ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
بەشی کوردی ڕۆژهەڵات لە بەرهەمی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی
خەلیل محەممەدی
4 / 2 / 2018
کاتێک کە حکوومەتی شای ئێران هێشتا نەڕووخا بوو، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر ئاگاداری بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی ئێران نەبوو، هەبوون کەسانێک لە چینی دەستەبژێری کۆمەڵگە کە تا ڕادەیەک ئاگادار بوون بەڵام بە گشتی بێ ئاگاییەک لە ڕەوشی ئێران لە نێو کۆمەڵگەی کوردی ڕۆژهەڵات هەبوو کە ئەویش بە هۆی سیاسەتەکانی ڕژیمی شاهەنشاهییەوە بوو کە نەتەوەی کوردی، دوور لە سیستم و دەسەڵات هێشتبووە و بە شێوەی سەربازی و ئەمنی مامەڵەی لەگەڵ کوردستان دەکرد، لە بیرەوەری جیلە تەمەندار و باوک و باپیرانمان کە لە بن دەسەڵاتی ڕژیمی شا ژیاون، پڕە لە داستانی ئەمنیە و ژاندارمری و  ساواک، کە بە هیزی چەک و بە شەقی پوتینی سەربازی، خەڵکی کوردیان چاوترسێن کردبوو، سامدار نیشاندانی هێزی ئەمنی و سەربازی، کەرستەیەکی ڕژیمی شا بوو کە بتوانێت خەڵک کۆنترۆڵ بکات و وڵات بۆ پاشایەتی شای ئێران و کۆکردنەوەی باج و خەراج بۆ خەزێنەی شاهەنشاهی لە ئەمنییەت و تەناهیدا بێت. 
ئەو ستەمکارییەی حکوومەتی پاشایەتی ئێران کە دەرحەق بە کورد لە ئێران کردبووی، کاتێک کە شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئێران ڕوویدا، بەشێکی فراوان لە کورد تایبەت سونی مەزهەبەکەی، زوو خۆی لە قەوارەی حیزبە سیاسییەکانی ئەو کات ڕێک خست، تا پێش ئەوەی کە شۆڕش ڕوو بدات، حیزبە سیاسییەکان بە کردەوە بوونیان نەبوو بەڵام کە دۆخەکە گۆڕا و تا ڕادەیەک توانرا حیزبە سیاسییەکان خۆیان بناسێنن، گەلی کورد بە هۆی ستەمی نەتەوایەتی لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەیی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ماف و داخوازییەکانی دەربڕی و لەگەڵ ئەو حیزبانە کەوت کە لەو کاتەدا خۆیانیان بە خەڵک ناساند. 
شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی لە تاران و ناوەندی دەسەڵات، چینێکی نوێی هێنایە سەر دەسەڵات کە وەک باوەڕ و ئایدئۆلۆژیا، هیچ باوەڕێکیان بە مافی نەتەوەکان و کەمایەتییەکانی تری نێو کۆمەڵگەی ئێران نەبوو، دەبینین کە نەتەوەی کورد لە ئێران، ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریی سیاسی لە ئێران نیشاندا، تەنانەت کەسایەتییەکی وەک شەهید دۆکتۆر قاسملوو،  خۆی بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری هەڵبژارد، بەڵام بە هۆی جیهانبینیی دەسەڵاتدارانی دوای شۆڕش، دەرفەتی بەشداربوونی کورد لە پرۆسەی سیاسیی ئێران نەدرا و کورد ناچار بوو کە زیاتر پێداگر بێت لە سەر مافەکانی.
پێداگربوونی کورد لە سەر مافە ڕەواکانی، ئینکاربوونی زیاتری دەسەڵاتدارانی تارانی لێ دەکەوتەوە، گەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەو کات سەیر بکرێت و مێژووی ئەوکاتەی شۆڕش و شەڕی کوردستان چاو لێبکرێت، دەبینین کە دەستەبژێر و ڕێبەرانی نەتەوەیی و ئایینی کورد، هەوڵی فراوانیان داوە کە بتوانن لانی کەمی مافەکانی کورد لە ئێراندا و بە شێوەی یاسایی و سیاسی دەستەبەر بکەن، تەنانەت بۆ لە یەکتر تێگەیشتن چەندین جار هەیئەتی ئەوکاتی حکوومەت بە نوێنەرایەتیی کۆی سیستم سەردانی کوردستانیان کردووە یان ڕێبەرانی کورد سەردانی تاران و شارە مەزهەبییەکانی ئێرانیان کردووە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی شۆڕش و کۆماری ئیسلامی دانیشتن و دیدار و گفتوگۆیان هەبووە کە چۆن مکانیزمێک دیاری بکرێت کە کورد بەشداری سیستمی سیاسی بێت و وەک نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئێرانی لە نێو سیستەمی بەڕێوەبەریی سیاسیی وڵات بەشداریی ڕاستەقینەی هەبێت.( بەڵگە مێژووییەکان هەموویان بوونی هەیە). 
ئەنجامی دیدار و گفتوگۆکانی هەیئەتەکانی حەلی ئیختلاف بە هیچ کوێ نەگەیشت و دواجار شەڕ ڕوویداو و بە فەرمانی خۆمەینی هێرش کرایە سەر کوردستان و تا ڕۆژی ئەمڕۆ نائەمنی و بێ متمانەیی لە نێوان کورد و دەسەڵاتی ناوەندییدا بەردەوام بووە. 
بەرپرسیارێتیی شەڕی کوردستان ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی دەسەڵاتی ناوەند و ڕێبەرانی شۆڕش بوو کە دەبوایە کوردیش وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی و ڕەسەنی ئێران، گوێی لێ بگیردرایە و داخوازی و مافەکانی لە بەرچاو بگیردریایە  و لە یاسایشدا جێگیر بکردریایەت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە شۆڕشگێڕان و ڕێبەرانی شۆڕش لە سەر هزری دەسەڵاتداریی تاک نەتەوە و تاک ئایین و مەزهەب پەروەردە کرابوون، توانایی قەبووڵکردنی کورد وەک بەشێک لە سیستمی سیاسیی ئێرانیان نەبوو، هەر بۆیە دەبینین کە نەتەنیا مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بنپێ خرا تەنانەت گوێبیستی داخوازییەکانیشی نەبوون و تەنیا کاتیان لە کورد کڕی و دواجار بە هێزێکی تۆکمەی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەر کوردستان.
هەڵکوتانە سەر کوردستان سەرەتایەک بوو بۆ مێژووی دەسەڵاتێکی شۆڕشبنچینەیی، کە هەموو کارەکانی خۆی بە چەمکی شۆڕش، ڕەوایەت پێدەدا. هاوتەریب کردنی چەمکی شۆڕش و چەمکی ئایدئۆلۆژیای دینی، بوو بە دوێردەی دەسەڵات بۆ بڕینەوە و یەکلاییکردنەوەی زۆرێک لە کێشەکان و هاوکات بۆ سەرکوتی نەتەوەی کوردیش کە دەست لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی هەڵگرێت. 
لە کاتی شۆڕشی ٥٧ بە هۆی سیاسەتی دووچاوەکیی دەسەڵاتی پاشایەتی، کوردستان ناوچەیەکی تەریککەوتە و دواکەوتوو بوو کە لە هەموو بوارێکی ئابووری و ژێرخانە پیشەییەکان، بە ئەنقەست دواخرا بوو، شارەکانی ناوەندیی ئێران، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، گەشەی بەرچاویان پێدرا بوو کە نیشانەیەکی ڕوونی بایەخدان بە ناوەند بوو لە لایەن دەسەڵاتەوە کە نادادیی دەسەڵاتی بۆ هەمیشەی میژوو نووسیویەتەوە، هەر لە بەردەوامیی هەمان سیاسەتدا دوای شۆڕش، کۆماری ئیسلامی ئەمجارەیان شەڕ و هێزی سەربازی و بە پادگانکردنی کوردستانی کردە بەرنامەی سەرەکیی خۆی و هەوڵی خۆسەپاندنی بە زەبری هێز و لوولەی تفەنگ بە شێوەیەکی چڕوپڕ پەیرەو کرد. 
بەشی گەلی کورد لە شۆڕشی ٥٧ زیاتر لە یەک دەیە شەڕی ماڵوێرانی و ڕاوەدوونانی لاو و مافخوازانی کوردستان بوو، بە هەزاران جوامێر و خاسەکوڕ و شێرە ژن و شۆخە کچ و منداڵ و میرمنداڵ کوژران، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێبەرایەتیی پیاوانی ئایینی و سوپایی و ئتلاعاتی و ئەمنی، بۆ چوار دەیە دوای شۆڕش، هەر وەک چۆن لە سەرەتاوە بە چاوی تاوانبار لە کورد ڕوانراوە بە هەمان شێوە ڕوانگەکە نەگۆڕدراوە. یەکێک لەو بەرهەمانەی کە شۆڕشی ٥٧ بۆ کورد بوو بە بەشی بڕاوە و سەپێنراو، تاوانی ناسنامەی کوردبوون بوو، کوردبوون تاوانێکی گەورەی دوای شۆڕشە کە گەر سونیش بیت تاوانەکەت زیاتر قورستر دەبێتەوە. 
بەو شیوە تاوانباربوونەی کورد، هەموو بیانوویەکی بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئامادە کردبوو کە سەرمایەگۆزاری لە کوردستان نەکات و هەموو سەرمایەی وڵات لە شارە ناوەندییەکان و دوور لە ناوچە کوردییەکان خەرج بکات و ئاوەدانی و خوشگوزەرانی بۆ ناوەندنشینان بێت و لە بەرامبەردا بۆ کوردستان و ناوچە کوردییەکان تەنیا دواکەوتەیی و ئاوارەبوونی شارانی ناوەند و کرێکاربوونی بەرەو شارەکانی دەرەوەی کوردستان بوو، بەشی کورد و کوردستان لە شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی، کۆڵکێشی و کرێکاری و حەماڵی لە شارەکانی ناوەند بوو، بە کرێکار کردن و برسی کردنی کورد بەشێک لە سیاسەتی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بوو، لە ئێستادا بەشی کورد لە شۆڕش تەنیا کرێکاری بێکاری فراوانە کە تەنیا چاوی لە کەرەمی دەستی دەسەڵاتدارانی ستەمکاری کورسیسواری شۆڕشە، چاوەڕوانییەک کە تەنیا تووش بوون بە ئەفیوون و مادە هۆشبەرەکانی لێکەوتووەتەوە، بەشی کورد و کوردستان لە شۆڕشی ٥٧، دەیان هەزار تووشبووی مادە هۆشبەرەکانە کە بە سیاسەتی ڕێبەرانی شۆڕشی ئیسلامی هەڵەوگیر بوون. 
گرتن و لێدان و زیندان و کوشتنی ئەوانەی کە وەک چالاکی سیاسیی کورد کار دەکەن و دەنووسن و داوای مافی نەتەوەی کورد دەکەن لە ئێران با هەر بمێنێت کە لە چوارچێوەی ئەمنی و سەربازیی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران چاوی لێدەکرێت و ڕەوایەتیی ئەو جۆرە لە کردارانەی کۆماری ئیسلامی لە هەمان شۆڕشی ٥٧وەیە، کوشتنێکی تر و گرتن و سزا و لێدانێکی تر بووەتە بەشی کورد لە ئەو شۆڕشە و وەک خەڵاتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێشکەش بە کورد کراوە کە ئەویش بە هۆی نەبوونی هەلی کار و بێکاریی فراوان و برسێتی و هەژاری و نەدارییەوە، تاکی کورد ناچار ڕووی تێکردووە، کۆڵبەرییە کە لەم یەک دەیەی دواییەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بووەتە سزایەکی گەورە و ڕۆژانە هەواڵی دڵتەزێنیش لەو بارەوە دەبیستین کە ڕەوشی کۆڵبەری لە سنوورەکان چۆنە و کۆڵبەر بۆ خۆی لە چ دۆخێکدایە و چی بە سەر دێت و چۆن بژێویی ژیانی ڕۆژانەی تاکی کورد دابین دەکرێت. 
دابین نەبوونی ژیانێکی پڕ لە مەینەتی و برسێتی و هەژاری و کوشتن و تووشبوون بە مادەی هۆشبەر و ڕاوەدوونان و کوشتن، بەشێکی بچووکی کوردە لە شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئێران کە هەر لە سەرەتاوە بەشی کورد وەک نەتەوەیەکی نەخوازرا و دوورخراوە لە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران و هەڵەوگیر بوون بە دەست کێشەی ژیانەوە، لە لایەن ڕێبەرانی شۆڕش و سیستمی سیاسی ئێران دیاری کراوە.