ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
چاند هۆنه‌ر
گله‌ییه‌كی كاڵ
ن: نگارعزیزی
17 / 11 / 2008
شه‌و له‌ نیوه‌ تێپه‌ڕی. خه‌و وه‌ك رۆحێكی سه‌رگه‌ردان له‌ نێو ئۆده‌یه‌كی4×3دا ئوقره‌ی لێ بڕاوه‌. دێت، ده‌چێت، داده‌نیشێت، خوه‌ی درێژده‌كاته‌وه‌، پێده‌كه‌نێت، ده‌گری، له‌ دایك ده‌بێت ، ده‌مرێت و دیسان دێت ، ده‌چێت...
وه‌ك چریكه‌ی چوار دیواره‌كه‌ بێده‌نگ هه‌نگاو ده‌نێت به‌ نێو مان و نه‌مانستانی عه‌قڵ و خه‌یاڵدا ، مه‌بادا به‌ چرپه‌ی پێی وشه‌كان وه‌ڕز بوون و سه‌رهه‌ڵبده‌ن ، چرۆبكه‌ن ، و لق و پۆیان واڵایه‌تی هه‌سته‌كان داپۆشێت.
واتاكان لێك ئه‌داته‌وه‌ وه‌ك چۆن پشیله‌یه‌ك كڵافه‌ كاموایه‌ك. شه‌و=تاریك، شه‌و=ترس شه‌و=تاوان، شه‌و=هه‌نیسكه‌ ،شه‌و=ئه‌شق، شه‌و= مردن، شه‌و = ژین ، شه‌و = ڕه‌ش, سوور ، سه‌وز .
ئه‌شق نزیكێكی دووره‌، مه‌ودایه‌كی نائاسایی ، دروستكراوی زه‌ینێكی كورت, له‌وانه‌یه‌ كوێریش و ئێره‌ش جوغرافیای به‌رینی ئه‌و ده‌ستكردانه‌یه‌، "شه‌و باوه‌ش به‌ په‌نجه‌ره‌ی ژوره‌كه‌دا ده‌كات " میوانێكی ناوه‌خت به‌ڵام ناسراوه‌، فێر نه‌بووه‌ له‌ ده‌رگاوه‌ بێت. مێوانێكی ماندوونه‌ناس و سه‌ر وشكه‌، راده‌وه‌ستێ له‌ سه‌ر یه‌ك ده‌ست، له‌ سه‌ر یه‌ك لاق، خوێن له‌ ده‌ماره‌كانیدا خه‌ست نابێت، ده‌ماره‌كانی كپ نابن، ئێسكه‌كانی ناچریكێنن. ئه‌وه‌نده‌ راده‌وه‌ستێ تا مه‌حكوومی ده‌ربازبوون ده‌بێت. باوه‌ش ئه‌كات به‌ ناوقه‌دی و له‌ په‌نجه‌ركه‌وه‌ ئه‌یهێنێته‌ ژووره‌وه‌، له‌ قۆناخه‌كانی تێپه‌ریندا وه‌ك هه‌میشه‌ باریك و درێژ ده‌بێت. میوانێكی باریك و درێژ .
دێت، ده‌چێت، وه‌ك رۆحێكی سه‌رگه‌ردان، ئه‌شق نزیكێكی دووره‌، جارێكی تر وه‌ك جاران سه‌ری ده‌خاته‌ نێو ئه‌رشیڤی وێنه‌كان، جوان و ناشیرین، بچوك و گه‌وره‌، سه‌رانسه‌ر و قووڵ ، له‌ دایك بوونه‌وه‌, ده‌ست پێده‌كات، 360ده‌ره‌جه‌ به‌ ده‌وری ناوه‌ندی كه‌وتن و رابووندا ده‌سووڕێت، ئاورێك له‌ ئێواره‌ پرته‌قاڵییه‌كانی منداڵی ده‌داته‌وه‌ گۆرانی بۆ بووكه‌ شووشه‌كان ده‌گوته‌وه‌ و كه‌زیه‌كه‌ی بۆنی باوه‌شی دایكی لێده‌هات.
 له‌ناكاوه‌ برینی ساڵانی ماندویه‌تی سه‌ری هه‌ڵدا و ته‌قییه‌وه‌ ، چڵك و خوێن و فرمێسك و تانه‌ و درۆ و تۆمه‌ت، رێگه‌ ده‌ستیان گرت و ده‌ر ودیواری ئه‌رشیڤستانه‌كه‌ی په‌ڵه‌ په‌ڵه‌ كرد. چاوی له‌ سه‌ر وێنه‌ی پایزێكی سه‌وز قفڵ كرا.
ئاسمانێكی گریوون و به‌یانیه‌كی یه‌كده‌ست و سارد . گه‌ڵاكان زه‌رد، نه‌خۆش و ته‌نیا له‌ ژێر سایزی جۆراوجۆری پێڵاوه‌كان ئه‌قرنجان، ئه‌پچڕان و ئه‌یانزریكاند و ده‌مردن.
زوو بوو، ناوه‌خت بوو، نه‌كوڵاو بوو، ئه‌زمونێكی كۆرپه‌ بوو، به‌ڵام بڕیار هه‌ر دوو پێی له‌ نێو پێڵاوێك به‌ره‌و رووداوێكی ناوه‌خت كه‌وته‌رێ. ئاگری ئێشكچیی ماندوو له‌ چیرۆكی ترس و درۆ ، دوا په‌له‌قاژه‌كانی بۆ له‌ خۆ بوردن ده‌دا، وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه‌ ساڵه‌هایه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌یانیی و باران و ئه‌و چاوانه‌ بوو، چیرۆكی ئه‌و به‌یانیه‌ ناوه‌خته‌،  بۆ ئاگر ره‌نگێكی تر، سه‌ره‌تایه‌كی تر بوو ، به‌رخۆدانی ده‌كرد بۆ نه‌كوژانه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنی سووڕێكی كۆرپه‌.
به‌یانییه‌كی زوو، ناوه‌خت، سه‌ره‌تای ژانێكی نه‌گه‌یشتوو، له‌ دایك بوونێكی په‌له‌. ئێشێكی غه‌ریب له‌ ره‌نگێكی بێره‌نگ, له‌ كه‌سێك وه‌ك هیچ كه‌س. هه‌ناسه‌ له‌ سه‌ر كات و شوێن سوار بوو ، مسافرێكی ناشاره‌زا و نه‌شێلاو ، واگۆنی ته‌نیایی و هێڵێكی "نازانم بۆ كوێ ".
گریان ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنێت، وێنه‌كان رووت ئه‌بن، كاڵ ئه‌بن، زه‌رد ئه‌بن، ئۆكسیژن ئه‌تۆرێت، سیه‌كان برین ئه‌بن و خوێن ئه‌هێننه‌وه‌، بێكه‌سی تاوانێكه‌، سزایه‌ك، به‌رخۆدانێك بۆ هاتنی به‌یانییه‌كی پێگه‌یشتوو. كۆكه‌ بۆنی خوێن و سوور و ته‌نیایی به‌ ناو 4×3ێكی ته‌ڕ ونمناكدا ئه‌پژێنێ. بێهۆشی له‌ ناكا گۆشت و پێست و خوێن و ده‌مار و ئێسك و ئه‌شق و ژیان قووت ئه‌دات. مه‌رگ له‌ بێهۆشیدا ئه‌رشێته‌وه‌ و دیسان گۆشت و پێست و خوێن و ده‌مار ئاشق ده‌بن و ئه‌ژێنه‌وه‌.
زه‌رد وه‌ك جوجه‌ڵه‌یه‌كی سه‌ر هه‌ڵپڕوچقاوی ده‌ست مناڵێكی چه‌توون، په‌له‌قاژه‌ ده‌كات، هه‌ڵده‌به‌زێت داده‌به‌زێت ، نینۆكی له‌ گۆشتدا تێكه‌ڵ ئه‌بێ و دیسان ئاشته‌وایی هه‌ناسه‌ و سیه‌كان. ئه‌شق نزیكێكی دووره‌. بۆنی خوێنیشی پێناگات.
جگه‌ره‌ ناكێشێت، بوغز ده‌شكێت و چوار ده‌وری پڕده‌بێت له‌ ورده‌ فرمێسك. ترس و گومان وه‌ك جووته‌ مارێكی له‌ ڕوو نه‌چوو وبێحه‌یا ئه‌خزێنه‌ نێو هه‌ناویه‌وه‌ و ژه‌هری ئێشێكی جه‌رگ بڕ به‌ تان وپۆی بوونیدا ئه‌پژێنن. راده‌بێت و درێژی و پانی 4×3یكه‌ ده‌پێوێت ، به‌ ده‌ست، به‌ پێ، به‌ خوێن و دوای پێواندن قه‌ناس ده‌بێت. ئه‌شق نزیكێكی دووره‌، بۆ پڕوزی هه‌ناویشی پێناگات.


بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 58
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
چاند هۆنه‌ر
ژیــــــان له‌ پێشی ڕوودا/ چیرۆك (4)
پایان یک راه
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی