۆی دەزانێت و ئەوانی تر جێگایەكیان لە سەر ڕووی ئەو زەویە نییە. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كراوە بە گۆڕەپانی مەرگ و مردن، ئایلان و ئایلانەكان لە مەردنەوە بەرەو مردن هەڵهاتن و هەڵدێن و بەردەوام دەبێت تا ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرانەی ناوچەكە بوونیان هەبێت، تا ئەو كاتەی توندڕەوی ئایینی دەرفەتی بۆ كوشتن و بڕین هەبێت، تا ئەو كاتەی كە تیرۆر و ترساند و خەساندنی عەقڵی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت.
هەڵهاتن لە مردن بۆ مردن كۆتایی پێ نایەت تاكوو دەسەڵاتە سەركووتگەرەكانی ناوچەكە بوونیان هەبێت ئەو دەسەڵاتانەی كە بۆ مانەوەی خۆیان هەموو ڕێگا یەك دەگرنە بەر، هەڵهاتن لە مردن بۆ مردن كوتایی پێ نایەت تاكوو بەهێز كردنی هێزە تیرۆریستیە توندڕەوە تاریكپەرەستەكان بەردەوام بێت و بۆ مەرامی تایبەتی بە كار بهێنرێن، هەڵهاتن لە مردن بۆ مردن بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی كە كۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی و ڕێكخراوە نێو نەتەوەیی و زلهێزەكان ڕێگا چارەیەكی گونجاو بۆ كۆتایی پێ هێنانی كێشە سیاسیەكان نەدۆزنەوە، بەڵی هەڵهاتن لە مردن بۆ مردن كوتایی پێ نایەت تاكوو شۆڕشێكی زیهنی و فیكری لە كۆی كۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونەدات لە سەر بنەمای دیموكراسی و گیانی یەكتر قەبووڵ كردن و بەرابەری و ئاشتی و فرە ڕەنگی.  

 


بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 58
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
لە موکریانەوە بۆ زەهاو , نەتەوەیەکی زیندوو
زەویلەرزەیەک بۆ ڕووت دەرکەوتن
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی