| ووتاری کوردی |
|
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ده‌بێ سیاسه‌تی بنواڕه‌وچاوه‌ڕوان به وه‌لابنێ !!!
شۆڕش گوڵكار
23 / 5 / 2010
كۆماری ئیسلامی ئێران چوونكه به درێژایی ته‌مه‌نی بۆ چركه ساتێكیش رانه‌وه ستاوه له پێشێل كردنی ئازادیه دیموكراتی یه‌كان و سه‌ركوتی بێ به‌زه‌یانه‌ی ئازادیخۆازانی ماف ویست ,هه‌روه‌ها به‌رده‌وام گه‌رووی خه‌ڵكی ئێران ده‌گووشێ و به‌ره‌و خنكانی ده‌با به‌جۆرێك كه به هاسانی هه‌ستی پێ ده‌كرێ ,وای لێ هاتووه كه هه‌نووكه به رێژیمێكی سه‌ره‌ڕۆ ناسراوه‌و به‌رده‌وام نێوی له سه‌ر زارانه له كۆمه‌ڵگای نێۆنه‌ته‌وه‌ی دا. جێگای ئاماژه‌یه كه به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م به ناوبانگیه‌ش ئه‌وه‌یه كه وه‌كوو دایكی تیرۆریسمی نێونه‌ته‌وه‌ی دێته‌ناساندن ,كه ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه نیزامی ولایه‌تی فه‌قێ له كاتی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی له ساڵی 1979ی زایینی تا هه‌نووكه بێ پسانه‌وه‌و به‌رده‌وام خه‌رێكی له ناوبردنی گه‌لێك له دژبه‌رانی خۆی له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانیه‌وه بووه و ئه‌م ترس و تۆقاندن و تێرۆركردنه‌شی به باشترین چه‌ك زانیوه بۆ پاراستنی خۆی چونكه ده‌سه‌ڵاتدارانی جه‌ماران ئه‌وه به چاكی ده‌زانن كه ناتوانن وڵامی خۆاستوو ویستی خه‌ڵك بده‌نه‌وه , بۆیه ئه‌و كارانه‌ش ده‌كه‌ن كه خه‌ڵكی چاوترسێن كه‌ن كه چیدی دژبه‌ریان نه‌كه‌ن , هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌ده‌ن كه مرۆڤ گه‌لێك په‌روه‌رده بكه‌ن كه خۆیانیان له بیركردبێ و گوێ له مست بنوو وه‌كوو مردوویه‌ك بن كه فه‌قه‌ت هاتووچۆ ده‌كا , ئیدی هێزی بیركردنه‌وه‌ی نه‌بێ, هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه كه وڵات هه‌نگاو له نێو رێگایه‌كی دژوار‌و پڕ له هه‌ورازو نشێو بنێ و چاوه‌ڕۆانی داهاتوویه‌كی لێڵ و تاریك بێ. بۆیه به‌ڕاستی له وه‌ها كه‌ش و هه‌وایه‌كدا ئه‌ركێكی قورسووگران ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه به‌ر له هه‌موو شتێك به ته‌واوی هێزیه‌وه تێبكۆشێ كه ئه‌و كلتووره تێكبشكێنێو وه‌لای بنێ كه پێ فێركراوین به پێ‌خواسی و چاونووقاوی به دوای وه‌هم و تراویلكه‌دا رابكه‌ین و گوێ له هیچ نه‌گرین تاكوو سه‌رمان له دیوار بدات ,ئینجا به خۆ بینه‌وه‌و بڕوابكه‌ین دیوارێك له سه‌ر رێگه‌كه‌مان بووه, بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ كه‌ڵك له سیاسه‌تی فێربوون و ئه‌زموون وه‌رگرتن له رابردوو به كارهێنانی له ئه‌مڕۆدا وه‌ربگرین , تاكوو سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار فێر بكه‌ین كه زه‌وت كردنی ئازادی نرخی گرانه . بۆ هاتنه‌دی ئه‌م ئامانجه‌ش ده‌بێ چیدی ئۆپۆزیسیۆن بێ ده‌نگ و په‌ككه‌وتوونه‌بن و سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانیش به كار نه‌به‌ن ,چوونكه هه‌ر چی ئۆپۆزیسیۆن بێ جمووجۆڵتربێ رێژیمیش یان باشتر بلێین بانده مافیایه‌كانی به‌یتی رێبه‌ری سوورترو قایمتر ده‌بێ له سه‌ر به‌ڕێ كردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان ,چوونكه ئه‌م تێئۆریه له لایه‌ن خومه‌ینی رێبه‌ر و داهێنه‌ری كۆماری ئیسلامی دارێژڕاوه‌و تا ئێستاشی له سه‌ر بێ باوڕی قوڵیان پێیه‌تی و هه‌روه‌ها به‌شێكی دانه‌بڕاوی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یانه,چوونكه ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئه‌م تێئۆریه به بناخه‌و هۆكاری مانه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یان ده‌زانن . بۆیه, به پێڕه‌وكردنی ئۆپۆزیسیۆن له سیاسه‌تی بنواڕه و چاوه‌ڕوان به, ئه‌مان گۆڕه‌پانه‌كه‌یان بۆ ئاوه‌ڵه‌تر ده‌بێ , چوونكه كونتڕۆڵ و سنوور و چاودێرییه‌كیان له سه‌ر نییه .
|
|
|