| چاند هۆنه‌ر |
|
ژیــــــان له پێشی ڕوودا/ چیرۆك (2)
ن: رۆمه‌ن گه‌ری / وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: هیوای نوێ
22 / 12 / 2009
منداڵان به‌هره‌ی لاسایی كردنه‌وه‌یان زۆره. كاتێك یه‌كێكان كارێك ئه‌كات، ئه‌وانی تریش خێرا لاسایی ده‌كه‌نه‌وه. له‌و كاته‌دا هه‌فت كه‌سێك ده‌بووین كه له كن خاتوو رۆزا ده‌ژیاین و دوو كه‌س له‌وانه ته‌نها رۆژان بوون و ئاغای مووسای سپور كه هه‌موو ده‌یانناسی هه‌ر رۆژ سه‌عاتی شه‌شی به‌یانی كه كاتی كۆكردنه‌وه‌ی زبڵه‌كان بوو دهیانیهێنا. ژنه‌كه‌ی به هۆی شتێكه‌و مرد بوو. دوا نیوه‌ڕوان منداڵه‌كانی ده‌برده‌وه كه خۆی پێیان رابگات. مووسا هه‌بوو كه له من چكۆله‌تر بوو، بنانیاش هه‌بوو، ئه‌و دایمه قه‌پ و قاڵی ده‌كرد ئه‌و هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه خۆش ره‌فتار نه‌هاتبوه دنیا، میشێل هه‌بوو كه باوك و دایكی ڤیێتنامی بوون و بۆ ساڵێك ده‌رۆشت كه خاتوو رۆزا نه‌یه‌ویست بۆ رۆژێكیش لای خوه‌ی رایگرێ، چونكو پاره‌یان بۆ نه‌ده‌نارد. ئه‌م ژنه جوله‌كه ژنێكی چاك بوو به‌ڵام چاكیش ئه‌ندازه‌ی هه‌یه. زۆر جار روویده‌دا ئه‌و ژنانه‌ی جه‌وری خوه‌یان ده‌كێشا بۆ گوزه‌ران و بژێوی ژیان ده‌رۆشتنه سه‌فه‌ر و پاره‌ی چاكیان به‌م بۆنه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وت، موشته‌ری زۆرتریان تووش ده‌هات و ئیتر منداڵه‌كانیان ده‌سپارده خاتوو رۆزا و چیدی نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه. ده‌ڕۆشتن و ئیتر نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه، ئه‌مه چیرۆكی سه‌رجه‌م ئه‌و منداڵانه بوو كه له كاتی خوه‌ی دا سێقت نه‌كرا بوون یا به پێویستیان نه‌زانی بوو سێقتیان بكه‌ن. خاتوو رۆزا جاروبار منداڵه‌كانی ده‌دایه ئه‌و خێزانانه‌ی هه‌ستیان به ته‌نیایی ده‌كرد و پێویستیان به كه‌سێكی سێهه‌م بوو. به‌ڵام كارێكی دژوار بوو، چوونكو بۆ ئه‌م ئیشانه یاسا هه‌یه. كاتێك ژنێك مه‌جبوور بكه‌وێ جه‌وری خوه‌ی بكێشێ ئیتر ناتوانێ مافی راگرتنی منداڵه‌كه‌ی هه‌بێ و ئه‌مه‌ش ئاخری قـ... بوونه و له ترسی گرفتار بوون منداڵه‌كه‌یان ده‌شارنه‌وه. منداڵه‌كه‌یان ده‌نێنه لای ئاشناكانیان یا كه‌سانێك كه متمانه‌یان پێیانه و ده‌م قورسن. ناتوانم له‌سه‌ر هه‌مووی منداڵه‌كانی كن خاتوو رۆزا بۆتان بڵێم، ئه‌مما كه‌م بوون كه‌سانێك كه وه‌ك من بۆ هه‌میشه بمێننه‌وه. كه‌سێك كه به‌ر له من زۆرتر له‌وێ مابووه‌وه، مووسا بوو. دوای ئه‌و بنانیا و دوای ئه‌ویش میشێل, كه سه‌ره‌نجام یه‌كێك له كافهچییهكانی كووچه‌ی "میسیۆ لۆ پرێنس" له گه‌ڵ خوه‌ی بردی و ئێستا ئه‌گه‌ر بیبینم نایناسمه‌وه چونكو ئه‌م به‌سه‌رهاته هی زۆر له‌مه‌وبه‌ره. یه‌كه‌م جار كه په‌ڵپی دایكمم گرت، خاتوو رۆزا پێی وتم كه گچهیهكی فرهخوازم و وتیشی كه عه‌ره‌به‌كان هه‌موویان وان و تا روویان پێ ئه‌ده‌ی ئاستهڕیان لێت ئه‌وێ. ئه‌وه بڕوای خاتوو رۆزا بۆ خوه‌ی نه‌بوو به‌ڵكو ئه‌م قسه‌ی به بۆنه‌ی پێشداوهریهكانی خه‌ڵك ده‌گوت و منیش باش ده‌مزانی كه تاكه ئازیزی نازداریم. كاتێك ده‌گریام ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌ستیان ده‌كرده گریان و له پڕیكا خاتوورۆزا رووبه‌ڕووی هه‌فت منداڵ ده‌بووه‌وه كه به گریان و هاوار دایكیان ئه‌ویست. ئاخری ئه‌و رۆژێك تووشی رهقیتهی ده‌ماری بوو. مووه‌كانی كه نه‌یبوو دهیكهندهوه و ده‌گریا و له‌به‌ر بێ گوێی كردنی ئێمه ئاوقۆرهی ده‌گرت. ده‌م و چاوی له ناو له‌په‌كانی دا ده‌شارده‌وه و به ناڵه‌وه ده‌گریا. به‌ڵام ته‌مه‌نی ئێمه به‌زه‌یی نه‌ده‌ناسی. ته‌نانه‌ت له دیوارهكانیشهوه گه‌چ ده‌كه‌وتنه خوارێ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه نه به هۆی گریانی خاتوو رۆزا, به‌ڵكو جۆری گهچهكهی باش نه‌بوو. خاتوو رۆزا مووه‌كانی سه‌ری خۆڵه‌مێشی بوون و دایمه ده‌وه‌رین، چوونكو نه‌یانده‌توانێ له سه‌ر سه‌ری راوه‌ستن. له بێ موویی و رووتانه‌وه‌ی سه‌ر زۆر ده‌ترسا، رووتانه‌وه‌ی سه‌ری ژنێك كه شتێكی تری نییه زۆر ترسناكه. له هه‌ر كه‌سێك زۆرتر كڵۆك و مه‌مكی هه‌بوو، هه‌ر كات خوه‌ی له ئاوێنه‌دا ده‌دیت پێكه‌نینێكی دوور و درێژی ده‌كرد وه‌ك بڵێی ده‌یه‌وێ خۆشی له خوه‌ی بێت. یه‌كشه‌ممانه ئارایشتی ده‌كرد و كڵاوقژی خۆرمایی له‌سه‌ر ده‌نا و ده‌رۆشت بۆ مه‌یدانی "بولیۆ" و به ساعه‌تان به‌و ئارایشته‌وه له‌وێ ده‌ماوه. رۆژێ چه‌ندجار سووراوسپیاوكاری ده‌كرد، پێتان وایه ده‌بێ چی بكردبا، به كڵاوقژ و ئارایشت كه‌م تر ناشیرین بوو، هه‌میشه‌ش بۆ ئاپارتمانهكهی گوڵی ده‌كڕی تا چوارده‌وری جوانتر بێ. كاتێك خاتوو رۆزا هێور بۆوه منی به‌ره‌و دهسئاوهكه راكێشا‌و و وتی كه منداڵێكی پلان رێژم و پڵان رێژه‌كان هه‌میشه شوێنیان له زیندانه. دوایی وتی دایكم هه‌مووی كاره‌كانم ده‌بینێ و ئه‌گه‌ر ده‌مه‌وێ سه‌ره‌نجام رۆژێك دایكم ببینم ده‌بێ ژیانێكی دروست و ئابڕودارم بێت و كایه‌ی منداڵانه و گێلانه نه‌كه‌م. ئه‌و دهسئاوه كه منی بۆ ئه‌وێ بردبوو زۆر ته‌نگ و چكۆله بوو و خاتوو رۆزا به هۆی ئه‌و كێشه قورس و لاشه گه‌وره‌یه‌ی دروست له‌وێ دا جێی نه‌ده‌گرت. بۆ مرۆڤی ته‌نیای وه‌ك ئه‌و, ئه‌م كێشی قورسه زۆر سه‌یر بوو. پێم وایه له‌وێ ڕا ته‌نانه‌ت هه‌ستی به ته‌نیایی زۆرتر ده‌كرد. كاتێك حه‌واڵه‌ی یه‌كێك له منداڵه‌كان دێر ده‌گه‌یشت خاتوو رۆزا تاوانباری وهدهرنهئهنا. بۆ بنانیای چكۆله ئه‌م حاڵه‌ته روویدا بوو، كه‌س باوكی نه‌ده‌ناسی و كه‌سیش گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بوو. هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك دایكی كه‌مێك پاره‌ی ده‌نارد، ئه‌ویش ناوبه‌ناو. خاتوو رۆزا له‌ته‌ك بنانیا به‌شه‌ڕ ده‌هات ئه‌مما بنانیا قه‌ت تێنه‌ده‌گه‌یشت چونكو سێ ساڵی ته‌مه‌ن بوو و كه‌یل بوو له پێكه‌نین، پێم وایه ره‌نگه خاتوو رۆزا حازر بوو بنانیا بداته پهروهرشتگه، به‌ڵام حازر نه‌بوو پێكه‌نینه‌كه‌ی بدات، وه چوون هه‌ر دووكیان گرێدراوی یه‌كتر بوون ناچار بوو هه‌ردووكیان راگرێ. من ئه‌ركم له‌سه‌ر بوو تا بنانیا ببه‌م بۆ لای ئافریقاییهكانی كووچه‌ی بیسۆن تا ڕه‌ش پێسته‌كان ببینێ، خاتوو رۆزا زۆر حه‌زی له‌م كاره بوو. ـ ده‌بێ ره‌ش پێسته‌كان ببینێ، ئه‌گه‌ر نه‌یانبینێ دوایی ناتوانێ بچێته ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان. خوه‌م بنانیام ده‌برد، پێشوازی زۆریان لێده‌كرد. چونكو مرۆڤه‌كانی ئه‌وێ زۆر دووربوون له بنه‌ماڵه‌كانیان كه له ئافریقا ده‌ژیان و بینینی منداڵێك ئه‌وانی دهخستهبیری منداڵه‌كانیان له‌وێ. خاتوو رۆزا قه‌ت نه‌یده‌زانی بنانیا كه ناوی راسته‌قینه‌ی "تۆره" بوو خه‌ڵكی مالێزی بوو یا سێنێگال یا گینه یا شوێنێكی تر. دایكی به‌ر له‌وه‌ی بڕوات بۆ ماڵی "ئیبیجان" له كووچه‌ی "سێن دی" جه‌وری ژیانی خوه‌ی ده‌كێشا. وه ئه‌مانه‌ش شتانێكن كه بوونیان له‌م ئیشه‌دا، هۆیه‌كی تایبه‌تی نییه. حه‌واڵه‌ی مووساش نابه‌وه‌خت و جاروبار ده‌گه‌یشت، به‌ڵام خاتوو رۆزا له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌یده‌توانی شتێك بكات چونكو جوله‌كه, جوله‌كه راده‌ستی پهروهرشتگه ناكات. حواڵهی سێسه‌د فرانكیی من سه‌ر هه‌ر مانگ ده‌گه‌یشت و كه‌سێك نه‌یده‌توانی شتێكم پێ بڵێ. پێم وایه مووسا دایكێكی هه‌بووه كه شه‌رمی له بنه‌ماڵه‌كه‌ی كردووه، ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌كه‌شی له‌و مه‌سه‌له‌یه ئاگادار نه‌بوونه و بنه‌ماڵه‌كه‌شیان خۆشناو وباش بوون. مووسا موو سه‌ر ئاڵتوونی و چاو شین بوو و ئه‌و لووته بهناوبانگهشی نه‌بوو، وه ئه‌مانه‌ش هۆگه‌لێكی روون بوون، ته‌نها پێویست بوو سه‌یری بكه‌ی