ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
ستراتیژی خۆلقاندنی ترس لە كۆماری ئیسلامی ئێران/ بەشی یەكم
هاوار مۆدەبێر
27 / 8 / 2015
لە بابەتێكی پێشووترم دا لە ژێر ناوی " كۆمەڵگە و سیستەم و ترس " تا ڕادەیەك باسی ڕەوتی مێژوویی درووست بوونی كۆمەڵگە و سیستەم لە ژێر كاریگەری ترس و بۆ زاڵ بوون بە سەر هەڕەشەكانی ژیاندا باس كرد و هەر لەو بابەتەشدا باسی درووست بوونی مەترسیەكی نوێ بۆ سەر ژیانی تەناهی و هێمنی مرۆڤ لە ژێر هەمان سیستەمی دەستكردی مرۆڤ بۆ خۆیم كرد كە گەر سیستەمێك ئاخێزگەكەی تەنیا دەسەڵاتێكی سەپێنراو و بێ جەماوەر بێت ئەوا ناچارە كە ڕێگەچارەی توندو تیژی و سەركوتكردن بۆ كپ كردنی نەیار و دواجار خەساندنی كۆمەڵگە بگرێتە بەر كە دیسان ترس وەك دێوزمەی سیستەمی دەستكردی سیاسی و خۆكردەی مرۆڤ سێبەری لە سەر ژیانی تەناهی و هێمنیدا دەمێنێتەوە.
لێرەدا دەمەوێت بچمە سەر سیستەمێك كە هەنگاوەكانی خۆی بۆ خەساندنی كۆمەڵگەی بن دەستی خۆی بە بەكار هێنانی چەندین جۆر كەرەستەی ترساندن پتەوتر كردووە و توانیویەتی لە سەردەمی مۆدێڕنی ئەوڕۆییدا و لە بەر ڕووناكی و لە بەرچاوی هەموو جیهانیانەوە نێزیك بە چوار دەیە لە حوكمڕانی خۆی بەردەوام بێت و سەرەڕای هەموو گووشار و بەڵێننامە نێونەتەوەییەكان، بە هەمان هەناسەی ستەمكارییەوە، هەروەك چۆن لە سەردەمی سەركەوتن و قۆرخكردنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیدا هەڵسووكەوتی كردووە ، درێژە بە سیاسەتە تۆتالیتاریستیەكەی بدات.
سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی كوورسی نشینانی هەمیشەیی كۆماری ئیسلامی ئێران, سەرتایەكە پڕ لە تیرۆر و كوشتن و بەند كردن و بێ سەروشوێن كردن و بزر كردنی مرۆڤە ئازادیخواز و بیرجیاوازەكان و ڕێبەرانی هێز و ڕەوتە فیكری و سیاسیەكانی تر و هەروەها كەسایەتیە خۆشناو و خاوەن پێگە كۆمەڵایەتی، كە باوەڕی سیاسی و ئایدیاییان لە گەڵ خۆسەپاندنەكانی دەسەڵاتە تازە پێگەیشتووەكەدا نەدەهاتەوە و یەكیان نەدەگرتەوە, هەر بۆیە دەبینین كە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بە هەست كردن بەوەی كە خۆسەپاندن بە ئاسانی ناكرێت و ناتوانن حوكمی وڵاتێك بكەن كە پڕە لە پێكهاتەی جۆراوجۆر و فكر و هزری جیاواز و ڕەنگالەی جیاواز ، ستراتیژی ترس و خولقاندنی ترس دەكەنە بەرنامەی كاری سەرەكی دەزگا ئەمنی و سەربازیە جۆراوجۆرەكانیان و لە سەر خولقاندنی ترس لە نێو هەناوی كۆمەڵگەی ئێرانی دەیان سەنتەری لێكۆڵینەوە و دەیان دامودەزگای سیخوری دەكەنەوە و بۆ دوور كردنەوەی جەماوەری وڵات لە بیر كردنەوە و پرسینەوە لە ئەرك و كاری دەسەڵاتداران چەندین جۆر لە خەڵك خەریك كردن بە كاری لاوەكیوە كراوەتە ڕێكاری بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی لە سیاسەتی گشتی حكومتدا و هەموو دەزگا ئەمنی و پۆلیسیەكانی و هەروەها ماشینە گەورە پڕوپاگەندەكەی خراوتە خزمەت و پاڵپشتی لەو ڕێكارگەلە كە وەك ستراتیژی بەرەنگار بوونەوەی دوژمنانی حكومەتی ئیسلامی پێناسەیان بۆ كراوە و هەموو هەوڵێكی بۆ دراوە كە سیپاڵی پۆلیسی و ئەمنی بكرێت بە بەری ڕۆحی كۆمەڵگەدا و هەر جۆرە جووڵەیەك بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حكومەت بەو شێوەیە لە توخمدا بخنكێنرێت.
یەكێك لەو ستراتیژانەی كە حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران پەیرەوی كردووە بۆ چەوساندنەوەی خەڵك و سەرقاڵ كردنیان بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە, ستراتیژی پەرەپێدانی نابەرابەریە كە خەمی نان و خەمی بژێوی دەرفەتێك بۆ باس كردنی داخوازییە سیاسیەكان ناهێڵێتەوە و خەڵك ئەوەندەی كە خەمی بژێوی خۆی دەبێت ئەوەندە بیر لە كەسی خاوەن دەسەڵات و ئاستی دەسەڵاتەكانی ناكاتەوە بگرە زۆرینەی خەڵك بۆ دەرباز بوون لە دۆخی نەداری و بۆ بژێوی باشتر ناچار دەبن كە مل بۆ سەركێشیەكانی دەسەڵات بدەن و خۆیان لە دەسەڵات نێزیك كەنەوە و چاوپۆشی و پەردەپۆشی و هەروەها پاسەوانی دەندەڵی دەسەڵاتدارانیش بكەن. پەرە پێدانی نابەرابەری ئابووری و سیاسی و كلتووری یەكەم خانەی خولقاندنی ترسە كە چوارچێوەی تەناهی و ئەمنی و هێمنی كۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات و  ترس لە ناخی تاك و كۆمەڵی كۆمەڵگە دا درووست دەكات كە كەس خۆی بە خاوەن سامانی گشتی نازانێت و هەر كەسەو لە هەوڵی بەرژەوەندی تاكە كەسی و خێزانی و ڕەوتی خۆیدا دەبێت و دەسەڵاتی پەرە پێدەری نابەرابەری تەنیا وەك پۆلیسێك بۆ دابین كردنی ئاسایشی گشتی خەڵك دەر ئەكەوێت و خۆی نمایش ئەكات.
كۆتایی بەشی یەكەم



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
بەیاننامەی سیانزەهەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی