| ووتاری کوردی |
|
كورته مێژووی کوردی فه‌یلی / به‌شی دووهه‌م
ناسری ره‌زازی
28 / 6 / 2010
گاسان، گۆسان! گاسان، گۆسان چه‌ندین واتای هه‌یه: 1. گیایه‌كی ده‌شتییه؛ 2. ئاگر، سكڵ، ژیله‌مۆ؛ 3. بوێژی گاتاكانی زه‌ڕده‌شت، ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی كه گاتاكانی زه‌ڕده‌شتیان به هۆنراوه‌ی 20 بڕگه‌یی چڕیوه، واته: گۆرانیبێژێك كه به دوو باڵ فڕیوه، هه‌م گۆرانیی گوتووه و هه‌میش هۆنراوه‌ی داناوه؛ له سه‌رده‌می زه‌ڕده‌شتدا به‌و گۆرانیبێژانه‌ی كه داستان و چیرۆكیان به هۆره و لاوك و حه‌یران چڕیوه، گوتوویانه: گۆسان، پاشان ئه‌م وشه‌یه له‌سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا بووه به: هۆنیاواچ، چونكه قسه‌كردنی باره‌گای ساسانییه‌كان به پاله‌ویی بووه و هۆنیاواچ كه له دوو وشه‌ی (هۆنیا یان خۆنیا) و (واچ) پێك هاتووه، مانای: خۆشخوان و خۆشبێژ ده‌دا و ئه‌م وشه‌یه‌یان دواتر كردووه به (خۆنیاگه‌ر و رامشگه‌ر و چامه‌گوو)، بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مای وشه‌كه بگۆڕن و له فارسی نزیك بكه‌نه‌وه؛ بۆ روونكردنه‌وه‌ی وشه‌ی هۆنیاواچ یان هۆنیاواز، له ژێره‌وه نموونه‌یه‌ك له نووسینێكی خانمی (ماری بۆیس) كه له بنه‌ڕه‌تدا هیبدییه و له ئینگلیس گه‌وره بووه و خوێندوویه‌تی دێنمه‌وه: {له (کۆپه‌ڕی خونیاگه‌ریی)دا كه ماری بۆییس خانم نووسیویه‌تی، نووسراوه: وشه‌ی گۆسان دوو كه‌ڕه‌ت له ئه‌ده‌بیاتی فارسی‌دا ده‌ركه‌وتووه، ئه‌ویش له چیرۆكی (وه‌یس و رامین) دا؛ مینۆرسكی گوتوویه‌تی كه ریشه‌ی پارتی هه‌یه واته فارسیی كۆن؛ جاری دووهه‌میان وشه‌ی گۆسان به ناونیشانی (نه‌وائین) ده‌رده‌كه‌وێ، كه پێتكانۆف له نێوان (نێوی گشتی و نێوی تاك)، واته: (اسم عام و اسم خاص) دا، ئه‌م وشه‌یه به نێوی گشتی نێو ده‌با؛ وه‌رگێڕی فارسیزمانی ئه‌م کۆپه‌ڕه‌ش ده‌ڵێ: ئه‌م وشه‌یه له وشه‌ی ئاوێته‌ی (نه‌وا و ئایین)ه‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵكوو وشه‌یه‌كی فارسی نێوه‌ڕاسته و واته (نواگن) كه له وشه‌ی (نواگ) وه‌رگیراوه و یانێ (نوا) ی فارسیی یان (نوادار) و (نواگر).} من ئه‌م دیتنه‌م پێ هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م وشه‌یه ریشه‌كۆڵ بكرێت، وشه‌یه‌كی ئه‌وێستایی یان پاله‌ویی كۆنه، كه به كوردییه‌وه نزیكه هه‌تا فارسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه فارسی نێوه‌ڕاست یان پاله‌وی كۆن، فارسی نییه و به گوته‌ی زۆر زمان‌ناس و زمانزانی فارسی ئێرانیی، پاله‌وی (زاراوه‌ی كورده‌كانی جنوبی كوردستانه)، چونكه ئه‌و (زووانی پاله‌وی)یه، كه فارس باسی ده‌كا، یانێ زاراوه‌ی: كه‌لهوڕیی، یان كه‌ڵوڕیی. دیسان ئه‌م خانمه ده‌ڵێ: بۆ ده‌ورانی ساسانییه‌كان جیا له درێژه‌پێدانی سوننه‌تی گۆسانه‌كان له باكوور، له دره‌وشانه‌وه‌ی خونیاگه‌ری له ئێرانی گه‌وره‌دا!!، شایه‌ت و به‌ڵگه‌ی زۆر به ده‌سته‌وه‌یه و ئێستلاحی فارسیی نێوه‌ڕاست بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده، (هونیاگه‌ر و هۆنیاواز) بووه. واژه‌ی هونیاگه‌ر له پاله‌وی كۆندا هۆنیاواچ و هۆنیاواز بووه كه به ئه‌نقه‌ست كردوویانه به خونیاگه‌ر و به‌م شكڵه ماوه‌ته‌وه، دوایی كردوویانه به نه‌واگه‌ر و پاشان رامشگه‌ر و ئه‌وسا چامه‌گوو! له راستیشدا ده‌ستلێدانی ئه‌م وشه‌گه‌له‌ش، وه‌كوو ده‌ستێوه‌ردانی هۆنراوه‌كانی باوه تاهیری هه‌مه‌دانی، به‌و مه‌به‌سته بووه كه وشه كۆنه‌كه‌ی له‌ناو به‌رن و نه‌یهێڵنه‌وه. ماری بۆیس خانم، دوایی له شوێنێكدا ده‌ڵێ: خونیاگه‌ری دواتر له لایه‌ن قه‌ومگه‌لێكی وه‌كوو (ئه‌ڤغانی و كورد) ه‌وه، پارێزراوه. منیش ده‌ڵێم: هۆنیا و خۆنیا، هه‌ردووكیان به سه‌ر بنه‌مای ریشه‌ی وشه‌ی كۆنی ئه‌وێستایی (خۆن یان خون)ه‌وه دامه‌زراوه و وشه‌ی وه‌رگیراو له خۆن ئه‌مڕۆ له له كوردستان له ناوچه‌ی موكوریان به‌تایبه‌ت به شێوه‌ی خۆشخوان ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام به هۆی گۆڕانی سیاسی مێژوویی، وشه‌گه‌لی دیكه جێگای وشه‌ی هۆنیاواچیان گرتۆته‌وه: (ده‌نگبێژ، لاوكبێژ، هۆره‌چڕ). هۆنیا و خۆنیا، هه‌ر دوویان دوو وشه‌ی كۆنی پاله‌وین كه هۆنیا به واتا ره‌شۆكی (عامیی)یه‌كه‌ی، ده‌بێته: هۆنینه‌وه و (خونیا)ش كه له ریشه‌ی (خون)ی ئاوێستایی یان پاله‌ویی وه‌رگیراوه، واته خۆشبێژ و خوشخوان، چونكه له پاله‌وی كۆندا خون یان خۆن یا هۆن، به واتای خۆش بووه و به كورتی گۆسه‌ن یان گۆسان یانێ هۆره‌چڕ یا به‌یتبێژ و جگه له كوردستان نه‌بێ، له هیچ شوێنێكی ئێران‌دا شتێكمان به نێوی به‌یت یان به‌یتبێژ نییه. داستان یان چیرۆكی (وه‌یس و رامین)یش هه‌ر به زاراوه‌ی پاله‌ویی یان كه‌ڵوڕیی كۆن نووسراوه و ده‌ستی لێدراوه. جا له‌به‌ر ئه‌مه، وه‌كوو سمایل بێشكچی ده‌ڵێ: مێژووی ئێران و ئێراق و سووریه و توركیه و وڵاتی له‌گوێن ئه‌مانه، ده‌بێ له‌سه‌ره‌وه بنووسرێنه‌وه، چونكه هه‌مووی به‌سه‌ر بناغه‌ی درۆ و ده‌له‌سه و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پاماڵكردن و دژی بوون و هه‌بوونی گه‌لانی بنده‌ست و مافخوراوی ئه‌و وڵاتانه‌وه نووسراوه‌ته‌وه. له زمانی كوردیدا به‌و چیرۆك و داستانگه‌له‌ی كه له كۆندا سنیه به سینه ماونه‌ته‌وه و زۆرتر داستانی حه‌ماسی و كۆمه‌ڵایه‌تین و به ئاواز ده‌گوترێن، ده‌ڵێن: به‌یت. وشه‌ی به‌یت هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌سه‌ر (بێت)ی عه‌ره‌بییه‌وه نییه و له ریشه‌ی (Poet)ی لاتینییه كه‌وتۆته‌وه كه ده‌بێته شاعیر؛ هه‌روه‌ها به‌یت ده‌بێ له Pad) پاد( ی ئاوێستایی كه مانای شیعر ده‌دا كه‌وتبێته‌وه؛ دووریش نییه به‌یت له‌گه‌ڵ گۆشه‌ی به‌یات كورد و مه‌قامی (به‌یات) كه له ئێران پێده‌گوترێ شوور، هه‌ر یه‌ك ریشه بن و سه‌رچاوه‌یان یه‌كێ بێ. بۆ وشه‌كانی (هات و گات)ی کۆپه‌ڕی گاتاكانی زه‌ڕده‌شتیش، هه‌ر دوو وشه‌كه كوردین و (هات) واتای هاتن و نه‌دا ده‌دا و (گات)یش مانای قاوكردن و بانگ و هاوار ده‌دا، له كاتێكدا له زمانی فارسی‌دا هه‌ر دوو وشه‌كه بێ مانا ماوه‌ته‌وه! پێشموایه ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگه، بۆ ئه‌وه‌ی كه كورد كۆنترین نه‌ته‌وه‌یه له ئێران‌دا و نه‌ك وشه‌ی ناونیتكه هه‌ڵخڕێنی قه‌وم! هه‌روه‌سا كورد له فه‌رهه‌نگ و شوێنه‌واره كۆنه‌كانی ئێران‌دا هاوبه‌شه و، نه‌ته‌وه‌ی كورد یه‌كه‌مین بناغه دانه‌ری ئێرانه و شتی تریشمان زۆره به ده‌سته‌وه بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بانگاشه‌یه. بۆ نموونه: گۆمه‌سپان! له بنه‌ڕه‌تدا گیۆمه‌سپان بووه! وشه‌ی گیۆ، له کۆندا له نێو زمانی ئاوێستایی مادیی، بۆ (زه‌وی، گیان، وڵات، گا و کشتوکاڵ)، به‌کار براوه، که دواتر وشه‌ی جیۆ و جیۆگرافی لێ که‌وتۆته‌وه. نێوی (گیو) که ئه‌مڕۆ له کوردستان به‌کار ده‌برێ، له‌م نێوه که‌وتۆته‌وه. گیۆمه‌سپان، له دوو وشه‌ی (گیۆ و ئه‌سپه‌ند) پێکهاتووه که به سه‌ر یه‌که‌وه گیۆئه‌سپه‌نده: 1. شوێنی گیانداران، 2. شوێنی پیرۆز. سه‌ند یا سانت له سانسکریت یا لاتیندا واته: مقدس، پیرۆز. وه‌کوو: سانت یۆران و سانتیاگۆ و هیدیکه. دۆڵی یه‌سپان له سنه وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌م وشه‌یه‌یه. ئه‌م وشه‌یه به (گۆران و گه‌یلان و گێڵان و گیو و گلایا)وه نزیکه. فه‌یلی، پاڵه و پاڵه‌وان؟ وشه‌ی پاڵه‌وان واتاکه‌ی ده‌بێته: 1. رنجبه‌ر، پاڵه، سه‌پان؛ 2. په‌ڵه ده‌خڵی نه‌دووراو؛ 3. مرۆڤی زۆردار و به‌هێز؛ 4. دارێ كه ده‌خرێته بن كاریته‌وه؛ 5. فه‌رمانبه‌ری شار؛ 6. شاری ئه‌و كوردانه‌ی كه له كۆندا سه‌ر به ئایینی زه‌ڕده‌شتی بوونه؛ 7. شاری گۆرانه‌کان؛ 8. ده‌ربار و دیوه‌خانی گه‌وره‌پیاوان؛ 9. نێوی كۆنی زاراوه‌ی كه‌ڵوڕی كه له ئێران‌دا فارسه‌كان به هه‌ڵه پێی ده‌بێژن: زبان پهلوی (فارسی میانه!!)، که له راستیدا زووانی كورده‌كانی باشووری ئێرانه، نه‌ک فارسی میانه! هه‌رچه‌ند ئه‌م زاراوه‌یه ئه‌شكانییه‌كان و ساسانییه‌كان به‌كاریان هێناوه و قسه‌یان پێ كردووه؛ وشه‌ی (پاله‌وی)، زاراوه‌ی ئه‌و كوردانه‌ن كه به زاراوه‌ی (كه‌لهوڕیی) و (فه‌یلی) و (له‌كیی) قسه ده‌كه‌ن و له وشه‌ی (پاڵه) وه‌رگیراوه؛ (فه‌یلی)ش له بنه‌ڕه‌تدا (پاله‌وی) بووه و عه‌ره‌ب ئه‌م وشه‌یه‌ی گۆڕیوه بۆ (فه‌هه‌له‌وی) و دواتر بووه به فه‌یلی!؛ بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه: وشه‌ی پاله‌وی (په‌هله‌وی)، له بنه‌ڕه‌تدا وا نه‌بووه و عه‌ره‌ب ئه‌و وشه‌یه گۆڕیوه بۆ پاله‌وی، چونکه له بنه‌مادا (پاڵه‌یی) یان (په‌هله‌یی) بووه، که له کۆندا گۆتراوه: پاڵه‌ییان، وه‌کوو چۆن ئه‌مڕۆ ده‌گوترێ: هۆزی ئاکۆیان، تیره‌ی باڵه‌کیان، یان ناوچه‌ی گه‌ورکان و ناوچه‌ی مه‌نگوڕان. عه‌ره‌ب دوو تیپی (وی) پێ زیاد کردووه و له ژێر کارتێکه‌ریی و گاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بیدا وا له کڵ ده‌رهاتووه، چونکه کورد ده‌ڵێ: بانه، بانه‌یی، سنه، سنه‌یی، بۆ نموونه: له زاراوه‌ی عه‌ره‌بیدا خێڵی علاالدین (علا) بووه به علاوی، تیره‌ی مه‌نده‌لی بووه به مه‌نده‌لاوی و هۆزی زه‌ڕقی بووه به زه‌ڕقاوی و خه‌ڵکی فه‌رانسه‌یی بووه به فه‌رانسه‌وی و هیدیکه، ده‌نا له زمانی کوردی‌دا وا نییه. وه‌ک چۆن وشه‌گه‌لی (لی) و (لوو) به کلکی هه‌ر نێوێکه‌وه بلکێ بۆ نموونه: قامیش قامیشلی، یان قامیش قامیشلوو، تورکییه، ئاوه‌هاش وشه‌ی (وی) به دوای هه‌ر نێوێکی کوردییه‌وه بلکێ، وه‌کوو: جه‌زراوی و مه‌نداوی و هیدیکه به عه‌ره‌بیکراوه و کوردیی نییه. بۆ میناک عه‌ره‌ب (جزیر)ی کردووه به جه‌زر و پاشان بووه به جه‌زراوی، وه‌کوو پاشنێوی هه‌ر دوو هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ عارف جزیری و حه‌سه‌ن جزیری، که له رادیۆی به‌غدا به جه‌زراوی نێودێر کرابوون. دوكتۆر موعینیش له فه‌رهه‌نگه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێ كردووه و ده‌ڵێ: پاڵه یان په‌هله، واته: پارت و قه‌ومی فارس و پاڵه‌وان و دلێر و جه‌نگاوه‌ر و زۆری دیكه و له‌وێش هۆنراوه‌یه‌كی فردۆسی به نموونه هێناوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ: گـزین كرد ازان نامــداران ســــــوار دلیـــــران جنـــگی ده و دوهـــــزار هم از پهـلوی، پارس، كوچ و بلـوچ ز گیــلان جنگی و دشـت و ســروچ واته:له‌و ســـواره ناودارانــه‌یـــان هه‌ڵبـــــژارد، له‌و دلێــــره شه‌ڕاشـــــۆیانه، دوازده هــــه‌زار، هه‌م پالـه‌وی و هه‌م پارت و كۆچه‌ر و به‌لووچ، له گێڵانی شـه‌ڕكه‌ر و ده‌شتییــه‌كان و سرووچ! مه‌به‌ستی فردۆسی له په‌هله‌وی (پاله‌وی) لێره‌دا فارس نییه و به‌ڵكوو كورده چونكه به كوردی كه‌ڵوڕی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان گوتووه پاڵه و پاڵه‌وان، پاله‌ویش ئه‌و كوردانه ده‌گرێته‌وه وا به زاراوه‌ی كه‌ڵوڕی قسه‌یان كردووه و داگری شاره‌كانی ئیلام و به‌دره و جه‌سان و كووت و عه‌ماره و ته‌نانه‌ت كرماشانیشه! ره‌نگه هه‌موو كوردیش بێ، چونكه زمانی سه‌رده‌می ساسانی و ته‌نانه‌ت ئه‌شكانی و هیدیكه‌ش پاله‌وی بووه. بۆ نموونه چوارینه‌كانی باباتاهیری هه‌مه‌دانی هه‌ر به‌و زاراوه‌یه دانراوه و دواتر له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه كراوه به: فه‌هله‌ویات! به‌راستی خه‌ڵكی فارس ده‌بێ ئه‌وه بزان كه (زبان پهلوی) كه فارس بانگاشه‌ی بۆ ده‌كا و به فارسی داده‌نێ، فارسی نییه و یه‌كێ له زاراوه كۆنه‌كانی زمانی كوردییه و به زاراوه‌ی كه‌ڵوڕیی ناسراوه. من ده‌مه‌وی لێره‌دا بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسه‌یه دوو به‌ند له به‌نده‌كانی گاتاكانی زه‌ڕده‌شت به نموونه بێنمه‌وه كه تێکه‌ڵه‌یێکه له كوردیی هه‌ورامیی و که‌ڵوڕیی و جافیی و کرمانجیی، که فارس له ژێر په‌رده‌ی (زبان پهلوی) كه ئه‌ویش هه‌ر که‌ڵوڕییه، وه‌ریانگیڕاوه‌ته سه‌ر فارسیی، له كاتێكدا وشه‌كان له سه‌تا 70 زێده‌تری كوردین و تاكه‌تاكه‌ش وشه‌ی تێدایه كه ده‌توانین بڵیین وشه‌ی فارسیی و كوردیی هاوبه‌شن و هه‌ندێكیشی ئه‌مڕۆ له کوردی‌دا شوێنه‌واریان ماوه‌ته‌وه! وه‌كوو ئه‌م به‌نده له به‌ندیێكی یه‌سنای گاتاكانی زه‌ڕده‌شت: ئه‌شاوۆ فـره ده‌سای ئه‌ســپه‌رێـزه‌تا تواڤـــانه‌س مـــه‌زدا ئه‌هـــوورا یه‌دا شاهۆ چیایه‌كه له كێوه‌كانی زاگرۆس له هه‌ورامان! ئه‌سپه‌ریزیش کێوێكه له باوه‌شی شاهۆیه و له هه‌ورامانه و له نێوان سنه و مه‌ریواندا هه‌ڵكه‌وتووه! ئه‌مه هاتی (31)ه له به‌ندی 16ی گاتاكانی زه‌ڕده‌شت! واتای ئه‌م شیعره ئه‌وه‌یه له خواره‌وه: شاهۆ هه‌تا ده‌گاته ئه‌سپه‌رێز، ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر زنجیره چیایه، چه‌می دووئاوانیش كه له خوارییانه‌وه ده‌ڕوا، مه‌زدا ئه‌هوورا پێی به‌خشیوین! بۆ ئاگاداریی: ماده‌کان گوتوویانه: مه‌زدا ئه‌هوورا، به‌ڵان پارته‌کان گوتوویانه: ئـه‌هوورا مه‌زدا! پاڵه‌یی، كه‌ڵۆڕ؟ که‌ڵوڕ هۆزێکی گه‌وره‌یه له هۆزه كۆنه‌كانی كورد، كه به زاراوه‌ی پاله‌وی قسه ده‌كه‌ن و ئه‌م هۆزه داگری چه‌ندین تیره‌یه و شوێنه‌مێنگه‌یان باشووری كوردستانی مه‌زنه كه شاره‌کانی: به‌دره، جه‌سان، کووت، عه‌ماره، زڕباتییه، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، كرماشان، سه‌حه‌نه، کرند، رێژاو، که‌نگاوه‌ر، قه‌سری شیرین، شائاوا (مه‌نه‌لی) کۆن، مێران، دێلۆڕان، سه‌رانسه‌ری ئیلام و به‌شێک له لوڕستان و کورده‌کانی به‌غدا ده‌گرێته‌وه. هۆزی که‌ڵوڕ له هۆزی جاف گه‌وره‌تره و ده‌توانین بڵێین گه‌وره‌ترین هۆزی کوردن که به پاله‌ویی قسه ده‌که‌ن. هه‌ندێ دیتنیش ده‌ڵێن: به‌م هۆزه گه‌وره‌یه گوتراوه: که‌ڵه‌ئاهوورایی، واته له بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی ئاهووراییه‌کان. دیتنێکی دیکه‌ش به که‌ڵوڕه‌کان به (راوکه‌ری ئاسک و به‌ران و که‌ڵه‌کێویی و هیدیکه)ی دهاده‌نێن و ده‌ڵێن: کاری ئه‌م هۆزه زۆرتر راو بووه و ئاژه‌ڵداریی. کرماشان (کرمانشاه!!) یه‌كێ له شاره كۆنه‌كانی كوردستانه كه به‌ر له سه‌رده‌می ساسانییه‌كان بنیات نراوه، به‌ڵام دواتر خه‌سره‌و و بارامی ساسانیی بایه‌خێکی زۆریان پێداوه؛ كرماشان جێگا و مه‌ڵبه‌ندی ساسانییه‌كان بووه كه ئێستاش شوێنه‌واره‌كانی هه‌ر ماوه؛ له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كاندا كه عوسمانییه‌كان به‌شی سوننی نشینی كوردستانیان داگیر كرد، سه‌فه‌وییه‌كان بایه‌خێكی زۆریان به كرماشان دا و كرماشان زۆر پێشكه‌وت؛ ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێن كرماشان (بارامی چوواره‌م) كه نێوی (كرمانشاه، یان شاه‌كرمان) بووه بنیاتی ناوه، درۆیه و ئه‌و شاره‌ی كه بارامی چوواره‌م بنیاتی ناوه، كوێره‌دێیه‌ك بووه له نزیك ئه‌سفه‌هان به نێوی (كرمانشاه)، كه ئێستاش كه‌لاوه‌كانی هه‌ر ماوه؛ كرماشان له كۆندا نێوی (كرماجان) یا (كرمانجان) یان (كرمانجسان) بووه كه واتای (جێگای ره‌عیه‌ته‌كان، یان جێگای چانده‌کاران و ئاژه‌ڵداران) ده‌دا و عه‌ربه‌کانیش به قرمسین نێویان بردووه، به‌ڵگه و ده‌لیلیش ئه‌وه‌یه که گۆرانه‌کان یه‌که‌م هێز بوونه که ده‌ستیان به شارنشینی کردووه و یه‌که‌مین تیره‌ی کوردن که کرماشانیان ئاوه‌دان کردۆته‌وه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه نێویان ناوه کرماشان، واته شوێنی چانده‌کار و ئاژه‌ڵداران! داوا له خوێنه‌رانی به‌ڕێز ده‌که‌م، کرماشان به کرمانشاه نێو مه‌به‌ن و نێوی ئه‌م شاره به کوردی کرماشانه.
|
|
|