تا تێبگه‌ی. سێسه‌د فرانك سه‌ر هه‌ر مانگ به بۆنه‌ی منه‌وه ده‌گه‌یشته ده‌ستی خاتوو رۆزا و به‌م هۆیه‌ش گه‌لێك رێزی منی ده‌گرت. ته‌مه‌ن گه‌یی بووه ده ساڵان و قه‌یرانی بلۆقهتیشم هه‌بوو، چوونكو عه‌ره‌به‌كان له مه‌ورده‌دا له كه‌سانی تر پێشترن و ده‌مزانی بۆ خاتوو رۆزا شتێكی گران و پته‌وم و به‌ر له‌وه‌ی بیهه‌وێ هێرشێك بكاته سه‌رم خۆپارێزی ده‌كات و پێشتر بیرێكی لێ ده‌كاته‌وه. كاتێك ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵ بوو ئه‌و رووداوه‌م بۆ قه‌وما، ده‌ڵێن كه ساڵه‌كان به‌یه‌كه‌وه تێكه‌ڵ ده‌كه‌م، به‌ڵام نه، بۆتان ده‌گێڕمه‌وه كه چۆن له‌پڕ گه‌وره بووم. ـ گوێ رادێره مۆمۆ، تۆ له مناڵه‌كانی تر گه‌وره‌تری، ده‌بێ ببیه سه‌رمه‌شق بۆیان، كه‌وابوو چیدی به چیرۆكی دایكت ژیانمان لێ تاڵ مه‌كه. ئێوه به‌خته‌وه‌رن و له بیركردنه‌وه ده‌رباره‌یان زویر و ناره‌حه‌ت ده‌بن ـ ده‌زانن قـ... یانی چی؟ ـ واته كه‌سێك كه ژیانی به له‌ش فرۆشی ده‌سووڕێنێ (قه‌حبه)؟ ـ زۆر حه‌ز ئه‌كه‌م بزانم ئه‌م شتانه له كوێ فێربووی، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی وتت دروست بوو. ـ خاتوو رۆزا ئێوه‌ش كه گه‌نج بوون ژیانتان به له‌ش فرۆشی ده‌چه‌رخاند؟ پێكه‌نینێكی كرد، له بیستنی ئه‌وه‌ی كه سه‌رده‌مانێك قۆز و گه‌نج بووه كه‌یفی ده‌كرد. ـ مۆمۆ، تۆ منداڵێكی چاكی، به‌ڵام ئارام به، یارمه‌تیم بده، من پیربووم و نه‌خۆشم، له‌و كاتهڕا له ئاشویتس هاتوومه ده‌رێ جگه له ناره‌حه‌تی شتێكم نه‌بووه. ئه‌وه‌نده ناره‌حه‌ت و خه‌مباربوو كه ته‌نانه‌ت نه‌تده‌توانی هه‌ست بكه‌ی كه ناشیرینه. ده‌سته‌كانم ئاڵانده ده‌ور ملی و ماچم كرد، ژنانی كۆڵان ده‌یانگوت كه ژنێكی بێ هه‌سته و له راستی دا كه‌س نه‌بوو پێی رابگات. هه‌مووی به‌ڵا و نه‌هامه‌تییه‌كانی تا ته‌مه‌نی شه‌ست وپێنج ساڵان به‌رگه گرتبوو و ساتگهلێكیش هه‌بوو كه ده‌بوایه لێی بورابای. ئه‌وه‌نده گریا كه میزم هات. ـ خاتوو رۆزا ببورن میزم دێ. دواتر وتم: ـ باشه خاتوو رۆزا، سه‌باره‌ت به دایكم ده‌بێ بڵێم كه بینینی نامومكینه، به‌ڵام ده‌كرێ له باتی ئه‌و سه‌گێك بێرم؟ ـ چی؟ چی؟ وا ئه‌زانی جێ‌مان بۆ سه‌گ هه‌یه؟ تازه بۆ خواردنه‌كه‌ی چی ده‌كه‌ی؟ كێ پاره‌ی بۆ ده‌نێرێت؟ به‌ڵام كاتێك له سه‌گ فرۆشی كووچه‌ی "كلفوتێر", سه‌گێكی "كانیشی" چكۆله‌ی خۆڵه‌مێشی موو لوولم دزی و بردمه‌وه بۆ ماڵ هیچی نه‌گوت. چوومه ناو سه‌گ فرۆشییهكه و ئیزم ویست تا ده‌ست به‌سه‌ر ”كانیش“ بكێشم و نازی كه‌م، خاوه‌ن دووكان سه‌گه‌كه‌ی پێدام چونكو به نواڕینێك دڵنیام كردبۆوه كه ده‌زانم چۆن له گه‌ڵ ئه‌و سه‌گه مامڵه بكه‌م، سه‌گه‌كه‌م وه‌رگرت، نازم كرد و زۆر خێرا ده‌رچووم بۆی، ئه‌گه‌ر شتێك باش شاره‌زا بم هه‌ر ئه‌م راِكردن و ههڵاتنهیه. بێ هه‌ڵاتن له ژیاندا ناتوانێ هیچ كارێك بكه‌یت. كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر چیرۆكی ”ژیان له پێشی روودا“: ئه‌م چیرۆكه ئێمه حه‌یران ده‌كا و به‌ره‌و جوانی و نرم و نیانییهكان ده‌مانبات و هاوكات به‌ره‌و گرنگبوونی قووڵ بینی و وردبینین و روون بینی ده‌مانبا. چیرۆكه‌كه به زمانێكی ئاسایی و ساكار نووسراوه و تام و چێژی تایبه‌تی خوه‌ی هه‌یه. چیرۆكه‌كه مه‌حه‌له‌ی "گورت دورمان" بۆ باس ده‌كات و پێناسه‌یه‌كی جیاوازی هه‌یه و ئه‌مه‌ش له ته‌ك پێناسه‌كانی "ژان ژانه" و "ئادۆلف" جیاده‌كرێته‌وه. و ناكرێ گله‌یی بكه‌ین كه بۆچی "ماكیسم گوركی" و "ئێمیل زۆلا" قسه و باسی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه بۆمان نه‌كردووه. به‌ڵام ئه‌م دنیای پڕ له سووكی و مه‌ینه‌ت و توندوتیژییه له دیدێكی جیاواز له كه‌سانی تر نه‌خشێنراوه. لێره‌دایه كه كوڕه‌ی چیرۆكه‌كه‌مان نه توڕه‌یی و شلوقی منداڵانی ئه‌و كووچه‌ی هه‌یه و نه نه‌رمی ئه‌وان. ئه‌و خووخده و ئاكاری تایبه‌تی خوه‌ی هه‌یه و و جاروبار به ئه‌نقه‌ست بێ یا هه‌ر شتێكی تر له شوێنانێك حازر ده‌بێ و قسه‌ی زل زل به زاری دا دێ. به‌ڵام ده‌بینێ و چاكیش ده‌بینێ و تیژیشه و هه‌مووی له‌به‌ر ده‌كات. هاوڕاز و هاوقسانی پێره‌مێردێكی موسڵمان و ئه‌وینداری قورئانه و عاشقی ڤیكتۆرهۆگۆ و پێرهژنێكی ده‌رده‌دار. گه‌رچی له گه‌ڵ منداڵانی تر یاری و قسان ده‌كا به‌ڵام له‌گه‌ڵیان نابێ به یه‌ك. منداڵێكی شیرین، له به‌شه سه‌ره‌تاییه‌كانی چیرۆكدا محه‌مه‌د ده‌یه‌وێ هه‌موو شت به خێرایی بگێڕێته‌وه، بۆیه تێكه‌ڵ پێكه‌ڵ باسیان ده‌كا، ده‌یه‌وێ وه‌ك گه‌وره‌كان بدوێ بۆیه قسه‌ی زل زل ده‌كات، رسته‌كانی جاروبار له رووی رێزمانه‌وه هه‌ڵه‌ن و نموونههێنان و باسه‌كانی له شوێنانێك دا تێكه‌ڵ و ههڵهوگهڕیاون. ته‌نانه‌ت جاروباریش لێی تێناگه‌ی. بۆیه زه‌ینی خوێنه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ندێك تێكده‌چێ به‌ڵام دواتر قسه‌كردنی به‌لایه‌وه ئاسایی ده‌بێته‌وه و قسه په‌رت وبڵاوهكانی محه‌مه‌د قه‌بووڵ ده‌كات. هه‌روه‌ها رێزمان و شێوه نووسینه‌كه‌ی وه‌ك خوه‌ی هاتووه و قسه توند و ناشیرینهكانیش هه‌وڵ دراوه كورت بكرێته‌وه یا وشه‌ی هه‌ندێك نۆرمالتری بۆ ده‌كار بێت.
|
|
|