ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
عوسمان جەعفەری بۆ هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان "چل ساڵە کۆماری ئیسلامی لە پەرتەوازیی پارتەکانی ڕۆژھەڵات کەڵک وەردەگرێت"
محەمەد چاوشین
28 / 6 / 2018

دیمانە: محەمەد چاوشین

عوسمان جەعفەری، سکرتێری یەکێتی دێموکراتی  کوردستان، لەدیمانەیەکدا لەگەڵ ڕێگای کوردستان، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری پەیوەندیدار بە ڕەوشی ھەنووکەیی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەداتەوە، ھەروەھا کاریگەری کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران شڕۆڤە دەکات و تیشکیش دەخاتە سەر ئاستی ھاوکاری و ھەماھەنگی لەنێوان پارتە کوردییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

 ڕێگای کوردستان:ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە چ دۆخێکدایە؟

عوسمان جه‌عفه‌ری: گەلی کورد وەک ھەموو گەلانی تری ناو جوغرافیای ئێران سەرەڕای زوڵم و ستەمی نەتەوەیی، لە دۆخێکی خراپی فەزای ئەمنییەتی و ئابووریدا یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی ژیانی تێدەپەڕێنێت. ئاستی بێکاری و ھەژاری گەیشتووەتە لوتکەی خۆی، دوای چل ساڵ کوردستان ھێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و لەڕووی پیشەسازی ھیچ پێشکەوتنێک ڕووی لەوێ نەکردووە، تەنیا ڕێگایەک کە خەڵکی ھەژار و بێ دەرەتان دەیان توانی تۆزێک ژیانی خۆیانی پێ ئیدارە بکەن، کۆڵبەری بوو کە ئەویش لە ساڵێک لەمەوبەر بوو بە قووربانی ئابووری داتەپیوی کۆماری ئیسلامی. ڕۆژ نیە کە خەڵکی ھەژار و داماو لە سنوورەکان نەکۆژرێن و بریندار نەبن بە دوی پاروویەک ناندا.
لە ڕووی سیاسی و کلتووری، فەزای کوردستان وەک چڵ ساڵی ڕابردوو مافە سیاسی و کلتوورییەکان بە زەوت کراوی ھەر ماون و کورد وەک ھاووڵاتی دەرەجە دوو سەیر ئەکرێت و تەنانەت لە چوارچێوەی ئایدۆلۆجیای ڕەسمی کە ئوومەتی ئیسلامیە سەیر ناکرێت.
چالاکی مەدەنی و سیاسی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سنووردارتر دەبێت و کورد ناتوانێت ئیرادەی سیاسی، دیمۆکراتیکانەی خۆی ڕێبەرایەتی بکات و ھەر کەس و لایەنێکی بیھەوێت لەم ڕێگایەدا کارێک بکات سزای زیندان و ئیعدام و ئەشکەنجەیە.
سەرەڕای ئەو ھەموو زوڵم و زۆرەی ڕژێمی تۆتالیتاری ئێران، گەلی کورد ھێشتا زیندووتر لە ڕابردوو لە ئاست تواناکانی بەرھەڵەستی ھەموو ئەو سیاسەتە تۆتالیتاریانەی ڕژێمی کردووە و کۆڵی نەداوە و لەھەر بۆنە و موناسبەتێکی سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتی وڵامی شیاوی ڕژێمی داوەتەوە.

 ڕێگای کوردستان:بە بڕوای ئێوە، ئەو دۆخە ھەستیارەی ئێستا، چ ئەرکێک دەخاتە سەرشانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان؟

 عوسمان جه‌عفه‌ری: ئێمە وەک ھێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵاتین، لە دۆخە ھەستیارەکانی مێژوودا، ئامادەبوون لە نێو گۆڕەپانەکە مەرجی سەرەکیە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەرکەکانمان وەک ھێزە ئازادیخواز و ڕزگاریخوازیەکان جێبەجی بکەین دەبێ لە سێ بەرەی جیاواز و پێکەوە گرێدراو ھەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە، یەکەم ئەوەی کە دەبێ ھەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژھەڵات لە بەرەیەکدا کۆ ببینەوە و خۆمان ڕێکبخەین و ببینە خاون پلاتفۆرمێکی ھاوبەش کە بتوانین دیسکۆرس و وتمانێکی نەتەوەیی و کوردستانیمان ھەبێت کە بەرنامەی داھاتووی جێگیرکردنی سیستەم و یاسای تێدا بێت، دوویەم شت ئەوەیە کە ھەوڵێکی ھەماھەنگ ھەبێت بۆ ڕێکخستنی جەماوەری لە ناوخۆی وڵات و کاناڵیزە و ڕێبەرایەتی کردنی ناڕەزایەتیەکان بە شێوەیەکی مەدەنی و سیاسی، ڕێکخستنی جەماوەری و گڕیدانی جەماوەری ناڕازی بە یەکەوە بە دوور لە ھەرجۆرە دەستتێوەردانێکی چەکدارانە دەتوانێت کاریگەری لە سەر ورەی خەڵک دابنێت کە بە ورەیەکی بەرزەوە بێنە مەیدان و ھەروەھا ڕژیمیش نەتوانێت دۆخەکە بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە، بەڕای من ئەم ئەرکەیان وریایی و وشیارییەکی فراوانی دەوێت و دوای درووستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو دەتوانێت باشترین ڕێکار بێت بۆ زاڵ بوون بە سەر ڕژیمدا، ئەرکێکی تر کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دۆزی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، دیپلۆماسی بەرفراوانی دەرەوەیی و ناوچەییە کە قورسایی کورد لە ئێران دەربخات، بۆ ئەم مەبەستە ھەماھەنگی و یەکگوتاری ھێزەکان پێویستە کە ئەویش بە درووست کردنی بەرەیەک لە ھەموو ھێزەکانی ڕۆژھەڵات دێتە دی.

ڕێگای کوردستان:زۆرجار دەگوترێ کە خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کراوەتە قووربانی  بۆ ئەزموونی باشووری کوردستان، ئایا بۆچوونی ئێوەش ھەر وایە؟

 عوسمان جه‌عفه‌ری: پێم وانیە وابێت، دەتوانین بڵێین ڕەوشی ژئۆپۆلۆتیکی ناوچەکە و ئەو زروفە نالەبارەی کە ساڵانێک بەرۆکی باشووری کوردستانی گرتبوو وای دەخواست کە ھێزەکانی ڕۆژھەڵات چالاکی چەکدارییان نەبێت و بەھەستیاری مامەڵە لەگەڵ دۆخی باشووردا بکەن.

ئەگەر کەم و کوورتیەک ھەبووبێت یان ئێستاش ھەیە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ خودی ھێزەکانی ڕۆژھەڵات. بە ھەر حاڵ وەک ئەرکی نەتەوەیی ھێزەکانی ئەم دوو پارچەیە یارمەتی زۆری یەکتریان داوە و مێژوویەکی دوور و درێژیان پێکەوە ھەبووە. دەکرێ لەھەندێک قۆناغ ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی یەکتریان کردبێت و لە داھاتووشی دا ھەر ئەم شتانە ڕوو دەدەن.

 ڕێگای کوردستان:ئاستی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەچ ئاستێک دایە؟ ئایا دەکرێ بڵێین ھەماھەنگی نێوان ئەو ھێزانە لەقەدەر ئەو قۆناغە ھەستیارەی ئێستا دایە؟

 عوسمان جه‌عفه‌ری: بەداخەوە ئاستی ھاوکاری و ھاوئاھەنگی زۆر لاوازە و پەرتەوازەیی باڵی کێشاوە بەسەر حیزبەکانەوە و نەتوانراوە وەک پێویست پێکەوە کاری ھاوبەش بکەن. قۆناغەکە ئەوە دەخوازێت ھەرچی زووتر دەست بەکاری ھاوبەش بکەن، دەبێ ناکۆکیەکان وەلا بنرێت و ڕۆحی پێکەوە بوون بۆ خەباتێکی سەرتاسەری لە نێوانماندا درووست بکرێت، چل ساڵە کۆماری ئیسلامی لەم پەرتەوازیی  و دوور بوونەوە کەڵک وەردەگرێت و ھێز و پۆتانسیەڵی ھێزەکانی لاواز کردووە.

بەم دوایانەدا ناوەندی ھاوکاری ھێزە کوردیەکانی کوردستانی ئێران لە پێنج لایەن درووست بوو کە ئەمە ھەنگاوێکی باشە و ھیوادارم قۆناغەکانی تر تێپەڕێنێت و بتوانێت ببێت بە بەرەیەک کە ھەموو لایەنەکانی تر و ھەموو ھێز و کەسایەتیەکانی تر لە ناوەو و دەرەوە لە خۆ کۆکاتەوە و ببێت بە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کورد لە ناوەو و دەرەوە.

 ڕێگای کوردستان:بەکشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەبڕوای ئێوە چ ڕوو دەدات؟ مانەوە و نەمانەوەی ئامریکا لەو ڕێککەوتنەدا، ئایا ھیچ بەرژەوەندییەکی بۆ کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان پێوەیە؟ یان بەشێوەیەکی گشتی ئەو کشانەوەیە دەتوانێ چ کاریگەرییەک بۆسەر نیزامی کۆماری ئیسلامی دابنێت؟

 عوسمان جه‌عفه‌ری: رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بوو بە ھۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھیوایەک بدات بە خەڵکی ئێران کە ئابووری وڵات ڕوو لە باش بوون دەکات و ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک گۆڕانکاریی باشتر دەبینێت، نزیکەى دوانزە ساڵی بەردەوام خەڵکی ئێران سەرقاڵی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیھانی ڕێکدەکەوێت و گەلانی ئێرانیش ھاوتەریب و ھاوکات لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە، دەریچەیەکیان بۆ دەکرێتەوە کە ژیانیان بگۆڕن، کلیلی دەوڵەت و چارەسەریی کێشەکان نەتەنیا قوفڵی ژیانی خراپی ھاووڵاتیانی نەکردەوە بەڵکوو بە ھۆی سیاسەتە ئەمپریالیستیەکانیەوە کە دەیەوێت ھەموو ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بخاتە بن ھژموونی و سامناکیی خۆیەوه، جارێکی دیکە گەلانی ئێرانی تووشی نائۆمێدی کردووە کە ئەمجارەیان بە دەرچوونی ئامریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە کە لە ئێران بە بەرجام ناسراوە، خودی کۆماری ئیسلامی و کۆی سیستەمەکە بۆ خۆی لە کێشەی ڕەوایەتیبووندا گومانی لە خۆی ھەڵگرتووە و ترسی ئەوەی لێ نیشتووە کە خەڵکی ئێران بە بێ ھیوا بوونیان لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئیمکان و ئەگەری ئەوە ھەیە دژی ڕژیم سەرھەڵبدەن و کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆوە تووشی ھەرەس و ڕووخان بێت کە دەسەڵاتدار و کاربەدەستانی  ڕژیمیش بۆ خۆیان باس لەو ئەگەرە دەکەن.

دەبێ بووترێت کە ڕوونترین دەرئەنجام کە سەرەکیترینشیان دەبێت خراپبوونی باری گوزەرانی خەڵکی و دۆخی ئابووریی وڵات دەبێت کە کۆمەڵگەی ئێران بە ھۆی سیاسەتە ھەڵەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، نێزیک بە چل ساڵە، ئاستی گوزەرانی خەڵکی لە پلەیەکی نزمدا ھێشتووەتەوە و بەشێکی زۆر و فراوانی خەڵکی ئێران لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە ژیان دەکەن. بە تێکچوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەبێ بووترێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر ژیانی خەڵک دەبێت و خەڵک زیاتر ھەژارتر دەبن و ژیان تەنگیان پێھەڵدەچنێت چونكه ئەوە دەسەڵاتدارانن کە سەروەت و سامانی فراوانیان لە بەردەستایە بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران لە دەرئەنجامی سیاسەتە ھەمەجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی، تووشی ھەژاری و بنەبڕبوونی سەروەت و سامان بوون.

دەرئەنجامێکی تری تێکچوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، تۆندئاژۆکانی نێو دەسەڵات و ھەروەھا دەسەڵاتی سوپای پاسداران زیاتر و فراوانتر دەبێت، چونکە ئەو ڕەوتەی کە شکستی ھێنا لە ڕێککەوتنەکە ڕەوتی ڕیفۆرمخواز و میانڕەو بوو کە پەرۆشی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و وا بۆی دەچێت کە ڕژیم لە لێواری ھەرەسھێنانی ناوخۆییە و ڕووبەڕووی قین و تۆڵەی خەڵک دەبێتەوە کە ھەروایشە، بۆ ئەوەی کە ئەو ھەرەسھێنانە پێشی پێبگیردرێت، سوپای پاسداران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە یارمەتی توندئاژۆکان جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێبەرایەتی وڵات بگرێتە دەست کە دیارە چ ئاکامێکی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە و کەشی وڵات ڕوو لە سەربازی و ئەمنییەتی بوون دەبات کە دیسان لە زەرەری گەلان و خەڵکی ھەژاری ئێرانە.

ئەم دیمانەیە لە ژمارەی ١١٣ی بەرواری ٥/٦/٢٠١٨ی هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان بڵاو کراوەتەوە کە حیزبی شیوعی کوردستان بڵاوی دەکاتەوە



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
بەیاننامەی سیانزەهەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
هێژموونیی زمانی فارسی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی