ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
به‌یان نامه‌و راگه‌یاندن
پەیامی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
31 / 12 / 2017
خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران
گەلی ئازادیخوازی کورد
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ئێران،  خەڵکی بە زاڵە هاتوو لە دەستی ستەم و نادادپەروەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاپەڕیون و هەر ڕۆژ ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکان بەرینتر و فراوانتر دەبێت کە خۆیشاندەران لە درووشمەکانیاندا بێزاریی خۆیان لە تەواوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەر دەبڕن و خوازیاری گۆڕینی ئەو ڕژیمەن. ڕژیمێک کە تەنگی بە ژیانی خەڵک هەڵپێچاوە، ئەم ڕژیمە نە تەنیا فەزایەکی بۆ دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای ئازاد و جیاواز نەهێشتووە، تەنانەت لە بوواری ئابووری و بژێویشەوە، ژیانی خەڵک بە گشتی لە لێواری هەڵوەشاندنەوە دایە، هەر بۆیە دەبینین کە خەڵکی ئێران بە گشتی، لە دەستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی بە تەنگ هاتووە و لە ئێستادا دەنگی ناڕەزایەتی خۆی بەرز کردووتەوە ، بۆ یەکەم جار لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم ڕژیمە، دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، سەرتاسەری دەبێتەوە و هەموو ناوچەکانی ئێران و نەتەوە مەزهەبە جیاوازەکانیش دەگرێتەوە و درووشمەکان و داخوازییەکانیش هەڵگری گۆڕانکاری بنەمایین لە تەواوەتی سیستەمی حاکم لە ئێراندا کە پێویستە هەموو گەلانی ئێران بە بێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازییەکان، لە خۆپیشاندەران پشتیوانی بکەن و فشارەکانی خۆیان بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لە ئێران فراوان بکەن.
ئێمە وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان (ئێران)، پاڵپشت و پشتیبانی داخوازییەکەنی خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێرانین و لە گەلانی ئیران بە گشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی لە ئێراندا داواکارین کە هاوکار و پشتیوانی یەکتر بن و بە هاوکاری لە گەڵ یەک، بە سەر ڕژیمی ستەمکار و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامیدا سەرکەون و سیستمێکی نوێی تێدا جێگیر بکەن کە هی هەموو گەلانی ئێران بێت و هەموو نەتەوەکانی ئێران بە هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانیەوە، بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە بگەن بە مافە ڕەواکانیان.
ئێمە وەک یەکێتیی دیمووکراتی کوردستان، لە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داواکارین کە ئەو هەلە مێژووییەی کە هەموومان چاوەڕوانی بووین هاتوەتە پێشەوە و لە ئێستادا لە بەردەمماندایە، بە پێویستی دەزانین کە بە قەبووڵ کردنی جیاوازییەکانی یەکتری و هەروەها بە لاوەنانی ناکۆکییە فیکری و ڕوانگەییەکانی نێوانمان، بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی پێکبێنین کە هەموو حیزب و ڕەوت و هێز و کەسایەتییەکی سیاسی تێیدا بەشدار بن، تا لە ئەگەری هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە ڕەوشی هەنووکەدا، بە هێزێکی یەکگرتوو و بەهێز و هەمەلایەنە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران ئامادەیی و حزوورمان هەبێت و بتوانین مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان دەستەبەر بکەین.
 

یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
١٠/١٠/١٣٩٦ هەتاوی