ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
شۆڕشی ٥۷ی هەتاوی و ژیانێکی پڕ لە وشەی خنکێنەر
محەممەدی خوشچێهرە
9 / 2 / 2018
لە هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکاندا مرۆڤەکانی نێو کۆمەڵگە هەندێک وشە زیاتر بەر گوێیان دەکەوێت و ڕۆژانە وەک وشەی گشتی بەکاری دێنن، ئینسان ناچارە بە بەکارهێنانی وشەی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی کار و گوزەرانی ژیانی و هەروەها بۆ خۆ ڕیکخستنی لەگەڵ ڕەوتی ژیان، هیچ کێشە لەوەدا نییە کە زۆرێک لە وشەکان گشتاندنی پێوە دەکرێت لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا،  تەنیا لە کاتێکدا و لە جوگرافیا و سیستمێکی سیاسیدا وەک کێشە دەناسرێت کە بە سیستماتیک هەندێک وشە لە نێو قسەوباسی ڕۆژانەی گشتیی خەڵکدا جێ بخرێت و مەرامی سیاسیی تایبەتی لە پشتەوە بێت کە ئاراستەی بیرکردنەوە و تێفکرینی خەڵک و کۆمەڵگە بگۆڕیت بەرەو مەبەستێکی سیاسی ئایدئۆلۆژیک بۆ جێگیرکردنی سیستمی سیاسی لە سەر هەمان بیر و هزرە سیاسییە ئایدئۆلۆژیکییە کە دەیەوێت خۆی و باسەکانی گشتگیر بکات  و وەک تاک وتاری نێو کۆمەڵگە و وەک بیرکردنەوە و هزرینی  تاک ڕەهەندی لە نێو کۆمەڵگەدا جێ بخرێت بۆ سڕینەوەی هەموو ئایدیا و هزر و باوەڕ و وتارێکی جیاواز . تەنیا خودهێشتنەوە ببێتە ئامانج و ستراتیژیی سەپاندن و گشتگیرکردن و چرپاندنی ئەو وشانەی کە بەردەوامیی دەسەڵاتی لێ دەکەوێتەوە، بکرێتە بنەما بۆ ئەو ئامانجە. بەردەوام بوونی هەر دەسەڵاتێک کە هەوڵی سڕینەوەی ئەوانی تر و بەرامبەرەکانی دەدات، پەیوەستە بە سەرکوت و ستەمکاریی و خنکاندنی دەنگەکانی نێو کۆمەڵگە، هۆی گرتنە بەری ئەو سیاسەتە لە توندوتیژی، ترسە لە لەکیسدانی دەسەڵات و هەرەسهێنانی باوەڕ و ئایدیا و هزری سەپێنراو بە سەر کۆمەڵگەدا. مێژوو پڕیەتی لە ئەزموونی ئەو دەسەڵاتانەی کە لە هەوڵی سەپاندنی هزر و سەلماندنی ڕەوایەتیی ئایدیاکانیان بوون بەڵام دواجار بە تێچوویی زۆرەوە ، ناچار بە پەلەکوتەی بەردەم ناڕازییانی سەرکەوتوو لە نێو کۆمەڵگەدا بوون کە خۆیان ڕزگار بکەن. هەر بۆیە لە هەموو ئەو کۆمەڵگانەدا کە هەوڵی گشتاندنی ئەدەبیات و هزر و کلتووری ئایدیای دەسەڵاتدار کراوە، لە نێو هەناوی هەمان کۆمەڵگە، هەوڵی فڕینی سەرو ئایدیای دەسەڵاتیش دراوە.
گشتگیرکردنی هزر و بیری سیاسی ئایدئۆلۆژیکی، دواجار ناڕەزایەتی و کۆڵنەدان و مل نەدان و سەرپێچیی لە ناو بەشێک لە خەڵکی کۆمەڵگەی لێدەکەوێتەوە، لە مێژووی کۆن و نوێی مرۆڤدا، ئەوە ڕەوتی سرووشتیی ژیانی کۆمەڵگەکان بووە و هەتا ئەمڕۆ و بۆ داهاتووش وەک شەڕی بیر و بڕوا و بەرژەوەندی  لێکدراوەتەوە و شەنووکەویش دەکرێت، لێرەوە شەڕی دەسەڵات و ململانێ و خۆجێخستن و سەرکەوتن و سەپاندن دەست پێدەکات، دەستپێکردنی خۆسەپاندن و هزر سەپاندن، هەوڵ بۆ گشتگیر کردنی ئایدیای دەسەڵات و بنبڕکردنی هزری جیاواز، هەندێک وشە لە نێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا قیت و قۆپکە دەکاتەوە، لە لایەکەوە دەسەڵات هەوڵی قنج و قیتکردنەوەی هەندێک دەستەواژە هەمبەر بە نەیاران و کۆڵنەدەران و بیرجیاوازانی نێوخۆی پانتایی دەسەڵاتەکەی دەدات و بە هەموو مەکینەیەکی ڕاگەیاندنی و بە هەموو مینبەر و مێحرابێکی دینی، بە هەموو دامودەزگای گەشەپێدانی هزر و ئایدیا و باوەڕە سیاسییەکانی، بە هەموو  ناوەندە پەروەردەییەکانی ژێر دەسەڵاتی، هەوڵی بەدناوکردن، بە کرێگیراوی دوژمن ناساندنی نەیارانی و ئەو توێژە لە خەڵک دەدات کە ئامادە نین کۆیلەی مل لە خواری دەستەوسینگ بەستراوی بەردەم بارەگا و ڕێپێوەرێکی شەوڕەوی بێ چرای جادەی دەستنیشانکراوی دەسەڵات بن کە لەم گوزەرەدا دەبێ وەک ستەمکار بن یان بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی ستەمکار خۆیان لە بەرامبەر نەیارانی ستەمکار، توند و گورجوگۆڵ کەن و گورز بە دەست یان هاچەر و سپانە بەدەست، سفتوسۆڵکەری پێچ و مۆرەی دەسەڵات بن، تاکوو قوڕگی نەیارانی دەسەڵاتی ستەمکار بە پەتی کۆیلایەتی خۆیان شەتەک بدەن کە دەنگی دگەر و نەیار و ناخودەکان نەبیسترێ و نەبیستن، دەسەڵات و سپانە بەدەستەکانی دەسەڵات، دەبێ بە دەنگ و هاواری بڵێند، قوڕگی خۆیان پڕ بکەن لە هەناسەی قین و پڕ بەدەم وشەی خنکێنەر بتەپێنن بە گوێی ئەوانیتر و هەموو کۆمەڵگە تێگەیەنن کە ئەو وشانە، وشەی مانەوە و ڕەوایەتیی دەسەڵاتن. 
یەکێک لەو دەسەڵاتانەی کە ئەمە مێتۆدی چرپاندنی ئایدیاکەیەتی و بە هەموو گوێیەکی مرۆڤەکانی بندەسەڵاتیدا دەئاخنێ، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە شۆڕشی ٥٧ی هەتاویدا هاتووەتە سەر کورسیی دەسەڵات و پاڵی بە هەموو نەیارانی خۆیەوە نا بۆ نێو زیندان و بۆ دەرەوەی وڵات کە کوشتن و ڕاوەدوونان و دوورخستنەوە بەرهەمی ئەو سیاسەتەی بوو، یان سیاسەتی دەمکوتکردنی گرتە بەر کە زۆرینەی کۆمەڵگەی پێ دەستەمۆ کرد یان گوێپڕی کردن لە وشەی خنکێنەر کە تاکی ئێرانی لە ئێستادا تەنیا خودی خۆی پێ قەبووڵە و لە نێو سیستمیشدا ناخودەکان و ئەوانی تر و دگەرەکان دەبێ بێدەنگ و ملخوار و ژیری گوێڕایەڵ و مەڕی دەسەڵات بن و قەبووڵکەری هەرجۆرە فەرمانێک لە لایەن ئاغاوە بن.
کۆماری ئیسلامی هەر ئەوەندەی کە توانی پەیژەی یەکەمی دەسەلات تێپەڕێنێت، ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی پڕ لە وشەی نوێ کرد کە بۆنی هەوایەکی خنکێنەری لێوەدەهات، یەکەم وشەکان بریتیبوون تۆمەت، تۆمەت بۆ سڕینەوە و ڕاوەدوونان، تۆمەت بۆ دەستەمۆکردن و بەکارهێنان، تۆمەت بۆ بەڵێنی سەندنی هاوکاریی و گوێڕایەڵی و گورز بەدەستەوەگرتن. تۆمەتی وەک لایەنگریی ڕژیمی پێشوو، دەستوپێوەندەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا، دژە شۆڕشەکان، دژە خوا و دژە دینی ئیسلام و دژە موسڵمان. هەر کام لەم تۆمەتانە دەستەواژەیەک بوون کە لە ئەگەری سەلماندن و سەپاندنی بە سەر کەسێکدا، بە بێ یاسا و بە پێی یاسای شۆڕش، جەزاکەی مەرگ و سێدارە و زیندان و شەلاق بوو. 
ژیانی سەردەمی پاشایەتی، بۆ خۆی ژیانێک بوو کە پڕ بوو لە وشەی خنکێنەر و تەنگی بە ژیانی خەڵک هەڵچنی بوو، هەر بۆیە خەڵکی ئێران بە گشتی پەیجووری باسەکانی ڕێبەرانی شۆڕش و نەیارانی پاشایەتی بوون و دواکەوتەی ئایدیای نەیارانی ڕژیمی پاشایەتی، بە گۆڕینی ڕژیم و سەرکەوتنی شۆڕش، وشەکانی ژیان نەگۆڕدران بەڵکوو زیاتر ئاخێنرا لە وشەی بێزارکەر و خنکێنەر، هەر ئەو وشانە بوونە هۆی ململانێ و شەڕی ناوخۆیی ئێران و هەموو گۆشە و کەنارێکی ئێرانی گرتەوە. رژیمی پاشایەتی، ئەو وشانەی کە بە کاری دەهێنا بۆ خنکاندن و داپڵۆساندنی نەیارەکانی، چەندین وشەی دژە وڵات، وڵاتفرۆش، دژە شا، دژە نەتەوە، کۆمۆنیست ( لە هەمانکاتدا کە تاوانێکی گەورە بوو وەک جنێو بەکاریدەهێنا و وەک بیرۆکە و  کەسێکی بێزراو باسیش دەکرا)، بەکرێگیراوی سۆڤییەت و تەجزیەتەڵەب و ناپاک بوو، بەڵام کە شۆڕش سەری گرت و کۆماری ئیسلامی کورسینشینی دەسەڵات بوو، سەرەڕای ئەم وشانە بە دەیان وشەی تر هاتە نێو ئەدەب و زار و کلتووری کۆمەڵگەی ئێران. 
لە  یەکەم پەیژەی سەرکەوتن بۆ کورسیی هەتاهەتایی دەسەڵات، ڕێبەران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، هەموو ڕێبوارانی شۆڕشیان دایە بەر قامچی وشەی ناپاکی و دژە شۆڕش و دەست و پێوەندیی ئامریکا و ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و دوژمنانی ئیسلام، دوژمنانی ئێران و شاپەرەست و جاسووس و سیخوڕ، ئەم وشانە لە دەمی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەهاتە دەر و دەبوو بە زەربە دەستی قامچیوەشێنەکانی دەسەڵاتی تازە پێگەیشتوو و دەبوو بە مۆری مۆڕی سەر جەستە و وەک تاوان دەنەخشرا بە سەر فایل و پەروەندەی ئەوانەی کە دەسەڵاتی تاک ڕەهەندی کۆماری ئیسلامییان پێ قەبووڵ نەدەکرا و خۆیانیان بە غەدر لێکراو دەزانی کە شۆڕشیان لێدزراوە. 
ئەو وشانە، ڕۆژانە و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە قورخکراوەکانەوە، بۆ دەیان جار لە ڕۆژدا، هەواڵەی کووچە و کۆڵانەکانی شار و گوند و دێهاتەکان دەکرا و گوێی مرۆڤی ئێرانی سیخناخ دەکرا بە وشەی ڕق و کین، دەسەڵات دەیەویست لە ڕێگەی ئەو وشانەوە خەڵکێکی دەروون بەزیوو بەرهەم بهێنێت کە دواجار دەسەڵاتی ئایدئۆلۆژیکی بە بێ ترس دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی دەروون بەزیوو  ببات بەڕێوە و لە هەمان کاتیشدا گوێ لە مشت و ئامادەی جێبەجێکردنی ئەمر و فەرمانەکانی بکات، کاتێک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بۆ هەر بیر جیاوازێک پەنجەی دژە خوا و دژە شۆڕش و دژە موسڵمانانیان ڕادەکێشا، جەماوەرێکی فراوان کفن پۆش و ئامادەی مەرگ، هاتوهەرای دەروونی بەزیووی خۆیانیان دەکردە وشەی ڕق و کین و دەبوو بە داواکاریی دەسەڵات بۆ کوشتن و مەرگ و سێدارە و زیندان و شەلاق، مەرگ بەر مۆنافێق، مەرگ بەر دژە شۆڕش، مەرگ بەر ... هتد، ئەمانە لە زاری خەڵک دەهاتە دەر و لە جادەکانی شار دەبیسترا و بە دڵی دەسەڵات دەوترا و بە پەچەی ئایدئۆلۆژیا دەڕازایەوە و بە فەرمانی ڕێبەران دەبوو بە حوکمی خودایی، فەرمانی سەرو دەسەڵاتی مرۆڤ ، نە هەر مرۆڤێک بەڵکوو تەنیا مرۆڤی بندەسەڵات و مڵکی ڕێبەر، ڕێبەر و دەسەڵاتداران قسەکانیان و باوەڕەکانی خۆیانیان وەک قسە و باوەڕی گشتی خەڵک، وەک داخوازی گشتیی خەڵک، بە زمان دەهێنا و بە زمانی کێردی ئایدئۆلۆژیی دەسەڵات، حوکمە خوداییەکەیان دەخوێند و بۆ جێبەجێکردنی، هاچەر و سپانە بەدەستانی دەسەڵات، شەتەکی ژیانی خەڵکیان دەدا و وشەی خنکێنەری حوکمی خودایی و یاسای دادی ڕێبەری، دەبوو بە پەتی گەردن و گولەی بەر سینگ و فیکەی قامچی و خوێنی پرژاوی سەر دیواری بەندیخانەکانی دەسەڵاتی نادادیی کۆماری ئیسلامی. 
کە شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی کرا، شۆڕش دژی ئەو چەمک و وشانە بوون کە ژیانی خەڵکی ئێرانیان فەوتاندبوو، هەناسەی ئازادی هیچ بڕسکی تێدا نەبوو، ژیان لە بن دەسەڵاتی پاشایەتی ژیانێکی ملکەجی و گوێڕایەڵی بۆ سێبەری خودا (پاشا) بوو، دوای شۆڕش، فەوتاندن ئەمجارەیان ڕەنگ و بۆی تازەی گرتە خۆی، ئازادی ئەمجارە هەر بزر بوو، ئازادی هەبوو بەڵام تەنیا بۆ بێژەری ئایدۆلۆژیای دەسەڵات و بۆ گورزوەشێنەکانی دەسەڵات بوو، ئەمجارەیان سێبەری خودا٫ بوو بە نوێنەری خودا و بوو بە وتەبێژ و وانەبێژی سەپاندنی وشەی خنکێنەر، بەرهەڵستکار و بیرجیاواز، ئەم جارەیان تاوانیان گرانتر و قورستر بوو، دژە خوا، دوژمنی خودا، دژە دین و دژە باوەڕەکانی باوی دەسەڵاتی ئایدئۆلۆژیکیی کۆماری ئیسلامی، ئایدئۆلۆژیایەک کە تەنیا هەڵقوڵاوی هزری چەند کەسێک بوو کە وەک باوەڕی گشتیی خەڵک دەناسرا و بڵاو دەکرایەوە، بڵاوبوونەوەی ئەو ئایدیایە، تەنیا ڕقی بەرهەم دەهێنا و وشەی هەڕەشەی بڵاو دەکردەوە و دواجار شەڕیشی بە دوای خۆی هێنا. 
شەڕی ئێران و عێراق، بەرهەمی فڕێدانی وشە بوو، وشەی هەڕەشە و وشەی تەوساندن و ترساندنی بەرامبەر، وشەی بڵاوکردنەوەی هزر و ئایدیا و فیکری تاکەکەسی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئایەتۆڵا خۆمەینی، قسەکانی پڕ بوو لە وشەی ترساندن و مەرگ و خنکاندن، هەر ئەو وشانە بوون بە هۆی ورووژاندنی بێفکرێکی ژیان خنکێنەری دەسەڵاتداری رژیمی بەعس، سەدام حسێن، کەسێک کە وشەکانی پڕ بوون لە قین و تووڕەیی و تاکڕەوی، هەڵگژانی دوو دەسەڵاتی پڕ لە وشەی خنکێنەر تەنیا بە سەدان هەزار لاشەی مرۆڤی لە سەر خاک بە جێهێشت و ژیانی خەڵکی هەردوو وڵاتی پڕ کرد لە ترس و دڵەڕاوکێ، لە ئێران دەسەڵات توانی بیکاتە بەرهەم و بیکاتە ماڵاتی دیواری دەسەڵاتەکەی و  قەڵای دەسەڵاتدارانی پێهەڵچنێت و خوێنی ڕژاوی سەر بیابان و لێواری سنوورەکان بکاتە ڕەنگی دیواری بەرزی دەسەڵات  و شانازی بەنەخشی دیوارەکەی دەسەڵاتەکەیەوە بکات کە بە ڕەنگی خوێن و کوشتن نەخشێنرا بوو، لە بن جوانی و نەخشی دیواری دەسەڵاتەکەیدا، سێبەری خۆی فراوانتر و تۆختر و تاریکتر لە سەر وڵات بڵاوە پێ بکات. 
لە نێو ئەو قڵایەی هەڵچنرا بوو، بە هەزاران کەس لە سێدارە دران و بە وشەی پەچەکراوی ئایدئۆلۆژیکی خنکێنران و گولـلەی ڕق و قینی وشەی ڕێبەری نرا بە نێو چاوانی ئازادیویستان و بیر جیاوازەکان، ئەوانەی کە وەک دەسەڵات بیریان نەدەکردەوە و نەیشیان دەتوانی پێش بە وشەکانی خۆیان بگرن، هەر ئەو وشانەی کە باسیان دەکردن بوون بە پەتی خنکاندن و ئاڵا لە دەوری گەردنیان، شۆڕش و وشەکانی، شۆڕشگێڕانی خنکاند، کوشتاری زیندانیەکان لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی بزماری سەر تابووتی شۆڕشی داکوتا، بەلای دەسەڵاتەوە دوا بزمار بوو بەڵام لە ڕاستیدا نە، وا نەبوو. 
دەورەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، پڕ بوون لە وشەی کوشتن و ئاوارەیی و دیل و ناپاکی و ڕێگای پاکی شەهیدان کە ئەویش هەر هەمان وشەی کوشتن بوو، هەشت ساڵ وشەی شەڕ پیرۆز کرا بۆ کوشتن و سەپاندنی دەسەڵات و سەلماندنی ڕاستیبوون و ڕەوایی بوون، دەرپەڕاندنی نەیاران و دەمکوتکردن و ملکەج پێکردنی کەسانی خاوەن پێگەی بەرز و بە دەسەڵات لە نێو جەرگەی دەسەڵات بۆ خۆی و دواجار بە لاوە نانیان یان کوشتنیان، هەر بە وشەی شەڕی پیرۆز، قودسییەت درا بە دەستدرێژی بۆ سەر مڵک و ماڵی بیرجیاوازان و ئازادیخوازان، مێژوویی کۆماری ئیسلامی پڕیەتی لە داستانی لەو جۆرە و ڕاستییەکانی مێژووی خۆسەپاندنی ئەو دەسەڵاتەیە. 
دوای شەڕی هەشت ساڵە، پەچەی ئایدئۆلۆژیای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەموو وڵاتی داگیر کرد، دوایین سەنگەری نەیارانی ئەو ئایدیا دۆگم و پڕ لە وشەی خنکێنەر، کوردستان بوو کە ئەویش بێدەنگ کرا بەڵام، هەرگیز کۆڵی نەدا، لە کاتی سەرۆککۆماریی ڕەفسەنجانی، وشەی بریقەداری ئابووری و بووژانەوە و ئاوەدانیی، پەتی خنکاندنی هزر و بیری جیاوازیان زیاتر شەتەک دەدا و کوشتن هەر وەک خۆی وشەی باو بوو، تیرۆر ئەمجارەیان بوو بە وشەی باوی ژیانی ئێرانییەکان، دەبینین کە لە کاتی دەسەڵاتی سەرۆککۆماریی هاشمی ڕەفسەنجانی چۆن وشەی تیرۆر و تۆقاندن و گرتن بەهیزتر و قوتتر دەبێتەوە.
کاتێک وشەی ڕیفۆرم و ڕیفۆرمخواز هاتە نێو گۆڕەپانی ژیانی سیاسیی خەڵکی ئێران، ژیانی سڤیل تاسەی ئازادی کردبوو، پەلەقاژەی کرد کە ڕیفۆرمخوازی سەرکەوێت چوونکو وشەی ئازادی و دیموکراسی ببووە بنێشتی دەمی هەڵگرانی ڕەوتی ڕیفۆرم، خەڵکی ئێران پشتگیرییان کرد بەڵام ئەمجارەش وشەی ڕیفۆرم لە درۆ نێزیکتر بوو تا ئازادی، لە خەڵەتاندن نێزیکتر بوو تا دیموکراسی، تیرۆری زنجیرەیی و کوشتنی بیرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکان ئەم جارەیان وشەی نێو لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکان و باسی نێو کۆڕ و کۆبوونەوەکان بوو، لە کاتی ڕیفۆرمخوازانیش وشەی کوشتن و تیرۆر و لێدان و سووتاندن هەر باو بوو، خوێندکاران خنکاوی دەستی ئەو وشانە بوون کە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە باو بوون، بەکرێگیراو، تێکدەر، ئاژاوەگێڕ، مۆلحید و دژە ئیسلام، لایەنگری لیبرالیزم و ڕۆژئاوا و ئامریکا...هتد. 
بەزمی وشە خنکێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی بە سەرۆککۆمار بوونی ئەحمەدی نەژاد زیاتر لە هەموو کاتێک گەرمتر بوو، وشەی درۆ و تاوان و گەندەڵی و دزی و فیتنە و بەرەی ڕۆژئاوا و ئامریکا و ئیسرائیل و دەیان وشەی تر کە هەموویان خنکێنەر بوون، لە لایەکیترەوە وشەی خنکێنەرتری وەک گەمارۆی ئابووری و وشەی سووتێنەری وزەی ئەتۆمی و گیرفانبەتاڵیی بەردەم بانکەکان بۆ وەرگرتنی یارانەی مانگانە، لە هەموو زیاتر مەرگهێنەر بوو بۆ خەڵکی ئێران، برسێتی، بێکاری، تووشبوون بە مادەی سڕکەر، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییە مەترسیدارەکانی وەک هیپاتیت و ئایدز، هەڵشکانی خاوەن کارگەکان و کێڵگە جۆراوجۆرەکان، دزینی هەزاران میلیارد تمەن سروەت و سامان و دارایی خەڵکی ئێران، هەر ڕۆژ دەرکەوتنی گۆشەیەک لە دەریای دزی و گەندەڵی مافیاکانی وشەسازیی خنکێنەر، چەندین نموونەی بچووکی ژیانێکی پڕ لە وشەی بێزارکەر بوون بۆ خەڵکی ئێران.  
