ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
چاو پێکه‌وتن و وتووێژ
محه‌مه‌د خۆش چێهره‌: ئاڵۆزی نێوان باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی نێو حوكومه‌تی ئیسلامی زۆر قووڵتره‌ له‌وه‌ی له‌ ئاست میدیا گشتییه‌كان باسی له‌سه‌ر ده‌كرێ
ديمانه هیوای نوێ
4 / 3 / 2008
گفتوگۆی رۆژنامه‌ی هیوای نوێ له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی و هه‌نووكه‌یی له‌ ئێران كوردستان به‌گشتی كه‌به‌ شێوه‌ی ژێره‌وه‌یه‌:
 
 
هیوای نوێ: ئێران به‌ گشتی له‌ هه‌ل و مه‌رجێكی ته‌نگی ده‌ره‌كی دایه‌ له‌ هه‌مانكاتدا حاڵه‌تی تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی هه‌شته‌می حوكومه‌تی ئیسلامی دۆخێكی ده‌گمه‌ن له‌ ئێران زاڵ كردوه‌، كێشه‌ له‌ ناو باڵه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كانی حوكومه‌تی ئیسلامی زه‌ق تر بووه‌ته‌وه‌ و گۆڕانی نگاتیڤی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، پرسیارم ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوخۆیی ئێران له‌م هه‌نووكه‌دا به‌ ئاسایی و ساخته‌ده‌زانن یا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكیش به‌وشێوه‌یه‌؟ به‌گشتی لێكدانه‌وه‌تان چۆنه‌؟
 
محه‌مه‌د خۆش چێره‌: كێشه‌ی نێوان باڵه‌كانی حوكومه‌تی ئیسلامی و كه‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی نێو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ شتێكی واقیعییه‌ و ئاڵۆزییه‌كی یه‌كجار توندیش له‌نێوانیان دا هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌ و ئاڵۆزییانه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی حوكومه‌تی ئیسلامی دا زه‌قتر ده‌بێته‌وه‌، دیاره‌ ئاڵۆزی وكێشه‌ له‌ نێوان دوو باڵی جیاوازی سیاسی و ره‌قیب دا كه‌ مه‌به‌ستیان ده‌سه‌ڵاتخوازی و گه‌یشتن به‌ كورسی ده‌سه‌ڵاته‌, شتێكی سروشتییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ حوكومه‌تی ئیسلامی ئێراندا ده‌یبینین كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كی نائاساییه‌ كه‌ به‌چاوخشانێك به‌ مێژووی چه‌ندساڵه‌ی رابردووی ئاڵوگۆڕبوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌نێو باڵه‌كانی نێوخۆی حوكومه‌تی ئیسلامی ئێران دا به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ باڵی ئوسوڵگه‌را كه‌ ئێستا له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات دایه‌ زۆرینه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانی راستگه‌رای توندڕه‌ون واته‌ هێزه‌كانی سوپایی و ئیتلاعاتین كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نژاد ده‌سه‌ڵاتیان قۆرخ كردوه‌ و نایانه‌وێ به‌هیچ شێوازێك شیرازه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی حوكومه‌تی ئیسلامی له‌ده‌ست بده‌ن. چونكه‌ لایه‌نی ئوسوڵگه‌را خۆی به‌خاوه‌نی شۆڕشی ئیسلامی و پارێزه‌ری ده‌زانێ. كه‌سایه‌تی نێوخۆیی ئه‌م باڵه‌بووه‌ كه‌ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و ئێراق كردوه‌، یه‌كپارچه‌ی وڵاتی پاراستوه‌، كاتێ كه‌ ده‌یبنن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ده‌ست مه‌لاكانه‌وه‌یه‌ و خانزاده‌كانیشیان به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی سیاسین له‌ هه‌مانكاتدا توانایی ئه‌وتۆشیان نه‌بووه‌ كه‌ رۆڵگێڕبن له‌ پاراستنی حوكومه‌ت ئیسلامی له‌ كاتی شۆڕش و شه‌ڕدا, به‌مافی سروشتی خۆیان ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌ست بگرن و قۆرخی كه‌ن كه‌ توانیویانه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر به‌ده‌ستی بێنن. بێشك چه‌نده‌ش به‌ره‌و پێش ده‌ڕوات  ئه‌و هێزانه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی حوكومه‌تی ئیسلامی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن. گومان له‌وه‌ش دا نییه‌ كه‌ باڵه‌كانی ریفۆرمخوازی نێوحوكومه‌تی ئیسلامیش ئه‌و شێوازه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسییان پێ قه‌بووڵ ناكرێت و پرۆژ و پرۆگرامی سیاسی خۆیان به‌مه‌به‌ستی پاراستنی حوكومه‌تی ئیسلامی ئێران به‌ عه‌قڵانی و زانستیانه‌تر ده‌زانن و ره‌نگدانه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان باڵه‌ سیاسییه‌كانی حوكومه‌تی ئیسلامی له‌ ده‌ربڕینی بیروڕاكانیان و ره‌خنه‌گه‌لێك كه‌ ئاراسته‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ن به‌رجسته‌تر ده‌بێته‌وه‌.
له‌ قۆناغی سه‌رۆك كۆمارێتی محه‌مه‌دی خاته‌می كه‌ لایه‌نی ریفۆرمخواز ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و هه‌روه‌ها پارلمانی شه‌شه‌م زۆرینه‌ی پێكهاته‌كه‌ی ریفۆرمخواز بوون تاوانی هاوئاهه‌نگ بوون له‌گه‌ڵ نه‌یاران و دوژمنانی حوكومه‌تی ئیسلامیان وه‌پاڵ ده‌نرا و به‌ خائن به‌ رێبازه‌كانی شۆڕش و خومه‌ینی داده‌نران و به‌رده‌وام له‌ ژێر گوشاری لایه‌نی ئوسوڵگه‌را دا نه‌یانتوانیوه‌ رۆڵی ریفۆرمخوازی خۆیان بگێڕن و ئامانجی دروشمه‌ ریفۆرمییه‌كانی خۆیان بپێكن.ئه‌مه‌ش له‌ كاتێك دایه‌ لایه‌نی ریفۆرمخواز له‌قۆناغی ده‌سڵاتدارێتی خۆی دا توانی بووی سه‌ركه‌وتنێكی باش بۆ حوكومه‌تی ئیسلامی له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی خۆی له‌ ئاستی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ست بێنێ و ره‌فتاری ده‌ره‌وه‌یی سیاسی حوكومه‌تی ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌كی ئیجابی بنوێنێ و هه‌روه‌ها له‌ ئاست ناوخۆیش دا هێمن كردنه‌وه‌یه‌كی ڕای گشتی خه‌ڵكی ناوخۆ بوو له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی حوكومه‌تی ئیسلامی.
له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ڵوێستی ئۆسوڵگه‌رانكان به‌ نیسبه‌ت ریفۆرمخوازه‌كانه‌وه‌، ئێمه‌ هاوكات پێچه‌وانه‌ی ئه‌وشمان بینیوه‌. ریفۆرمخوازه‌كان ره‌خنه‌ی توندیان له‌ ئوسوڵگه‌راكان، كابینه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد و كابینه‌ی حه‌وته‌م هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاست نێونه‌ته‌وه‌یی دا سیاسه‌تێكی لاواز و ناشیاوی ده‌ره‌كییان هه‌بووه‌ و ره‌فتاری سیاسی حوكومه‌تی ئیسلامییان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌لبی به‌ڕێوه‌بردوه‌ و ده‌رئه‌نجام بوونه‌ته‌ هۆی شكستی ئه‌و حوكومه‌ته‌ له‌ ئاست نێونه‌ته‌وه‌یی دا. و هۆكاری ئیزۆله‌بوون و گه‌مارۆدانی ته‌نگ تری ئابووری حوكومه‌تی ئیسلامی له‌لایه‌ن وڵاتانی جیهانه‌وه‌ به‌ ده‌سكه‌وتی سیاسه‌ته‌كانی لایه‌نی ئوسوڵگه‌را ده‌زانن و ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی هه‌ڵسوكه‌وتی ناشیاوی ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ سیاسیه‌ ده‌ره‌كییه‌كان دا. هاوكات بوونه‌ته‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری ناوخۆیی ئێران و ئه‌مه‌ش هانده‌ربووه‌ تا رای گشتی خه‌ڵكی ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی دیكتاتۆرانه‌ له‌ده‌سه‌ڵات بڕوانێ.
