ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
چاو پێکه‌وتن و وتووێژ
موحسین باوه‌جانی: لایه‌نانێك هه‌ن یه‌كگرتوویی پارته‌ كوردییه‌كان لایان وه‌ك جامی ژه‌هره‌ هیوادارم نۆشی گیانیان بێت
سازدانی دیدار: هه‌توان جاف
26 / 1 / 2013
ئه‌م دیداره‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز "موحسین باباخانی ناسراو به‌ موحسین باوه‌جانی" ئه‌ندامی كوردیناسیۆنی یه‌كێتیی دیموكراتی كوردستانه‌ و له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تی گرنگ دواندوومانه‌. ئه‌م هه‌ڤپه‌ڤینه‌ هه‌ڵگری چه‌ند پرسه‌ سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كانی ئێران و وڵاتانی ئورووپی و هه‌روه‌ها هۆ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی پارته‌ كورییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ به‌ره‌یه‌كی كوردستانی و بنكه‌فراوان ساز بكه‌ن ده‌خاته‌ڕوو، هه‌ر له‌م بابه‌ته‌شدا به‌ڕێزیان ئاماژه‌ به‌ خاڵێك ده‌كه‌ن وا تا ئێستا به‌وردی چاوی لێنه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها بۆچوونیان له‌سه‌ر تیرۆره‌كانی پاریس و چه‌ند ته‌وه‌ری دیكه‌ وه‌رده‌گرین.

هه‌توان جاف: سه‌ره‌تا له‌ دۆخی ده‌ره‌كی ئێران ده‌كۆڵینه‌وه‌ و پرسیارم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هه‌ڵچوون و داچوونه‌ له‌ دانوستانی ئابووریی نێوان ئێران و وڵاتانی ئوروپی و وتووێژ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ی ئێران كه‌ تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌، پێتانوایه‌ به‌كوێ ده‌گات؟
موحسین باوه‌جانی: ئێران وڵاتێكی نه‌وتییه‌ و له‌ ڕووی ژئێۆستراتژیكیشه‌وه‌ گرنگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا، ئه‌وه‌ی له‌ ئێران هه‌یه‌ پێویستیی ئێستای جیهانه‌ به‌تایبه‌تی وڵاتانی پیشه‌سازی، بۆیه‌ش به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیی حوكوومه‌تی ئیسلامیی ئێران و سه‌ره‌ڕۆییه‌كانی له‌مه‌ڕ پڕچه‌ككردن و تێركردنی گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان و سه‌ركوتی خه‌ڵكی ناوخۆ و ...ئۆتۆماتیك په‌یوه‌ندیی سیاسی كێشه‌ی تێدا دروستبووه‌ و ئابلۆقه‌كانی سه‌ر ئێران و قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ندێ دانوستانی بازرگانی و نه‌كڕینی نه‌وتی ئێران دیسان وای كردووه‌ دانوستانی بازرگانیش هه‌ڵچوون و داچوونی تێ بكه‌وێت بۆیه‌ پێویستیی وڵاتانی ئورووپی واده‌كات كه‌ وتووێژه‌كان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوه‌كی ئێرانیش بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی هه‌ندێ بابه‌تی ئه‌منی و بازرگانی نه‌وت و گاز و هه‌ندێ شتی تره‌وه‌. من پێموایه‌ هه‌ر بۆ ئه‌مه‌شه‌ هه‌ندێ جار وڵاتانی ئورووپی له‌ ئاست ڕووداوه‌كانی ئێران خاوه‌ن هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك نین، حوكوومه‌تی ئیسلامیی ئێران به‌نیازه‌ كاره‌ دژه‌ مرۆییه‌كانی به‌رده‌وامی پێ بدات و وڵاتانی دیكه‌ش تا شوێنێك پێویستییه‌كانی ئه‌وان نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ كۆماریی مه‌لاكان ده‌خه‌نه‌ گوشاره‌وه‌، بۆیه‌ ئایا به‌كوێ ده‌گات و سه‌ره‌نجام چی لێ دێت ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی زۆری به‌وه‌یه‌ وا باسم كرد.
  
