ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
ژن لە نێوان ماف و حەزدا
هاوار مۆدەبێر
6 / 1 / 2018
یەکێک لە سەرەکیترین گرفتەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی لەم سەردەمەدا پرسی مافی چین و توێژ و ڕەگەزە جۆراوجۆرەکانە و مافی ژنانیش لەم نێوەندەدا سەرەکیترین و بابەتیترین گرفتی کۆمەڵگەی مرۆڤە کە تا ڕادەیەک کاری لە سەر کراوە کە بکرێت بە پرسێکی بە پەلە بۆ چارەسەری بەشێکی زۆر و فراوان لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان کە بەرۆکی مرۆڤی گرتووە و بووەتە لەمپەر لە بەردەم گەشەی هزر و تێڕوانینیدا، بەڵام لە ئێستادا ناتوانین بلێین کە هەوڵەکان توانیوویەتی هەموو کۆمەڵگەکان بگرێتەوە، چوونکوو زۆرینەی کۆمەڵگەکان پێشێلکەری مافی ژنن و پێشێلکردنی مافی ژن، کۆڵەکەیەکی ڕاگرتنی دەواری دواکەوتووییە کە ڕاگری کلتووری ستەم و سەرکوت و دەستدرێژییە بۆ سەر مافی گشتی کۆمەڵگە و لە بازنەیەکی فراوانتر و گشتگیرتردا ستەمە لە کۆی مرۆڤ. ڕووخاندنی دەواری فەرهەنگی دواکەوتوویی پێویستی بە ڕۆشنگەری و بە گژداچوونەوەی نەزانی و گرینگتر لەمانە، ڕەخنە گرتنی بێ سڵکردنە لە کۆی ڕەگەزەکانی کۆمەڵگە و تایبەت خودی ژن.
دیارە کە پیاو لە ژێر کاریگەری داب و نەریت و باوڕە باوەکانی سەردەمیدا و هەروەها حەز و بەرژەوەندی و دەسەڵات، هەمیشە لە هەوڵدایە لە ڕووی کردارەوە سەپێنەر بێت و دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت، چاوێک بە کۆمەڵگەیی ئەمڕۆیی مرۆڤدا بخشێنین ئەم بۆچووونەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و دەتوانین مێژوویشی پێ بخوێنینەوە، بەداخەوە پیاو توانیوویەتی سەرکەوێت بە سەر رەگەزی ژندا و بە هەزاران ساڵە کلتووری پیاو سالاری حاکمە و دەسەڵاتی بە دەستەوەیە، هەر بۆیە ژن بۆ بە دەستهێنانی مەزنیی خۆی دەبێ هاوکێشەکە بباتەوە سەر ڕێچکەی سرووشتی خۆی کە یەکسانی مافە بۆ زاڵبوون بە سەر نایەکسانی و نادادپەروەری باوی کۆمەڵگە کە مرۆڤی ئەمڕۆ بە دەستیەوە دەناڵێنێت، لێرەدا ژن پێویستە بەرەنگاری ئەو جۆرە لە هەوڵی سەپاندنی حوکم و زاڵبوونە کردارییەی پیاو ببێتەوە و بەرگری لە مەزنی و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بکات تا کوو بتوانێت مەزنایەتی بۆ ژیانی مرۆڤ دەستەبەر بکات.
ڕاستە کە پیاوان حەزی دەسەڵات سەپاندنیان هەیە بەڵام ناکرێت لە ڕۆڵی ژنان و پێگەی کۆمەڵایەتییان لە پاڵپشتیکردنی پیاودا بۆ جێگیرکردنی کلتووری پیاوسالاری و باوک سالاری چاوپۆشی بکرێت، هەر بۆیە رەخنە گرتن لە خودی ژنان بەشێکی سەرەکیە لە گۆڕینی کلتووری زاڵی پیاوسالاری و باوک سالاری، چوون ژن بۆ خۆی کاریگەری هەبووە لە درووستبوونی ئەو کلتوورە و جێگیر کردنیدا، شەریکی مێژوویی ئەو دابە مێژووییەی پیاوسالاریە و بووە بە بکەرێکی چالاک لە پەیرەوکردن و کرداری کردنی زێهنییەتی پیاوسالار کە چەوسێنەری خودی ژنە و لە هەمان کاتدا پەلووپۆکوتانی ستەم لە کۆمەڵگەی مرۆیی لە ژێر کاریگەری ترازانی هاوسەنگی هیز و ماف و حەزە لە نێوان ژن و پیاودا و لە بەرژەوەندی پیاودا و ڕەگداکوتانی نادادپەروەری و مافخۆری.
لە بەرچاو نەگرتنی ڕۆڵی ژنان لە مافخۆری و ستەم لە ڕەگەزی ژن، کەمایەسییەکی گەورەی بزووتنەوەی مافخوازی و دادپەروەری ژنە کە دەیەوێت کلتوور و زێهنییەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا بگۆڕێت، دەبێت بزووتنەوەی ژنان، دوو چەمکی سەرەکی ڕاخاتە بەردەمی خۆی و بە وردی شەنی بکات و ڕۆشنگەری لە سەر هەردوو چەمکەکە بکاتە بنەمای کار و چالاکییەکانی، ئەو دوو چەمکە بریتین لە ماف و حەز. تا وەکوو ڕوون نەکرێتەوە کە ماف چییە و حەز چ کاریگەرییەکی لە سەر ماف هەیە و پەیوەندی نێوان ئەو دوو چەمکە و پەیوەندی ئەو دوو چەمکە لە گەڵ ڕەگەزی ژن و پیاودا چییە ناتوانرێت باس لە سەرکەوتنی بزووتنەوەیەک بکرێت کە لە بەردەم ئەرکێکدایە (ماف) کە لەمپەرێکی گەورە(حەز)ی لە بەردەم دایە.
ئەوە سرووشتی مرۆڤە کە هەم داواکاری مافی خۆی بێت و هەمیش بە شوێن حەزەکانیدا بێت، شتێکی سرووشتیشە کە هەر کام لەم دوو چەمکە بکاتە ئامانجی خۆی. هەرچۆنێک ئەوانەی کە مافخوازن دەیانەوێت لەو ڕێگەوە بگەن بە حەزەکانیان و حەزەکانی ئەوان خۆی لە هاوسەنگی ڕەگەزی و یەکسانی ماف و ڕیشەکێش کردنی ستەمە جۆراوجۆرە سیاسی و کلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەبینێتەوە، بە هەمان شێوە ئەوانەی کە بە دوای حەزەکانی خۆیانەوەن، بە بۆچوونی خۆیان دەیانەوێت بگەن بە مافەکانیان، مافی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام لێرەدا ئەم دوو ڕوانگە و ئەم دوو بۆچوونە، لە توخم و جەوهەردا لێک جیاوازن و دوو ڕەوتی جیاوازی کرداری و ڕەوشتییە، هۆگر و چالاکی ڕەوتی مافخوازی، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی، ئامادە نییە سەروەری و مەزنی و کەسایەتی خۆی بۆ گەیشتن بە حەزەکانی لە دەست بدات بەڵکوو دەیەوێت حەزەکانی لە ئەنجامی بەرابەری و پاراستنی مەزنی( کرامەت) و کەسایەتیەکەیدا بە شێوەیەکی سرووشتی وەک مافی ڕەوا دەستەبەر کرا بێت و کەسیش نەتوانێت مافەکانی پێشێل بکات کە جیهانی حەزەکانی کاول بکات، کەس نەتوانێت حەزەکانی وەک تەڵەیەک بۆ دەستەمۆ کردن و کۆیلە کردن یان بە کرێگرتنی بە کار بهێنێت و لە بزر بوونی مافدا لە پێگە سرووشتییەکەی خۆی بکەوێت و بخرێتە پلەیەکی نزمترەوە. لەم ڕوانگەوە، ماف دەروازەیەکە بۆ ڕاکێشانی حەزەکان بە شێوەیەکی بنەمایی و سەپێنراو و بەکارنەهێنراو، بەکارنەهێنراو بەو واتایەی کە نەبێت بە کەرەستەیەک بۆ دەستەمۆ کردن یان ملکەچبوون بە ڕەگەزی بەرانبەر. هەر لەم دەلاقەوە دەتوانین ئەوە ببینین کە ئەو کەس و چین و ڕەگەزە کۆمەڵایەتییانەی کە حەزەکانیان دەخەنە پێش مافەکانیان و لە دەروازەی حەزەوە دەیانەوێت بگەن بە مافەکانیان، قوربانییەکانی نێو کۆمەڵگەن و مافی سەروەری و مەزنی و کەسایەتی مرۆیی و ڕەگەزییان لێ زەوت دەکرێت و ڕێژەیەکی کەم لە مافەکانیان لە بازنەی حەزدا دەست دەکەوێت، چوونکوو حەز هەمیشە برسییە و بۆ تێر بوونی حەزەکانیش ناچاری کۆڵبدەیت، مل کەچ بکەیت و زیاتر نرەخە مرۆییەکانی خۆت خەرج بکەیت، ئەمە بە دوای خۆیدا کۆمەڵێک کۆت و بەند درووست دەکات کە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات یان خاوەن شکۆ و مەزنی و بێ شکۆیی و پلەنزمی، دەبێتە چینەکانی و دیارە لەو چینبەندییەشدا یەکێک خۆی بەخاوەن مافی فەرمان کردن دەزانێت و ئەوی تریش بە فەرمانبەری خۆی، لەم سۆنگەیەوە رەگەزی ژن و پیاو، لە نێوان حەز و مافدا، مێژووییەکی دوور و درێژیان هەیە و پیاو توانیوویەتیی ببێتە سالار بە سەر ژنەوە و ژنیش وەک ژێردەستە و وەک مڵک و ماڵ و نامووس چاوی لێکراوە کە نە تەنیا پیاو ژنی زەوت کردووە و کردوویەتی بە مڵکی خۆی بەڵکوو مافەکانیشی لێ زەوت کردووە و بە پێچەوانەی مافی سرووشتیی مرۆڤەوە، پیاو هێڵی جووڵە و خواست و کردار و سەرمایەی ژنی دیاری کردووە و بەزاندنی ئەو هێڵە سزای بە دوای خۆیدا هێناوە کە لە ئەنجامدا ڕەگەزی ژن ملکەچی ڕەگەزی پیاو بووە و زیاتر لە چەند هەزار ساڵە کلتووری پیاوسالاری بووتە باوی کۆمەڵگە و تا ڕۆژی ئەمڕۆیش وەک یاسای دین و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی ماوەتەوە.
مانەوەی ئەم کلتووری پیاوسالارییە بەستراوەتەوە بە حەزەوە، لە لایەک ڕەگەزی پیاو حەز دەکات کە ژن ملکەچی خواست و ویستی بێت و بە بێ ڕەزامەندی پیاو جووڵە نەکات و ئەوەی پیاو فەرمان دەکات ژن جێبەجێی کات و لە لایەکی ترەوە ڕەگەزی ژنە کە حەزەکانی ملکەچی پیاویان دەکات، حەزی سەرمایەی پیاو، حەزی جسمی و جینسی پیاو، حەزی ماڵداری، حەزی مناڵداری، حەزی لە ماڵەوە دانیشتن و نەجووڵیان، کە کۆمەڵێکی فراوانتری حەز لە نێو ئەم حەزە گشتییانەدا بوونی هەیە کە ڕەگەزی ژن دەخاتە بن ئەمر و فەرمانی پیاوەوە و ناچاری دەکات کە جووڵەکانی بە پێی دڵخوازانە و ویستی پیاو بێت و لە بازنەیەکی دیاریکراوی حەزەکانیدا تەنیا هەندێک مافی سەرەتایی هەبێت کە پێگەی سرووشتی ڕەگەزی ژن وەک مرۆڤ بە پلەیەک خوارتر لە پیاو دابنرێت.
لێرەوەیە کە دەبێ ژن پێداچوونەوە بە دوو چەمکی ماف و حەزەکانیدا بکات و ئەوەی بۆ سەلمێنراو بێت کە کلتووری پیاوسالاری، هەڵقوڵاوی کۆمەڵێک حەزە کە لە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاودا بوونی هەیە بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاواز لە مێژوودا هەنگاویان ناوە، حەزی پیاو بۆ فەرمان کردن و حەزی ژن ملی بەرەو پلەی خوارتر و نابەرابەری ناوە. دەبێ لە نێوان حەز و مافدا جارێکی تر مرۆڤ و تایبەت ڕەگەزی ژن، ڕێگای مافخوازی بگرنە بەر و لە دەروازەی مافەوە حەزەکانیان دەست بخەن، ژن دەبێت ڕەخنەی خۆی بکات کە مافەکانی قوربانی حەزەکانی دەکات و مافەکانی خۆی دەکاتە خەڵاتی حەز و حەزەکانی پیاوی پێ تێر دەکات، لە ئێستادا دەبینین کە زۆرینەی هەرە زۆری ڕەگەزی ژن، گەیشتن بە مافەکانی لە دەروازەی حەزەوە تێدەپەڕێنێت کە پاتەکردنەوە هەمان ڕێگای هەمیشەیی مێژوویی پیاوسالارییە و تەنانەت زۆرێک لە چالاکانی مافی ژنان و بەشدارانی بزووتنەوەی ژنان، تووشی هەمان هەڵەن، گەرچی لە ڕووکەشدا جووڵە و چالاکییان بۆ مافخوازی و بەرابەری و دادپەروەری ڕەگەزی و جیندەرییە بەڵام بزوێنەری زۆرێک لە چالاکان تەنیا حەزەکانیانن هەر بۆیە زۆر جار چالاکانی بواری ژنان بە هەڵە پەیامەکانیان دەگەیەنن بە گوێی کۆمەڵگە و توانایی بەرەنگاریی زێهنییەتی پیاوسالاری کۆمەڵگەیان نییە.