ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
مادەی هۆشبەر و ئاسایشی كۆمەڵایەتی ، دوو ئامرازی گەوجاندن و ترساندنی گشتی / بەشی سێهەم و کۆتایی
محەمەدی خۆشچێهرە
29 / 5 / 2015
ئاسایشی كۆمەڵایەتی و مادەی هۆشبەر
ئەوڕۆكانە لە ئێراندا كە باسی ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكرێت یەكسەر مادەی هۆشبەر و پۆلیس و دامودەزگا ئەمنیەكانی حكومەت دەكەوێتە چەقی باسەكە و پۆلیس وەك فریادڕەسی كۆمەڵگەی ئێران وێنا دەكرێت كە گەرچی تاوان و تاوانكاری  زۆر و زەبەن بووە بەڵام پۆلیسیش بەهێز بووە و تا ڕادەیەك توانیویەتی بە گژی تاوانباراندا بچێتەوە. خوێندنەوەی زۆر هەڵ دەگرێت كە بۆچی پۆلیس ئەوەندە بەهێز كراوە و بۆچی تاوان و تاوانكاری فراوان بووە و ئاسایشی كۆمەڵایەتی بە هەبوونی ئەو هەموو تاوانە چ واتایەكی هەیە و ئاسایشی كۆمەڵایەتی چ كاریگەرییەكی لە دەزگا ئەمنی و سەركوتگەرەكانی كۆماری ئیسلامیدا هەیە؟ پرسیار فراوانە و بۆچوونیش لەو بارەوە فراوانە بەڵام لێردا بۆ چوونە نێو قووڵایی باسەكە پێویستمان بە ڕوونكردنەوەی چەمكی ئاسایشی كۆمەڵایەتی هەیە و هاوكات دەبێ ئەوە وە بیری خوێنەر بهێنینەوە كە پۆلیس لە ئێراندا تەنها وەك هێزێكی تۆقێنەر خۆی نیشانداوە و لە هەموو ناڕەزایەتی دەربڕینەكاندا گورز و گۆپاڵیان لاشی خەڵكیان شین و مۆر كردووەتەوە.
ئاسایش یانی هەست نەكردن بە مەترسی و نەبوونی مەترسی بینراو و نەبینراو، مەترسی بینراو یانی ئەو مەترسی و هەڕەشانەی كە لە سەر جەستە و بوون و دارایی و سەرمایەی تاكە كەسی و كۆمەڵ بوونی هەیە و مەترسی نەبینراویش یانی ئەو هەڕەشەیەی كە لە سەر شووناس و باوەڕ ، بوونی هەیە و ئازادیەكانت بەرتەسك دەكاتەوە و لە باری دەروونی و فیكریەوە دەتخاتە حاڵەتی دڵەڕاوكێی و نگرانیەوە. 
بە پێی پێناسەیەك كە لە سەر وشەی ئاسایش كردمان بۆ پێناسە كردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەتوانین بڵێین نەبوونی هەر جۆرە مەترسیەك بەرابەر بوونی فیزیكی و زەینی و ئەو باوەڕە كۆمەڵایەتیگەلەی كە بوونیان هەیە و بە ئازادانە دتوانرێت خۆیان بنوێنن.
لە كۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێراندا ئاسایشی كۆمەڵایەتی و مادەی هۆشبەر پێكەوە هەڵپێكێنراون و ئەوەش ڕاستەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی سیاسەتە ئەمنیەكانی كۆماری ئیسلامی كە هۆی فراوان بوونی مادەی هۆشبەر بووە لە بازاڕەكانی نێوخۆی وڵاتدا كە لە بەشی دواتر دا بە ڕوونی باسی لێوە دەكەم.
مادەی هۆشبەر نەتەنیا كاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر ڕەوشی ژیانی تووشبوو هەیە و ئاسایشی تاكە كەسی خۆیشی ناهێڵێت بەڵكوو كاریگەری راستەوخۆیشی لە سەر بنەماڵە و گەڕەك و كۆمەڵگەیش هەیە و باری ئاسایشی كۆمەڵایەتی كە گرێدراوی ئاسایشی گشتی دانیشتوانی كۆمەڵگەیە دەخاتە بەر مەترسیەوە، ئەوش نە بەو مانایە كە تاكی تووشبوو دێوزمە بێت بەڵكوو مادەی هۆشبەر ئەو دێوزمەیەیە كە تاكی تووشبوو والێ دەكات كە هەڵسووكەوتێك بنوێنێت كە لە باری یاسایی و ئەخلاقی و نەریتیەوە نەگونجاو بێت و ئەوەش دوای ئەوە دێت كە تاكی گڵۆڵە بوو بە مادەی هۆشبەر دوای ماوەیەك تووشی مایە پووچی و پووكانەوەی باری دارایی دێت و ناچار دەبێت كە چەندین ڕێكاری نەشیاو نایاسایی و نائەخلاقی و نا نەریتی بگرێتە پێش بۆ دابین كردن و كڕینی مادەی هۆشبەری پێویست كە دەرئەنجام دەگات بە تاوانی دزی و تاڵان كردنی ماڵی خەڵك و دواتر كوشتن و ...تاد لە لایەكی تریشەوە دەبێتە هۆی فراوان بوون و هەڵكشانی ئاماری بێخانومان و بێدەرەتان و بێ جێگە و ڕێگەكانی نێو كۆمەڵگە كە ڕاستەوخۆ كاریگەری نەرێنی لە سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی دادەنێت ، كاتێك كە دیاردەیەكی وا بڵاو دەبێتەوە ڕوومەتێكی ناشارستانیانە و بیزلێكراو دەداتە ژینگەی كۆمەڵگە كە تاك هەست بە بوونی ئاسایش و ئاسوودەیی ناكات لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەو دیاردەیە ، هەرچەند كە لە باری ویژدانی و ئەخلاقیەوە تاك تووشی بەزەیی دەكات و خەم دایدەگرێت ، لێرەدا دەرئەنجامێكی تری لێ دەكەوێتەوە كە ئەویش قەیرانی شوناسە كە چ تاكی تەندرووست و چ تاكی تووشبوو بە مادەی هۆشبەر ڕووبەڕووی دەبێتەوە تاكی تەندرووست بیر لە نەبوونی جێگای ئەمنی خۆی لە نێو ئەو كۆمەڵگەیە دەكاتەوە و هەرچی بیری لێدەكاتەوە پێگەیەك بۆ شوناسی خۆی نادۆزێتەوە كە هاوسان بێت لە گەڵ ئەو كۆمەڵگەیە كە ئەو دیاردەیە تێیدا بووتە باو و بوونی هەیە و تاكی تووشبوویش بە هەمان شێوە تووشی قەیرانی شوناس دەبێتەوە و ئەو دەرفەتە گونجاوە ئیتر بۆ شوناسی خۆی نابینێت كە خۆی تێدا ببینێت و دواجار ڕووی لە تاوانی تر دەبێت لە نێو تاوانە جۆراوجۆرەكاندا كە دەرئەنجامی قەیرانی هوویەت و شوناسە  خۆكوشتن یەكێك دەبێت لە ئەو ئەگەرانەی كە ڕووی تێدەكات.
خۆكوشتن بە واتای ئەوە دێت كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە پلەیەكی نزم دایە هەر بۆیە ڕوو دەدات چوونكوو خۆكوشتن كاریگەری لە سەر باری دەروونی گشتی خەڵك دادەنێت و جۆرە نیگەرانیەك بڵاو دەكاتەوە كە زەین و هزری تاك و گشتی داگیر دەكات.
شایەت یەكێكی تر لە كاریگەریە خراپەكانی مادەی هۆشبەر لە سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی بڵاو بوونەوەی لەشفرۆشی بێت كە دەتوانێت ڕاستەوخۆ كەسی تووشبوو بۆ خۆی بكەری بێت یان ئەوی كە ناچار بێت بۆ دابین كردنی مادەی هۆشبەری پێویست ، هاوسەر و كەس و كارەكەی دەست بداتە ئەو كردارە نەگونجاوە كە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر كە تەندروستی فیزیكی گشتی كۆمەڵگە دەخاتە ژێر مەترسیەوە لە ڕێگای بڵاو بوونەوەی نەخۆشینەكانی وەك ئایدز و هیپاتیت و ...تاد، هەمووی ئەمانە جیاواز لەوەی كە چەندین دەرهاوێشتەی تر هەیە كە هێڵی پەیوەندی و پێكەوەلكانی  ئاسایشی كۆمەڵایەتی و مادەی هۆشبەر وەك بێكاری و جیابوونەوەی خێزانی و فراوانبوونی منداڵانی بێ سەرپەرەست و بەرز بوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری و ...تاد كە هەڕەشەكانی سەر كۆمەڵگە و تاك فراوانتر دەكات و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسیەوە.
مەترسیدارترینی ئەو دەر ئەنجامانەی كە لە ئاكامی خراپ بە كار هێنانی مادەی هۆشبەر ڕوو دەدات بێكاریە كە وەك دایكی تاوانەكان دەناسرێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی فراوان بوونی قەیرانە كۆمەڵایەتیەكان كە ئەو قەیرانانە ئاستی ئاسایشی كۆمەڵایەتی دادەبەزێنن، تاكی تووشبوو بە مادەی هۆشبەر بە هۆی هەڵسووكەوتی نەشیاوی جێگای كار لە سەر كارەكەی دوور دەخرێتەوە ، دور خستنەوەی لە كار دەبێتە هۆی ئەوەی كە كەسی تووشبوو یەكێك لەو ڕێگایانەی كە پێشتر باسمانكرد بگرێتە بەر و ڕێگای مان و نەمان لە بەردەمیدا دەبێت ، لە زۆر حاڵەتیشدا كەسی بەكار هێنەی مادەی هۆشبەر دەبێتە ڕێگر و چەتە و ملهوڕی كۆمەڵگە و ژیانی كۆمەڵایەتی دەخاتە بارێكی نائاسایی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكەوێتە بن ڕەحمەتی زۆر و چەقۆ و قەمەكێشی و قەیارە وەشاندن و زۆرگیری و بە زۆر پارە لە خەڵك وەرگرتن و دەستدرێژی بۆ سەر نامووسی خەڵك كە لە ئێستادا لە شارە گەورەكانی ئێران تا ڕادەیەك ئەو دیاردەیە باوە و بوونی هەیە، كە دەتوانرێت ئەوە بڵێین كە لەوەها دۆخێكدا ئاسایشی كۆمەڵایەتی مانایەكی نییە و ناتوانرێت ببینرێت چوونكوو هەم لە باری دەروونی و زەینی و هەم لە باری جەستەییەوە كەس هەست بە ئەمن و ئاسایش و هێمنی ناكات.
ئاسایشی كۆمەڵایەتی كەرەستەیەك بۆ ترساندن و تۆقاندن لە كۆمەڵگەی ئێراندا:  
لە زۆرینەی كۆمەڵگەكاندا خەسارە كۆمەڵایەتیەكان بوونی هەیە خەسارگەلێك وەك دزی كردن ، دەستدرێژی لە سەر نامووس و كرامەتی مرۆڤ و گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر و خۆكوشتن و كوشتن و هەڕەشە لە سەر ژیانی تاك و كۆی كۆمەڵگە و هتد، چەندین نموونە لەو خەسارە كۆمەڵایەتیانەن كە دەبنە هۆی ئەوەی كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی بكەوێتە بەر مەترسی و ئاستی ئەو ئاسایشە كەم بێتەوە و متمانە بە دەورو بەر و كەسانی تر لە نێو كۆمەڵگەدا ڕەنگی نەمێنێت، لە بوونی ئاسایش و ئەمنییەت گرنگتر ، بابەتی هەست كردن بە ئەمنییەتە كە ئەو كردارانە دەبێتە هۆی درووست بوونی نا ئەمنی دەروونی و هەست كردن بە ئەمنییەت و ئاسایش لاواز دەبێت كە كاریگەری نەرێنی لە سەر باری كەسێتی و داواكاری و داخوازیی و هیوا و ئیرادە و بوێری تاكە كەسی دادونێت ، ئەوە ئەو دۆخەیە كە لە هەنووكەدا یەخەی كۆمەڵگەی ئێرانی گرتووەتەوە.
چەندین ساڵە ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە وڵاتی ئێران بوونی واقیعی خۆی نەماوە و هۆكارەكەشی بۆ سیاسەتە ئەمنی و ئاسایشیەكانی خودی كۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە كە هەوڵی تەواوی خۆی داوە كە كۆمەڵگەی ئێران بەرەو كۆمەڵگەیەكی سەركوتكراو بەرێت كە تا ناخی پڕ بووە لە تووڕەیی، تووڕەییەك كە لە تاكە سەرەڕۆكان بە خۆنواندن لە كۆڵان و بازاڕ و گەڕەكەكاندا بووتە هۆكارێك بۆ پەرەپێدانی دەزگا ئەمنی و پۆلیسیەكان و داكوتانی بنكەكانیان لە نێو گەڕەك بە گەڕەكی شارە گەوەركاندا كە نەتەنیا كەسانی سەرەڕۆ بەڵكوو كەڵكیش لە كەسانێك گیراوە كە بەكرێ گیراوی بنكە ئەمنیەكان بوون بۆ ئەوەی كە ئاسایشی گشتی و كۆمەڵایەتی تێك بدەن و بەو بۆنەوە گرنگی و هێزێكی فراوانتر بدرێت بە دەزگا ئەمنیەكان و وەك هێزی سەقامگیری پێویست نمایش بكرێن و عەقڵ و ئاوەزی گشتی پێ هەڵخەڵەتێنن.
كۆمەڵگەی ئێران بە هۆی خۆسەپاندنی دەسەڵاتی ئایینی تووشی سەركوتی ئەمنی و پۆلیسی بووەتەوە ، هاوكات لە گەڵ ئەوە كە چەندین ستراتیژی جیاواز بۆ ئەو خۆسەپاندنە لە لایەن حكومەتەوە گیراوەتە پێش وەكوو بڵاو كردنەوەی خەسارە كۆمەڵایەتیەكان و شێواندنی باری ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەو ڕێگەیەوە و كەڵك وەرگرتن لە كەرەستەیەكی وەك مادە هۆشبەرەكان بۆ فراوان كردنی ڕێژەی بەرچاو و ئاشكرای تاوان ، ستراتیژی پێشخستنی دەزگا ئەمنیەكان یەكێك لە سەرەكیترین ئەو ئامانجانەیە كە حكومەت بە بیانووی ڕووبەڕوو بوونەوەی لە گەڵ خەسارە كۆمەڵایەتیەكان و دابین كردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی  هەوڵی بۆ داوە، هەوڵێك كە دوا جار تەنیا بۆ سەركوت و نەهێشتنی هیچ جۆرە دەرفەتێكە بۆ دەربڕینی داخوازییەكان لە  كۆمەڵگەی ئێراندا.
گەرچی حكومەت ڕایدەگەیەنێت كە بە ئامانجی دابین كردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بە گژداچوونەوەی هەرجۆرە تاوان و تاوانكارییەك كە دەبێتە هۆی ئاڵۆز بوونی دۆخی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ، بەردەوام لە هەوڵی بەهێز كردنی دەزگا ئەمنیەكانی دایە بەڵام هەموو تاكە وریاكانی كۆمەڵگەی ئێران دەزانن كە ئەو هەوڵانەی كۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا ترسە لە ناڕەزایەتیە گشتیەكانی كۆمەڵگە كە لە ژێر باری گرانی سەركوت و نەهێشتنی دەرفەتی شیاوی ژیان ، ئەگەری گۆڕینی دۆخەكەیان لە بەردەمدا كراوە ماوەتەوە و حكومەت بۆ نەهێشتنی ئەو ئەگەرە پرسی ئاسایشی كۆمەڵایەتی وەك كەرەستەیەك بەكار هێناوە و بە هەموو توانایەكی خۆی و لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانیەوە لە هەوڵی ترساندنی گشتی خەڵكە كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە مەترسیدایە و ترساندنی گشتی كۆمەڵگەی وەك ستراتیژ هەڵبژاردووە و كاری پێكردووە و تا ڕادەیەكی فراوانیش توانیویەتی لە گەیشتن بە ئامانجەكانی نێزیك ببێتەوە و لە ئێستادا زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگە نەتەنیا هەست بەوە دەكەن كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی بە ڕاستی لە بەردەم هەڕەشە دایە بەڵكوو تاكەكانیش تووشی نائەمنی دەروونی بوون كە ترسین و بێ ئیرادە بوون دوا دەركەفتەی ئەو ڕەوشە تاكە كەسی و دەروونیەیە.
حكومەتی ستەم و سەركوتكار بە بیانووی دابین كردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ، دەزگا ئەمنی و پۆلیسیەكانی خۆی بەهێز دەكات و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكاتە كەرەستەیەك بۆ ترساندن و تۆقاندنی هاووڵاتیان، گەر هاووڵاتیان هەرجۆرە ناڕەزایەتیەكی سیاسی یان چینی و ڕەگەزی دەربڕن بەدڵنیاییەوە ئەو هیزە تۆكمە كراوەی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەكان كە بە بیانووی دابین كردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی كراونەتە هیزێكی تۆقێنەر  و گەلێك جاران نمایشی هێز و گورزیان پێكراوە یەكەم كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بە هاووڵاتیان دەبێت كە بە تەجرووبە لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەوە ڕووی داوە و دەستپارێزیان لە كەسیش نەكردووە.
ترساندن و توقاندن بۆ ئەوەی كە ئازادی و ئیرادەی گشتی خەڵك زەوت و مەودای بیر كردنەوە كورت بكرێت و شێوەی بیر كردنەوكان و ئاستی تێگەیشتنەكان لە ماف و ئەركەكان سنووردار و دیاری كراو بێت و دەرچوون لەو چوار چێوەیە ببێت بە بڤە و دەرچوون لەو چوار چێوە فیكریە دیاری كراوە بە تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لێكبدرێتەوە ، بیركردنەوەیش بكەوێتە دەستی كەسانێك كە هەم حوكمی گشتی دەكەن و هەمیش بە جێگای هەمووان بیر دەكەنەوە، ئەوە ئەو دەردەیە كە كۆمەڵگەی ئێران تووشی بووە و ئەو ستراتیژانەی كە گیراوەتە بەر بە ناوی دابین كردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی  تەنیا كەرەستەیەك بووە بۆ گەمژاندن و ترساندنی گشتی و لێدان لە ئاوەز و ئیرادەی تاك بە تاكی كۆمەڵگەی ئێران بۆ ئەوەی كە بە بێ بەربەست و بە دڵخوازی خۆیان سواری كورسی حوكم و دەسەڵاتدارێتی بن و خەلكیش بە ئاواتی دابین كردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ، لە چاوەڕوانی بنبڕ بوونی تاوان و تاوانكاری و مادەی هۆشبەر دا بمێنێتەوە.
دەرەنجام
كۆمەڵگەی ئەوڕۆی ئێران كۆمەڵگەیەكە كە پڕ بووە لە مادەی هۆشبەر و لە گەڵ ئەو راستیەدا ڕووبەڕوو بووەتەوە كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە ژێر هەڕەشە دایە كە دواتر كاریگەری خراپی لە سەر باری دەروونی تاك تاكی كۆمەڵگە دەبێت و لە ئێستاشدا كاریگەری تەواوی داناوە و بووتە هۆی فراوان بوونی خەسارە كۆمەڵایەتیەكان و لە ئەنجامدا لە باری دەروونیەوە تاكی ئێرانی تووشی شڵەژانی ئەمنی بووە كە هەموو كاتێك هەست بە نائەمنی دەكات لە نێو كۆمەڵگەدا. بەر پرسیارێتی یەكەمی ئەو دۆخە سیستەمی حاكم و دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامین كە گەرچی بە ڕەواڵەت باس لە ڕووبەڕوو بوونەوەی مادەی هۆشبەر و بازرگانانی مەرگی سپی دەكەن بەڵام بە هۆی سیاسەتە ئابووری و سیاسی و ئەمنی و كلتووریەكانی حكومەتەوە نەتەنیا نەتوانراوە دیاردەی فراوان بوونی مادەی هۆشبەر لە كۆمەڵگەی ئێراندا كەم بكرێتەوە بەڵكوو بە هۆی شكستی سیاسەتەكانیان لە بوواری خزمەتگوزاریەكانیشەوە ، كۆمەڵگەی ئێرانی تووشی نەهامەتی فراوان بووتەوە كە بێكاری وەك نمونەیەكی ڕوون و ئاشكرا، دەرئەنجامی نەبونی پلانی درووست و كاریگەری سیاسەتە ئابووری و خزمەتگوزاریەكانی حكومەتە و بێكاریش وەك دایك و چاوگەی سەرهڵدانی زۆرینەی خەسارە كۆمەڵایەتیەكان كاریگەری تەواوی لە سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی هەیە. 
نەتەنیا سیاسەتە هەڵەكان و نەبوونی پلانی بەجێی ئابووری هۆكاری سەرەكین بۆ فراوان بونی بێكاری و مەیلی تاكی بێكار بۆ دەرچوون لە ژێر باری گووشاری دەروونی خۆی بەرو لای مادەی هۆشبەر بووەتە هۆی هەڵكشانی بەكار هێنەری ئەو مادەیە، بەرپرسان و داموودەزگا ئەمنیەكانی حكومەتیش هەم بۆ بەرژەوەندی ئابووری و هەمیش بۆ خەساندنی ئاوەزی گشتی و دوا جار بە هێز كردنی دەزگا ئەمنی و پۆلیسیەكان بۆ سەركوت كردن و نەهێشتنی هیچ دەرفەتێك بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی گشتی، برەویان بە مادەی هۆشبەر داوە و ئاسایشی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی ئێرانیان خستوەتە بن پێی پۆستاڵ و بەردەم گورزەكانی هێزە ئەمنیەكان و وەك كەرەستەیەك بەكاریان هێناوە بۆ ترساندن و گەوجاندنی كۆمەڵگەی ئێران.  



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 61
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
ووتاری کوردی
هەرێمی کوردستانی باشوور لە نێوان یاری سیاسەت و یاسادا
ژن لە بینەرەوە تا بێژەر
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی