وتارێكه له‌سه‌ر رۆڵی ئه‌مریكا له ده‌ست ئاوه‌ڵاكردنی ئێران له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوین و په‌یوه‌ندی و سووانی ئه‌و دوو وڵاته
له‌سه‌ر به‌رنامه و ستراتژی ئه‌مریكا له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوڤیندا بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز و جۆربه‌جۆر هه‌یه كه گه‌لێك جار ئه‌و بۆچوونانه یه‌كدی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و جاروبار ته‌واو كه‌ری یه‌كترن. بۆیه له‌م وتاره‌دا ئێمه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین په‌یوه‌ندیی ئه‌مریكا و ئێران له دوو روانگه‌ی جیاواز بخه‌ینه روو.
یه‌كه‌م: ئه‌و هه‌لومه‌رجه خولقاوه‌یه كه له‌ودا ستراتژی ئه‌مریكا له راستای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێرانه له ناوچه‌دا.
دووهه‌م: ئه‌و هه‌لومه‌رجه خوازراوه‌یه كه له‌ودا ئه‌مریكا و ئێران دوو جه‌مسه‌ر و هیتمی دژبه‌رن.
پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ, دوژمنایه‌تی ئێران به‌رامبه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و زێده‌خوازییه‌كانی ئه‌و حوكوومه‌ته له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوڤین به‌رچاوتر بووه، ته‌نانه‌ت به‌ری ئێسته دوژمنایه‌تی حوكوومه‌تی ئیسلامی به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا وه‌ك كه‌یسێكی جیاواز و سه‌رووی ناوچه‌یی هه‌ر له ئارادا بووه و مێژوویه‌كی سی ساڵه‌ی هه‌یه كه به‌داگیركردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له تاران له لایه‌ن خوێندكارانی هێڵی خومه‌ینی ئه‌م دوژمنایه‌تییه گه‌یشته لوتكه. دواتر پاش هێرشی تیرۆریستی مانگی سێپتا‌مبر له ساڵی 2001.ز , ئه‌مریكا هه‌وڵیدا هۆكاره‌كان و هه‌نگیزه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه به‌رامبه‌ر جیهانی ئیسلام (توندڕه‌و) و له‌ودا ئێران بگۆڕێ و ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وت.
رۆشتنی حه‌مه‌ره‌زاشا و داڕمانی پاشایه‌تی له ئێران و هاتنه‌گۆڕێی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ئه‌و گۆڕانه نه‌بوو كه هه‌ڵگیرسێنه‌ری نه‌یاری نێوان ئه‌مریكا و ئێران بێت، ئه‌مما به پێچه‌وانه‌وه, ئه‌وه حوكوومه‌تی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوویی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو كه بۆ پته‌وكردنی پایه‌كان و رێكخستنی پێكهاته‌یی، حوكوومه‌تی داڕووخاوی پاشه‌یه‌تی وه‌ك حوكوومه‌تێكی بێ ده‌سه‌ڵات و خزمه‌تكاری ئه‌مریكا پێناسه‌كرد و به دروستكردنی نه‌یارێكی ده‌ره‌كی (ئه‌مریكا) له ده‌ری دوژمنایه‌تییه‌وه هاته مه‌یدانه‌وه. بۆیه‌ش به‌شێكی زۆر له دراوی ئێران كه حه‌مه‌ره‌زاشا بۆ كڕینی چه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌مریكای كردبوو، بلۆكه كران و چیدی نه‌گه‌ڕایه‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش خاڵێكی تری به‌رده‌وام بوونی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێرانه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌مریكا و ئێران له‌ته‌ك جێ گۆڕكێی سه‌رۆك كۆماره‌كاندا هه‌ڵوێسته‌كانیان نه‌وه‌سانی تێكه‌وتووه و سارد و گه‌رم بۆته‌وه، ئه‌مما هیچكات نه‌گه‌یشته‌وه ئه‌و ئاسته له نه‌رم و نیانی و نه‌گه‌ییه ئه‌و راده‌یه له توندوتیژی كه ئاشته‌وایی یا شه‌ڕێكی سه‌ربازیی لێبكه‌وێته‌وه.
|
"حوزووری سه‌ربازی ئه‌مریكا به بیانووی شه‌ڕ به‌رامبه‌ر تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوین, به‌كرده‌وه گه‌وره‌ترین به‌رژه‌وه‌ندی بۆ حوكوومه‌تی ئیسلامی ئێران هه‌بوو وه دوژمنان و ره‌كابه‌رانی ناوچه‌یی ئێران له مه‌یدان وه‌ده‌ر كه‌وتن" |
|
مه‌زنترین رووداوی تیرۆریستی جیهان له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م, واته كرده‌وه‌ی تیرۆریستی 11 سێپتا‌مبر ئه‌نجامی هاوكێشه‌كان جۆرێكی تر دێنێته زمان. ئه‌م كاره‌ساته ته‌نها ئه‌سبابی رووخانی دوو حوكوومه‌تی(حوكوومه‌تی ئیسلامی تاڵیبان له ئه‌فغانستان و حوكوومه‌تی به‌عس له ئێراق) پێ بوو نه زۆرتر، یا باشتر وایه بڵێین سه‌رقاڵبوون و دواهاته‌كانی رووخانی دوو رژێمی ده‌سه‌ڵاتدار له‌و دوو وڵاته هێشتاكه‌ش به‌رده‌وامه و به هه‌مان شێوه‌ش له ناوبردنی سێ حوكوومه‌ت ( به وته‌ی هه‌ندێك له شێكارانی سیاسی ) له یه‌ك ده‌یه‌دا نه‌ك بۆ ئه‌مریكا به‌ڵكو بۆ زلهێزانی جیهانیش ده‌توانێ تێچووی قورسی هه‌بێ و ئاڵۆزیی زۆر بنێته‌وه. ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ستراتژی ئه‌مریكاش گومان هه‌یه كه ئایا "ئێران" له به‌رنامه‌ی رووخاندایه یاخود، وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه و له خۆشبینانه‌ترین حاڵه‌تدا دۆستێكی ناراسته‌وخۆی ئه‌مریكا ده‌بێ له ناوچه‌دا. ( ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین كه هێرش بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان له ژێر ناوی رێگه‌دان و پاڵپشتی و جێگه‌دانی تاڵیبان بۆ رێكخراوی ئه‌لقاعیده و هێرش بۆ سه‌ر ئێراقیش له ژێر ناوی "رووبه‌رووبوونه‌وه له به‌رامبه‌ر چالاكییه ئه‌تۆمی – سه‌ربازییه‌كانی رژێمی به‌عس" ، ئه‌مما به نیسبه‌ت وڵاتی ئێران دوو هۆكاره‌كه پێكه‌وه‌ن و ئه‌مه‌ش له سه‌ر قاقه‌ز هه‌ڕشه و گوڕشه‌ی رۆژئاوا بۆ سه‌ر ئێران پیشان ده‌دات).
ئه‌مما به پێچه‌وانه‌ی زۆر دیدوبۆچوونی جیاواز, كه به‌رنامه‌ی خوه‌رهه‌ڵاتی ناوینی مه‌زن دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران و وڵاتانی هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌زانن، سه‌لماوه كه تا هه‌نووكه پێچه‌وانه بووه. پێش له حووزوری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوین، شه‌ڕی ئایدۆلۆژیكی و سه‌ربازی له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوین له ناوبه‌ر چوار وڵات‌دا بۆ بوون به‌زلهێزی ناوچه‌كه زه‌ق و ئاشكرا بووه
. ئێران، ئێراق، ئه‌فغانستان و توركیا چوار وڵاتی به‌شداربوو له‌م یارییه‌دا بوون:ئێران: به‌رنامه‌ی ستراتژیكی بۆ بوون به زلهێزی خوه‌رهه‌ڵاتی ناوڤین، به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی دژه ئه‌مریكایی و ئیسراییلی و هه‌روه‌ها خاوه‌ن پرۆژه بۆ گروپ و تاقمه ئیسلامییه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان (تایبه‌ت شیعه) وه‌كو حیزبوڵڵا له لوبنان، حه‌ماس له فلستین و ره‌وتی سه‌در له ئێراق هه‌روه‌ها خاوه‌ن به‌رنامه بۆ هه‌نارده‌كردنی ئایینی شیعی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان.
ئێراق: زلهێزی وڵاتانی عه‌ره‌بی له رووی سه‌ربازی، به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشم دژی رۆژئاوا و تایبه‌ت ئیسراییل، هه‌روه‌ها وڵاتی به‌رگریكار له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی حوكوومه‌تی شیعی ئێران له ناوچه و تایبه‌ت له وڵاتانی عه‌ره‌ب.
ئه‌فغانستان: سیستمێكی ئایدۆلۆژی ـ دوگماتیكی سووننه، دروشمی دژه ئه‌مریكایی و جیهانی رۆژئاوا و به‌رگریكار له به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی حوكوومه‌تی شیعی ئێران له ناوچه و تایبه‌ت له ئه‌فغانستان.
توركیا: وڵاتێكی میانه‌ڕه‌و و یارمه‌تی خواز له رۆژئاوا، ئه‌ندام و خاوه‌ن هێز له ناتۆ و ره‌كابه‌ری هێمن له‌یاریی بوون به‌زلهێز له ناوچه‌دا.
ئێران هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ وڵات‌دا سنووری هاوبه‌شی هه‌یه و هاوكات كێشه‌ی سنووری و ئایدۆلۆژیكیشی پێ زێده ده‌بێت. بۆیه هێرش بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان و له كار لابردنی تاڵیبان له كرده‌وه دا زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندیی عایدی ئێران كرد، چوونكو نه‌خوازراو دوژمنی ئایدۆلۆژیكی ئێران له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوین له ناو چوو به‌م جۆره سنووره‌كانی خوه‌رهه‌ڵات و خوه‌رهه‌ڵاتی باكووری ئێران ئاوه‌ڵاتر بوون بۆ به‌رنامه تاكتیكییه‌كانی ئێران. (تاڵیبان به‌رده‌وام هه‌ڵسوكه‌وتی توندی به‌رامبه‌ر مه‌زهه‌بی شێعه و تایبه‌ت شێعه‌كانی ئه‌فغانستان بووه و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی ئێران له‌سه‌ر تاڵیبان پتر ده‌كات، بۆیه لابردنی تاڵیبان بۆ دوو وڵاتی ئێران و ئه‌مریكا یا هێزه‌كانی ناتۆ ئامانجێكی هاوبه‌شه) دواتر رژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن له ناوبراو و دوژمنی قه‌سته‌سه‌ری ئێران كه هه‌شت ساڵ پێكیان دادابوو, داڕووخا.
ئه‌گه‌ر جۆرێكی تر له سه‌ری بدوێین ده‌بێ بڵێن حوزووری سه‌ربازی ئه‌مریكا به بیانووی شه‌ڕ به‌رامبه‌ر تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی له خوه‌رهه‌ڵاتی ناویندا, به‌كرده‌وه گه‌وره‌ترین به‌رژه‌وه‌ندی بۆ حوكوومه‌تی ئیسلامی ئێران هه‌بوو وه دوژمنان و ره‌كابه‌رانی ناوچه‌یی ئێران له مه‌یدان وه‌ده‌ر كه‌وتن. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه ئه‌گه‌رچی سۆبژه‌كتیڤ نه‌یاریی نێوان ئێران و ئه‌مریكا ده‌بینرێ, به‌ڵام ستراتژی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م له خوه‌رهه‌ڵاتی ناڤین‌دا, ئۆبژه‌كتیڤ و به‌كرده‌وه ( ئێستا چ خوازراو بووبێت یا نه‌خوازراو) له قازانجی ئێران‌دا بووه.
له چوار وڵاتی به‌شداربوو ته‌نیا توركیا و ئێران ماونه‌ته‌وه كه سه‌ره‌ڕای ئاژاوه و كێشه‌گه‌لی ناوخۆیی, خاوه‌ن دوو سیستمی میلیتاریستین. به‌ڵام به پێی لاخوازی توركیا به‌ره‌و جیهانی رۆژئاوا و ئه‌ركی نوێ ی ئه‌و وڵاته له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوین، حسێبی ئه‌و وڵاته له ئێران جوێ ده‌كرێته‌وه.
پرۆژه‌ی خوه‌رهه‌ڵاتی ناوینی مه‌زن، له‌سه‌ر دیموكراتیزه‌كردنی ناوچه‌كه بنیاتنراوه، له‌م رووه‌وه هه‌ر جۆره بزاڤ و جوڵه‌یه‌ك ( به شێوه‌ی فیكر یا فیزیك) دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكایه. ئه‌مانه‌ش ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه ده‌گرێته‌وه كه دیموكراتیزه‌كردنی ناوچه مه‌رجی سه‌ره‌كییه‌تی.
| "ئه‌مریكا له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێویستی به ئێرانه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێك دایه كه دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی ئێران به تێپه‌ڕبوون له هه‌ورازونشێوێكی سیاسی و دیپلۆماتیكی له ئاست رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئوروپا به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ هێشتاش چاره‌سه‌رنه‌كراو ماوه‌ته‌وه" |
له‌و رووه‌وه ناسیۆنالیزمی شوڤێن و كلاسیك، مه‌زهه‌ب و ئایینگه‌لی رادیكاڵ و هه‌روه‌ها بیرۆكه‌ی چه‌پی توندڕه‌وه له‌مپه‌ڕ و به‌ربه‌ستن له‌م رێگه‌یه‌دا. به پێچه‌وانه‌شه‌وه مانه‌وه و به‌رده‌وامی بیرۆكه‌ی ناسیۆنالیزم و ئایین و بیره رادیكاڵه‌كانیش, دیموكراسی و به‌رنامه‌ی ئه‌مریكا له ناوچه‌دا به له‌مپه‌ر ده‌زانن و ده‌كه‌ونه خاڵی به‌رامبه‌ریه‌وه. بۆیه ئه‌گه‌رچی حوزووری سه‌ربازیی ئه‌مریكا له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوڤیندا له‌سه‌ر دروشمی دژه تیرۆر هاته‌گۆڕێ به‌ڵام رادیكالیزم به هه‌موو شێوه و چه‌شنێكیه‌وه ده‌گرێته‌وه. سه‌ره‌تا تاڵیبان (رادیكالیزمی ئایینی) و دواتر به‌عسی ئێراق (رادیكالیزمی نه‌ته‌وه‌یی ـ عه‌ره‌ب) و له دوای ئه‌وانه‌ش ئێران، سووریا، میسر و ...تاد هه‌یه كه پێویستیان به گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی یا ریفۆرم له پێكهاته و ستراتژی و په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا هه‌یه.
له دوای لێدانی ئێراق و سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان، هه‌مووان وا بیریان ده‌كرده‌وه كه زۆر ناخایه‌نێت كه نۆره‌ی ئێرانه ( بوونی كێشه‌ی ئه‌تۆمی و نه‌بوونی چاره‌سه‌ریی تا ئه‌و ساته‌وه‌خته) و ئه‌مه‌ش تا ده‌هات بۆچوون و نێرینێكی مسۆگه‌ر ده‌بینرا، به‌تایبه‌ت كه جۆرج بووش بۆ جاری دووهه‌م توانی پۆستی سه‌رۆك كۆماریی ئه‌مریكا به‌ده‌ست بێنیت. به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌وه‌خته ئه‌مه نه‌قه‌وما. بۆیه ئه‌گه‌ر گریمانه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه بێت كه ئه‌مریكا به‌نیازبووه چاره‌نووسی حوكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بخاته ریزی ئێراق و ئه‌فغانستان كه تا هه‌نووكه نه‌كراوه،
ده‌بێ به شوێن هۆ و كوسپه‌كانی دا بگه‌ڕێین كه بوونه به‌ربه‌ست و ئه‌وانه‌ش بریتین له:هۆكار و كۆسپه ناوخۆییه‌كانی ئه‌مریكا:ئا) سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆمارێتی جۆرج بووش:له ده‌وڵه‌تی ئه‌و كاتی (كابینه‌ی جۆرج بووش) ئه‌مریكادا دوو به‌ره به نیسبه‌ت چۆنیه‌تی مامڵه‌كردن له به‌رامبه‌ر حوكوومه‌تی ئیسلامی ئێران هه‌بوون. به‌ره‌یه‌كیان لایه‌نگرانی شه‌ڕی سه‌ربازی و پێكدادان بوون و به‌ره‌ی تریش دژی شه‌ڕبوون.
لایه‌نگرانی شه‌ڕ له ده‌وڵه‌تی جۆرج بووش بریتی بوون له " دیك چێنی" جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، "جان بۆڵتۆن" نوێنه‌ری پێشووی ئه‌مریكا له رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و سێناتۆر "جۆزێف لیبێرمه‌ن" و چه‌ند به‌رپرسی باڵا له وه‌زاره‌تی خه‌زانه‌داری ئه‌مریكا. له‌به‌رامبه‌ردا "رابێرت گه‌یتس" وه‌زیری به‌رگری و "كاندۆلیزا رایز" وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌ره‌ی دژه شه‌ڕیان پێكدێنا. وه‌ك دیاره رابێرت گه‌یتس به هۆی بڕوا و رێكرده‌كانی, كه گۆیا گوشاری سیاسی و ئابووری بۆ سه‌ر ئێران كاریگه‌رتر ده‌بینێ له ده‌وڵه‌تی ئوباماشدا هه‌مان پۆستی پێ سپێردرا.
ئه‌مریكا له وڵاتانی ئێراق، ئه‌فغانستان، پاكستان و ته‌نانه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان ئیسراییل و فه‌له‌ستین و ...هتد كێشه‌گه‌لێكی هه‌یه كه تا ئێستا بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه. لایه‌نگرانی شه‌ڕ له كۆشكی سپی حوكوومه‌تی ئیسلامیان وه‌ك هه‌ڵخرێنه‌ر ده‌ناسی بۆیه‌ش هێرش بۆ سه‌ر ئێرانیان به دوو مه‌به‌ست ده‌ووروژاند: یه‌كه‌م: پێشی پێ‌گرتن له چالاكییه ناوه‌كییه‌كانی ئێران (به بڕوای ئه‌وان ئه‌و چالاكییانه دواتر به‌مه‌به‌ستی هێرشبردنه نه‌ك به‌ره‌نگاربوونه‌وه و ئامانج چێكردنی چه‌كی ئه‌تۆمییه و بێگومان له گۆڕه‌پانی جیهانیدا به كاری دێنێ و ئه‌گه‌ره‌كان ده‌ڵێن ره‌نگه دژ به ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له خوه‌رهه‌ڵاتی ناوڤین و ئوروپا به‌كاری بێنێ). دووهه‌م: رۆڵ و دزه‌ی سیاسی ئێران له هه‌ندێك وڵات‌دا سنووردار بكه‌نه‌وه.
جان بۆڵتۆن له‌و بڕوایه‌دا بوو كه وڵاتانی ناوچه نیگه‌رانن به‌وه‌ی كه ئێران بگاته چه‌كی ناوه‌كی و بۆیه‌ش له حاڵه‌تی ئاماده‌باشی دان و ئه‌وانیش پرۆژه‌ی دروستكردنی بنكه‌ی ئه‌تۆمییان له مێشكدایه و به وته‌ی خۆیان له ژێر چاودێری ئاژانس و به مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌بایه، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌وانیش له كاتێكدا بگه‌نه قه‌ناعه‌ته‌ێك كه پێویسته چه‌كی ئه‌تۆمی پێ سازكه‌ن و ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی لێده‌كه‌وێته‌وه.
لایه‌نی دژی شه‌ڕ له ئه‌مریكا ده‌یانگووت: هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران نه‌ك ناتوانێ كێشه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران چاره‌سه‌ر بكات به‌ڵكو كێشه و مه‌ترسی نوێ تری لێده‌كه‌وێته‌وه. بۆیه له رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه هاتنه مه‌یدان و فشاری سیاسی و ئابووریان وه‌ك رێگه چاره دانا.
رابێرت گه‌یتس وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی گرنگ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات كه دژی شه‌ڕی سه‌ربازی ئه‌مریكایه به‌رامبه‌ر ئێران، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌مریكا زانیاری پێویست و وردی له‌مه‌ڕ بارودۆخی بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران له به‌رده‌ست نییه و پرژوبڵاوبوونی ئه‌م بنكه‌گه‌له واده‌كات تا به‌شێك له‌و بنكانه له هێرشی سه‌ربازیدا له ناونه‌چن و چالاك بمێننه‌وه. یه‌كێكی تر له ئیدیعاكانی لایه‌نی دژی شه‌ڕ ئه‌وه‌یه كه هه‌ر جۆره هێرشێك بۆ سه‌ر ئێران، ئه‌و وڵاته ده‌خاته حاڵه‌تێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و ئه‌وجار ئێران وه‌ك مافی خوه‌ی ده‌ڵێ: بۆ پێشیگرتن به هێرشی دووباره، ناچاره چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌بێ و بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌وڵئه‌دات.لایه‌نی دژی شه‌ڕ ته‌نها له بارودۆخی ئه‌مریكا و ناوچه‌كه نه‌كۆڵینه‌وه و له‌و بڕوایه‌شدا بوون هێرش بۆ سه‌ر ئێران شه‌ڕی ناوخۆیی له ئێران به شوێن خوه‌یدا دێنێ. بڕیاری كۆتایی به‌ره‌ی دژی شه‌ڕ كاتێك به‌رجسته‌تر بۆوه كه كۆشكی سپی راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه كه له لایه‌ن 16دامه‌زراوه‌ی سیخۆڕی ئه‌مریكا ئاماده‌كرابوو و تێیدا باسی له‌وه كردبوو كه ئێران له ساڵی 2003 پیتاندنی یۆرانیۆمی راوه‌ستاندوه و تا هاوینی ساڵی 2007ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه سه‌رله‌نوێ ده‌ستی پێنه‌كردۆته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش راپۆرتی ناوداری "به‌یكێر – هاومیلتۆن" كه داوای وتووێژی ئه‌مریكا له‌ته‌ك ئێرانی كردبوو سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی ئێراق، دوایین چه‌كوچی نه‌رێنی له به‌ره‌ی شه‌ڕخوازی ده‌وڵه‌تی بووشدا لێدا له‌و حاڵه‌ته‌شدا به‌ره‌ی شه‌ڕخواز دوایین هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌ر پیشاندانی چرا سه‌وزێك خسته‌گڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئیسراییل بتوانێ ده‌ست پێشخه‌ری هێرش بۆ سه‌ر ئێران بێ.
ب) سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆمارێتی باراك ئوباما:دیموكراته‌كانی ئه‌مریكا له‌و بڕوایه‌دان كه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له رێگه‌ی وتووێژ و دانوستانی سیاسی ـ دیپلۆماتیك و هه‌روه‌ها دانی ئیمتیاز و وه‌رگرتنی ئیمتیاز ده‌كرێت و پێویست ناكات كه هه‌موو كات ئێمه دوایین رێگه (هێرشی سه‌ربازی) بگرینه‌به‌ر، ئه‌گه‌رچی به وته‌ی باراك ئوباما جاروبار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هێز و زۆر پێویستن. بۆیه ئه‌وان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارێتی له ساڵی 2008 له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه پێداگربوون كه ده‌بێ شه‌ڕ له ئێراق كۆتایی پێ بێت و ئه‌ساسه‌ن شه‌ڕی سه‌ربازیی له جیهاندا مه‌رفوزه و كابینه‌ی وه‌زیرانیش له‌سه‌ر هه‌مان ستراتژی پێكهات، بۆ نموونه رابرت گه‌یتس وه‌زیری به‌رگری له كابینه‌ی جۆرج بووش دا به هۆی هه‌ڵویستی دژی شه‌ڕ، هه‌میسان له كابینه‌ی باراك ئوباماشدا له شوێنی خۆی مایه‌وه.
ئه‌وان هه‌ڵه‌كانی كۆماریخوازه‌كانیان له 8 ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا له شه‌ڕه‌كانی ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان و ئێراق به‌رجسته‌كرده‌وه. دانیشتن له‌گه‌ڵ ئێرانیان خسته‌ڕوو و دواتر به‌رنامه‌ی له ناوبردنی چه‌كی ئه‌تۆمی و كۆمه‌ڵكوژیان له ئاست جیهاندا پێشكه‌ش كرد، قه‌ڵغانی دژه مووشه‌كیی له ئوروپایی رۆژهه‌ڵات پووچه‌ڵ كرده‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانی له گه‌ڵ رووسیا په‌ره پێدا. ئه‌مما هاوكات شه‌ڕ و نائارامی له پاكیستان ده‌ستی پێكرد. به‌شێك له هێزه‌كانیان له ئێراق كشانده‌وه و, خشته‌ی ده‌رچوونیان بۆ دیاری كرا‌و و وتووێژ له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستی پێكرد.
ئه‌مریكا له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێویستی به ئێرانه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێك دایه كه دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی ئێران به تێپه‌ڕبوون له هه‌ورازونشێوێكی سیاسی و دیپلۆماتیكی له ئاست رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئوروپا به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ هێشتاش چاره‌سه‌رنه‌كراو ماوه‌ته‌وه.
سێ وڵاتی ده‌راوسێی ئێران له نائارامی و قه‌یرانی رێژه‌یی دان كه بریتین له پاكیستان، ئه‌فغانستان و ئێراق.وه لایه‌نه‌كانی هه‌ڵخرێنه‌ری قه‌یران له دوو وڵاتی پاكیستان و ئه‌فغانستان هۆی نیگه‌رانی ئێرانن, واته لێره‌دا هه‌مان كۆسپی سه‌رده‌می جۆرج بووش وه‌ك خوه‌ی ماوه‌ته‌وه. و ئه‌مریكا بۆ چاره‌سه‌ركردنی رێژه‌یی قه‌یرانی ئه‌و سێ وڵاته پێویستی به ئێران هه‌یه و له‌به‌رامبه‌ریش دا ئێرانیش بۆ دامركاندنی نیگه‌رانییه‌كانی له‌مه‌ڕ تالێبانه‌كان پێویستی به هێزه‌كانی ناتۆ هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد تا یه‌كه‌مین دانیشتنی فه‌رمی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی هاوبه‌شی وڵاتێكی سێهه‌م پێك بێت، واته ئه‌منییه‌تی ئێراق. دواتر ئه‌م دانیشتنانه ناڕاسته‌وخۆ مه‌سه‌له‌ی ئه‌تۆمیشی گرته‌وه.
ره‌نگه له‌مپه‌ری سازبوونی په‌یوه‌ندیی ئاسایی له نێوان ئه‌مریكا و ئێران ته‌نها ئیسراییل بێت. یه‌ك له مه‌رجه‌كانی دانیشتنی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش وازهێنانی ئه‌مریكا له ئیسراییل بوو. ئه‌مما ئیسراییل گرنگترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكایه و چاوپۆشیكردن له‌و زیانی ئه‌منی ـ ئابووری زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه, له‌وانه‌یه ئه‌مریكا رۆژێك بگات به‌و قه‌ناعه‌ته چاوپۆشی له ئیسراییل بكات و له ئێران نزیكتر بێته‌وه.
هه‌روه‌ها دروستبوونی قه‌یرانی ناوخۆیی له ئێران له‌دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارێتی و دانانی مه‌حموود ئه‌حمه‌دینژاد بۆ چوار ساڵی دیكه، هیچكات هه‌ڵوێستی پێویست و چاوه‌ڕوانكراوی له‌لایه‌ن ئه‌مریكا به شوێنه‌وه نه‌بوو، وه خه‌ڵكی ئێران بوونه قوربانی دانوستانی ئێران و ئه‌مریكا له‌مه‌ڕ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و هاوكاری له وڵاتانی قه‌یران تێكه‌وتووی ده‌راوسێی ئێران.
به‌م جۆره خاڵه هاوبه‌شه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا ( هه‌ڵبه‌ت خاڵگه‌لێكن كه پێكه‌وه كۆیان ناكاته‌وه و وه‌ك هاوپه‌یمان پێناسه ناكرێن) پترن تا خاڵی دژبه‌ره‌كان, هه‌روه‌ها یه‌كه‌مایه‌تی به خاڵه هاوبه‌شه‌كانه تا خاڵه دژبه‌ره‌كان.
هۆكاره ناونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و له‌مپه‌ره ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مریكا:به پێ ی به‌راوده‌كان هه‌ر كات دۆخی ئابووری ئه‌مریكا به‌ره‌و خراپی ده‌چێ دروستكردنی شه‌ڕێك دوور له چاوه‌ڕوان نییه. ئه‌مما به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه هۆیه‌یكی ره‌هایه و ناكرێ پشتی پێ ببه‌سترێ، چونكو له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ده‌بێ وڵاتێك كه له رووی ناونه‌ته‌وه‌ییه‌وه كێشه‌داره ده‌ستنیشان بكرێ و له هه‌نگاوی دووهه‌مدا دۆخی ئابووری ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده باش بێ كه تێچووی ئه‌و شه‌ڕه ته‌حه‌مول كات.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئێمه وا بیربكه‌ینه‌وه كه به‌رنامه‌ی هێرش بۆ سه‌ر ئێران هه‌یه، به‌ڵام سێ هۆكار ده‌وری كارایان هه‌یه له به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره هێرشێكی ئه‌مریكادا:یه‌كه‌م: سه‌رقاڵبوونی ئه‌مریكا له دوو وڵاتی ئێراق و به‌تایبه‌ت ئه‌فغانستان و پاكیستان.
دووهه‌م: نیگه‌رانی له‌مه‌ڕ ئیسراییل. له ئه‌گه‌ری هه‌ر جۆره هێرشێكدا بۆ سه‌ر ئێران, ئیسراییل ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌كی قورسه‌وه. چونكو له لایه‌كه‌وه ئێران به‌ره‌یه‌كی دیار و روونی له‌رووی جۆگرافیاییه‌وه بۆ شه‌ڕ دژ به ئه‌مریكا نییه و ئێران ده‌كه‌وێته حاڵه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه. ئه‌مما له لایه‌كی تره‌وه هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران به نیسبه‌ت ئیسراییله‌وه ده‌گه‌یشته/ده‌گاته قۆناغی به‌كرده‌وه كردن. شه‌ڕه‌كانی ناوبه‌ر ئیسراییل و حه‌ماس، و ئیسراییل و حێزبوڵڵا دوو نموونه‌ی به‌رچاون بۆوه‌ی ئه‌گه‌ر ئێران راسته‌وخۆ له به‌رامبه‌ر ئیسراییلدا نه‌كه‌وێته ناو شه‌ڕی سه‌ربازییه‌وه, ده‌توانێ ئاڵۆزی و گوشار بخاته‌سه‌ری.
سێهه‌م: هاوده‌نگ نه‌بوونی وڵاتانی هاوپه‌یمان و پێچه‌وانه‌بوونی ده‌نگی رووسیا و چین و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ده‌راوسێی ئێران وه‌كو ئێراق و توركیا له سه‌ر خیاری سه‌ربازیی( نه‌ك ئابووری ـ دیپلۆماتیك). هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئێراق كه دواتر به پێ ی به‌ڵگه‌كان هۆیه‌كی قورسی نه‌بوو و رێكخراوی ناونه‌ته‌وه‌یی وه‌ك داگیركردن ناوی لێنا، هێرش بۆ سه‌ر ئێران ده‌خاته دڕه‌دۆنگییه‌وه.
هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیدار به حوكوومه‌تی ئیسلامی ئێران:هێرش بۆ سه‌ر هه‌ر وڵاتێك ته‌نها به‌ندكراو به ئاماده‌گی و ته‌كووزی هێزی هێرشبه‌ر نییه، به‌ڵكو دۆخی شڵه‌ژاو و ناله‌باری وڵاتی به‌رامبه‌ر كه بڕیاره هێرشی بۆ یكرێ گرنگتره. به پێچه‌وانه‌وه‌ی زۆر وڵاتی تری رۆژهه‌ڵاتی ناوین، ئێران جیاوازیی به‌رچاوی هه‌یه و هێزی سه‌ربازی ئێرانیش به نیسبه‌ت هێزه سه‌ربازییه‌كانی به‌عس و تاڵیبان به تواناتر و به ئیمكانات ترن. ئه‌مه‌ش داهاتووبینی و به‌راوردكردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی رێفلێكسی ئێران له كاتی شه‌ڕدا ده‌خاته دۆخێكی ته‌ماوییه‌وه. بۆ نموونه حوكوومه‌تیی ئیسلامی ئێران جاروبار و له كاتی هه‌ڕه‌شه‌كردنی رۆژئاوا، ئاماژه‌ی داوه‌ته وڵاتانی كه‌نداو و بنكه و باره‌گاكانی ئه‌مریكا له‌و وڵاتانه. كه‌واته ئه‌مریكا جگه له‌وه‌ی ده‌بێ هێرشبه‌ر بێ، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌بێ به‌رگریكه‌ربێ و گه‌رانتی ئه‌منی وڵاتانی عه‌ره‌بی بكات. ئه‌نجامی ئه‌م دوو ئه‌ركه‌ش له یه‌ك كاتدا ئاسته‌مه.
ئاماده نه‌بوونی به‌ستێن و خواستێكی سه‌رتاسه‌ری گه‌لانی ئێران بۆ رووخانی حوكوومه‌تیی ئیسلامی ئێران ( له سه‌رده‌می سه‌رۆككۆمارێتی جۆرج بووش دا) و دروستبوونی هه‌مان خواست و به‌ستێن له كاتی ده‌سه‌ڵاتدارێتی باراك ئوباما و بێ مه‌یلی ئه‌مریكا له پاڵپشتیكردن له بزوتنه‌وه سه‌وز:
ئه‌م خاڵه‌ش تا راده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ندی به خاڵی سه‌رووتر هه‌یه, كه واته تا كاتێك به‌سته‌ر ئاماده نه‌بێ هێرشبردن ئه‌نجامێكی نابێ. بۆیه‌ش ده‌بێ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له ناوه‌وه‌ی ئێران بگه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ت و باوه‌ڕه كه چیدی كاتی لابردن و رووخانی سیستمی هه‌نووكه‌یی هاتووه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش له ناو ئۆپۆزیسیۆندا پرۆژه‌یه‌كی روون و چوارچێوه‌دار بوونی نییه بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر ئێمه گریمانه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه بێ كه ئه‌مریكا هێرش ده‌كاته سه‌ر ئێران و سیستم ده‌رووخێنێ، پاشان چی؟ ئایا تاڵان و بێ سیستمی و ئاژاوه و شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانێك به‌جێ دێڵێ كه فریای ئاوه‌دان كردنه‌وه و چاكسازی بكه‌وێ؟ بێگومان نه. بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕای مه‌به‌ستی ئه‌مریكا له هێرش بۆ سه‌ر ئێران و ئه‌و دۆخه‌ی كه ده‌یهه‌وێ له ئێران زاڵ بكرێ ئێمه رووبه‌رووی بارودۆخێكی ئاسته‌م ده‌بین.
له كاتی ده‌سه‌ڵاتدارێتی جۆرج بووشدا نه به‌ستێنی و نه خواستی گه‌لانی ئێران به شێوه‌ی ئاشكرا رووخان و له ناوبردنی حوكوومه‌تیی ئیسلامی ئێران بوو وه نه ئه‌مریكا مه‌جالی هه‌بوو راسته‌وخۆ هێرش بكاته سه‌ر كۆماری ئیسلامی و جوگرافیای ئێران و پتر له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان شه‌ڕی له گه‌ڵ ئێران كرد وه‌ك له لوبنان و غه‌زه كردی و هه‌نووكه‌ش له یه‌مه‌ن ده‌یكات.
هاوكات كه پرۆژه‌ی ئه‌مریكا په‌ره‌دانه به دیموكراسی و فره‌چه‌شنی له وڵاتانی جیهاندا و به تایبه‌تی له ئێران، ئه‌مما كولتووری گه‌لانی ئێران دیموكراسی به زه‌بری چه‌ك په‌سه‌ند ناكات. له‌م رووه‌وه تێكۆشانه مه‌ده‌نی و شارستانییه‌كان بۆته شوێنی سه‌رنجی ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا، كه ئه‌ویش له ئێستادا و له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی دیموكراته‌كان به‌سه‌ر ئه‌مریكادا بۆته قوربانیی دانوستان له‌سه‌ر به‌نامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، ره‌نگه دروستبوونی ئه‌م هه‌له له ئێران‌دا ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می جۆرج بووش ببایه، كۆماریخوازه‌كان بێ یه‌ك و دوو هێرشیان بۆ ئێرانیان هه‌ڵبژاردبا.