هه‌توان جاف: كه‌واته‌ ئه‌م هاوكێشه‌ زۆر شت ئه‌خاته‌ ژێر كارتێكه‌ریی خۆیه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌پرسم ئێمه‌ وه‌ك كورد ئه‌بێ چی بكه‌ین له‌م نێوانه‌دا؟
موحسین باوه‌جانی: كورد وه‌ك چاره‌نووسی خۆی په‌یوه‌ندی به‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێكه‌وه‌ نییه‌ تا بۆی دیاری بكات چی بكات و چۆن بیكات و هه‌ر بۆیه‌ش نابێ چاوه‌ڕێی سارد و گه‌رمبوونی ڕووداوه‌كان بین و ئێمه‌ش له‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌ودا جارێ سارد و جارێ گه‌رم بین، خه‌بانی بێوچانی كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌ ئێران به‌رده‌وام بووه‌ و هه‌ر به‌رده‌وامیش ده‌بێ و چاوه‌ڕێی هیچ وڵات و لایه‌نێك ناكات، ئێمه‌ وه‌ك كورد خاوه‌ن به‌رنامه‌ی خۆمانین و ئه‌شێ رێكاری خۆمان بگرینه‌ به‌ر.

هه‌توان جاف: مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه‌ كورد ئه‌بێ خۆی به‌ ته‌نیا تێبكۆشێت و گوێ بۆ هیچ لایه‌نێك نه‌گرێت؟
موحسین باوه‌جانی: نا، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ئامانجمان دیاره‌ و بۆ گه‌یشتن بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش هه‌وڵ ئه‌ده‌ین و ناشبێ ئامانجی خۆمان بكه‌ینه‌ قوربانی خواست و ئامانجی لایه‌نانی تر، یانی نابێ ئامانجمان له‌ ژێر خواست و ئامانجی تر وا زیانی نه‌بێ سوودی بۆ ئێمه‌ نیبه‌ دابپۆشرێت. له‌ ئاست دونیادا وڵاتان و نه‌ته‌وه‌كان له‌ هه‌موو ئاستێك په‌یوه‌ندیی به‌ یه‌كتره‌وه‌ ئه‌كه‌ن و سوود له‌م په‌یوه‌ندییانه‌ وه‌رئه‌گرن ئێمه‌ش له‌م بابه‌ته‌وه‌ جیاواز نین و وه‌ك كورد پێویسته‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ین هه‌ر وه‌ك چۆن ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین. 

هه‌توان جاف: ئه‌گه‌ر ته‌واوه‌تی ته‌وه‌ری باسه‌كه‌مان بگۆڕین ئه‌م پرسیاره‌ ئاراسته‌تان ئه‌كه‌م كه‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ سه‌ر یه‌كێ له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فیزیۆنییه‌كانی باشووری كوردستان چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌ندامی كوردیناسیۆنی پارتێك بڵاو بۆوه‌ و تێیدا ئه‌گه‌ر بێ ڕێزی و قسه‌ی ناجوانی لێ ده‌رخه‌ین به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كه‌سایه‌تیی یه‌كه‌می یه‌كێ له‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و پارته‌كه‌ش هێرشی كرایه‌ سه‌ر؟ ئه‌مه‌ بۆ؟
موحسین باوه‌جانی: سه‌ره‌تا ده‌ڵێم ئه‌م بابه‌ته‌ چوونكو له‌ كه‌ناڵێكی ئاسمانی بڵاو بۆوه‌ بۆیه‌ بۆته‌ جێی سه‌رنج و ئێستاش به‌ڕێزت وه‌ك پرسیار ئاراسته‌ت كرد به‌ڵام ده‌یان شتی تری وا له‌ لایه‌ن هه‌مان پارت  ڕوو ده‌ده‌ن و له‌ ئاست ڕۆژنامه‌ و پێگه‌ ئینتێرنێتییه‌كان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نها پێویسته‌ بزانین ئه‌م كاره‌ نه‌ كه‌ هه‌ر جوان نییه‌ به‌ڵكوو له‌ قازانجی كورد به‌ گشتی نییه‌ و من وه‌ك كاری ئاژاوه‌ گێڕانه‌ی ده‌بینم، پێویسته‌ لایه‌نی هێرش له‌سه‌ركراو بزانێ په‌یوه‌ندیكردن و ته‌نانه‌ت دانوستان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه‌ تا ئه‌م ڕووداوه‌ی بۆ دووپات نه‌بێته‌وه‌، پێشموایه‌ هه‌ر لایه‌نێك پێویسته‌ كه‌سی سیاسی و قسه‌جوان له‌ شوێنی هه‌ستیار دابنێ كه‌س به‌ قسه‌ی ناشیرین به‌هیچ كوێ ناگات، زیاتر له‌وه‌ به‌ پێویستی نازانم بدوێم.

هه‌توان جاف: به‌پێی وه‌ڵامی به‌ڕێزتان كه‌واته‌ هێزێكی دافیعه‌ و دوورخه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌م نێوانه‌دا و ئه‌كرێ هۆیه‌ك بێت كه‌ حیزبه‌كان زۆر له‌ یه‌ك نزیك نابنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌م ڕوانگه‌شه‌وه‌ ئه‌پرسم بۆچی تا ئێستا حیزبه‌كان هه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتوون له‌ سه‌ر پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی، ده‌توانم بڵێم زۆری له‌سه‌ر ئه‌دوێن و تا بڵێی ده‌نگی هه‌یه‌ به‌ڵام ڕه‌نگی نییه‌؟
موحسین باوه‌جانی: وه‌ك ئاماژه‌ت پێدا زۆر باس و بابه‌ت له‌مباره‌وه‌ وروژاوه‌ و گه‌لێك لێكدانه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ و هه‌ركه‌س له‌ ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌ چاو له‌م پرۆژه‌ گرنگه‌ ده‌كات و وه‌ك خۆی ده‌یخوێنێته‌وه‌ ئێمه‌ش وه‌ك خۆمان چه‌ندین جار هۆ و هۆكاره‌ بنه‌ماییه‌كانی پێكنه‌هاتنی به‌ره‌ی كوردستانیمان باس كردووه‌  و تێبینی خۆشمان هه‌بووه‌، به‌ڵام پێموایه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێ باس له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئایا حیزب و ڕه‌وته‌ جیاجیاكان ئامانجیان چییه‌ كه‌ پێموایه‌ به‌گشتی ئامانجیان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و پێگه‌ی راسته‌قینه‌ی كورد بێ له‌ خۆرهه‌لاتی كوردستان به‌ڵام، گرێ كوێره‌یه‌ك هه‌یه‌ و ئه‌ویش له‌ چۆن پێناسه‌كردنی ئه‌م ئامانجانه‌ دایه‌ هه‌ر بۆیه‌ش چوون پێناسه‌كان جیاوازه‌، به‌شوێن خۆیدا خوێندنه‌وه‌ و كردار و دژه‌كرداری جیاوازتریشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
كاتی خۆی باسی ئه‌وه‌م كردبوو كه‌ پێكهاتنی به‌ره‌ سه‌خت و بگره‌ كرده‌یی نه‌بێ و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هاوپه‌یمانی پێك بێت به‌ڵام به‌ره‌ نا، هه‌رواش بوو چوونكه‌ ئه‌و بیانوو و ده‌ستاوێزانه‌ وا هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یوروژاند ته‌نها و ته‌نها بۆ پێكنه‌هاتنی به‌ره‌ بوو، هه‌ندێ لایه‌ن ژێربه‌ژێر و به‌ ئه‌مری گه‌وره‌تر له‌ خۆی و به‌ بیانووی پووچ و هێنانه‌وه‌ی قسه‌ی كۆن و كاتبه‌سه‌رچوو ڕێگه‌ی له‌م هه‌وڵه‌ گرنگه‌ گرت، به‌ڵام دیسان شایه‌تی هاوپه‌یمانی بووین كه‌ هیوابه‌خشی شتی گه‌وره‌تره‌. ئێمه‌ وه‌ك خۆمان هه‌میشه‌ هه‌وڵمانداوه‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ سازبوونی به‌ره‌ی كوردستانی بێ ئه‌نجام نه‌بێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش به‌شدار نه‌بین. كه‌واته‌ ڕاسته‌ هێزێكی دافیعه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ریشیدا هێزێكی جازبه‌ش هه‌یه‌ كه‌ پارته‌ كوردییه‌كان بۆلای گروپ و پارته‌ پاسیڤه‌ غه‌یره‌ كورده‌كان ڕائه‌كێشێت و وه‌ك چۆن به‌ڕێز كاك عوسمان جه‌عفه‌ری پێشتریش ئاماژه‌ی پێدابوو ئه‌مه‌ وایكردووه‌ تا پارته‌ كوردییه‌كان ته‌ركیز و بیریان لای خۆیان نه‌مێنی و بگاته‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ كه‌ كاری هاوبه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌دا ساز نه‌بێت.

هه‌توان جاف: كێ به‌رپرسه‌ له‌ دروستبوونی ئه‌م دۆخه‌دا؟
موحسین باوه‌جانی: سه‌ره‌تا ئه‌وانه‌ی وا ڕێگربوون و پاشان ئه‌وانه‌ی وا ده‌ست پێشخه‌رییان كرد و خوێندنه‌وه‌ی دروستیان له‌سه‌ر ڕێگره‌كان نه‌بوو.

هه‌توان جاف: ئه‌كرێ ڕوونتر باسی بكه‌ن؟
موحسین باوه‌انی: لایه‌ن زۆره‌ یه‌كبوون و یه‌ك بۆچوونیی حیزبه‌ كوردییه‌كانی لا ناخۆشه‌ و بۆی بۆته‌ كابووسی شه‌و و ڕۆژی، بۆیه‌ له‌ ڕیگه‌ی سه‌یره‌وه‌ هه‌وڵ ئه‌دات ڕێگری بكات له‌ پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی. ته‌نها ئۆپۆزیسیۆن بوون به‌س نییه‌  تا ئێمه‌ی  كورد هه‌ر حیزبێكی دیكه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و غه‌یری كورد به‌ هاوسه‌نگه‌ری خۆمان دابنێین، لایه‌ن هه‌یه‌ هاوكاسه‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌بێ تا حیزبه‌ كوردییه‌كان یه‌كگرتوو نه‌بن.
جگه‌ له‌وه‌ش پاش ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ پێویسته‌ خوێندنه‌وه‌ی جیددی كرابێ تا بتوانین هۆ و بیانووڕاخه‌رانی ناكۆكی و چێ نه‌بوونی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌ستنیشان بكه‌ین و چیتر نه‌توانن ئیشی خۆیان تا سه‌ر ببه‌ن. ته‌جره‌به‌ و ئه‌زموونی ئێمه‌ زۆره‌ و مێژوومان پڕ له‌ وانه‌یه‌.

 هه‌توان جاف: ڕاسته‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد تا بڵێی چوارده‌ومان دوژمنه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا مه‌به‌ستی ئێوه‌ كام لایه‌نانه‌یه‌ وا دژی یه‌كگرتوویی حیزبه‌ كوردییه‌كانن؟
 موحسین باوه‌جانی: كوردستان مڵكی كورده‌ و مڵكی كه‌سی تر نییه‌، حیزبه‌كان ده‌یانهه‌وێ ئه‌م مڵكه‌ بپارێزن و ئه‌و جۆره‌ پارتانه‌ش وا باسم كرد به‌ته‌مان سبه‌ی و دوو سبه‌ی ئه‌م مڵكه‌ی ئێمه‌ش به‌ ڕه‌نگێكی تر داگیر بكه‌ن و بۆیه‌ش هه‌مووكات یه‌كگرتوویی پارته‌ كوردییه‌كان بۆ ئه‌وان وه‌ك جامی ژه‌هره‌ و هیوادارم نۆشی گیانیان بێت. به‌كورتی ئه‌و لایه‌نه‌ی وا بیری نه‌ته‌وه‌یی نییه‌ به‌ لانیكه‌مه‌وه‌ دۆستی كوردیش نییه‌.

هه‌توان جاف: به‌بڕوای ئیوه‌ بۆ زۆرجار له‌ دۆخیكی ئاوه‌هادا هۆكار و ڕێگرێك دروست ئه‌بێ؟ 
موحسین باوه‌جانی: ئێمه‌ پێش هه‌موو شتێك كوردین و به‌ ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ ئاست دونیادا ناسراوین ئه‌وكات هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك خۆی گرێدراوی ئایدۆلۆژیا و بیرۆكه‌یه‌ك كردووه‌ و ئه‌مه‌ش شتێكی تایبه‌تییه‌، به‌ڵام ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ لای هه‌ندێ لایه‌ن وا نییه‌ و سه‌راوبنه‌، یانی پێش له‌ هه‌موو شتێك خۆی گرێدراو و به‌نده‌ و به‌رده‌ی ئایدۆلۆژیایه‌ك كردووه‌ وا تێیدا تواوه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ خاڵی هاوبه‌شی زیاتر بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی وا وه‌ك خۆیان تواونه‌ته‌وه‌ له‌ ناو ئایدۆلۆژیای دوگمی خۆیاندا، ئه‌مه‌ش به‌ ئاشكرا و شاراوه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌بێ به‌ داره‌ده‌ست بوون و شتێك به‌ ناوی بیری ئازاد و ئیراده‌ی ئازاد و هزری نه‌ته‌وه‌یی تێیاندا نادۆزیته‌وه‌.

هه‌توان جاف: وه‌ك دوا پرسیار ئه‌پرسم به‌ بڕوای ئێوه‌ له‌و تیرۆرانه‌ی شاری پاریس كێ ده‌ستی هه‌یه‌ و كێی له‌ پشته‌؟
موحسین باوه‌جانی: هه‌موو كاتێ ئه‌گه‌ر شتێك به‌سه‌ر كورددا دێت و له‌تمه‌ و گورزێك له‌ په‌یكه‌ری كورد ئه‌كه‌وێت یه‌كه‌م تاوانبار و به‌رپرس دوژمنی كورده‌، نموونه‌ی له‌و جۆره‌مان بۆ كوردی خۆرهه‌ڵاتیش هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ جه‌رگه‌ی ئه‌م ئورووپایه‌دا دوو كه‌ڵه‌پیاوی كورد شه‌هید كران.
بۆ ئه‌م كاره‌ قیزه‌ونه‌ش ده‌بێ بڵێم له‌م سه‌رده‌مه‌ و له‌ ئورووپادا خۆی پرسی زۆر هه‌ڵده‌گرێ پاشانیش ئه‌گه‌ر له‌ شوێن و پێگه‌ و بیردۆزی ئه‌م كه‌ڵه‌ ژنانه‌ بكۆڵینه‌وه‌ زیاتر له‌ تاوانبار نزیك ده‌بینه‌وه‌. له‌ ئێستادا به‌ ڕوواڵه‌ت پرۆسه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌ ناوی ئاشته‌وایی و ئه‌وه‌ی كه‌ پ.ك.ك و ده‌وڵه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئوجالان یا هه‌ر كه‌سێكی تر وا خاوه‌ن بڕیاره‌ بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتنێك، به‌ڵام بۆ ئه‌م تیرۆرانه‌ له‌م كات و ساته‌دا ڕووی دا، من پێموایه‌ په‌یوه‌ندیی زۆری به‌م پرۆسه‌ هه‌یه‌ و ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ نه‌هێڵێت بگاته‌ ئه‌نجام، جا ئه‌نجامه‌كه‌ هه‌ر چی بێت. كێیش له‌ دروستكردنی ئه‌م دۆخه‌دا قازانج ئه‌كات ئه‌وه‌ داهاتوو ده‌ریده‌خات. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش نابێ له‌ بیركه‌ین دوو تیرۆری سه‌ركه‌وتووانه‌ و چه‌ند هه‌وڵی پووچه‌ڵكراوی دیكه‌ش له‌ ساڵانی ڕابردوو دژی ئه‌ندامانی ڕێبه‌ری و كه‌سانی باڵای پێشووی پ.ك.ك له‌ ئێراق هه‌یه‌ و مێژوو تۆماری كردووه‌، مرۆڤ ئه‌توانێ له‌وانه‌ش بكۆڵێته‌وه‌ و سه‌ره‌داوێكی ده‌ست بكه‌وێت. 


بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 57
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
چاو پێکه‌وتن و وتووێژ
ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێك هه‌بێت له‌ناوخۆی ئێراندا بۆ خه‌باتی سیاسی ئێمه‌ یه‌كه‌م رێكخراو ده‌بین كه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌.
موحسین باوه‌جانی: لایه‌نانێك هه‌ن یه‌كگرتوویی پارته‌ كوردییه‌كان لایان وه‌ك جامی ژه‌هره‌ هیوادارم نۆشی گیانیان بێت
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی