| چاو پێکه‌وتن و وتووێژ |
|
م.عوسمان جه‌عفه‌ری: ”گه‌نج روخساری سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی لا ناحه‌زه و هه‌وڵیش نادات بیبینێ“
دیمانه: سه‌لمان كۆچه‌ری
12 / 5 / 2009
وه‌رچه‌رخان: ڕاڤهتان چییه بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه(( سیاسه‌ت بریتیه له هونه‌ری مامه‌ڵه‌و قه‌ناعه‌ت پێكردن))؟ م.عوسمان جه‌عفه‌ری:پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی بچمه سه‌ر راڤه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه پێم وایه تاوتوێكردنی خودی وشه‌ی سیاسه‌ت بۆ باش تێگه‌یشتن له‌و ده‌سته‌واژه‌یه كۆمه‌كێكی باش بێ. زۆرێك له پسپۆڕانی و شاره‌زایانی سیاسی وشه‌ی سیاسه‌تیان به شێوه‌های جوراوجۆر لێكداوه‌ته‌وه, له‌وانه سه‌رۆكایه‌تی، چڕووساندن، سزادان و پاراستنی مڵك و ...تاد، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر وه‌ك واتای ئه‌و وشه‌یه بڕوانینه ده‌سته‌واژه‌كه, دیاره دیارده‌یه‌كی ئاڵۆز و پڕكهندولهنده و "په‌یوه‌ندی"، "مامڵه‌كردن" و "زۆر"، به‌شێكی جیانهكهرهوهیه له‌و وشه‌یه. بۆ نموونه خوه‌تان پێتان وایه په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان بۆچی ساز ده‌بێ یاخود له ئاستێكی سه‌رووتردا په‌یوه‌ندی نێوان گروپ و ده‌سته جیاجیاكان به لاخوازی سیاسی و ئابووری و ...بۆچی چێ ده‌بێ ؟ دیاره مرۆڤ به‌رده‌وام به شوێن به‌رژه‌وه‌ندی دایه، ئێستا ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه ده‌توانی مادی ودهشتوانێ مه‌عنه‌وی بێ، بۆیه‌ش كاتێك مرۆڤێك خوه‌ی له مرۆڤێكی تر نزیك ده‌كاته‌وه به شوێن به‌رژه‌وه‌ندیدا ده‌گه‌رێ. كه‌وابوو زۆر سروشتییه كه له په‌یوه‌ندی نێوان دوو كه‌س/لایه‌ن یان چه‌ند كه‌س/لایه‌ندا جۆره‌ها رێگه و به‌رنامه وپلان بێته ئاراوه كه نه هۆنه‌ر بێ و نه به واتای راسته‌قینه‌ی مامڵه‌كردن، ناوی مامڵه‌كردنی له‌سه‌ر دانێین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك چه‌مك بڕوانینه سیاسه‌ت، دیاره واتایهگهلێكی زۆر و قووڵی لێكراوه‌ته‌وه. زۆر پێناسه و شرۆڤه‌ی جیاجیا و زۆرجار پارادۆكسیكاڵی بۆ بینراوه‌ته‌وه و ئه‌م پێناسه جۆراوجۆرانه به‌ستراوه به فیكر و ئایدۆلۆژییه‌كانی داڕێژه‌ری سیستمه سیاسییه‌كان. له‌راستیدا سیاسه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه هه‌ر بیرمه‌ندێك كه پێشڕه‌وی فیكر و بیرۆكه‌یه‌ك بووه، پێناسه‌یه‌كی جیاوازتری به نیسبه‌ت بیرمه‌ندێكی تر كه پێشڕه‌و و رێچكهدانهری فیكرێكی دیكه‌بووه كردووه. زۆر كه‌س سیاسه‌ت وه‌ك هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه به شێوه‌ی ئاشتخوازانه ده‌زانن (جا له هه‌ر زه‌مینه‌یه‌كدا بێ)، پاژێكی دیكه وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارێتی له كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه ناویان لێبردووه و دیاره مه‌به‌ستان گوێڕایه‌ڵكردنی جه‌ماوه‌ر بووه به زه‌بری زۆر. زۆر كه‌س سیاسه‌ت و ئه‌خلاق پێكه‌وه گرێده‌دات و كه‌سانێكیش په‌یدا ده‌بن كه ئه‌خلاق له سیاسه‌تدا بێ واتا ده‌زانن و ده‌ره‌نجام ئه‌خلاق ره‌تده‌كه‌نه‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه ته‌نها له وشه‌ی سیاسه‌ت و چه‌مكی سیاسه‌تدا، پێناسه و واتاگه‌لی زۆر هه‌یه و هه‌ر كه‌س به پێ ی تێگه‌یشتن و رێچكه‌ی فیكری خوه‌ی لێ ی تێده‌گا و له كرده‌وه‌دا ده‌ریده‌خات. دیاره له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌شدا كه ئێوه باستان كرد، جۆرێك له پێناسه‌ی سیاسه‌ت خراوه‌ته‌ڕوو. كه‌واته سیاسه‌ت واتای مامڵه‌كردن و قه‌ناعه‌ت پێكردنی تێدا به‌رجسته بۆته‌وه. وه‌ك چۆن سه‌ره‌تاش ئاماژه‌م پێكرد مامڵه‌كردن و دانوستان، واتای له ناخی وشه‌كه‌دا ده‌دۆزرێته‌وه, مامڵه‌كردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی سوود و قازانجه، واته هه‌ر یه‌ك له دوو لایه‌نی مامڵه یا په‌یوه‌ندییه‌كه ئامانجگهلێكیان ئه‌وێ و به پێ ی سروشتی مرۆڤایه‌تی، هه‌ر لایه‌ن هه‌وڵ ئه‌دات قازانجی زۆرتری به‌ربكه‌وێ. بۆیه‌ش لێره‌دایه كه پێویستی به شتێكی سێهه‌م دێته‌ئاراوه كه ناوی قه‌ناعه‌ت پێكردنه. كه‌واته هه‌ر لایه‌ن هۆ و ئه‌دیله‌ی خوه‌ی به تیۆری و پراكتیك ده‌خاته‌ڕوو له پێناوی قه‌ناعه‌ت پێ هێنان به لایه‌نی دیكه‌ی مامڵه سیاسییه‌كه و بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سوودی زۆرتر. پێم وایه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی زۆر ئاڵۆز و ناروون نه‌بێ، هه‌ر كه‌س و به پێ ی توانایی هزری خوه‌ی ده‌توانێ لێكیبداته‌وه.
وه‌رچه‌رخان: پێت وایه گه‌نجان بتوانن سیاسیانه مامه‌ڵه بكه‌ن له‌و ته‌مه‌نه‌دا؟ م.عوسمان جه‌عفه‌ری: له سیاسه‌ت و مامڵه‌ی سیاسی یا سیاسی مامڵه‌كردن دوو شت رۆڵ ده‌بینێ، یه‌كه‌م زانست و عیلمی تایبه‌ت به سیاسه‌ت و زانسته سیاسییه‌كانه كه ده‌توانین وه‌ك زانستی تیۆری باسی لێوه‌بكه‌ین و ئه‌وی دی ته‌جره‌به‌یه كه لایه‌نی ته‌واوكه‌ری تیۆریه و له پێگه‌ی پراكتیك و بهكردهوهكردن جێ خوه‌ی ده‌گرێت. بۆیه‌ش به پێ ی تێگه‌یشتن له زانستی سیاسی و لێكدانه‌وه و كه‌ڵك وه‌رگرتن له ته‌جره‌به سیاسییه‌كانه كه ده‌كرێ ئه‌نجامی مامڵه‌ی سیاسی سه‌ركه‌وتووانه له قه‌ڵه‌م بده‌ین. بێگومان زۆر سیاسه‌توان هه‌یه كه ته‌نها له رووی تیۆرییه‌وه تێكه‌ڵ به سیاسه‌ت بووه و زۆرێكی دیكه‌ش هه‌ن به‌كرده‌وه تێیدان، ئه‌م دوو به‌شه به ته‌نیایی ناتوانن بۆ هه‌تاهه‌تایه وه‌ڵامده‌ر بن و بێگومان له قۆناغگهلێكدا راده‌وه‌ستن و چیدی وه‌ڵامده‌ر نین. بۆیه نه‌ته‌نیا له سیاسه‌ت به‌ڵكو له هه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی دیكه‌شدا تیۆری و كرده‌وه ته‌واوكه‌ری یه‌كترن. ئێستاش تێكه‌ڵكردنی تیۆری و كرده‌وه ده‌توانێ له‌لایه‌ن گه‌نجێكه‌وه بێ و ده‌شتوانێ له لایه‌ن سیاسه‌توانێكی به‌ته‌مه‌ن و به ئه‌زموون. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر بێین ئه‌م هاوكێشه‌یه سیستماتیك و رێزبهندكراو ببینین ده‌بێ به: زانست و گه‌نج ته‌جره‌به و به‌ته‌مه‌ن له دونیای ئه‌مڕۆدا مرۆڤ ده‌توانێ هه‌ر له ته‌مه‌نی گه‌نجێتیدا زانستی سیاسی ته‌واو كات، به‌ڵام وه‌ك ته‌جره‌به دیاره پێویستی به كه‌وتنه ناو ئه‌مری واقیع و تێپه‌ڕینی مانگان و ساڵان هه‌یه. گه‌نج به یارمه‌تی زانستی سیاسی و شرۆڤه و خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه و سه‌ركه‌وتنی ته‌جره‌به سیاسییه‌كان كه به‌كرده‌وه ده‌یانبینێ ده‌توانێ په‌روه‌رده ببینێ و ئاماده‌ی رۆیشتنهناو گۆڕه‌پانی راسته‌قینه‌ی سیاسه‌ت ببێ. دیاره ته‌نها تهجرهبهكردن بۆ مرۆڤێكی سیاسی به‌س نییه. ته‌جره‌به شتێكه و تێگه‌یشتن له ته‌جره‌به شتێكی دیكه‌یه و جیاوازییه‌كی زۆریان له بهینه. وه‌ك چۆن به‌ده‌یان سیاسه‌توانی به ته‌جره‌به و ئه‌زموونمان هه‌یه كه به‌هۆی نه‌خوێندنه‌وه و تێنه‌گیشتن له ته‌جره‌به‌كانی پێشوویان، دیسانه‌وه له هاوكێشه‌یه‌كی یه‌كساندا سوودی مامڵهكهیان له به‌رژه‌وه‌ندی بهرامبهرهكهیاندا دۆڕاندوه. هاوكات له دونیای سیاسه‌تدا دووپاتبوونه‌وه‌ی مامڵه سیاسییه‌كان به هه‌مان فۆرم ده‌گمه‌نه، هه‌ر بۆیه تهجرهبهش هه‌ڵه و كه‌م و كوڕیه‌كانی خوه‌ی هه‌یه. له هه‌ر حاڵه‌تێكدا به یارمه‌تی عه‌قڵ و خوێندنه‌وه‌ی دروست له بارودۆخ كه مه‌رجی بنه‌مایی سیاسه‌تێكی سه‌ركه‌وتووانه‌یه, گه‌نج ده‌توانێ باشترین ئه‌نجام وه‌ربگرێ. بێگومان سیاسه‌توانه به‌ئه‌زموون و كارامه‌كانی ئه‌مڕۆشمان هه‌ر له ته‌مه‌نی گه‌نجێتییه‌وه كه‌وتوونه‌ته ناو سیاسه‌ته‌وه, واته گه‌نجێكی زیره‌ك و وشیاربوونه و مانگان و ساڵان ته‌جره‌به‌ی پراكتیكی سیاسه‌ت گه‌یاندونی به‌م ئاسته‌ی كه ده‌یانبینین. پێم وانییه سیاسه‌توانه‌كان له ته‌مه‌نی 40ساڵ به‌ولاوه تازه به‌تازه پێیان خستبێته ناو سیاسه‌ته‌وه! بۆیه‌ش مامڵه‌كردنی سیاسی گه‌نج و له‌وه گرنگتر سه‌ركه‌وتنی له‌و مامڵهیهدا به‌ستراوه به‌دوو پێشمه‌رجه‌وه، یه‌كه‌م ده‌بێ زانستی سیاسی هه‌بێ و دووهه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌كی باشی له ته‌جره‌به سیاسییه‌كانی سیاسه‌توانانی رابردوو و هاوچه‌رخ هه‌بێ.
وه‌رچه‌رخان: پاڵنه‌ره غه‌ریزییه‌كانی گه‌نج چه‌نده ڕێگره له‌به‌رده‌م گه‌نجاندا له‌وه‌ی بتوانن فه‌رامۆشی بكه‌ن و سیاسیانه بجوڵێنه‌وه؟ م.عوسمان جه‌عفه‌ری: ته‌مه‌نی گه‌نجێتی، ته‌مه‌نێكی نهوهسانداره به نیسبه‌ت غه‌ریزه سروشتییه‌كانه‌وه. گه‌نج له‌م ته‌مه‌نه‌دا پێویستی به زۆر شت هه‌یه. رێگره غه‌ریزییه‌كان زۆرن, هه‌ر له په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و نیاز به سێكس ه‌وه بگره تا پێویستی و غه‌ریزه‌كانی تری وه‌ك نیازی سروشتی به ئارامش و ئاسووده‌یی ئابووری و ...تاد، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه به‌رده‌وام له مرۆڤدا و له هه‌ر قۆناغێكی ژیانیدا (به نێر و مێ وه) هه‌بووه. به‌ڵام له‌و رووه‌وه له سه‌رده‌می گه‌نجێتیدا زۆرتر جۆرێكه له قه‌یران، بۆیه‌ش رێگربوونهكهی بهرچاوهتره. ئه‌مما دیسان ئه‌مه‌ش ناكرێ وه‌ك تێز و تیۆرییه‌كی ره‌ها سه‌یر بكرێ. ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌مه‌نی گه‌نجێتی یا به‌شێك له‌و ته‌مه‌نه ناوبه‌ناو له‌به‌رامبه‌ر قه‌یراندا ببینینه‌وه، ئه‌و واتایه نابه‌خشێ كه گه‌نج به هۆی كه‌وتنه ناو قه‌یرانه‌وه هه‌ركات و سات له بیر و فیكری ئه‌و قه‌یرانه دایه، به وته‌یه‌كی تر گه‌نج ژیان ده‌كات و له‌م ژیانه‌شدا رووبه‌رووی قه‌یرانی ناوبه‌ناو ده‌بێته‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌نج له ناو قه‌یراندا ناوبه‌ناو ژیان بكات. بۆیه‌ش ئێمه ده‌توانین ژیانی تایبه‌تی و به‌شداربوون له سیاسه‌تدا به دوو شتی جیاواز به‌ڵام په‌یوه‌ندیدار بزانین، بێگومان له شه‌و و رۆژێكدا ده‌رفه‌ت ئه‌وه‌نده هه‌یه كه گه‌نج هه‌م سه‌رقاڵی خوه‌ی و هه‌وڵ بۆ دامركاندنی غه‌ریزه‌كانی بێ و هه‌م له حاڵی تاوتوێكاری سیاسی‌دا. ئه‌مما حاڵه‌تێكی دووهه‌میش هه‌یه و ناوی زاڵبوون به‌سه‌ر غه‌ریزه‌كان یاخود سه‌ركوت و به‌لاڕێدابردنی غه‌ریزه‌كانه(مه‌به‌ستی من تایبه‌ت غه‌ریزه‌ی جنسی مرۆڤه تا غهریزهكانیتر). بۆیه ئه‌گه‌ر بڕوامان به فیداكردنی شتانێك هه‌بێ له پێناوی به ده‌ستهێنانی هه‌ندێك شتی گرنگتر, ره‌وه‌ندی سه‌ركوتی غه‌ریزه‌كان ئاسایی ده‌نوێنێ، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌یان سیاسه‌تمه‌دار ئه‌و رێگه‌یانه هه‌ڵبژاردوه. ئه‌مما زاڵبوون به‌سه‌ر غه‌ریزه‌كان (كه من لێره‌دا مه‌به‌ستم كۆنترۆڵی پۆزێتیڤی ئه‌و غهرایزهیه) سوودی ده‌توانێ زۆرتر بێ، گه‌نج له‌و قۆناغه تایبه‌تییه‌دا خاوه‌ن وزه و مێشكێكی كراوه‌یه و ئه‌گه‌ر بێ‌و كۆنترۆڵی غه‌ریزه‌كان دروست به‌ئه‌نجام بگات وزه پتر و مژۆڵی به شتانی تر كه‌متر و ئه‌نجام ئه‌وه كه ده‌كرێ له پاڵ بوونی غه‌ریزه‌كان و ته‌نانه‌ت كۆنترۆڵ یا سه‌ركوتی غه‌ریزه‌كان, گه‌نج له پرۆسه‌یه‌كی سیاسی‌دا به شێوه‌ی چالاك به‌شدار بێ.
وه‌رچه‌رخان: له ئێستادا گه‌نجان هیچ ئینتیمای سیاسیان نییه ، به‌ڕێزتان ئه‌وه بۆچی ده‌گێڕیه‌وه؟ م.عوسمان جه‌عفه‌ری: نه‌مانی ئینتیمای سیاسی لای گه‌نجان ده‌توانێ سه‌رچاوه‌ی له چه‌ندین هۆكار گرتبێ كه ره‌نگه ئه‌م هۆكارانه تایبه‌ت، تایبه‌تمه‌ندی گه‌نج و كێشههایهك بن كه له‌و ته‌مه‌نه‌دا تووشی ده‌بن، یاخود هۆكه‌ی ده‌ره‌كی بێ و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی گه‌نج(وه‌ك تاك) و له ناو سیستم و كۆمه‌ڵگه و حیزبه‌كاندا بۆی بگه‌ڕێن. زۆر له سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی تایبه‌ت به خودی گه‌نج نادوێم و ده‌هێڵینه‌وه، ئه‌مما هۆ ده‌ره‌كییه‌كان به نیسبه‌ت گه‌نجه‌وه كامانه‌ن كه گه‌نجی له سیاسه‌ت و ئینتیمای سیاسی دوورهپهرێزكردووه. من پێم وایه سێ هۆكاری جیاواز به‌ڵام به‌ستراو, پێكه‌وه بواریان خۆش كردبێ تا گه‌نج رووبه‌ڕووی بێ ئینتمایی ببێته‌وه. یه‌كه‌م: لایه‌نه سیاسییه‌كان خوه‌یان له گه‌نجبوونه‌وه و نوێبوونه‌وه ده‌دزنه‌وه، بێگومان هه‌ر مرۆڤێك بۆ بڕینی قۆناغه‌كان و گه‌یشتن به لوتكه به‌رده‌وام هه‌وڵ ئه‌دات، واته به‌شداربوونی گه‌نج له هه‌ر سیستمێك‌دا به تایبه‌ت حیزب و ته‌نانه‌ت سیستمێكی سیاسی گه‌وره‌تر, بۆ ئه‌وه‌یه كه پێشبكه‌وێ و ئه‌گه‌ر به‌هره‌ی فیكری و..تادی هه‌یه بتوانێ سبه‌ی و دووسبه‌ی خوه‌ی له پێگه و جێگه‌یه‌كی تردا ببینێته‌وه. ئه‌مه‌ش له حاڵه‌تێكدا ده‌كرێ كه لایه‌نی سیاسی گرنگی به گه‌نج بدا‌و له‌وه گرنگتر به‌رنامه‌ی بۆی هه‌بێت. وه‌ختێك گه‌نج به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی و سیستمه سیاسییه‌كان ده‌بێ و له‌گه‌ڵ روشدی فیكری و به‌هره جیاجیاكانیدا دیسان روشدێكی ئه‌وتۆی سیاسی نابینێ و به‌رده‌وام كه‌سانێك كه به‌ته‌مه‌نن یاخود مافی به‌رزبوونه‌وه‌یان نییه و به‌رزده‌كرێنه‌وه ده‌بینێ، ماندوو ده‌بێ و ئۆتۆماسیۆن تاكه گوزینه بێ ئینتیماییه كه به پیریه‌وه دێ. له‌راستیدا گه‌نج بۆ ئامانجگه‌لێك نزیكایه‌تی وبه‌شداری لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كات، كاتێك ئه‌و لایه‌نانه‌ش نادادپه‌روه‌ر بن به‌رامبه‌ر به‌هره وتواناكانی ئه‌و, ده‌ره‌نجام سیستم و لایه‌نی سیاسی له خوه‌ی نابینێ و لێ ی دوور ده‌بێته‌وه. دووهه‌م: گه‌نده‌ڵی و فه‌سادی لایه‌نه سیاسیه‌كان كه پێناسه‌یه‌كی ناشیرین و ناواقیعی له سیاسه‌ت پیشانی گه‌نج ده‌دات گه‌نجی بێزار كردوه. له‌م حاڵه‌ته‌شدا جێگیربوونی پێناسه هه‌ڵه‌كانی سیاسه‌ت و دزێوپیشاندانی ئه‌و دیارده‌یه له لایه‌ن به‌شێك له سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه كه به شێوه‌ی بنیادین له‌گه‌ڵ زۆرێك له رووحیاتی گه‌نجی ئه‌مڕۆ(عهدالتخواز و یه‌كسانخواز) یه‌ك ناگرنه‌وه، هۆی په‌رته‌وازه‌بوون و خۆدوورخستنه‌وه‌ی گه‌نجی له سیاسه‌ت و لایه‌نه سیاسیه‌كان ره‌خساندوه. سێهه‌م: كۆمه‌ڵگه و په‌ره‌سه‌ندی پێناسهنوێكانی ئازادی كه گه‌نجی له كۆت وبه‌ندی سیاسی بوون و به‌گشتی له سیستمدا بوون نه‌هێشتۆته‌وه. ئێستا ئێمه له كات و ساتێكداین كه زۆر ئامانج و مه‌به‌ست، كه پێگههایهكی پیرۆزیان هه‌بوو نه‌ماون یاخود گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام، چیدی لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌و به‌رنامه و ئامانجگهلهیان لا نییه كه بتوانێ وه‌ك ساڵانێك به‌ر له ئێستا راكێشه‌ر بێ، په‌ره‌سه‌ندنی بیرۆكه‌ی ئازادی و نه‌بوون له قه‌ید و به‌ندی سیستمه جۆراوجۆره‌كانیش هانده‌رێكی تره بۆوه‌ی گه‌نج بێ ئینتیما بێ به لایه‌نی سیاسی، بۆیه‌ش ئه‌و ئامانجه كه زۆرتر وه‌ك خواستێكی(نه‌بوون له قه‌ید وبه‌ندی ده‌بێ و نابێكان) كاتی ده‌چێ لای مسۆگه‌ر ده‌بێ.
وه‌رچه‌رخان: لات وانییه خراپی مامه‌ڵه‌ی ده‌سته‌ڵات سیاسه‌تی قێزه‌ون كردبێت لای گه‌نجان؟ م.عوسمان جه‌عفه‌ری: وه‌ك چۆن ئاماژه‌م پێدا هه‌ژمارێكی تایبه‌ت سیاسه‌توان به‌كردوه جه‌وهه‌ری سیاسه‌تیان به لاڕێدا بردووه و ئه‌مه‌ش هه‌ر رۆژ دووپات ده‌بێته‌وه. بۆیه‌ش پێناسه‌ی جه‌وهه‌ری و واقیعی له سیاسه‌ت به‌كرده‌وه ناچه‌سپێ و سیاسه‌ت زۆرتر وه‌ك فریودان، گه‌نده‌ڵی، ده‌سه‌ڵات بۆ چه‌وساندنه‌وه، به‌رپرسبوون و لێنه‌پرسینه‌وه، به‌رپرسبوون و جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌ركه‌كان، نوێنه‌ربوونی جه‌ماوه‌ر له‌حاڵێكدا كه ته‌نها ئه‌ركێك كه نیه‌تی نوێنه‌رایه‌تییه و ...رووخسارێكی ناشیرینی له سیاسه‌ت سازكردووه كه گه‌نج ئه‌و رووخساره‌ی پێ ناحه‌زه و ته‌نانه‌ت هه‌وڵیش نادات كه بیبینێت.
وه‌رچه‌رخان: نه‌خوێندنه‌وه‌و دابڕانی گه‌نجان له كتاب و سه‌قافی جیهان زه‌ره‌رێكی زۆری نابێت بۆ داهاتووی گه‌نجان؟ م.عوسمان جه‌عفه‌ری: داهاتوو به‌لای منه‌وه واتای باشتربوونی هه‌یه. باشتربوون له هه‌ر زه‌مینه‌یه‌كدا، ئێستا له‌وانه‌یه كه‌سێك باشتربوونی ئه‌خلاقی لا مه‌به‌ست بێ، كه‌سێكی دی باشتربوونی ژیان و ئاسووده‌یی ئابووری ئامانج بێ و ئه‌وی تر باشتر بوون له رووی زانست و تێگه‌یشتن و هه‌ر كه‌س و ئامانج و مه‌به‌ستێك، كه‌وابوو ته‌نها ئه‌م باشتربوونهوهیه كه داهاتووی گه‌نج له رووی مه‌عنه‌وی و مادییه‌وه گارانتی ده‌كات، كاتێك هیچ پێشكهوتێك له ئارادا نه‌بێ و گه‌نج په‌نگاو و راوه‌ستاو له یه‌ك جێ‌دا بمێنێته‌وه دیاره زه‌مه‌ن تێده‌په‌رێ بێ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئامانجێكی دیاریكراو بڕوات، كات ده‌ڕوات بێ ئه‌وه‌ی داهاتوویه‌كی گه‌ش(باشتر) ببینێته‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا پێشكه‌وتن له‌سه‌ر زانست و موتالا بنیاتنراوه و ئاشكرایه ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌و خاڵانه خوه‌ی بێجگه بزانێت زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێ و له داهاتوویه‌كی باشتر بێ به‌ش ده‌مێنێ.
وه‌رچه‌رخان: گه‌نجان سه‌رقافڵه‌ی شۆڕش و گۆڕانكارییه‌كان بوون وه‌ك: میكیافیلیی ، ئایا گه‌ر گه‌نجی ئێمه به خۆیدا بچێته‌وه ده‌توانێت گۆڕانكاری له ساحه‌ی سیاسی كوردیدا بكات، چۆن؟ م.عوسمان جه‌عفه‌ری: پێم وایه گه‌نج و گۆڕان دوو وشه‌ی پێكه‌وه لكاون و ئه‌مه‌ش له دونیای ئه‌مڕۆماندا پتر زه‌قبۆته‌وه. به‌ڵام له‌خودی ئه‌م پرسیاره‌ی ئێوه‌شدا پرسیاری دیكه هه‌یه كه ته‌نها وه‌ك روونكردنه‌وه‌ی زۆرتر باسیان ده‌كه‌م بۆ نموونه: ئه‌ساسه‌ن قووڵایی و رووبه‌ری گۆڕان چه‌نده بێ؟ مه‌به‌ست له گۆڕانكاری له گۆڕه‌پانی سیاسی تایبه‌ته به‌و به‌شه له سیاسه‌ت كه گه‌نج ده‌گرێته‌وه یا مه‌به‌ستی گۆڕه‌پانی سیاسه‌ته به‌ته‌واوه‌تی؟ ئایا ته‌نها هه‌وڵ بۆگۆڕان و لابردنی به‌رنامه‌یه‌ك یاخود به‌ربه‌ستكردنی ره‌وتێكی سیاسی گه‌وره, به‌سه؟ له‌راستیدا گه‌نج كام سیاسه‌تانه‌ی لا هه‌ڵه‌یه تا بۆ گۆڕاندنی هه‌وڵ بدات؟ و ده‌یان پرسیاری دیكه كه هه‌ر كام له‌وانه ده‌توانێ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی ئێمه به‌ره‌و شوێنێكی تر ببات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێ بڵێم ئێمه به كرده‌وه له به‌رامبه‌ر دوو خوێندنه‌وه داین، یه‌كه‌م تایبه‌ته به‌سه‌ده‌ی بیسته‌م وئه‌ویتر سه‌ده‌یه‌ك كه تێیداین. له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئامانج و رێبازه سیاسییه‌كان بریتیبوون له شه‌ڕی بلوكهكانی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات، ناسیۆنالیزم، كۆمۆنیزم و سوسیالیزم و ...بۆیه‌ش گرنگی ته‌نها به‌و به‌ربه‌ره‌كانێ و رهكابهرییه ده‌درا كه له نێوان ئه‌و فیكر و هێزانه‌دا هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی گه‌نج له‌وێشدا له رووی ژماره‌وه هێزی یه‌كه‌م بوو، به‌ڵام پتر ئامرازێك بوو بۆ پراكتیزه‌كردنی به‌رنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن و هه‌نگاوتنی ئامانجی بیرۆكه و ئایدۆلۆژییه‌كانی ئه‌و ده‌م، له‌م رووه‌وه خودی گه‌نج گرنگ نه‌بوو، به‌ڵكو كرده‌وه و كاره پراكتیكیه‌كانی گرنگی پێده‌درا. بۆیه‌ش له سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا ئه‌گه‌رچی خودی گه‌نج و گرنگیدان به‌و، مه‌به‌ست نه‌بوو به‌ڵام دیاره سه‌رجه‌م گۆڕانه‌كان به هێزی ئه‌وه‌وه ده‌كرا. شه‌ڕی نێوان بلوكهكان له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ته‌واوبوو، زۆربه‌ی بیرۆكه دوگم و توندڕه‌وه‌كان یا رووخان یا ئیزۆلهكران و به‌م شێوه‌یه ئه‌وله‌ویتی زۆرێك له بیرۆكه‌كان كه وه‌ك ئامانجی ئه‌و سه‌ده‌یه پێناسهكرابوون داته‌پی و ئارمانجی نوێ جێ ی گرتن. ئامانجه‌كان و مه‌سه‌له نوێكانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌میش بریتیبوون له : گه‌نج، ژن و ژینگه. كه‌واته به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی و سیاسی ده‌وڵه‌تان و به شوێنی‌دا لایه‌نه سیاسیه‌كان، داڕێژراوه له‌سه‌ر بنه‌مای بایه‌خدان به‌گه‌نج وژن و هه‌روه‌ها پاراستنی ژینگه و هه‌ر تاكتیك و ستراتژییهك بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و سێ مه‌سه‌له‌یه. كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش به ئه‌ملاوئه‌ولایه‌ك زۆر جیانه‌بووه له ره‌وتی ئه‌و شه‌پۆله مه‌زنانه، ئه‌مما ئێمه لێره‌دا گریمانه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌نێین كه له گۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی ئێمه‌دا نه باسی گرنگیدان به‌گه‌نج كراوه و نه كه‌وتۆته ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی كاریی و سیاسییه‌وه. ئایا به‌م جۆره دیسانیش رێگه‌ی گۆڕانكاری سیاسی ئاوه‌ڵایه؟ بێگومان به‌ڵێ. چونكو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه چیتر گه‌یوه‌ته خودئاگایی و خودی گۆڕان له خودئاگاییه‌وه دێته‌دی, ئه‌گه‌رچی لایه‌ن و سیستمی سیاسی ئێمه‌ش له‌به‌رامبه‌ری دا بێ ده‌نگ بێ، به‌ڵام ناچار ده‌بێ قه‌بووڵی بكات. بۆیه‌ش له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌میشدا گه‌نج ده‌توانێ سه‌رچاوه‌ی گۆڕان بێ و سیستم ناچار بكات تا ره‌وتی سیاسی هه‌نووكه‌یی بگۆڕێ. گه‌نج ئه‌گه‌ر له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئامراز بووه بۆ ئامانجێكی تر، ئه‌مجار ده‌توانێ ئامرازێكی عه‌قڵانی بێ بۆ ئامانجه‌كانی خوه‌ی.
|
|
|