| ووتاری کوردی |
|
دیموكراسی رێگری سه‌ره‌كیی به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنی بۆمبی ئه‌تۆمییه له خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین‌دا
نووسین و ئاماده‌كردن: دیاكۆ دوست پێندار
6 / 4 / 2010
كاتێك زانسته ئه‌تۆمییه‌كان له جیهاندا ده‌كه‌وێته به‌رده‌ستی وڵاتانی دیكتاتۆر و ملیتاریست، گۆی زه‌وی و ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه ده‌كه‌وێته سێبه‌ری پڕ مه‌ترسی نه‌مان. ئه‌گه‌رچی پاژێك له وڵاتانی سه‌ر گۆی زه‌وی خاوه‌نی بۆمبی ئه‌تۆمین یاخود گه‌یشتوونه‌ته زانستی ئه‌تۆمی و له‌و زانسته بۆ كاروباری پزیشكی و پێویسته ئێلێكتۆرنیكییه‌كان سوودوه‌رده‌گرن، به‌ڵام دیسانه‌وه سیستمانێك په‌یدا ده‌بن كه بۆ ده‌سه‌ڵاتی زۆرتر و به‌زلهێزبوونیان ئه‌و زانسته ده‌خه‌نه خزمه‌ت به‌شی سه‌ربازیان. له راستیدا به‌شێك له وڵاتانی جیهان, زانستی ئه‌تۆمییان له‌به‌رده‌سته و هه‌ندێك له‌وان خاوه‌ن بۆمبی ئه‌تۆمیشن و له ژێر چاودێری ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌كیی رێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانن، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا وڵاتانێكیش هه‌ن كه ده‌یانه‌وێ بگه‌نه ئه‌و زانسته و بیگه‌یه‌ننه به‌رهه‌م، به‌ڵام رێی گه‌یشتن به‌و هه‌ڵه‌یه و له ژێر چاودێریی ئاژانسدا نییه و به شێوه‌ی په‌نامه‌كی و شاراوه كاروباره‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
|
به‌شار ئه‌سه‌د له ساڵی 2000ه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران و كۆریای باكوور كه‌وته ناو په‌یوه‌ندییه‌كی سێ لایه‌نه‌وه. بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه ئێران سه‌رمایه‌ی گه‌ڵاڵه‌كه دابین بكات و كۆریای باكوور ئامێره ئه‌تۆمییه‌كان و سووریاش ناوچه‌ی شیاو بخاته خزمه‌ت پرۆژه‌كه‌وه | خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین یه‌كێك له ناوچه ستراتژیكییه‌كانی جیهان و قه‌یراناویترین ناوچه‌یه، كه تایبه‌ت له‌م سه‌ده‌یه و سه‌ده‌ی پێشووشدا زۆر كێشه‌سازبووه و كراوه‌ته ناوه‌ندێك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیاسه‌ته جۆراوجۆره‌كانی جیهان و بۆته مه‌یدانێكی زۆرانبازی بۆ زلهێزانی جیهان و وڵاتانی هوندوری ئه‌و جوگرافیایه. ئه‌گه‌رچی سه‌رچاوه‌كانی وزه له ناوچه‌كه‌دا وه‌كو نه‌وت و گاز زۆرن و جگه له‌وه‌ی دانیشتوانی ناوچه سوودی لێده‌به‌ن، به‌شێكی زۆریش له‌و هه‌نارده‌ی وڵاتانی ئا‌مریكا، چین، ئوروپا و ...ده‌كرێ، به‌ڵام له‌به‌ر جۆراوجۆربوونی قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنانیان به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنیان تا قۆناغی ئیستیفاده‌كردن و ئه‌وه‌ی كه ئه‌و سه‌رچاوه‌گه‌له سنووردارن و تا هه‌تایه نامێننه‌وه و تێچووی گواستنه‌وه‌یان زۆره، وای كردووه تا بیرۆكه‌ی سازكردنی ناوه‌ندی ئه‌تۆمی به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ئێلیكتریسته‌ی پێویست دروست ببێ كه به‌داخه‌وه به‌شێك له‌م بیرۆكه‌یه به‌لاڕێدا ده‌چوا و بیرۆكه‌ی سازكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی لێده‌كه‌وێته‌وه, ئه‌مه‌ش نه‌ته‌نیا هیچ خزمه‌تێك به مرۆڤایه‌تی ناكات به‌ڵكو ترس و نیگه‌رانی له‌سه‌ر جیهان سازده‌كات. له بیروڕای ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوه‌كی، وڵاتانی جیهان كه زانستی ئه‌تۆمییان له به‌رده‌ست دایه ده‌كرێته چوار ده‌سته، كه به‌م شێوه‌یه: ده‌سته‌ی یه‌كه‌م: ئه‌و وڵاتانه‌یه كه خاوه‌نی بۆمبی ئه‌تۆمین. ئه‌وانیش بریتین له : ئا‌مریكا ـ خاوه‌نی 10.350 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. رووسیا ـ خاوه‌نی 16.000 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. چین ـ خاوه‌نی 400 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. فه‌رانسه ـ خاوه‌نی 350 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. ئینگلیستان ـ خاوه‌نی 200 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. ئیسراییل ـ خاوه‌نی 200 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. پاكیستان ـ خاوه‌نی 28 تا 48 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. هیند ـ خاوه‌نی 30 تا 35 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. كۆریای باكوور ـ خاوه‌نی 6 تا 8 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی ( هه‌ڵبه‌ته له لایه‌ن ئاژانسه‌وه پشت ڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه). ده‌سته‌ی دووهه‌م: ئه‌و وڵاتانه‌ن كه تێكنۆلۆژی چه‌كی ئه‌تۆمییان له‌به‌رده‌ست دایه، ئه‌م وڵاتانه هه‌نووكه خاوه‌نی بۆمبی ئه‌تۆمی نین به‌ڵام هه‌ركات كه ویستیان ده‌توانن به‌رهه‌می بێنن. ئه‌وانیش بریتین له : ژاپۆن، كۆریای باشوور، تایوان ، ئۆستۆرالیا، قه‌زاقستان، ئوكراین، ئافریقای باشوور، بلاڕووس، لیبی، ئه‌لجه‌زایر، كانادا، برزیل، ئارژانتین و زۆرینه‌ی وڵاتانی ئوروپایی. ده‌سته‌ی سێهه‌م: ئه‌م وڵاتانه خاوه‌ن تێكنۆلۆژی پێتاندنن و وێستگه‌ی تایبه‌ت به‌ویان هه‌یه، ئه‌مانه‌ش بریتین له: ئێران، سووریا، ڤیێتنام، پۆرتێقاڵ، نیجیریه، غه‌نا، جامائیكا و مێكزیك. ده‌سته‌ی چواره‌م: ئه‌م ده‌سته‌یه پێكهاتوون له وڵاتانێك كه له رووی زانستی ئه‌تۆمییه‌وه هه‌ژارن. به‌م شێوه ده‌بینین كه ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی یه‌ك و دوو لێگه‌ڕێین و سه‌رنجی ده‌سته‌ی سێهه‌م بده‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌نجامێكی باش. جگه له وڵاتی پۆرتێقاڵ كه ده‌كه‌وێته كیشوه‌ری ئوروپا و ره‌نگه له داهاتوودا زانستی ئه‌تۆمی خوه‌ی به‌ره‌و دروستكردنی بۆمبی ناوه‌كی رێنوێنی نه‌كات، وڵاتانی دیكه به تایبه‌ت ئێران و سووریا كه ده‌كه‌ونه خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤینه‌وه، به پێی سیستمی زاڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌سه‌ریاندا، ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی ئه‌و زانسته بۆ به‌رهه‌م هێنانی بۆمبی ناوه‌كی لای ئه‌وان زۆر نزیكه. بێگومان ئه‌م مه‌ترسییه لای وڵاتانی ناوچه هه‌ست پێكراوه و بۆیه ئه‌وان بوونه‌ته سێ ده‌سته: یه‌ك). ئه‌و وڵاتانه كه خاوه‌ن زانستی ئه‌تۆمین و له هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی كڵاوه‌ی ناوه‌كین یا گه‌یشتوونه‌ته كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. وه‌كو: ئیسراییل، ئێران و سووریا. دوو) ئه‌و وڵاتانه‌ی كه هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی وزه‌ی ناوه‌كییان خستۆته به‌رنامه‌ی داهاتوویان. وه‌كو: عه‌ره‌بستانی سه‌عودی و ئێراق و توركیا و... سێ) ئه‌وانه‌ی وا له مه‌ترسیدان و توانایی سه‌ربازییان كه‌مه و هه‌ر بۆیه‌ش بێ ده‌نگن. وه‌كو وڵاتانی لێواره‌ی كه‌نداو.
|
بنكه‌ی ناته‌واوی ئه‌تۆمی سووریا له ناوچه‌ی ده‌یرالزور | له‌راستیدا وڵاتانی عه‌ره‌بی زۆر به كه‌می خوه‌یان بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوه‌كی ئیسراییل و ئێران و ...سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن. بێ ده‌نگی ئه‌وان له ترس و نیگه‌رانییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌وان ترسیان له‌وه‌یه كه ره‌نگه كێشمه‌كێشی نێوان ئێران و ئیسراییل بگاته پێكدادانی راسته‌وخۆ و قه‌یرانێك بخولقێنێت كه هه‌مووی ناوچه‌كه بته‌نێته‌وه و ده‌سه‌ڵات و جوگرافیای ئه‌وانیش لێی زه‌ره‌رمه‌ند بێت. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیماراتی یه‌كگرتوویی عه‌ره‌بی له‌و چه‌ند كه‌سه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌به كه راسته‌وخۆ له‌سه‌ر مه‌ترسی به‌رنامه‌ی ناوه‌كی ئێران و ئه‌گه‌ری هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته قسه‌ی كردووه. وه پێشنیازی ئه‌وه‌ی داوه كه ده‌بێ به شێوه‌ی ئاشتیخوازانه چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌گه‌رچی سووریا وه‌ك هاوپه‌یمانێكی نزیكی ئێران له نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی دا ده‌ناسرێ، به‌ڵام ئه‌ویش ئه‌و مه‌ترسییه‌ی هه‌ست پێكردووه و هه‌وڵه‌كانی ئه‌ویش بۆ به‌ده‌ست هێنانی بۆمبی ناوه‌كی له‌به‌ر ترس له دزه‌ی سیاسی ئێران له ناوچه‌كه دایه، كه هۆی دروستكردنی بۆمبی ناوه‌كی و به‌زلهێزبوونی ئێرانه و له‌به‌ر وڵاتی ئیسراییل كه ده‌راوسێی نزیك و دژی یه‌كن.
|
شاری ناوه‌كی دیمونا ـ ئیسراییل | ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه له نێوان ئیسراییل و ئێران‌دا هیچ پێكدادانێك روونه‌دات به‌ڵام به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كان واده‌كات تا وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش بۆ به‌ئه‌تۆمی بوونیان هه‌وڵ بده‌ن. به پێ ی به‌راوردێك كه "ئه‌نیستیتۆی ته‌كنیك و ئه‌منییه‌ت" (ISIS) له واشنتۆن كردویه‌تی تا ساڵی 2030 نزیك به 45 تۆن زبڵی ئه‌تۆمی له ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت. بۆ سازكردنی یه‌ك بۆمب ئه‌تۆمی نزیك به 8 كیلوگره‌م پلۆتۆنیۆم پێویسته. هه‌روه‌ها تا ساڵی 2020 له سووته‌مه‌نی وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌توانرێت 1700 بۆمبی ناوه‌كیی پلۆتۆنیۆم ساز بكرێت. به پێ به‌راوردی جیهانی, تاكه رێگه بۆ پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان به مه‌به‌ستی ئه‌تۆمی كردنی خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین، دیموكراتیزه‌كردنی ناوچه‌كه‌یه. به‌ڵام خێرایی به ئه‌تۆمی بوونی ناوچه‌كه له دیموكراتیزه‌بوونی ئه‌و فره‌تره.
| ئێران، كۆریای باكوور و سووریا | له فێبریه‌ی ساڵی 2007، عه‌لیره‌زا عه‌سكه‌ری له راوێژكارانی ئه‌منییه‌تی محه‌مه‌دی خاته‌می (سه‌رۆككۆماری پێشوو) و جێگری عه‌لی شه‌مخانی (وه‌زیری به‌رگری پێشووی ئێران) له ئێران هه‌ڵات. به بڕوای زۆرێك له ده‌زگاكانی ئه‌منییه‌تی، زانیاریی زۆر به‌سوودی بۆ ئا‌مریكا پێ بووه. ئه‌و زانیارییانه‌ی له عه‌لیره‌زا عه‌سكه‌ری ده‌ست كه‌وتووه ئه‌وه بووه كه ئێران به شێوه‌ی په‌نامه‌كی پشتیوانی له به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی سووریا و كۆریای باكوور كردووه و له رووی ماددیه‌وه دابینی كردوون. له حاڵێكدا له ده‌زگای ئه‌منی ئامریكادا تا ئه‌و ساته‌وه‌خته هیچ زانیارییه‌كی له‌و شێوه له‌به‌رده‌ست نه‌بووه. ئیسراییل و ئا‌مریكا تا ساڵانێكی زۆر له‌و بڕوایه‌دابوون كه سووریا به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێ چه‌كی ئه‌تۆمی سازبكات. ئه‌گه‌رچی سووریا له ده‌یه‌ی 90ی زایینی‌دا هه‌وڵیدابوو كه راكتۆرێك له لایه‌ن وڵاتی "چین"ه‌وه وه‌ربگرێت، به‌ڵام كاره‌كه سه‌ری نه‌گرت. گوشاری ئا‌مریكا بۆ سه‌ر چین، رووسیا و ئارژانتین كه دابینكه‌ری ئه‌و راكتۆری لێكۆڵینه‌وه‌ییه بوون و هه‌روه‌ها تێچووی قورسی به‌رنامه‌كه وای كرد تا وڵاتی سووریا له ئاست ئه‌و راكتۆره‌دا چاوپۆشی بكات.
|
تا ساڵی 2020 به‌ئه‌ندازه‌ی 1700 بۆمبی پلۆتۆنیۆمی سووته‌مه‌نی ئه‌تۆمی له ناوچه‌كه‌دا له به‌رده‌ست ده‌بێ | دوای ئه‌و هه‌وڵه كه ناكام مایه‌وه، ده‌وڵه‌تی "حافز ئه‌سه‌د" ته‌واوی هێزی خوه‌ی خسته‌گه‌ڕ بۆ ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به چه‌كی شیمیایی. ئه‌و به یارمه‌تی "ئاناتۆلی كۆنتسۆڤیچ" راوێژكاری چه‌كی شیمیایی "بوریس یه‌لتسین" (سه‌رۆككۆماری پێشووی رووسیا) ئه‌یه‌ویست به‌و ئامانجه‌ی بگات. له ئه‌نجامدا سووریا توانی له كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی 90 دا گازی ژه‌هراوی "وی ـ ئیكس" به‌رهه‌م بێنێت. له‌و سه‌رده‌مه‌دا "ئیهود باراك" هه‌وڵیدا تا پیشی به یارمه‌تییه‌كانی رووسیا بگرێت به‌ڵام نه‌یتوانی. له ئه‌نجامدا "ئاناتۆلی كۆنتسیۆڤیچ" به هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌كه‌ی كوژرا و به‌م شێوه هاوكاری نێوان رووسیا و سووریا كۆتایی پێهات. له دوای رووسیا، ئێران رۆڵی هاوكاری بۆ سووریا گێڕا و هه‌وڵیدا تا 100 راكێتی كۆنی رووسیا بۆ سووریا نوێ بكاته‌وه. ئه‌و راكێتانه له جۆری "SS 21" و " ئێسكاده‌كانی B,C,D" بوون. له دوای مه‌رگی "حافز ئه‌سه‌د" و هاتنه سه‌ركاری "به‌شار ئه‌سه‌د"ی كوڕی، به‌رنامه‌كانی سووریا گۆڕا. به‌شار ئه‌سه‌د له ساڵی 2000 له‌گه‌ڵ ئێران و كۆریای باكوور كه‌وته ناو په‌یوه‌ندییه‌كی سێ لایه‌نه‌وه. بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه ئێران سه‌رمایه‌ی گه‌ڵاڵه‌كه دابین بكات و كۆریای باكوور ئامێره ئه‌تۆمییه‌كان و سووریاش ناوچه‌ی شیاو بخاته خزمه‌ت پرۆژه‌كه‌وه. له ساڵی 2002دا یه‌كه‌مین بار له كۆریای باكووره‌وه بۆ سووریا گوێزرایه‌وه كه هه‌ڵگری كارناسان و ئامێره سه‌ره‌تاییه‌كان بوون بۆ دروستكردنی پرۆژه‌كه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و كات ئیسراییل و ئا‌مریكا ئاگادار بوون به‌ڵام تا ساڵی 2006 ماته‌ڵ مان، هه‌ر له پاییزی ئه‌و ساڵه‌دا هه‌ستیان كرد كه ئه‌و چالاكییانه ناسروشتین. گه‌مێك كه ئاڵای وڵاتی پانامای له‌سه‌ر بوو له كۆریای باكووره‌وه بۆ سووریا ده‌رۆیشت كه له وڵاتی قێبریس رایانگرت. له كاتی گه‌ڕان له‌گه‌مه‌كه‌دا 18 راداری سه‌ربازی دۆزرایه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕادارانه مه‌ترسیدار نه‌بوون به‌ڵام وای كرد تا ئیسراییل و ئا‌مریكا وریاتر بن. دواتر له ساڵی 2007 ئیسراییل له كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیی مه‌ترسیداردا 12 كه‌سی به فرۆكه نارده ناوچه‌ی "ده‌یرلزور" و له خۆڵی ئه‌وێ نموونه‌یان هێنا و وێنه‌شیان له‌و راكتۆره كێشا. دوایی ده‌ركه‌وت كه "راكتۆری گه‌وره" له‌لایه‌ن كۆریای باكووره‌وه سازكراوه. له راستیدا وڵاتی سووریا هه‌ر له ساڵی 2001 ه‌وه له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور په‌یوه‌ندی هه‌بووه. ئه‌مه‌ش له لایه‌ن ده‌زگای "موساد"ی ئیسراییل زانراوه كه له رێی گوێگرتن له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فونی یه‌كێك له به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سووریا كه به مۆبایل بووه دركاوه. كاتێك به‌رپرسی سوری په‌یوه‌ندی به كارناسانی كۆریای باكووره‌وه كردوه, شوێنی وێستگه ئه‌تۆمییه‌كه‌ش دۆزراوه‌ته‌وه كه ناوچه‌ی "ده‌یرالزور" بووه. بۆیه‌ش له به‌رواری 6 سێپتامبری ساڵی 2007، 10 فرۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری ئیسراییلی له جۆری "F-15" به‌ره‌و ناوچه‌ی ده‌یرالزور فڕین و له دوای 18 ده‌قه گه‌یشتنه بنكه‌ی ئه‌تۆمی سووریا و به یارمه‌تی مووشكگه‌لی ئاسمان بۆ زه‌وینی "AGM-65" و بۆمبی نیو تۆنی (ته‌نی) و بۆمبی "ماۆریك" ئه‌و بنكه‌یانه بوردومان كرد. شایه‌نی باسه كه ئه‌و بنكه‌یه له ده‌ستی كاركردندا بووه، هه‌روه‌ها ئه‌و بنكه كه تایبه‌ت بووه به راكتۆری گازی گرافیت, بۆ به‌رهه‌م هێنانی پلۆتۆنیۆم و به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی بۆمبی ناوه‌كی به‌كار هاتووه. جێ ی ئاماژه‌یه كه ئیسراییل له ساڵی 1981 یش بنكه‌ی ئه‌تۆمی عه‌سیراك ی له ئێراق له ناوبردوه. بۆ له ناوبردنی ئه‌و بنكه‌یه نه ته‌نیا ده‌وڵه‌تی سووریا هیچ شتێكی نه‌دركاند و ئه‌و كرده‌وه‌یه شاراوه مایه‌وه، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیش هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو و ره‌زایه‌تمه‌ند بوون. به پێ ی به‌راوردی ئیسراییل، ئێران له‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌دا نزیك به 2 میلیارد دۆلاری داوه‌ته كۆریای باكوور.
له سه‌ره‌تاكانی ساڵی 2009ی زایینیه‌وه عه‌ره‌بستانی سه‌عودی خه‌ریكی دروستكردنی بنكه‌یه‌كی ئه‌تۆمییه كه به پشتیوانی ئا‌مریكا دروست ده‌كرێ و گۆیا به مه‌به‌ستی ئاشتیخوازانه‌یه. به بڕوای زۆرێك له كارناسانی سیاسی ئه‌مه وه‌ڵامێكه بۆ به‌رنامه‌ی ناوه‌كی ئێران و بۆیه‌ش كارناسان له‌و بڕوایه‌دان كه ره‌نگه كێشه و بارگرژی له خوه‌رهه‌ڵاتی نزیكدا بنێته‌وه. له راستیدا ئه‌گه‌ر وڵاتی عه‌ره‌بستانی سه‌عودی بیهه‌وێ ببێ به هێزه‌كی ئه‌تۆمی، راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی ئێران ده‌بێته‌وه و دواتریش وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب وه‌كو ئیماراتی یه‌كگرتوویی عه‌ره‌بی و میسر و ...هانده‌دات تا ئه‌وانیش بۆ به‌ده‌ست هێنانی زانستی ئه‌تۆمی بێنه‌ناو كایه‌وه. هه‌ره‌وه‌ها ئامریكاش له‌به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌ی مه‌ترسیداری ناوه‌كی ئێران، یارمه‌تی هاوپه‌یمانانی عه‌ره‌بیی ده‌دات تا بتوانن بگه‌یه‌نه زانستی ئه‌تۆمی و قسه‌یه‌كیان به‌رامبه‌ر ئێران بۆ گوتن هه‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی ناوه‌كیی عه‌ره‌بستانی سه‌عودی به‌مه‌به‌ستی سه‌ربازی به‌كار بێت ئه‌وا ئاینده‌یه‌كی پڕمه‌ترسی بۆ ناوچه‌كه به‌راورد ده‌كرێت. ئه‌گه‌رچی به‌رنامه‌ی ناوه‌كی ئێراق مێژوویه‌كی 50 ساڵه‌ی هه‌یه به‌ڵام له سه‌رده‌می رژێمی پێشووی ئێراقدا نه‌یتوانی تا سه‌ر بڕوات و ته‌نها له دروستكردنی چه‌كی شیمیاییدا كورت بووه‌وه. له دوای رووخانی سه‌دام و هاتنه‌سه‌ر كاری رژێمی نوێ ی ئێراق و له میانه‌ی ساڵی 2009 ی دا ده‌وڵه‌تی ئێراق په‌یوه‌ندی به ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوه‌كی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد تا بتوانێ سه‌رله‌نوێ و له‌دوای تێپه‌ڕبوونی 19 ساڵ, چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی ده‌سپێبكات. به پێ ی رۆژنامه‌ی گاردییه‌ن، وه‌فدێكی ئێراقی به سه‌رۆكایه‌تی "رائید فه‌همی" كه وه‌زیری زانست و ته‌كنیكی ئێراقه، په‌یوه‌ندییان به ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌كی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ده‌وڵه‌تی فه‌رانسه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان ده‌سپێبكه‌ن و له ژێر چاودێری ئاژانسدا بێ تا له مه‌به‌ستی ئاشتیخوازانه‌بوونی ئه‌و به‌رنامه‌یه دڵنیا بن. به وته‌ی ئه‌و وزه‌ی ئه‌تۆمیان بۆ كاروباری ته‌ندروستی، كشت و كاڵی و خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاو پێویسته... هۆی په‌یوه‌ندی كردنی ئێراق به فه‌رانسه‌وه له‌و رووه‌وه بووه كه یه‌كێك له‌و وێستگه ئه‌تۆمییانه‌ی كه دواتر له ناوچووه له لایه‌ن فه‌رانسه‌وه سازكرابوو. ئێراق داوای له فه‌رانسه كردووه كه لانی كه‌م یه‌كێك له دوو وێستگه‌ی ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه. شایه‌نی باسه "حسێن شارستانی" وه‌زیری نه‌وتی ده‌وڵه‌تی ئێراق یه‌كێك له دانشمه‌نده سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێراق بووه له كاتی سه‌رۆككۆمارێتی سه‌دام حسێن دا. به وته‌ی كارناسان دوای وڵاتانی ئێراق و عه‌ره‌بستان، ئه‌وه توركیایه كه دێته ناوی كایه‌ی ئه‌تۆمی خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤینه‌وه. ئه‌م به‌راوده به پێی وتووێژ و راپرسییه‌ك كراوه كه له سه‌ره‌تای ساڵی 2009 له واشنتۆن و خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین كراوه. ئه‌م به‌راورده له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ئێران و توركیا وه‌ك دوو وڵاتی هاڤڕك ده‌ڕواننه یه‌كتری، بۆیه ئه‌گه‌ر توركیا نه‌یه‌ته ناو كایه‌ی ئه‌تۆمییه‌وه، هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵات له خوه‌رهه‌ڵانی ناڤین‌دا تێكده‌چێت و ره‌نگه به‌لایه‌ك دا بكه‌وێ. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه ئیسراییل خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمییه‌وه و پاكیستانیش بێ ئه‌م لاو و ئه‌ولا هێزێكی ئه‌تۆمییه، وای كردووه تا كێبه‌ركێی ئه‌تۆمی له خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین‌دا خێراتر په‌ره‌بستێنێت. ئه‌گه‌رچی له ئێستادا مه‌ترسی بۆ خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین زۆر به‌ربڵاو نه‌بووه و ته‌نیا له ئێران و ئیسراییلدا كورت ده‌بێته‌وه كه دوژمنانی ئیدۆلۆژیكی و قه‌سته‌سه‌ری یه‌كترین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نه‌بۆته هۆیه‌ك تا ئه‌و دوو وڵاته له یه‌كتر دووره‌په‌رێز بن. به پێی رۆژنامه‌ی "هائارتس" چاپی تێلاڤیڤ, رۆژی 22 ئۆكتۆربری 2009 بڵاویكردوه كه مانگی پێشوو له نێوان "عه‌لی ئه‌سغه‌ر سوڵتانیه" نوێنه‌ری ئێران له ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌كی و "خاتوون مێئیراو زێفری ـ ئادیز" به‌رپرسی گشتیی داڕێژه‌ری سیاسه‌ت و كۆنترۆڵی چه‌ك له كۆمیسیۆنی وزه‌ی ناوه‌كی ئیسراییل، چه‌ند جار پێكه‌وه قسه‌وباس هاتۆته ئاراوه و له‌سه‌ر چه‌ككردنی ناوچه و خاوێنكردنه‌وه‌ی له بۆمبی ناوه‌كی گفتوگۆیان كردووه. به پێ ی زانیاری ئه‌و رۆژنامه‌یه له‌و دانیشتنانه‌دا نوێنه‌ری چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بیشی تێدابووه كه پێكهاتبوون له وڵاتانی میسر، ئۆردۆن، تونس، مه‌راكیش، عه‌ره‌بستان، ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی و هه‌روه‌ها توركیا و ئا‌مریكا و وه‌فدێكی یه‌كێتی ئوروپاش به‌شداری بووه. به پێ ی زانیارییه‌كان ئه‌م زنجیره كۆبوونه‌وه‌گه‌له به پێشنیاری "كوین ڕاد" سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئۆستۆرالیا پێكهاتووه و "گارس ئوانز" وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌كی ئه‌و وڵاته‌ش سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كانی كردووه. هه‌روه‌ها وه‌زیری پێشووی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئیسراییل "شلومۆ بێن ئامی" ئه‌ندامی كۆمیته‌ی راوێژكاری بووه. وه‌ك باس ده‌كرێ نوێنه‌ری ئیسراییل باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌وان به‌هه‌ست به به‌رپرسایه‌تییه‌وه ده‌ڕواننه پرسه‌كه و ئه‌وان رازین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ناوچه‌كه له هه‌ر جۆره بۆمبێكی ئه‌تۆمی پاك بكرێته‌وه. سوڵتانیه نوێنه‌ری ئێران له‌وێدا ئاماژه كردووه كه وڵاته‌كه‌ی له هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی چه‌كی ناوه‌كی نییه و وێستگه مووشه‌كییه‌كانی ته‌نها به مه‌به‌ستی به به‌ره‌نگاریكردن و هێرش بردن، خه‌ریكی كاروباریه‌تی. به بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته له رۆژنامه‌ی "هائارتس"دا به‌رپرسانی حوكوومه‌تی ئیسلامی ئێران هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندی و دانیشتنێكیان ره‌ت كرده‌وه. به هه‌مووی ئه‌مانه‌وه دوور له چاوه‌ڕوانی نییه كه وڵاتانی سووریه و ئێران و دواتر عه‌ره‌بستانی سه‌عودی، توركیا، ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی، ئێراق و ...تاد به ره‌نگێكی جددی چالاكیی ناوه‌كییان ده‌سپێبكه‌ن و كاتێك بیرۆكه‌ی گشتیی له جیهان دێته‌سه‌ر خوه‌ی، خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین بووبێته گۆرستانێكی ئه‌تۆمی و به ته‌واوه‌تی مه‌ترسیدار. له راستییدا وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا تاكه رێگه بۆ ئه‌وه‌ی خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین له‌م مه‌ترسییه دوور بخرێته‌وه, ئه‌وه‌یه كه وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌ستێنی پێویست بۆ دیموكراتیزه‌كردنیان هه‌موار بكه‌ن. ئه‌مما به‌و شێوه‌یه كه كێبه‌ركێی ئه‌تۆمی له ئارادایه پێ ناچێت كه ناوچه‌كه له‌م دۆخه‌ی ئێستای دا بمێنێته‌وه به‌ڵكو پێ ده‌چێ كه دۆخه‌كه دژوارتر ببێت, ئه‌ویش به‌هۆی كێبه‌ركێیه‌كی هه‌ڵه‌ی ئه‌تۆمی كه به‌ڕێوه‌یه. به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه خێرایی كێبه‌ڕكێ به‌مه‌به‌ستی به‌ئه‌تۆمی بوون گه‌لێك زیاتره له خێرایی كێبه‌ركێی وڵاتان به‌مه‌به‌ستی دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان.
|
|
|