ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
لە موکریانەوە بۆ زەهاو , نەتەوەیەکی زیندوو
هێژا زاهێری
20 / 12 / 2017
شەوی یەکشەمە 21ی گەڵاڕێزان، شەوێک بوو کە هەتاهەتایە لە بیرەوەریەکانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەمێنێتەوە و بە شەوێکی ڕەشتر لە ڕەش ناوی لێ دەبرێت. هەرچەند کورد و کوردستان ڕۆژان و شەوانێکی پڕ لە ناخۆشی تریان بە دەستی داگیرکەرانیانەوە بینیوە بەڵام ئەم جارە دەستی سرووشت هاتە پێشەوە و زەویلەرزەیەک بە گەورەیی 7.3 ریختەر پارێزگاکانی کوردستانی لەرزاند و لە ناویاندا پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین زیانی گیانی و مادی دەست بە جێ لەدوای زەویلەرزەکە بەرکەوت.
  ڕێژەی وێرانیەکانی زەویلەرزەکە لەدوای دەرکەوتنی وێنە و ڤیدیۆ سەرەتاییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵاو کرانەوە ئەوەی دەردەخست کە قووربانیەکی یەکجار زۆری لێ کەوتووەتەوە و تەنانەت دام و دەزگا حکوومیەکانی کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک بەهانای خەڵکی لێقەوماو نەڕۆشتوون. زۆری نەخایاند خۆبەخشان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دۆخی نالەباری ناوچە وێرانەکان و قووڵایی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە کە بەرۆکی خەڵکی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە پێشانی خەڵکیان دا و ئەو ڕاستییەیان خستە ڕوو کە مەرگ و ماڵوێرانی کوردی ڕۆژهەڵات بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕاناچەڵەکێنێت و ئەمە دیسان زەربەیەکی دیکەی داگیرکەرانی کوردستانە کە دەیانەوێت بەم شێوەیە ورەی خەڵک لەناو بەرن، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو شار و گوندانەی کە زیانیان بەرنەکەوتبوو یان زیانێکی کەمیان بەرکەوتبوو ئەوەیان دەزانی کە بێجگە لە خۆیان نەبێت کەسی تر لەم دۆخەدا خەمیانی نییە. هەر بەم بۆنەیەوە لە هەمان کاژێرەکانی یەکەمی دوای زەویلەرزەکە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمپەینی بە هاناوە چوونی خەڵکی لێقەوماو و ماڵ وێران وەک کەمپەینی وەتەن چاوی لێمانە ساز کرا و کەسایەتیە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، رێکخراوە مەدەنییەکان، مامۆستایانی ئایینی و خەڵکی بەشەرەف و هەمیشە سەربەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو شارەکانی جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، ئەزگڵە، سەرپێڵی زەهاو و قەسری شیرین، خۆڕسکانە بۆ یارمەتیدانی خوشک و برا کوردەکانیان بە هەزاران ترۆمبیل و کامیۆنی بار هەڵگر هەر لە موکریانی پێشەوا هەتا زەهاوی هەمیشە زیندوو بەڕێکەوتن تا وەک هەمێشە پشتیوانی نیشتمان و هاونیشتمانیانی خۆیان بن. 
ئەو هەموو یارمەتیانەی کە کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ سارێژ کردنی برینی زامی بەشێکی دیکە لە خاکی خۆیان هەناردەیان کرد دیمەنێکی پڕاوپڕ لە شانازیە و ئیسباتیان کرد ئەگەر تەنیا کوردێک لەسەر زەوی مابێت مرۆڤ دۆستی نامرێت. گەورەیی و هەست بەرزی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەو کارەساتە نەخوازراوە وەهابوو کە نەتەوەکانی دیکەی ئێران یەک لە دوای یەک لە تەواوی پارێزگاکانەوە هەستی مرۆڤ دۆستییان جووڵا و وەک مرۆڤێک بە ئەرکی سەرشانیان زانی کە بە زووترین کات یارمەتییەکانیان بەدەستی خەڵکی ئاوارە و بێچارەی دەشتی زەهاو و سەلاسی باوەجانی بگەیەنن کە لە دۆخێکی یەکجار ناخۆش دەژین. جێگای ئاماژەیە کوردانی پارێزگای خوراسان هەر وەک کوردانی ڕۆژهەڵات بە هانای خەڵکەکەیان ڕۆشتن و جارێکی تر ئەوەیان دەرخست کورد لە هەر شوێنێک بژیت کورد و کوردستان لە بیری ناچێت و لە وەختی تەنگانەدا ئەوەی لە دەستی بێت بۆ یارمەتیدان دەرێغی ناکات.
 بە پێی ئامارەکان دەیان منداڵ، باوک و دایکی خۆیانیان لە دەست داوە هەر بەم بۆنەیەوە سەدان بنەماڵەی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە نەقەدە و پیرانشار و سەردەشت بیگرە هەتاکوو دێتە مەهاباد و بۆکان و میاندواو ئامادەیی خۆیانیان بۆ بەخێو کردنی ئەو منداڵانە وەکوو بەشێک لە ڕۆح و جەرگی خۆیان ڕاگەیاندووە و هەوڵی ئەوەشیان داوە بە ئامادەبوونیان لەو ناوچانە تۆزێک لە هێور کردنەوەیان ڕۆڵیان هەبێت و ئەو منداڵانە خۆیان بە بێکەس نەزانن. درەوشانەوەی شعووری خەڵکی ڕۆژهەڵات بە هەزاران دیمەنی پڕ لەهەستی نەتەوایەتی و قارەمانیەتی و مرۆڤ دۆستانەیان خستە دەر وەک چۆن کاکە ئەبووی بۆکانی بوو بە سومبوولێک بۆ مرۆڤ دۆستانی کورد وەک چۆن منداڵێکی خەڵکی جوانڕۆ تەنها کۆتەکەی دەبەخشێت بۆ هاوتەمەنەکانی کە لە سەرمایەکی بێبەزەیی بە بێ سەرپەناهێک دەژین، ئەم دیمەنانە جارێکی تر سەلماندیان کە کورد نەتەوەیەکی زیندووە و هەستی بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە نیشتمان و خەڵکەکەی تێیدا لە لووتکەی بڕوایە و باوەڕی بە هاوکاری و یارمەتی نەتەوەکەی هەیە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە پشتگوێ خراوە و لەو باوەڕەوە کە نابێت بێ دەنگ  بێت بەرانبەر بە ئەو دۆخەی کە لە هەموو نیشتماندا بوونی هەیە و دەبێ بە ئیرادەی نەتەوەیی و بە ئیرادەیی خۆی بۆ سەلماندنی زیندوویی خۆیی و هەبوونی لە گۆڕەپانی ژیانیدا خەمساردییەکانی دەسەڵات بکاتە دەرفەت بۆ یەکهەڵوێستیی نەتەوەیی و نەخشاندنی حماسەیەکی نەتەوەیی کە دەسەڵاتی پێ بهەژێنێت  و خەمساردی، خاوە خاو و کارلێنەهاتوویی بەرپرسان و دام دەزگا پەیوەندیدارەکانی دۆخی قەیران وەک دەزگای بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی، لە یارمەتیدان و بەهاناوە چوونەوەیان بۆ خەڵک و ناوچە لێقەوماوەکانی کوردستانەکەیان ڕێگریان ڵێ ناکات و لە شین دا لەگەڵ خوشک و برا کوردەکانیانن و هاوخەمیانن و بە هەموو توانایانەوە یارمەتییان دەدەن.