 لە ئێستادا کە ڕۆحانی سەرۆککۆمارە، هیوا و هەڵگرتنی گەمارۆ و گەڕاندنەوەی خۆشگوزەرانیی هەگیز نەبوو و هەمیشە ونی خەڵکی ئێران و وشەی کلیلی چارەسەری کێشەکان، بەرجام و ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەو وشانە بوون کە کورسیی دەسەڵاتی سەرۆککۆماریی بۆ ڕوحانی مسۆگەر کرد، بەڵام گێجەنگەی دەرگای دەسەڵات لە سەر هەمان گێجەنگەی پێشووتر دەخولێتەوە، برسێتی، بێکاری، هەژاری، لەشفرۆشی و سواڵکردن، بە ملوێنان گەنجی ئێرانی تووش بوو بە مادەی هۆشبەر، بێهیوایی، هاڵاوسان و بێپارەیی و نەداری، هەموویان وشەکانی نێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئیرانن کە ژیانیانی کوشەندە و مەرگهێنەر کردووە و بڕستی لە تواناکانیش بڕیوە چ بگات بە هەژاران و نەدارنی کۆمەڵگەی ئێران. 
لەم مانگی ڕابردووەدا(بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی) بینیمان کە خەڵکی شارەکانی ئێران، بێزار بوون لە وشە خنكێنەرەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ناڕەزایەتیی و ڕێپێوانێکی سەرتاسەری بۆ ماوەی نێزیک بە دە ڕۆژ بەڕێوە چوو کە دیسان بە وشە باوەکانی دەسەڵات کە هەمیشە گورزی دەستی بووە بۆ سەرکوت و ستەم، هێرشی کردەوە سەر خەڵکی بڕست لێبڕاو و وەزاڵە هاتوو و تەنگپێهەچنراوی ئێران و بە خەڵەتێنراو و بەکرێگیراو و ئاژاوەگێڕی دەستی دوژمنانی دەرەکی و ئامریکا و ئیسرائیل و سعوودیای ناو بردن، سووک سەیرکردنی کۆمەڵگە، نەریتێکی باوی دەسەڵاتە ستەمکار و خنکێنەرەکانە، هەر لەو ڕوانگەی سووک سەیرکردنی کۆمەڵگەوە، دەسەڵات بە هەر شێوەیەک کە مەیل و حەزی لێبێت وشەکان بەکار دێنێت، وشەکانن کە واتا بە ژیان دەدەن، وشەکانن کە بایخی کۆمەڵگە و مرۆڤەکان نیشان دەدەن و پێوەرێکیشە بۆ ناسینی دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵاتێک کە وشەی ناخود و دژەشۆڕش و بەکرێگیراوی بەرامبەر ڕەخنەگران و نەیاران و بیرجیاوازان بە کار هێنا، ژیان پڕ دەکات لە وشەی خنکێنەر، کە هەر کام لەو وشانە لە چاویلکەی ئایدئۆلۆژیکییەوە، جەزای مەرگ و پەتی سێدارە و زیندان و ڕەجم و کوشتنی بۆ دیاری کراوە و بە چاویلکەی دەسەڵاتێکی دۆگم و بەرچاوتەنگی ئایدئۆلۆژیکی، مافێک بۆ بوونی ئەوانی تر و دگەرەکان و بیرجیاواز و ڕەخنەگرەکان لە نوێنەرەکانی خودا، نییە.