ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
به‌یان نامه‌و راگه‌یاندن
بەیاننامەی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
15 / 3 / 2018
١٦ی ئازاری هەموو ساڵێک بۆ گەلی کورد، بە بیرهێنانەوەی ئازار و مەینەتیی نەتەوەیەکی مافخوراو و چەوسێنراوە کە دوای هەزاران ساڵ ژیان لە سەر زێدی خۆی، زێد و نیشتمانی لێ زەوت و داگیرکراوە و تەنانەت وەک ناوی نەتەوەیش، لە ناسنامەی خۆی بێبەش کراوە، لە ١٦ی ئازاری هەموو ساڵێک، برینێک دەکولێتەوە کە داگیرکەرانی کوردستان، بە بێبەشکردنیش نەوەستان و هەوڵی سڕینەوەی کوردیان بە گازی کیمیایی دا. سڕینەوەی ئاسەوار و هەوڵی قڕکردنی کوردان، بە کیمیابارانی هەڵەبجە گەیشتە لووتکە و دڕندەیی داگیرکەران و نەتەوە دراوسێکانی کورد، لە قووڵایی جەهەنەمی بێویژدانیدا، لاپەڕەکانی مێژووی پێکەوەژیانی ناوچەکەیان لە فرمێسکی خوێنین و هەناسەی خنکێندراو و دووکەڵی خاکی سووتاوی کوردیان پڕ کرد و مێژوویەک لە ستەم و ستەمکارییان تۆمار کرد کە هەرگیز مرۆڤایەتی ناتوانێت وەرەقەکانی هەڵداتەوە و تووشی شەرمەزاری و ملکزکردن نەبێت لە ئاستی ئەو هەموو تاوانکارییەی کە بەرانبەر بە کورد کردوویانە.
لە سیهەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، ناوچەیەکی تری کوردستان لە بن بومباران و ئاگربارانی ڕق و کینەی ڕەگەزپەرەستی دایە، عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، کراوەتە ئامانجی دەوڵەتی تورکیای فاشیست و خاکی کوردستانیان کردووەتە گۆڕەپانی ڕەشەکوژی و گۆڕینی دیموگرافی کورد و دەیانەوێت ئەو ناوچەیەی کوردستانیش وەک چۆن ڕژێمی سەدام، لە هەوڵەکانیدا سەرنەکەوت ئەوان بە جۆرێکی تر و لە گۆشەیەکی ترەوە، تووشی جینۆساید و سڕینەوەی شووناس و گۆڕینی دیموگرافیی بکەن و بۆ هەمیشەی مێژوو کورد لە سەر خاک و زێدی خۆی ئاوارە و دەربدەر بکەن.
وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یادی شەهیدان بەرز ڕادەگرین و هەڵەبجە بە هێمای ستەملێکراوی و بێکەسیی کورد لە جیهان دەزانین، لە هەمانکاتدا کە دەبێ ئەو هەوڵەی ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو بۆ هەمیشەی مێژوو شەرمەزار بکرێت، هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرینیش لەم یادەدا، شەرمەزار و ڕیسوا بکرێت، یادی قوربانیانی کیمیاباران و هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەرز ڕادەگرین و هیوادارین گەلەکەمان بە زووترین کات بگات بە سەربەستی و ئازادی، هەروەها ئاواتی ئەوە  دەخوازین کە لە هیچ گۆشەیەکی ئەم جیهانە تاوانکاریی شەڕ ڕوونەدات، تایبەت بەکارهێنانی گازی کیمیایی بۆ شەڕ، کە دڕندانەتری و هۆڤانەترین جۆری مامەڵەیە لە گەڵ مرۆڤ و سرووشتدا.
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
٢٠١٨/٣/١٥