ریفۆرمخوازه‌كان له‌ لایه‌ن ئابوورییه‌وه‌ ره‌خنه‌ی توندیان له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئابووری ئوسوڵگه‌ركان هه‌بووه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی شكست هێنانی گه‌شه‌ی ئابووری چوار ساڵه‌ی پێنجه‌می حوكومه‌تی ئیسلامی و ئاستی هه‌ڵاوسانی ئابووری گه‌یشتووه‌ته‌ سنوری له‌ سه‌دا بیست, كه‌ بێكارییه‌كی یه‌كجاری زۆری به‌ شوێن خۆیدا هێناوه‌ و ئاست بژیوی ژیانی خه‌ڵكی دابه‌زاندوه‌. و زۆر هۆكاری تریش هه‌یه‌ كه‌ ئاڵۆزی نێوان باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی نێو حوكومه‌تی ئیسلامی زۆر قووڵتره‌ له‌وه‌ی له‌ ئاست میدیا گشتییه‌كان باسی له‌سه‌ر ده‌كرێ. به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی پارلمان به‌ ئاشكرا ناكۆكییه‌كانی ئه‌م باڵانه‌ ده‌ركه‌وت و وه‌ك ده‌یبینی لایه‌نی ئوسوڵگه‌را به‌ پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ هاتۆته‌ پێش تا ده‌سه‌ڵات قۆرخ كا و لایه‌ن جیاوازه‌كان له‌ ساحه‌ی سیاسی ئێران دا بسڕنه‌وه‌.
 
هیوای نوێ:  هه‌ر ماوه‌یك پێش له‌ ئێستا ده‌ستدرێژییه‌كانی ئه‌رته‌شی فاشی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌واڵی گه‌رم وگوڕی ناوچه‌كه‌ و جیهان بوو، هه‌موومان باش ده‌زانین توركیا و ئه‌رته‌شی توركیا هه‌ڕشه‌ وگوڕشه‌ی زۆریان چ راسته‌وخۆ و چ ناراسته‌وخۆ ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ باری ئه‌منی و ئاسایشی ئه‌م هه‌رێمه‌ تێكبدات یا لانی كه‌م بۆ ماوه‌یه‌كیش بووبێ نائه‌منی بكات، به‌ بڕوای به‌رێزتان هێرش و ده‌ستدرێژییه‌كاتی توركیا له‌م ساته‌وه‌خته‌دا به‌ چ مه‌به‌ستێك بوو، ئایا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌؟
 
محه‌مه‌د خۆش چێره‌:  ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك روونه‌ كه‌هیچ وڵاتێك له‌ ناوچه‌كه‌دا پێ خۆش نییه‌ كه‌ كورد مافی چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌ست بێنێ، له‌ مێژه‌ له‌گه‌ڵ خواست و ویستی كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی كراوه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ ئاكامی تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ شكست كۆتایی پێ بێنن مێژووی كوردیش شایه‌ته‌ بۆ  هه‌وڵدان و شكست پێ هێنانانه‌. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌ دا به‌تایبه‌ت له‌ ساڵی 2003 به‌م لاوه‌ كه‌ گۆڕانكارییه‌كی گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌ رووی داوه‌ و گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستاندا توانیویه‌تی سه‌ره‌تایترین ئامانجه‌كانی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ده‌ست بێنێت. ئاڵوگۆڕییه‌ك كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ رووی داوه‌ و به‌رده‌وام نوێ ده‌بێته‌وه‌ روو به‌رده‌وامه‌ بووته‌ هۆی دروست بوونی ترس و دڵڕاوكێ ی ئه‌و داگیركه‌رانه‌ی چه‌وسێنه‌ری گه‌لی كوردن له‌ جۆغرافیای ده‌سكردی خۆیان دا. ئه‌وان به‌هه‌ر بیانه‌وییه‌ك (چ ده‌سكرد بێ یا سروشتی) ده‌یانه‌وێ پێش به‌ ره‌وتی گۆڕانكاری له‌ ناوچه‌كه‌دا بگرن كه‌ گه‌لی كورد تێیدا ده‌توانێ مافی سروشتی خۆی به‌ده‌ست بێنێ. ئه‌و وڵاتانه‌ بۆ خۆیان باش تێگه‌یشتوون كه‌ شه‌پۆلی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شێوازی یاسا و وبیربۆچوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاتانه‌ كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی عه‌قڵانی و زانستیان له‌ته‌ك كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ دا نییه‌ و به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی فاشیزمانه‌ و سیاسه‌تێكی داگیركه‌رانه‌ ده‌یانه‌وێ له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌و گرفته‌كان دا هه‌ڵوێست بگرن. هێرشی ئه‌م دوواییه‌ی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ بیانووی بوونی پ ك ك وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رگری له‌ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و دژایه‌تی كردنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداو گۆڕانكارییانه‌ی كه‌  ده‌ستی پێكردوه‌.
یه‌كه‌م مه‌به‌ستی هێرشی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كێشه‌ی ناوخۆیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیا و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌شی ئه‌و وڵاته‌دا كه‌ " AKP " وه‌كو هێزێكی نوێ ی سیاسی و به‌ بنه‌مایه‌كی فیكری ئایینیه‌وه‌ بۆسه‌ركه‌وتن له‌ پلان وپرۆژه‌كانی خۆی و گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی ناوخۆیی دا پێوێستی به‌ كه‌م كردنه‌وه‌ گوشاری فاشیزمه‌كان وه‌ك " MHP " و هه‌روه‌ها كه‌م كردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌رته‌شی كه‌مالیزمی توركیا هه‌یه‌. به‌ سه‌رقاڵ كردنی ئه‌و لایه‌نانه‌وه‌ به‌ كێشه‌یه‌كی ده‌ره‌كی " AKP " بتوانێ گۆڕانكاری له‌ یاسای ئه‌و وڵاته‌ پێك بێنێ كه‌  توانیویه‌تی گۆڕانكاری له‌ هه‌ندێك یاسای سكۆلاری توركیا دروست بكا و تا رادیه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه‌.
به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی و گرنگی توركیا به‌گشتی , به‌رگیری كردنه‌ له‌ جێبه‌جێ بوونی چه‌ند خاڵی چاره‌نووس ساز له‌باشووری كوردستان. هه‌موو كه‌س باش ده‌زانێ كه‌ پ ك ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی قورس نه‌بوو بۆ سه‌ر توركیا ، به‌ڵام بوونی چه‌ند خاڵی جیاواز و گرێدراو به‌ مافی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆكارێكی گرنگ كه‌ ڕای زۆرینه‌ی توركیای فاشی بۆ هێرش كردنه‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ بێ.
 یه‌كه‌م: پێشی پێگرتن له‌ چه‌ند پارچه‌بوونی ئێراق، كه‌ كورد له‌ودا ده‌توانێ ببێت به‌ ده‌وڵه‌ت و ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر وڵاتی توركیا كه‌ كورد له‌و وڵاته‌دا دووهه‌مین نه‌ته‌وه‌یه‌.
دووهه‌م: فاكتۆرێكی دیكه‌ی هێرشی توركیا ماده‌ی 140 ده‌ستووری ئێراقه‌ كه‌ باسی ریفراندۆم له‌ كه‌ركووك ده‌كات كه‌ ئاكامی ئه‌م ریفراندۆمه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ركووك و ناوچه‌دابڕاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ئایا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یا نه‌. دیاره‌ توركیا و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ كه‌ركووك و ناوچه‌دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ فاكته‌رێكی گرنگ و رێگه‌ی خۆشكه‌ری ده‌زانن بۆ دروست بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردستانی.
سێهه‌م: فاكتۆری دیكه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ باری ئه‌منی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، چونكو ئه‌م هه‌رێمه‌ و هه‌روه‌ها كانزا بوونی توانیویه‌تی راكێشه‌ر بێ بۆ وڵاتانی ده‌ره‌كی و كۆمپانیا تیجارییه‌كان و هانیانبدات كه‌ گرێبه‌ستی تیجاری له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌رێمه‌ دا ببه‌ستن. و ئه‌مه‌ش هۆكارێكی ئێجگار گرنگه‌ بۆ گه‌شه‌كردنی ئابووری و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ژێرخانی ئابووری كوردستان كه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كییه‌ بۆ دروست بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی.
چواره‌م: گوشار هێنانه‌ بۆسه‌ر ئامریكا و هاوپه‌یمانانی له‌مه‌ڕ له‌به‌ر چاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا. له‌م هێرشه‌ دا توركیا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ ده‌توانێ له‌مپه‌ر بێ له‌ به‌رده‌م پرۆگرامی گۆڕانكارییه‌كانی ئامریكادا ئه‌ویش له‌و حاڵه‌ته‌دا كه‌ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌ و ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی كه‌ به‌ شوێنی خۆی دا په‌ل كێشی ده‌كات مه‌ترسی له‌سه‌ر توركیا هه‌بێ.

هیوای نوێ: ساحه‌ی سیاسی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین, ساحه‌یه‌كی ئه‌كتیڤه‌ و به‌رده‌وام له‌ گۆڕانكاری دایه‌ و گۆڕانه‌كان چ نگاتیڤ بن و چ پۆزێتیڤ، ئه‌مما ساحه‌ی سیاس چالاك و زیندو ده‌نوێنێ به‌م سه‌ره‌تایه‌ ئێوه‌یه‌ پێتان وایه‌ ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێران پلان و پرۆگرامی خۆی هه‌یه‌ بۆ چالاك بوون، یاخود ده‌توانێ وه‌ك مه‌جودییه‌تێكی سیاسی به‌هێز له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌كتیڤ بێ؟
محه‌مه‌د خۆش چێره‌: ده‌بێ بڵێم ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌ گشتی, ئۆپۆزیسیۆنێكی مردوه‌ و زۆریش په‌رت و بڵاوه‌. ئه‌گه‌ر واقعبینانه‌ له‌ به‌رنامه‌و خه‌بات و تێكۆشانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بڕوانین خاوه‌ن پلان و پرۆژه‌یه‌كی ستراتژی نین، هه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌. گه‌رچی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی زیندوتر و ئه‌كتیڤ تره‌ له‌ هه‌موو ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی تری ئێرانی، به‌ڵام له‌ واقع دا ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژهه‌ڵات, له‌ هه‌نووكه‌دا تووشی نه‌خۆشی هاتووه‌ و له‌ سه‌ر لێشێواوی دایه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی توانایی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعیبینانه‌ و زانستیانه‌ی دۆخی ئێستای زاڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و ئێران دا. ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ خاوه‌ن ئایدۆلۆژیا و پلان و به‌رنامه‌یه‌كی به‌سه‌را چووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ تا له‌ رووداوه‌كان جێ بمێنێن.
به‌ڵام ئایا ده‌توانێ چالاك بێ ؟ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌ و ئایدۆلۆژیای حیزبی كه‌ له‌سه‌ر واقیعی ئه‌مڕۆ بێ و گۆڕانكاری فیكری له‌گه‌ڵ بێ تا بتوانی هاوئاهه‌نگ له‌ته‌ك رووداوه‌كان هه‌نگاو هه‌ڵگرێ. پاشان ده‌بێ خواست و ویستی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستانی له‌به‌رچاو بێ و بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و خواست و ویسته‌ش به‌رنامه‌ و پلانی ستراتژیكانه‌ی بۆ داڕێژێت هاوكات كاروخه‌باتی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ ستراتژییه‌كاندا ئه‌كتیڤ بكات و زاڵ بێت به‌سه‌ر زۆر كێشه‌ی ناوخۆی حێزبی و نێوان حیزبی، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانێ مه‌جودییه‌تێكی سه‌یال و زیندوی هه‌بێ.


بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 61
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08
چاو پێکه‌وتن و وتووێژ
ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێك هه‌بێت له‌ناوخۆی ئێراندا بۆ خه‌باتی سیاسی ئێمه‌ یه‌كه‌م رێكخراو ده‌بین كه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌.
موحسین باوه‌جانی: لایه‌نانێك هه‌ن یه‌كگرتوویی پارته‌ كوردییه‌كان لایان وه‌ك جامی ژه‌هره‌ هیوادارم نۆشی گیانیان بێت
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی