چاند هۆنه‌ر |
|
له یه‌که‌مین به‌فری زستانی ئه‌مساڵماندا/ چیرۆك
ن:كۆردۆ موده‌بێر
28 / 12 / 2009
له به‌ر په‌نجه‌ره‌كه راوه‌ستا بوو، چاوی بڕی بووه ده‌ر. "كلو كلو یه‌كه‌م به‌فری زستان ده‌ستی گه‌رمی زه‌وی ده‌گوشێ، گه‌رمتر له خۆشه‌ویستی هه‌ر خۆشه‌ویستێك، شه‌قام و كۆلان و سه‌ربان وشك وشك، وێده‌چوو به ساڵان كه‌سێك تفێكیشی لێنه‌كردوه، دیار بوو زه‌وی چاوه‌ڕوانی ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی خۆی ده‌كرد, به‌فر هه‌ر ده‌باری و زه‌ویش له خۆشه‌ویستی دا ئاوی ده‌كرد و له‌گه‌لی تێكه‌ڵ ده‌بوو، له ئامێزی ده‌گرت وپێكه‌وه ده‌بوون به‌یه‌ك" ئه‌مانه كۆمه‌ڵه وشه‌یه‌ك بوون له كاتی یه‌كه‌م به‌فری زستان دا له مێشكی كچێكی خه‌ڵكی شاری ئه‌مه‌گ و خۆشه‌ویستی ریزی ده‌به‌ست و ده‌خولانه‌وه. له ژوورێكی تاریك دا دانیشت بوو، هه‌موو كه‌سێكی ده‌دیت و سه‌رنجی رێ وه‌ڕینیان , قسه‌كردن و هات و چۆیانی ده‌كرد، هه‌موو كه‌سێكی ورد سه‌یر ده‌كرد، به‌ڵام هیچ كه‌س له ناو كۆڵان ئه‌وی نه‌ئه‌بینی. جارێك سه‌رنجی كه‌وتنی كوڕێكی دا و تریقه‌ی كهنینی ئاسمان و زه‌وی هه‌ژاند، كوڕه كه‌مێك ئه‌م لاو ئه‌و لای كرد و له‌سه‌ر خۆ راست بۆوه و رۆیشت. زۆری پێ نه‌چوو ژنێك و كوره بچۆكهلهكهی له‌وێ وه‌ڕا ره‌ت ده‌بوون، هێنده هیدی و له‌سه‌رخۆ ده‌رۆیشتن له كێسهڵ ده‌چوون. چاره‌كێك دوای ئه‌وه, كوڕ و كچێك به كۆڵان دا ده‌ڕۆیشتن، قسه‌و باسیان به گوێدا نه‌ده‌هات به‌ڵام پێ روانین و نزێكبوونهوهیان هاواری ده‌كرد دوو خۆشه‌ویستن. ده‌ستیان له ناو ده‌ستی یه‌ك گرێدابوو، كوره باریكهلهیهكی چاویلكه له چاوو بوو، كچه‌ش تۆزێك كز ، له نێوقه‌دی كۆڵان بوون كۆڕه بۆ ماچێك ده‌می برد بۆ سه‌ر كۆڵمی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، به‌ڵام كچه‌كه به ده‌ست راتهكانێك نه‌یهێشت و پاش ئه‌وه پێكه‌نینێكی كرد، له ژێر ئه‌و به‌فره دا ته‌ڕ ته‌ڕ بوبوون و دیمه‌نێكی جوانیان له‌و كاته‌یا نه‌خشاندبوو، به‌فر له‌سه‌ر قژی كوڕه ته‌مه‌نێك و به‌ڵام خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌ستێكی هێمنانه‌ی بردبۆ سه‌ری و به‌فره‌كه‌ی كوشت. كۆڵانێكی بێ ده‌نگ و ئارام، به‌فر كلوكلو ده‌بارێ، زه‌وی خویساوه ئه‌مه‌ش تابلۆیه‌كی رۆمانتیكه كه بوونی دووخۆشه‌ویست له‌و تابلۆیه دا رازاندبوویانهوه. كچه‌ی پشت په‌نجه‌ره تا رێ ی هه‌بوو، تا چاوی ده‌یبڕی و ئاوا ده‌بوون تواشای كردن، له كۆتایی كۆڵانه‌كه, پێش ئه‌وه بپلێنهوه، كچه رازی بوو تا دڵی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌شكێنی و به ماچێك هه‌ردوو شاد بوونه‌وه. پاش ئه‌وه ئۆتۆمۆبیلێك له جۆری سایپا سه‌ری كرده ناو كۆڵان و له پرێكا په‌نچه‌ر بوو، لێخوڕی ئۆتۆمۆبیله‌كه مستێكی توندی له سه‌ر داشبۆرده‌كه كوتا، به په‌له هاته‌ده‌رێ، بۆڵه بۆڵێكی كرد و له‌و به‌فره دا مه‌جبور كه‌وت زاپاسی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ده‌رێنێ و پاشان جه‌ك بێنه و لاستیك بگۆڕه و كه‌سێكیش یارمه‌تیت نه‌دا، جا بیهێنهبهرچاوی خۆت چه‌نده ناخۆشه. هه‌ر له‌و ساته‌یا خه‌ریكی گۆڕینی لاستیكی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی بوو دوو گه‌نج كه له‌وێ وه رهدئهبوون سه‌رنجێكیان دا، به‌ڵام رانه‌وه‌ستان و ئۆتۆمبیل و خاوه‌نه‌كه‌یان وه‌ك پێشتر چۆن بوو به‌جێ هێشت. زاپاسی گۆڕی, به ته‌واوه‌تی خویسا بوو، كۆته‌كه‌ی ده‌رێنا و له‌گه‌ڵ لاستیكه پهنچهرهكهدا فرێدایه پشت سایپاكهوه وه‌ك بڵێ ی تازه كێ له‌به‌ری ده‌كا و به‌م زستانه كه‌ی وشك ده‌بیته‌وه. كه‌مێك له ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌ی دا هێمن دانیشت، كه‌مێك ده‌ستی بۆ ئه‌م لاو ئه‌و لا برد و هێنایه‌وه، كاسێتێكی كۆنی ده‌رخست( دیار بوو كه هه‌ر له مێژه له‌گه‌لی ده‌ژی و گوێبیستیه‌تی) و له‌سه‌ر ده‌زگای زهبهتی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی دانا، چه‌ند چركه‌ی نه‌خایاند شه‌كه‌تی و كۆڵان و توڕه‌یی به جێ هیشت و رۆیی. "له‌شكری كلوه به‌فره‌كان زۆر بوون و به‌ره‌و زه‌وی بوونه‌وه. له چه‌ند ده‌قه‌دا به هروژمێك رێگه‌وبانیان سپی پۆش كرد. با و به‌فر له‌گه‌ڵ یه‌ك تێكه‌ڵ بوون و رق وقینی خۆیان به شووشه‌كانی ژووره‌كه‌ی كچه‌ی ناو ئه‌م چیرۆكهیا ده‌ڕشت. ئه‌وه‌نده به‌هێز , شووشه‌كان نه‌یانده‌وێرا شتێك بڵێن و هه‌ر ده‌له‌رزان و جگه‌له‌وه‌ش هیچیان پێ نه‌ده‌كرا،پشتیان له باو بوران و روویان كرد بووه ناو ژووره‌كه‌وه." ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵه وشه‌یكی تر بوون بۆ جاری دووهه‌م له‌ناو هزر ومێشكی كچه‌ی پشت په‌نجه‌ره دا ریزیان به‌ست و خولانه‌وه. هێدی هێدی پاش هروژمێكی له كوت وپڕی یه‌كه‌م به‌فری ئه‌و زستانه‌دا شه‌وداهات. پاش كه‌مێك هه‌وره‌كانی ئاسمان بڵاوه‌یان كرد و مانگ به سیمایه‌كی ئاڵتونییه‌وه بوو به تاكه تابلۆی ئه‌و هۆڵی پان و به‌رینه. هات و چۆ راوه‌ستا, جارجارێك ده‌نگی بۆقی ئۆتۆمۆبیله‌كان به گوێدادههات, ئاو له‌سه‌ربانان ده‌هاتنه خواره‌وه، كزه‌یه‌كی سارد هات و شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌یتر ته‌م گرتی. كچه سه‌رنجێكی دا و خێرا سووڕایه‌وه و پشتی له شووشه‌كان كرد, تاریكی، تاریك تاریك، ژوورێكی مردوو، بۆ چركه‌یه‌ك چاوه‌كانی له‌سه‌ر یه‌ك ناو و له ناكا ههستایهسهر پێ و چه‌ند هه‌نگاوی به‌په‌له‌ی هاویشت و گلۆپه‌كه‌ی داگیرساند. به‌په‌له ده‌ستی دایه پێش چاوی و قوچاندی، رووناكییه‌كی له‌راده‌به‌ده‌ر هات تا گلینه‌ی چاوی له ئامێز بگرێت، ئه‌شقێكی به‌ئازار بوو، پاش كه‌مێك كه ناسییه‌وه به ترسێكه‌وه هێواش چاوی كرده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ر چاوی به‌خێرای ده‌قوچاند و ده‌یكرده‌وه. جارێكی تر سووڕایه‌وه، ئه‌مجاره‌یان رووی له شووشه‌كان كرده‌وه، له‌گه‌ڵ داگیرساندنی گلۆپی ژووره‌كه‌یدا گلۆپه‌كانی شار یه‌ك له دوای یه‌ك داگیرسان. -چه‌نده خۆشحاڵ تر ده‌بووم خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌مان نه‌ك هه‌ر له داگیرسانی گلۆپ دا له به‌دبه‌ختیه‌كانی یه‌كتریش دا شه‌ریك و یه‌ك ده‌نگ بانایه. ئۆفێكی هه‌ڵكێشاو, به‌ڵام شه‌كه‌تی نه‌یهێشت تا كۆتایی ههڵیكێشێ، به‌پشتا خۆی به‌سه‌ر قهرهوێڵهكهدا كوتا، به میچهكهدا ههڵیڕوانی. چاوی نوقاند و .... " ده‌بێ سبه‌ی كه هه‌ستام له خه‌و، كتێبه‌كانم رێكخهم و یه‌كه‌مجار زه‌نگی ده‌رگه‌ی ماڵی په‌روین لێبده‌م، پێم خۆشه چاك بووبێته‌وه، ئه‌گینا كێ ته‌نها رێگه‌ی قوتابخانه ده‌برێ، به‌ڵام نا، خۆم ته‌نیا چاكتره. ته‌نیای ته‌نیا" ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵه وشه‌یه‌كی تر بوون كه پێش نوستن له مێشكی دا به زۆری ریزیان ده‌به‌ست و راده‌وه‌ستان. كاتژمێر له زه‌نگی دا، مێشكی هه‌ر كه‌سێكی ده‌هه‌ژاند، مێشكی كچه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی ئێمه‌شی ئالۆزاند. كه سوبحانه‌ی خوارد كتێبه‌كانی رێكخست، له ناو جانتاكه‌ی كرد و له پلیكانه‌كان دابه‌زی و رووی كرده ناو كۆڵانه‌وه. رێگه و بان پارچه‌یه‌ك سه‌هۆڵ بوو، ئه‌ویش وه‌ك پارچه ئاگرێك گروتینی پێوه‌دیار بوو. هه‌نگاوی خێرا و به‌رده‌وامی هه‌ڵده‌گرت، كه گه‌یشته ئه‌و په‌ڕی كۆڵان هه‌ناسه‌ی سوار بوو، له‌و سه‌رما و سههۆلهدا نه‌یده‌توانی رێگه‌ی قۆتابخانه ببڕێ، رۆیشته گوێ ی خیابانهكه، به ته‌ما بوو به تاكسی بڕوات، یه‌كێك, دووان، سیان و چوار و.... ئۆتۆمۆبیل تێپه‌ڕین، هیچیان تاكسی نه‌بوون. تا چه‌ند خوله‌كی دیكه تاكسییهم تووش نه‌یه‌ت دێره. چه‌ند خوله‌كێك تێپه‌ڕی و تا ده‌هات ناوچاوانی تاڵ ده‌بوو، ئۆتۆمۆبیله‌كان به خێرایی ده‌هاتن و ده‌رۆیشتن، چه‌ند كه‌سێكی تریش به‌م به‌ر و ئه‌و به‌ری خیابانهكهدا هه‌ڵده‌هاتن. پێ ی وابوو تا ئه‌و كاته‌ی تاكسی بۆبێ و بگاته قوتابخانه چه‌ند خوله‌كێك پاش كه‌وێ، هه‌ر له سه‌روبه‌ندی ئه‌و فیكریه بوو بۆقی ئۆتۆمۆبیلێك چه‌ند جارێ لێیدا و له پڕێكا ههڵبزیسكا و رووی له ئۆتۆمۆبیله‌كه كرد، ده‌ستێك له پشت شووشه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌كه‌وه بانگی كرد، لێی نێزیك بۆوه، ده‌ركه‌كه كرایه‌وه. - وه‌ره شۆڕه كچ سه‌ركه‌وه با بڕۆین. په‌روین بوو، دیار بوو چاكبۆته‌وه، ئۆتۆمۆبیلهكهش له جۆری لاندرۆڤێر و هی باوكی په‌روین بوو، زۆر خۆشحالبوو. سه‌ركه‌وت و سڵاوی باوكی په‌روین و په‌روینی كرد و چه‌ند جارێك یه‌كتریان ماچ كرد، چاوه‌كانی په‌روین هه‌ڵنه‌ده‌هاتن، وه‌ك ده‌لێن: خومار بوو. كچه‌ی ئێمه‌ش له‌و باس وقسانه سه‌ری له‌به‌ر ده‌رنه‌ده‌كرد، زۆری گوێ نه‌دایێ، به‌ڵام ئه‌و چاوانه‌ی په‌روین سروشتی نه‌بوون. - راستی په‌روین نهخۆشینهكهت چی بوو، دكتۆر گوتی چی نه‌خۆشینێكه و ئێستا باشی؟ - نازانم، ئه‌وه‌نده باری ده‌روونی و رۆحیم باش نییه، باش له بیرم نایه‌ت دكتۆر چی گوت. له پڕێكا باوكی هاته‌گۆ و گوتی: كچم، نه‌خۆش بوو هه‌ر ئه‌وه‌نده, ئێمه‌ش له دكتۆره‌كه‌ی باش تێنگهیشتین له‌به‌ر ئه‌وه له نه‌خۆشی په‌روینی كچم زۆر زانیاراریم لا نییه. -من كه ئه‌وجار هاتم بۆ خه‌سته‌خانه بۆ لای په‌روین، ئه‌وهێشتا وڕ وكاس بوو، جار جارێك شتانێكی به زمانا ده‌هێنا، نازانم ده‌یگوت: "ههشیش، حه‌شیش، نا نا نامه‌وێ، ئیتر به‌سه" من شتی وام گوێ لێ‌بوو. - كچم، په‌روینی من كه باری جه‌سته‌یی چاكبێ له خه‌وا قسه ده‌كا و ئێمه‌ش زۆر كه‌م لێی حاڵی ده‌بین، كاتێ كه نه‌خۆش بێ به‌لامانه‌وه ئاساییه. (باوكی په‌روین پاساوی بۆ ورده قسه‌كانی په‌روین ده‌هێنایه‌وه، كچه‌ی ئێمه‌ش سه‌ری له هیچ نه‌ده‌بۆوه، نه‌یده‌زانی چۆناوچۆنییه، باوكی په‌روین چی ده‌گوت ئه‌ویش ده‌یگوت وایه وایه، به‌ڵام راستی ئه‌وه بوو په‌روین كوڕێكی پورزای هاوڕێی بوو، له‌ماڵه‌وه‌ش گومانیان له‌سه‌ری بوو كه له‌گه‌ڵ كوڕێك دا په‌یوه‌ندی هه‌یه، به‌ڵام نه‌یانده‌زانی پورزای خۆیه‌تی، پاش چه‌ند مانگێك دۆستایه‌تی، رۆژێك له رۆژان ماڵی پورزای په‌روین وه‌ك میوانی و بۆ خواردنی نێوه‌ڕۆ دێن بۆماڵیان، به‌ڵام كوڕه‌كه‌یان كه ده‌كاته هاوڕێ ی په‌روین نایه‌ت و به ته‌له‌فون په‌روین ئاگادار ده‌كاته‌وه كه ماڵ كه‌سی تێدا نییه و ده‌رفه‌تێكی باشه كه باشتر و كراوه‌تر قسه‌و باسه‌كانی خۆیان بگه‌یه‌ننه ئاكام و له‌و قسانه، په‌روینیش رازی ده‌بێ و پاش خواردنی نێوه‌ڕۆ جلی قوتابخانه‌ی ده‌كاته‌به‌ر و جانتاكه‌ی له‌سه‌ر شان ده‌نێ و له‌ماڵ دێته‌ده‌رێ, به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان بۆ قوتابخانه نا بۆ ماڵی پوری، تاكسییه‌ك به كرێ ده‌گرێ و پاش چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك ده‌گاته ماڵی پوری، ده‌چێته ماڵ و سه‌ره‌تا كوڕه‌ی پوری زۆر خۆشه‌ویستانه به‌خێرهاتنی ده‌كا و میوه‌ی بۆ دێنێ و زۆر به خۆشه‌ویستییه‌وه پێكه‌وه ده‌دوێن. - په‌روینی خۆشه‌ویستم، تۆ بڵێ ی ماڵه‌وه‌مان كه‌ێ بێنه‌وه. - به‌راستی نازانم به‌ڵام پێم وانییه به‌م زووانه بگه‌ڕێنه‌وه. هه‌ر سه‌رقاڵی ئه‌م قسه و باسانه‌ن، ورده ورده كوڕه به خشه‌خش له په‌روین نێزیك ده‌بێته‌وه، تا به وته‌ی خۆی قسه‌ی یه‌ك باشتر تێبگه‌ن، بایه‌ك له بێ ده‌نگی خۆی به ماڵا ده‌كا و هه‌ر دووكیان بێ ده‌نگ ده‌بن، روویان له‌یه‌ك ده‌كه‌ن، به ناوچاوان و سه‌ر لێو و كوڵمی یه‌كتریا هه‌ڵده‌ڕوانن و له‌یه‌ك ده‌هاڵێن، ئه‌م تێكهاڵانه زۆر ناخایه‌نێت و پاش چه‌ند چركه په‌روین به‌خۆیا دێته‌وه و ده‌كشێته‌وه، كوڕه‌ی پوری هه‌ر واز ناهێنێ و لێ نێزیك ده‌بێته‌وه، ئه‌مجاره‌یان په‌روین توڕه ده‌بێ و به توڕه‌ی پێ ی ده‌ڵێ ئیتر واز بێنه، له كۆڵم به‌وه، له‌مه زیاتر نامه‌وێ. ئه‌و جار كوڕه‌ی پوری لێ دوور ده‌بێته‌وه و ده‌ڵێ: تۆ چۆنت پێ خۆشه منیش ئه‌وه‌م پێ ی خۆشه، كه تۆ ناته‌وێ منیش نامه‌وێ. پاشان ده‌ست ده‌با بۆ سه‌ر مێزه‌كه‌ی و پاكه‌ته جگه‌ره‌كه‌ی ده‌كاته‌وه و ده‌نكێك دێنێته ده‌رێ و ههڵیدهكا، رووده‌كاته په‌روین و ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر منت خۆش ئه‌وه‌ێ، تۆش له‌گه‌ڵم جگه‌ره‌یه‌ك هه‌ڵكه با پێكه‌وه بیخۆین، په‌روین سه‌ره‌تا ده‌ڵێ نا ههڵیناكهم، من تۆم له‌دڵه‌وه خۆش ئه‌وێ، پێم سه‌یره ده‌بێ جگه‌ره‌یه‌ك بخۆم تا تۆ بزانی تۆم خۆش ئه‌وێ! - به لای منه‌وه وایه، ئه‌گه‌ر منت خۆش ئه‌وه‌ێ و ده‌ته‌وێ كه دۆستایه‌تیمان هه‌میشه‌یی بێ ده‌بێ جگه‌ره‌یه‌ك بخۆی، ئه‌گه‌ریش ناته‌وێ نه‌من نه‌تۆ. ئه‌مه‌ش وای كرد په‌روین جگه‌ره‌یه‌ك هه‌ڵكا و پێكه‌وه له‌گه‌ڵ كوڕه‌ی پوری بیخۆن، هه‌ر مژێكی لێئه‌دا دوو سێ جار ده‌كۆكی و ئاو ده‌په‌ڕییه چاوی, ئه‌یگوت ئیتر به‌سه ناتوانم، به‌ڵام كوڕه‌ی پوری سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌بێ تا كۆتایی جگه‌ره‌كه مژی لێدا.په‌روین بێ خه‌به‌ر له‌وه جگه‌ره‌كه‌ی ئه‌و حه‌شیشی تێدایه, مژ له دوای مژ، چونكه شاره‌زا نه‌بوو زۆر جار دوكه‌ڵه‌كه‌ی له سنگ دا ئه‌سیر ده‌كرد و نه‌یده‌هێشت بێته‌ده‌ر، ورده ورده سه‌رخۆش و سڕ بوو، نه‌یده‌زانێ له كوێ یه كێ لایه‌تی، هه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌دا كوڕه‌ی پوری ده‌ستدرێژی كردبووه سه‌ری. زۆری نه‌خایاند كه ماڵه‌وه‌ی پوری په‌روین هاتبوونه‌وه ، كه ده‌رگه‌ی ماڵیان كردبۆوه په‌روین و كوڕه‌كه‌یان له‌و حاڵه‌ته‌یدا دی بوو.......) گه‌یشته قوتابخانه، هه‌ر دووكیان دابه‌زین. - كچه‌كانم شتێكتان ناوێ ئه‌وا من ده‌ڕۆم. - باوكه زۆر سوپاس ده‌ستت خۆش بێ نا - ده‌ستتان خۆش بێ خوا ئێوه‌ی پێم گه‌یاند، به ئومێدی خوا جوبرانی ده‌كه‌مه‌وه. باوكی په‌روین رۆیشت و ئه‌وانیش هه‌نگاویان هه‌ڵگرت. له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێ و هاوپۆلییان پێكگه‌یشتن، سڵاو و ئه‌حواڵ پرسیان كرد و پێیان نایه ناو قوتابخانه‌كه‌وه. پاش چه‌ند كاتژمێر له قوتابخانهبوون، هه‌مووی قوتابیان به‌ره‌و ماڵ بوونه‌وه. په‌روین و كچه‌ی لای ئێمه‌ش پێكه‌وه و ده‌ست له ناو ده‌ستی یه‌ك رێگه‌ی ماڵیان گرته‌به‌ر، رێگه‌یه‌كی زۆر دوور و درێژ نه‌بوو به‌ڵام سه‌رما وای كرد ئه‌م چه‌ند خوله‌كه ببێته چه‌ند كیلومیتر. پێكه‌وه پێده‌كه‌نین و ده‌ڕۆیشتن، له‌و ئێواره وه‌خته‌دا ده‌نگی ئه‌و هه‌موو كچه دیمه‌نێكی زۆر تایبه‌ت سازدابوو،له نێوان ئه‌وان و قوتابخانه رێگه‌یه‌ك نه‌بوو، ئۆتۆمۆبیلێك به‌ره‌و روویانهات كه گهیشتهلایان له تۆرمێزی دا‌و راوه‌ستا, شووشه‌ی هێنایه خوارێ. -په‌روین سه‌ركه‌وه -ئه‌وه كێیه؟ -ده‌زگیرانمه، وه‌ره له‌گه‌ڵما. - سوپاس من خۆم ده‌ڕۆمه‌وه به خێرچی. په‌روین خواحافیسی له كچه‌ی چیرۆكمان كرد و سه‌ركه‌وت و سه‌یاره‌كه‌ش به خێرایی رۆیشت و به‌فر و سه‌هۆڵی سه‌ر جاده‌كه‌ی به‌م لاو ئه‌ولادا فرێ ئه‌دا. " تا شه‌و به‌سه‌رما نه‌هاتووه و تا گلوپهكانی ناوشار دانه‌گیرساون ده‌بێ خۆم بگه‌یه‌نمه ماڵه‌وه ، بۆ پاڵێن ده‌بێ هه‌موو له ماڵه‌وه بین و تا ئه‌و كاته‌ش زۆری نه‌ماوه. به په‌له كه‌وته رێ، له جاده‌ی سه‌ره‌كی لایدا و كه‌وته ناو كۆڵانه‌كانه‌وه، به ترسه‌وه هه‌نگاوی هه‌ڵده‌گرت، كۆڵانه‌كان فه‌رشێك بوون له سه‌هۆڵ و به‌فر، كه شهودادههات كزه‌ی با و سه‌رمای ئه‌و شاخ و داخه‌ی ده‌ورپشتی شاری به میوانی له‌گه‌ڵ خۆی ئه‌هێنا بۆ ناوشار و ماڵی خه‌ڵكه‌وه. سارد جوو، كچه‌ی ئێمه‌ش زۆر هه‌نگاوه‌كانی خێرا و خێراتر كرد گه‌یشته كۆڵانه‌كه‌یان و ماڵی لێ دیار كه‌وت. ئه‌وه‌نده‌ی زانی كوڕێك به خێرای لێ ی تێپه‌ڕی و رێگه‌ی كۆڵانهكهیانی وه پێش خۆی نا، كه گه‌یشته به‌ر ده‌ركه‌ی كچه‌ی ئه‌م چیرۆكه، رووی به‌ره‌و كچه وه‌رگێرا و به‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه دانه‌وییه‌وه‌و پارچه كاقهزێكی له گیرفان ده‌رێنا و له عه‌رزی دانا و ئیتر رۆیی. به‌لێ ره‌نگه ئه‌مه‌ش ورشه‌ی یه‌كه‌م بێ له هاوڕێیه‌تییه‌كی نوێ و .... له‌م كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌دا، بێشك ئاكامه‌كه‌شی زۆر جار روونه.
|
|
|