ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
سێ كانتون و دو چارەنووس-عەفرین و دیمەشق لە یەك لاپەڕەی دوسییەكەدان
وەحید كەمالی ئیلامی
21 / 2 / 2018
33 ڕۆژ لە خۆڕاگری هێزە كانی سوریای دیموكرات بە گشتی و هێزەكانی یەپەگەو یەپە ژە بە تایبەتی لە كانتونی عەفرین لە ڕۆژاوای كوردستان تێپەڕ بوو و هێماكان ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەگەر لایەنەكانی ئەم شەڕە زیاتر نەبن لانیكەم ماوەكەی درێژتر لەوە دەبێت كە زۆر لایەن بەتایبەت دەوڵەتی توركیا چاوەڕوانیی دەكرد.
سەرەرای ئەوەیكە هەموولایەنەكانی خەریك بە دوسییەی سوریا بە كوردی ڕۆژاواشەوە هەر لە سەرەتای دروستبوونی قەیران لە وڵاتی سوریاوە جەختیان لە یەكپارچەیی خاكی ئەم وڵاتە كردووەو بەڕواڵەت وەكو هێڵی سوور دایانناوە بەڵام ئەوەی كە لەسەر ئەرزی واقێع لە سوریا ڕوودەدات پێمان دەڵێت كە لە كێشمەكێشەكانی سوریا دو دوسییەی سەرەكی هەبوونیان هەیە و ئەو هەنگاوە  ڕامیاریی و دیپلوماتیك و سەربازییانەی كە تا ئێستا لە سوریا هەڵگیراون هەرچەندە بە ڕواڵەت لەژێر چەتری یەك دوسیە واتە وڵاتی سوریا بوونە بەڵام بە دو ئاراستەی سەرەكی جیاواز هەڵگیراون كە ئەم دو دوسییە سەرەكییە یەكێكیان دوسییەی ڕۆژاوای كوردستان (تەنها ڕۆژهەلاِتی فرات بە بێ عەفرین هەتا دیرالزوور و ڕەققا) و ئەوی دیكەش باقی خاكی سوریایە بە كانتونی عەفرینەوە.
ڕاستە كە هێز و لایەنێكی زۆر لە ژێرناوی جوراوجور و پشت بەستوو بە چەند لایەنی یاریكەر لە گۆڕەپانی هاوكێشەكانی سووریا هەبوونیان هەیە بەڵام دوای نزیك بە هەفت ساڵ دەبینین كە دو كەیسی سەرەكی لە هاوكێشەی قەیرانی سوریا خۆیان زەق كردووەو بوونە بە مژاری سەرەكی ڕووداوەكانی هەنووكەیی لەم وڵاتە.
هەرچەندە دەوڵەتی توركیا لە هەموو دانیشتنەكان و هەنگاوەكانی سەربازی و دیپلۆماسی خۆی تا ئێستا هەوڵێداوە تا شوێنێكی جوگرافی بۆ لایەنەكانی گرێدراو بەخۆی بە تایبەت سپای ئازادی سوریا بكاتەوەو لەم هاوكێشەیە ڕەوابوونیان پێبدات و دوسییەی سوریا بكات بە سێ بەش بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم مەبەستەی جێبەجێ بكات و دەتوانین بێژین یەكێك لە هۆكارەكانی پەلاماردانی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی توركیا هەر ئەمەیە كە دەیەوێ چەندەی پێبكرێت لەخاكی سوریا بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی و هێزەكانی سەر بە وژێ(خۆی) لەوێ جێگر بكات.
دەتوانین بڵەین ئەمریكا ئامانجی سەرەكی خۆی لەسوریا پێكاوەو ئەوەی كە مەبەستی بووە لە دانوستانەكاندا لەگەڵ ڕوسیاو ڕێكەوتنیان لەسەر كردوە تا ڕادەیەكی زۆر بۆی هاتووتە دی و لە لایەكی دیكەوە  ڕوسیاش تا ڕادەیەك گەشتووتە مەبەستەكانی و ئەوەی كە لەعەفرین ڕوودەدات بە جۆرێك لە جوورەكان درێژەی پیلانەكانی روسیایە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەشەی لە خاكی سوریا بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی دیمەشق و هەژموونی خۆی ،هەرچەندە توركەكان باش لەم پیلانە ئاگادارن بەڵام توركیا ئامادەیە كانتون عەفرین تەنها لەژێر دەسەڵاتێكی كوردی نەبێت تەنانەت ئەگەر لەژێر كاریگەری خۆیشی نەبێت و لە دوا ڕۆژ دوبارە بچێتە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد كە توركیا تا ئێستا زۆر دژایەتیشی كردووتەوە.
دەسكەوتی ئەم شەش ساڵی قەیرانی سوریا دروستبوونی سێ كانتون لە رۆژاوای كوردستان و باكووری سوریا بوو  بۆ كوردەكان كە لەم سێ كانتونە دوانی كەوتە چوارچێوەی بەرژەوندی و پیلان و ڕێككەوتنەكانی ئەمریكا لەگەڵ ڕوسیاو هێزەكانی دیكەی یاریكەر لەسەر دوسیەی سوریا و كانتونی عەفرین و چارەنووسی ڕامیاری و جوگرافیایی كەوتە بازنەی چارەنووسی باقی خاكی سوریا و گرێدرا بە چەشنی یاری دەوڵەتانی ڕوسیاو سوریا و ئێران و توركیا كە ئەم تێكهەڵچوونە لە ڕۆژاوای فرات و كانتونی عەفرین لە نیوان تورك و كورد و ڕۆسیاو سوریا و تەنانەت ئێران دەرفەتێكی باش دەدات بە ئەمریكا كە ژێرخانی دەسكەوتەكانی لە ڕۆژهەڵاتی فرات توكمەتر بكات و سنووری هەژموونی خۆی لەم ناوچانە كۆنكرێت تر بكات.
وەكو دەزانین لایەنی كوردی و هێزە سیاسییەكانی ڕۆژاوای كوردستان سەرەڕای پشتگیری و پیشنیاری زارەكی هەندێ لایەن وەك روسیا و بەهۆی دژایەتی نەشاردراوی دەوڵەتی تورك لە دانیشتنە سەرەكییەكانی سەبارەت بە چارەسەركردنی قەیرانی سوریا بانگهیشت نەكران یان بەشدار نەبوون و ئەمریكاش هیچ سوور بوونی وپێداگری خۆی لەم بارەیە نیشان نەدەداو بەسەندەی كرد بە یەك دو لێدوانی دەڤكی كاتی لە پشتگیری هێزەكوردییەكانی ڕ‌وژاوا... ! 
ئەم چەشنە نزیكبوونی ئەمریكاو  وڵاتانی رۆژئاوا سەبارەت بە بابەتی بانگهیشت نەكردنی هێزە كوردییە ڕۆڵگێڕەكانی ڕۆژاوای كوردستان لە قەیرانی سوریاو دەرپەڕێنەڕانی تیروریسمی داعش ،لەلایەك هەم دەبووە هۆی دروستبوونی پرسیار كە بۆچی بانگهیشت نەدەكران و ئایا هۆكاری ئەمە تەنها دژایەتی دەوڵەتی تورك بوو لەگەڵ بەشداریان یان مەبەستی دیكە لەپشت ئەم هەڵوێستە هەبوو؟ و لەلایەكی دیكەش ئەم بیرۆكەیەی لای مرۆڤ دروست دەكرد كە دۆسییەی ڕۆژاوای كوردستان و كورد بابەتێكی جیاوازە لە دۆسییەو مژاری سوریا ؟
ئێستاكەو بەدوای تێپەڕ بوونی كات و  دەركەوتنی بەشێكی زۆر لە بابەتە نهێنییەكان و ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكانی نێوان هێزە سەرەكییانی دیاركەری چارەنووسی قەیرانی سوریا بۆ هەمووان دەردەكەوێت كە بەڵی " (چارەنووسی دو كانتون لە سێ كانتونەكانی ڕۆژاوا جیاوازە لەگەڵ چارەنووسی كانتونی عەفرین و باقی خاكی سوریا)" و پرسی كانتونەكانی ڕۆژهەڵاتی فرات هەتا دیِرەزوور و ڕەققا پرسێكی تەواو كراوەو ئەمریكا شوێنی خۆی و هاوپەیمانەكانی واتە یەپەگە و یەپەژە لە ژێر چەتری هێزەكانی سوریای دیموكرات قایم كردووەو ڕۆژانەش قایمتری دەكات و بەرخۆدانی هێزەكوردییەكان لە بەرانبەر هێرشی دەوڵەتی تورك بۆسەر كانتونی عەفرین جگە لە بابەتەگەلێك وەكۆ چەمكە نەتەوەیی و كولتوریی و پاراستنی كیان و شۆناسی كوردی ئەم ناوچەیە ، تێكوشانێكە بۆ ئەو مەبەستە كە بتوانن چارەنووسی خۆیان و ئەم كانتونە لەگەڵ دواڕۆژ و چارەنووسی دیمەشق و باقی خاكی سوریا ڕێك بخەن و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ناوەند بە دواداچوون بۆ مافە ڕەواكانی خۆیان بكەن .
هەرچەندە پەرتەوازە بوون و دابڕانی كانتونی عەفرین لە باقی كانتونەكانی ڕۆژاوای كوردستان لە بواری خاك و دیمۆگرافیا و...خەسارێكی گەورەیە بۆ هەیكەلی كیانی كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان و ئاستی كاریگەری هێزی كوردی ڕۆژاوا ڕەنگە لانیكەم لەكاتی ئێستادا نەتوانێت كاریگەری زیاتری ببێت لەسەر سیاسەتەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریكا و هێزە كوردییەكانی ڕۆژاوا لەكۆتاییدا ناچارن ئەم نەقشە جوگرافی و دیموگرافیە نەخوازراوە قبووڵ بكەن و خاك و دیموگرافیای كانتونی عەفرین بۆ كوردی ڕۆژاوا دەبنە " ناوچە دابڕاوەكانی ڕۆژاوای كوردستان " هەر وەكۆ ئەوانەی باشووری كوردستان بەڵام لە بیرمان نەچێت لەولاوە خاك و دیموگرافیایەكی چەندجار زۆتر لە كانتونی عەفرین واتە ناوچەكانی دیرەزوور هەتا ڕەققا لكێنراون بە كانتۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی فرات و ئەگەر دەسەڵاتی بەڕێوەبەری كانتونەكانی ڕۆژهەڵاتی فرات بتوانن بەڕێوەبەری باش بن لەپەیڕەو كردنی دامەزراندنی بنەماكان و ژێرخانی دەوڵەت، ئەوكات دەتوانن زۆر كەڵك وەربگرن لەم ناوچانە لەم پێناوەو بەتایبەت كە ئەم ناوچانە دەوڵەمەندن بە سەرچاوەكانی وزە وەك و نەوت و گاز و...
ئاسۆی ڕووداوەكان لە ڕۆژئاوای فرات و بە تایبەت لە كانتونی عەفرین نیشاندەری ئەم ڕاستییەن كە زۆر زەحمەتە كۆتایی گۆڕانكارییەكان بە قازانجی دەوڵەتی تورك بشكێتەوە و سەرەرای ئەوەیكە تێچووی ئەم هەلومەرجە بۆ دانیشتوانی كانتونی عەفرین و هێزە كوردییەكان لە هەموو بوارەكان  زۆر و نادیار دەبێت و دەوڵەتی تورك بە جوبرانی شكست و سەرنەكەوتن لە پیلانەكانی بە بێ شك هەوڵی ئەوە دەدات كە وێرانەیك لەم كانتونە لە دوای خۆی بەجێ بهێڵێت بەڵام بێگومان ئەوەی كە دەبێتە ئەمری واقێع و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە لە نێوان ئەمریكاو ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپا و هێزەكوردییەكانی ڕۆژاواو چی بە هەبوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد یاخود بەنەبوونی دەبێ جێبەجێ بكرێت ئەوەیە كە چارەنووسی كانتونی عەفرین گرێدراوی چارەنووسی باقی ناوچەكانی سوریا دەبێت و جیا لە چارەنووسی كانتونەكانی ڕۆژهەڵاتی فرات موعاملەی لەگەڵ دەكرێت.
كۆتایی