ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
به‌یان نامه‌و راگه‌یاندن
بەیاننامەی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
19 / 2 / 2018
هاونیشتمانیانی خۆشەویستی کوردستان
ڕۆژی ٢١ی فێوریەی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ناسراوە کە ئەمساڵ بە ڕۆژمێری هەتاوی دەکاتە ٢ی ڕەشەمە.
زمان نوانگە و پێوەری شوناسی مرۆڤە و شوناسخوازیی مرۆڤ بە بێ هەبوونی زمان هەوڵێکی نەزۆک دەبێت و پاراستنی زمانی دایکی یەکێک لە ئەرکە شوناسخوازییەکانی مرۆڤە کە بتوانێت کلتوور و وێژەی خوێ بپارێزێت، زمانی دایکی زمانی گەورەبوونی پڕ لە هەستی منداڵیی مرۆڤە کە دواجار چوارچێوەی دەروونی و سایکۆلۆژیکیی کۆمەڵگە دیاری دەکات کە پەیوەندییە ناوخۆییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە دەرەوەییەکانی کۆمەڵگە لە بن هەست و کاریگەرییە دەروونییەکانی زمانی دایکییەوە دەبنە کرداری نواندن و ڕەوشت و دەرکەوتن و ناسین و شووناس.
بۆ کەس شاراوە نییە کە زمانی دایکی و پاراستنی وەک میراتی سەدان ساڵە و هزاران ساڵەی نەتەوەکان و کۆمەڵگەی مرۆڤیەکان، نە تەنیا ئەرکێکی نەتەوەییە بەڵکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و ڕەوشتیی مرۆڤیشە کە لە پێناو پاراستن و پەرەپێدانی و بە میرات هێشتنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو هەموو هەوڵێکی پەرەوەردە و ناسین و هێشتنەوەی و پڕبارتر کردنی بدات و لە پێناو گەشەی زمانی دایکی و فەرمی کردنی دا خەباتێکی ئەخلاقی و ناسنامەیی و شوناسخوازی بگرێتە پێش.
نەتەوەی کورد لە ئێران، بە دەیان ساڵە لە بن کاریگەریی سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەسازیی مۆدێڕن، هەوڵی گۆڕێنی زمان و مراندنی زمانی کوردی بە مەبەستی نەتەوەسازیی ئێرانی دەکرێت، ئەو سیاسەتە تەنیا زمانی کوردیی نەگرتووەتەوە بەڵکوو زمانی هەموو نەتەوە بندەسەتەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکان و گەلانی بندەسەڵاتی ئێران. 
سەپاندنی تەنیا زمانێک بە سەر نەتەوەکانی ئێران و نەهێشتن و بەربەست و بیانوو درووستکردن بۆ پەروەردە و فێرکردنی زمانەکانی نەتەوەکانی تر و تەنانەت جێبەجێ نەکردنی بەندی ژمارە پانزەی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیش، لە چوراچێوەی ئاسیمیلە و گۆڕاندنی زمان و کلتوور و دواجار شوناسی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە کە هەوڵێکی ڕەگەزپەرەستانەیە کە خاک و نیشتمان و ستاتۆی هەنووکەیی سنوورەکانی کردووەتە ئایدئۆلۆژیایەکی پیرۆز و قودسییەت بە پاراستنی ئەو ستاتۆ و دۆخە دەدات و لە پێناو ئەو قودسییەت و پیرۆزییە زڕەئایدئۆلۆژیکییەیدا، مافی ڕەوا و سرووشتیی نەتەوەکانی تری بن پێ خستووە و هەموو بەها مرۆییەکانی مرۆڤی ئێرانییشی پێ پەڵەدار کردووە.
دەسەڵاتی دەوڵەتی و داڕێژەرانی ستراتیژیی دەوڵەت نەتەوەسازیی مۆدێڕنی ئێرانی، گەرچی کەمەمافێکی خوێندنیان لە یاسای بنەڕەتیدا دیاری کردووە بەڵام تەنیا وەک لێوتەڕکەرەیەک بۆ نەتەوە تینووەکانی بندەسەڵاتی ئێرانی بەکاری دێنن و هیچ مەیل و حەزیان لە جێبەجێکردنی نییە و وەک کەرەستەیەک بۆ کپ و بێدەنگ کردنی نەتەوەکانی تر بەکاری دێنن تا کاتێک کە زمانی فارسی خۆی تێهەڵکێشی زمانەکانی تر دەکات و دەیانگۆڕێت و دەیانکات بە زمانێکی فارسیکراو، گۆڕاندنی شوناس بە گۆڕاندن و مراندنی زمانەوە دەستپێدەکات و زڕەنەتەوەی باڵادەستی لێ بەدنیا دێت، سیاسەتێک بۆ زڕەنەتەوەسازی کە لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزاشای پەهلەوی بە فەرمی دەستی پێکردووە و تا هەنووکە بەردەوامە.
وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بەرز و پیرۆز ڕادەگرین و ڕایدەگەیەنین کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی هەر جۆرە هەوڵێکی پەرە پێدانی زمانی دایکی نەتەوە بندەست و جیاوازەکانی ئێران و تایبەت زمانی کوردین و بۆ پەرچدانەوەی هێژموونی زمانی فارسی و تێکدانی شوناسی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەکانی ئێران هەموو ڕێکارە سیاسیەکان دەگرینە پێش و بۆ فەرمی کردن و بە فەرمی فێرکردن و پەروەردەکردنی زمانی دایکی نەتەوەکان تێدەکۆشین و خەبات دەکەین.
وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان داواکارین لە هەوموو نووسەر و ئەدیب و ڕووناکبیر و چالاکە جۆراوجۆرەکانی کورد لە ئێران، کە نووسین و فێرکردن و خوێندنی زمانی کوردی بکەنە بنەمای خەباتیان و دڵنیابن کە لە سەرئەنجامی هەر خەباتێکی ئەخلاقیدا بۆ دەستەبەر کردنی مافی ڕەوا، سەرکەوتن هەیە و گەیشتن بە ئامانج بە ڕەنج و کەدی خۆنەویستانە و نەترسانە بە دی دێت.
نەسرەوتن تا ماف وەرگرتن
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
١٩/٢/٢٠١٨     



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
به‌یان نامه‌و راگه‌یاندن
پە‌یامی یه‌كێتیی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی كرێكار
بەیاننامەی نەورۆزی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی